ناوەکانی قورئانی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-11-07-20:00:00 - کۆدی بابەت: 7120
ناوەکانی قورئانی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

ژمارەی ناوەکانی قورئانی پیرۆز

زانایان ڕای جیایان هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا ژمارەی ناوەکانی قورئانی پیرۆز چەندە، پێشەوا زەرکەشی بۆ ئەوە دەچێت کە حەڕالی وتویەتی کە قورئانی پیرۆز زیاد لە 90 ناوی هەیە، فەیرۆز ئابادی لە کتێبەکەیدا بەناوی (بصائر ذوی التمیز) بۆ ئەوە دەچێت کە خوای گەورە زیاد لە 100 ناوی قورئانی باسکردووە، بەڵام فەیرۆز ئابادی نەیتوانیوە باسی هەموویان بکات, بەڵکو تەنها باسی لە 89 ناویان کردووە و 4 ناوی تری بۆ زیاد کردووە، بەم شێوە دەبێتە 93 ناو، هەروەها صالح بەلیهی باسی لە 46 ناوی قورئانی پیرۆز کردووە و دەشڵێت کە ناوەکانی تر زیاتر وەسفن بۆ قورئان وەک لەوەی کە ناو بن، پێشەوا زەرکەشی لە کتێبەکەیدا (البرهان فی علوم القرآن) باسی لە 55 ناو کردووە کە خوای گەورە قورئانی پێ ناو ناوە، ئاشکرایە هەر شتێک ناوی زۆری هەبێت ئەوە نیشانەیە بۆ ئەوەی ئەو شتە زۆر بەڕێز و گەورە و گرنگ و بەرزە و پلەو پایەی زۆر گەورەیە، پێشەوا جاحظ (ڕەحمەتی خوای لێبێت) دەفەرموێت: خوای گەورە ناوی بۆ کتێبەکەی داناوە، بە پێچەوانەی عەرەبەکانەوە کە قسەکانی خۆیان ناونابوو (دیوان)، خوای گەورە وتەی بەرز و پیرۆزی خۆی ناوناوە (قورئان)، عەرەبەکان وتەکانیان ناونابوو (دیوان)، خوای گەورە بەشێک لە قسە بەرز و پیرۆزەکانی بە (سورەت) ناوبردووە، ئەوان بەشێک لە قسەکانیان بە (قەسیدە) ناوهێناوە، خوای گەورە بەشێکی سورەتەکەی بە (ئایەت) ناوبردووە، ئەوان بەشێکی قەسیدەکەیان بە (بەیت) ناوبردووە، خوای گەورە کۆتایی ئایەتەکانی جیا کردۆتەوە لە یەکتری، ئەوان کۆتاییەکەی بە (قافیە) ناودەبەن.

ناوەکانی قورئانی پیرۆز

پێشەوا قازی ئەبو مەعالی (ڕەحمەتی خوای لێبێت) دەفەرموێت: ئەی بەندەی خوا بزانە کە خوای گەورە ناوی ناوە لە قورئانی پیرۆز:-

