ژمارەی جوزء و ڕوبعەکانی قورئانی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-11-08-12:45:00 - کۆدی بابەت: 7127
ژمارەی جوزء و ڕوبعەکانی قورئانی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی ژمارەی جوزء و ڕوبعەکانی قورئانی پیرۆز

خوای گەورە پێغەمبەری بۆ گەلان ناردووە بۆ ئەوەی بەئیزنی خوای گەورە خەڵکی ڕزگار بکەن لە تاریکایی ستەم و هاوەڵ پەیداکردن بۆ خوای گەورە بەرەو ڕووناکی ئیمان و ئیسلام، هەر بۆیە قورئانی پیرۆز دەستووری موسڵمانانە، دابەشکردنی قورئان بە پێی جوزء و حیزب ئاسانکاریە بۆ خوێندنەوە و لەبەرکردنی، ئەگەر بێینە سەر باسی وشەی (حیزب)، ئەوە لە قورئانی پیرۆزدا وشەی (حیزب) هەر جارەو بە مانایەک هاتووە، بۆ نموونە: (وَلَمَّا رَأى الْمُؤْمِنُونَ الْأَحْزَابَ قَالُوا هَذَا مَا وَعَدَنَا اللَّهُ وَرَسُولُهُ) (الأحزاب: 22)، لەم ئایەتەدا بە مانای کۆمەڵە و دەستەی باطل هاتووە، ئەوانەی کە لەسەر حەق و ڕاستی نین، (أُولَئِكَ حِزْبُ اللَّهِ أَلا إِنَّ حِزْبَ اللَّهِ هُمُ الْمُفْلِحُونَ) (المجادلة: 22)، لەم ئایەتەشدا بە مانای دەستە و کۆمەڵەی باوەڕداران هاتووە، ئەوانەی لەسەر حەق و ڕاستین، کەواتە وشەی (حیزب) بە مانای کۆبوونەوە دێت لە زمانەوانیدا، قورئانی پیرۆز دابەش دەبێت بەپێی ژمارەی جوزء و حیزبەکان، قورئان لە 30 جوزء و 60 حیزب پێکدێت، حیزب بەوە پێناسە دەکرێت کە نیو جوزئە، ئەم دابەشکردنی حیزبانەش بۆ ئاسانکاری کراوە بۆ کەسێک کە قورئان دەخوێنێت وەک لە پێشتردا ئاماژەی پێدرا، هەروەها بەسوودیشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ قورئان لەبەربکەن بۆ ڕیزبەندی سورەتەکان، سەبارەت بە ژمارەی ئایەتەکانی هەر حیزبێک دەگۆڕێت لە حیزبێکەوە بۆ حیزبێکی تر، بەڵام باشتر وایە کە خوێنەری قورئان لە کاتی قورئان خوێندندا ڕەچاوی مانای ئایەتەکان بکات، لە شوێنێک بوەستێت کە ماناکەی تەواوبێت، هەروەها هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر بەم شێوە بوون، جوزئیش بە کۆمەڵیک ئایەت دەوترێت لە قورئانی پیرۆز، ناوی هەر جوزئێکیش بە پێی دەستپێکی جوزئەکە دەبێت، هەندێک جار سەرەتای جوزئەکە سەرەتای سورەتێکە، ئەوکات بە ناوی سورەتەکەوە جوزئەکە ناودەنرێت، هەندێک جاریش سەرەتای جوزئەکە دەکەوێتە نیوەی سورەتێک، ئەوکات یەکەم ئایەت لە جوزئەکە دەبێتە ناوی جوزئەکە، کورتترین سورەتی قورئان لە 3 ئایەت پێکدێت، وەک سورەتی (العصر و الکوثر و النصر)، درێژترین سورەتیش سورەتی (البقرة)یە کە 286 ئایەتە، ناونانی هەر سورەتێکیش بە ناوێکەوە حیکمەتی خوای گەورەیە، سورەتەکانی قورئان هەموویان یەک ناویان نییە، بەڵکو هەر سورەتێک و ناوێکی هەیە، ئەمەش بۆئەوەی ئاسانتر بێت بۆخوێندنەوە و لەبەرکردن و لێوردبوونەوە، وە بۆ ئەوەی دڵەکان موشتاق بن سورەتەکان هەمووی بخوێننەوە، وەکو کەسێک کە بەشێکی زۆر قورئانی پیرۆزی لەبەرە، حەزدەکات کە سورەتەکانی تریش لەبەربکات، لێی وردببێتەوە و کاری پێبکات، وە هەر سورەتێک چەندین بابەتی لەخۆ گرتووە، بەم شێوەش بۆ خوێنەری قورئان زۆر ئاساندەبێت لە سورەتێکەوە بچێت بۆ سورەتێکی تر، ئەم دابەشکاریە ئیعجازیشی تێدایە، ئەوەتا خوای گەورە تەحەددای هەموو مرۆڤایەتی و جنۆکەکان دەکات کە سورەتێکی کورتی وەک سورەتی (الکوثر) بهێنن، بەڵام نەیانتوانیوە وهەرگیز ناتوانن، هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر ﷺ و سەلەفی ساڵح قورئانیان بۆ 7 بەش (حیزب) دابەش کردبوو کە بە سەرەتای هەر حیزبێک بە سوورەت دەست پێدەکات و هەر ڕۆژێک بەشێکیان دەخوێند، بەم شێوەش بە 7 ڕۆژ قورئانی پیرۆزیان خەتم دەکرد، بەڵام دیارترین دابەشکاری بۆ بەش (حیزب)ەکانی قورئان ئەوەیە کە ئێستە لەنێو خەڵکیدا بڵاوە، کە قورئان 30 جوزئە و 60 حیزبە، هەر حیزبێک نیوەی جوزئێکە و هەر حیزبێک لە چوار (ڕوبع) پێک دێت و سەرەتای حیزبەکانیش جار هەیە لە سەرەتای سورەتە و جار هەیە لە ناوەڕاستی سورەتە یان لە ئایەتێکەوە دەست پێدەکات کە پەیوەندی بە دوای خۆیەوە هەیە، ئەم دابەشکردنەش جیاوازە لەوەی هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر و سەلەفی ساڵح، ئەم دابەشکردنەش لەسەر دەستی نەسڕی کوڕی عاصم و یەحیای کوڕی یەعمەر بوو لە ژێر سەرپەرشتیاری والی عێراق حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی بوو، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ فەرمانی خەلیفە مەڕوانی کوڕی عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان بوو، ئامانج و مەبەستیش لەم دابەشکردنە بۆ ئاسان کردن و یارمەتیدانی خوێنەران و لەبەرکارانی قورئان بوو، بۆ ئەوەی ئاسانتر بێت بۆیان بۆ لەبەرکردن و پێداچوونەوەی، ئەم دابەشکاریەش دەچێتە خانەی ئیجتیهادەوە نەک تەوقیفی، هەر بۆیە پێویستە تاکی باوەڕدار ڕۆژانە بەشێک لە قورئان خوێندنی هەبێت، وە کەمترین بەشیش ئەوەیە کە ڕۆژانە یەک حیزب بخوێنرێت، واتە نزیکی 10 لاپەڕە، ئەگەر بشتوانرێت زیاتر بێت ئەوە باشترە، چونکە خوای گەورە لەسەر خوێندنی یەک پیت 10 خێر و پاداشتت بۆ دەنوسێت.


سەرچاوەکان



1626 بینین