کیمیابارانکردنی سەردەشت

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-09-22:02:00 - کۆدی بابەت: 7144
کیمیابارانکردنی سەردەشت

ناوه‌ڕۆك

بۆمبارانی کیمیایی سەردەشت

کیمیابارانی سەردەشت، یەکێکە لە تاوانەکانی ماوەی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دژ بە خەڵکی مەدەنی، لە ڕۆژی ١٩٨٧/٦/٢٨ هێزی ئاسمانیی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێرشەکەش بۆ سەر چوار ناوچەی قەرەباڵغی شاربوو، لە هێرشەکەدا ١٣٠ کەس شەهید و ٨٠٠٠ کەس برینداربوون.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە جەنگدا نابێت هێرش بکرێتە سەر خەڵکی سڤیل و بێ چەک و منداڵ، بەڵام لە ماوەی جەنگدا عێراق چەند جارێک سوودی لە چەکی قەدەغەکراو بەکارهێنا، کە یەکێک لەوانە تاوانی سەردەشت و دواتریش تاوانی کیمیابارانی شاری هەڵەبجەبوو.

بەهۆی ئەوەی هێرشەکە لە مانگی حوزەیران بوو و هاوین بوو، ئەمە ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئاسان بڵاوبوونەوەی گازەکە و ئاڕاستەی با'ش بە شێوەیەک بوو تەنانەت نەخۆشخانە و بنکەی پاکژکردنەوەکەش ئالوودەبوون، هەر ئەوکات دوو گەرماوی گشتی ئامادەدەکرێن بۆ خۆشۆردنی قوربانیان و پاککردنەوەی خۆیان و گۆڕینی جلەکانیان، لەگەڵیشیدا یاریگایەکی بچووک بە ١٥٠ قەرەوێڵە ئامادە دەکرێت بۆ ئالوودەبووان.

لە یەکەمین کاتژمێرەکانی هێرشەکە ٣٠ کەس کۆچی دوایی دەکەن کە زۆربەیان منداڵ و بەساڵاچوون.

بەپێی ئاماری فەرمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دانیشتوانی سەردەشت لەوکاتەدا ١٢,٠٠٠ کەس بوون، ٨٠٠٠ کەس پشکنینیان بۆ کراوە و ٤٠٠٠ بۆ ٤,٥٠٠ کەسیش پێویستیان بە چاودێری بووە، ١٥٠٠ کەس نێردراونەتە نەخۆشخانەکان کە ٦٠٠ کەسیان لە تاران بوون. ٣٠٠٠ کەسی دیکەش وەک نەخۆشی خێرا چارەسەر کراون و دواتر هەندێک لە خەڵکەکە لە گوندەکانی دەوروبەر مانەوە و چارەسەری سروشتییان وەردەگرت. 

کاردانەوە

دوای هێرشەکە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشەکەی بە نامرۆڤانە و یەکەمین شاری قوربانی کەرەستە کیمیاییەکان ناساند لەدوای هێرۆشیمای ژاپۆن، ئەوکات بەهۆی جەنگ و پشتیوانی کۆمەڵێک وڵات لە سەدام حسێن هێرشەکە لەڕووی دادگایی جیهانییەوە کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو.

قوربانیان

لە ئاکامی هێرشەکەدا ١٣٠ کەس شەهید بوون و ٨٠٠ کەس بریندار و خەڵکی شارەکەش ئاوارەبوون، ئەمە لەگەڵ ونبوونی منداڵ و ئالوودەبوونی ناوچەکە بۆ ماوەیەک.

لەنێو قوربانییەکان ٢٠ کەس ڕاستەوخۆ شەهید بوون، ١٠ کەسیش لەکاتی ئاوارەبوون لە شارەکە کۆچی دواییان کردووە، دواتریش ١٠٠ کەسی دیکە لە نەخۆشخانەکانی ئێران و ئەورووپا لە مانگەکانی داهاتوو کۆچی دواییان کردووە.

لەو ژمارەیە ٣٩ کەسیان خواروو ١٨ ساڵ بوون، کە ١١ منداڵیان خواروو ٥ ساڵ بوون، هەروەها لەنێو شەهیدان ٣٤ کچ و ژنی تێدایە.

گازی خەردەل ڕێژەی کوشتنی کەمە بەڵام گازێکی پەکخەرە، زۆرێک لە قوربانیان دواتر تووشی کوێربوون و کێشەی پێست و کێشەی بەرگری جەستە و هەناسەدانی سەخت بوون، کە هەندێکیان دەبێت تاوەکوو کۆتایی ژیانیان ئامێری ئۆکسجینیان لەگەڵ بێت.

فیلم

فیلمی سینەمایی دارگوێز کە لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن محەمەد حوسێن مەهدەویانەوە دروستکرا، باس لەم کارەساتە دەکات و چیرۆکێکی ڕاستی پیاوێک بەناوی قادر دەگێڕێتەوە.

هەروەها فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری بەناوی "سپیده دمی که بوی لیمو می داد" باس لەم بابەتە دەکات.


سەرچاوەکان



664 بینین