  • (حم (1) والكتاب المبين)(الدخان: 1-2). خوای گەورە بە (کتاب) ناوی بردووە، لەبەر ئەوەی زۆر ئەحکام و پەند و ئامۆگاری و چیرۆکی تێدایە.
  • (إنه لقرآن كريم)(الواقعة: 77). وتراوە قورئان وەرگیراوی هیچ وشەیەکی تر نیە، بەڵکو ناوێکی تایبەتە بە قورئان، پێشەوا هورەوی (ڕەحمەتی خوای لێبێت) فەرموویەتی: هەر شتێک کە کۆت کردبێتەوە ئەوە خوێندووتەتەوە، هەروەها پێشەوا عوبەید (ڕەحمەتی خوای لێبێت) فەرموویەتی: لەبەر ئەوە ناونراوە قورئان چونکە سورەتەکانی پێکەوە کۆکردۆتەوە، ئیتر بووە بە قورئان و زانستی پێشینان و دوایینانیشی تێدایە، هەروەها پێشەوا ڕاغیب (ڕەحمەتی خوای لێبێت) دەفەرموێت: بە قورئان ناونراوە چونکە کۆکەرەوەی بەروبوم و بەرهەمی کتێبە ئاسمانیەکانی پێشووترە.
  • (حتى يسمع كلام الله)(التوبة: 6).
  • (وأنزلنا إليكم نورا مبينا)(النساء: 174) قورئان نورە چونکە ڕۆشن کەرەوەیە بۆ حەڵاڵ و حەرام.
  • (هدى ورحمة للمحسنين)(لقمان: 3) قورئان بە (هدی) ناوبراوە چونکە ڕێنیشاندەرە بۆ ڕاستی.
  • (وهدى ورحمة للمؤمنين)(يونس: 57) ڕەحمەتە بۆ ئەوانەی کە لێی تێدەگەن.
  • (تبارك الذي نزل الفرقان على عبده)(الفرقان:1) فورقان واتە جیاکەرەوە، قورئان جیاکەرەوەی ڕاستیە لە ناڕاستی، جیاکەرەوەی باوەڕدارە لە بێباوەڕ و هاوەڵ پەیداکەران و دوو ڕووەکان، هەروەها پێشەوا عومەری کوڕی خەتتاب نازناوی (فاروق)ی لێنرابوو.
  • (وننزل من القرآن ما هو شفاء)(الإسراء: 82) لەبەر ئەوەی شیفایە بۆ ئەوانەی تووشی نەخۆشی بێباوەڕی بوون، وە هەر کەس بیزانێت و کاری پێبکات ئەوە دەبێتە شیفا بۆ نەخۆشی نەزانی.
  • (قد جاءتكم موعظة من ربكم)(يونس: 57).
  • (وهذا ذكر مبارك أنزلناه)(الأنبياء: 50) قورئان بە زیکر ناوبراوە چونکە پڕە لە پەند و ئامۆژگاری و بیرخستنەوە و هەواڵی گەلانی پێشووتر، (ذكر) بە واتای (شەرەف) دێت، واتە ئەم قورئانە شەرەف و گەورەیی و ڕێزی ئێوەی تێدایە، (ذكرى)یە لەبەر ئەوەی بیری باوەڕداران دەخاتەوە کە خوای گەورە بپەرستن.
  • (وإنه في أم الكتاب لدينا لعلي حكيم)(الزخرف: 4).
  • (حكمة بالغة)(القمر: 5).
  • (الر تلك آيات الكتاب الحكيم)(يونس: 1) قورئان (حکیم)ە لەبەر ئەوەی حوکمی بەسەر حەڵاڵ و حەرامدا داوە.
  • (مصدقا لما بين يديه من الكتاب ومهيمنا عليه)(المائدة: 48) لەبەر ئەوەی قورئان پێغەمبەران و کتێبەکانی پێشتری بە ڕاست داناوە و پشت ڕاستی کردۆتەوە لە هەبوونیان و مۆری ڕاستگۆیی لێداوە.
  • (كتاب أنزلناه إليك مبارك)(ص: 29).
  • (واعتصموا بحبل الله جميعا)(آل عمران: 103). قورئان (حبل)ە، پەتێکی بەهێزە، هەر کەس دەستی پێوە بگرێت بەرەو بەهەشتی دەبات، حەبل بە مانای هۆکاریش دێت.
  • (وأن هذا صراطي مستقيما فاتبعوه)(الأنعام: 153). قورئان بە ڕێگە ڕاستەکە ناودەبرێت چونکە ڕێکە و لاری تێدا نیە، ڕێگەی بەهەشتە.
  • (ولم يجلع له عوجا (1) قيما)(الكهف: 1-2).
  • (إنه لقول فصل)(الطارق: 13).
  • (عم يتساءلون (1) عن النبإ العظيم)(النبأ: 1-2).
  • (الله نزل أحسن الحديث)(الزمر: 23).
  • (وإنه لتنزيل رب العالمين)(الشعراء: 192). لەبەر ئەوەی کە لەلایەن خوای گەورەوە دابەزیوە، پاشان لە ڕێی جوبریلەوە (سەلامی خوای لەسەربێت) گەیشتووە بە پێغەمبەر ﷺ.
  • (وكذالك أوحینا إليك روحا من أمرنا)(الشورى: 52). قورئان ڕۆحە، دڵ و نەفس دەژیێنێتەوە.
  • (قل إنما أنذركم بالوحي)(الأننبياء: 45). قورئان بە (وحی) ناوبراوە، وەحی شتێکی شاراوەیە، جا چ بە وشە بێت یا بە ئیلهام.
  • (ولقد آتيناك سبعا من المثاني والقرآن العظيم)(الحجر: 87). قورئان بە (مثانی) ناودەبرێت چونکە ڕوونکردنەوەی چیرۆکی کتێبەکانی تری تێدایە، یان وتراوە (مثانی) تەنها بە سورەتی (الفاتحة) دەوترێت، یان وتراوە لەبەر ئەوەی چیرۆک وپەند و ئامۆژگاری زۆر تێیدا دووبارە بووەتەوە.
  • (قرآنا عربيا غير ذي عوج لعلهم يتقون)(الزمر: 28).
  • (ولقد وصلنا لهم القول لعلهم يتذكرون)(القصص: 51).
  • (هذا بصائر للناس)(الجاثية: 20).
  • (هذا بيان للناس)(آل عمران: 138).
  • (ولئن اتبعت أهوائهم بعدما جاءك من العلم(الرعد: 37).
  • (إن هذا لهو القصص الحق)(آل عمران: 62).
  • (إن هذا القرآن يهدي للتي هي أقوم)(الإسراء: 9).
  • (إنا سمعنا قرآنا عجبا)(الجن: 1).
  • (كلا إنه تذكرة)(المدثر: 54).
  • (فقد استمسك بالعروة الوثقى)(البقرة: 256).
  • (كتابا متشابها)(الزمر: 23). قورئان کتێبێکی هاوشێوەیە، واتە ئایەت و سورەتەکانی قورئان هاوشێوەی یەکن لە جوانی و چاکی و بەهێزی و ڕاستگۆییدا.
  • (والذي جاء بالصدق)( الزمر: 33).
  • (وتمت كلمت ربك صدقا وعدلا)(الأنعام: 115).
  • (رنا إننا سمعنا مناديا ينادي للإيمان)(آل عمران: 193).
  • (ذالك أمر الله أنزله إليكم)(الطلاق: 5).
  • (هدى وبشرى للمؤمنين)(النمل: 2).
  • (بل هو قرآن مجيد)(البروج: 21). (مجید)ە، بەڕێز و بەرز و پیرۆزە، هەر لە بەڕێزی و گەورەیی قورئانیش ئەوەیە کە پارێزراوە لە هەڵە و کەم و زیادکردن لەلایەن خوای گەورەوە.
  • (ولقد كتبنا في الزبور)(الأنبياء: 105). (الزبور) لێرەدا بەمانای سەرجەم کتێبە ئاسمانیەکان دێت، نەک بە تەنیا زەبوری پێغەمبەر داود (سەلامی خوای لەسەربێت).
  • (الر تلك آيات الكتاب المبين)(يوسف: 1). قورئان کتێبێکە کە جیاوازی ڕاستی و ناڕاستی ڕوون و ئاشکرا کردووە.
  • (بشيرا ونذيرا فأعرض أكثرهم)(فصلت: 4). قورئان مژدەدەر و ترسێنەرە، مژدەی بەهەشت دەدات و ئاگاداریەکی ترسناک دەدات لە دۆزەخ.
  • (وإنه لكتاب عزيز)(فصلت: 41). قورئان عەزیز ـە، واتە بەڕێزە، گەورەیە، کەس ناتوانێت هاوشێوەی بهێنێت.
  • (هذا بلاغ للناس)(إبراهيم:52).
  • (نحن نقص عليك أحسن القصص)(يوسف: 3).
  • (في صحف مطهرة (13) مرفوعة مطهرة)(عبس: 13-14).


سەرچاوەکان



4286 بینین