کارەساتە سروشتییەکان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-11-12-23:55:00 - کۆدی بابەت: 7180
کارەساتە سروشتییەکان

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی کارەساتە سروشتییەکان

کارەساتی سروشتی ڕووداوێکی سەرەکی زیان بەخشە بەهۆی کردارە سروشتییەکانی زەوییەوە ڕوودەدات، نموونەی ئەم ڕووداوانەش ڕەشەبا لە ئەنجامی ئاورگرتن و خۆڵبارین و لافاوەکان و زریانەکان و تۆفانەکان و گرکان و هەڵچوون یان تەقینەوەی بورکانەکان و بومەلەرزە و بوومەلەرزەی دەریایی و گەردەلوولەکان و پرۆسەکانی تری زەویزانی دەگرێتەوە، کارەساتە سروشتییەکان دەشێت زیانی گیانی یان ماددی لێ بکەوێتەوە، هەروەها بە شێوەیەکی ئاسایی هەندێک زیانی ئابووری لە پاشیدا جێدەهێڵێت و توندییەکەشی پەیوەستە بە خۆڕاگریی دانیشتوانە زیانلێکەوتووەکان و ژێرخانی بەردەست.

شوێنی ڕوودانی کارەساتەکان

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆرئاوای زەریای هێمن گەورەترین ناوچەی کارەساتاوی جیهانە، هەروەها بە وتەی "ڕیلیفوێب" کەسێک لە ناوچەی خۆرئاوای زەریای هێمن پێنج جار زیاتر لە کەسێک کە لە ناوچەکانی تر دەژی دەکەوێتە ژێر کاریگەری کارەساتی سروشتییەوە.

کارەساتەکانی سەر بە زەوی‌ناسی

  1. بومەلەرزە: بومەلەرزە لە ئەنجامی دەرچوونێکی لەناکاوی وزەوە دروست دەبێت لە توێکڵی زەوییەوە کە شەپۆلی بوومەلەرزەیی دروست دەکات، لەسەر ڕووی زەوی بومەلەرزەکان بە شێوەی لەزاندن و ڕاوەشاندن و هەندێک جار جێگۆڕکێی زەوی دەردەکەون، بومەلەرزە بەهۆی قڵیشان یان گرفتی جیۆلۆجی دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی جێگۆڕکێی چینەکان، بومەلەرزەکان خۆیان بەدەگمەن خەڵک یان ئاژەڵی کێوی دەکوژن، وە زۆربەی کات ڕووداوی لاوەکیە کە دەبنە هۆیان، وەک ڕووخانی بینا و ئاگر کەوتنەوە و بوومەلەرزەی دەریایی و تەقینەوەی گڕکان کە دەبنە هۆی مردن، زۆربەی ئەمانەش دەکرێت دووربخرێنەوە بە باشتر دروستکردن و سیستمی پاراستن و ئاگادارکردنەوە و پلانی پێشوەخت.
  2. ڕۆچوون: کاتێک داخورانی سروشتی و کانسازی مرۆڤ یان هەڵکۆڵین یان چاڵکردنی ژێر زەمین زەوی زۆر لاواز دەکات بۆ ڕاگرتنی ئەو پێکهاتانەی کە لەسەری دروست کراوە، دەشێت زەوی بڕوخێت و ببێتە هۆی ڕۆچوونی زەوی، بۆ نموونە ڕۆچوونی شاری گواتیمالا کە لە ساڵی 2010دا پازدە کەسی کوشت، ئەمەش بەهۆی بارانێکی زۆرەوە ڕوویدا و بووە هۆی داڕمانی کتوپڕی زەوی لە ژێر بینای کارگەکە.
  3. هەڵچوونی گڕکان: گڕکانەکان دەتوانن بە چەند شێوازێک وێرانکاری و کارەساتی بەربڵاو دروست بکەن یەکێک لە مەترسییەکان خودی هەڵچوونی گڕکانە، بە هێزی تەقینەوە و کەوتنی بەردەکان کە توانای زیان گەیاندنیان هەیە، هەروەها ئاگراو یان گڕتان لە کاتی هەڵچوونی گڕکاندا دەردەپەڕێت، ئەم ئاگراوەش کاتێک لە گڕکانەکە دەردەچێت بەهۆی گەرمییەکی زۆرەوە دەتوانێت بینا و ڕووەک و ئاژەڵەکان لەناو ببات، جگە لە خۆڵەمێش یان سووتاوی گڕکانی کە لەوانەیە هەورێک دروست بکات (بە گشتی دوای ساردبوونەوە) و بە چڕی لە شوێنە نزیکەکان جێگیر دەبێت.
  4. خۆڵبارین: خۆڵبارین بڵاوبونەوەی خۆڵە لە ناوچە وشکەکاندا.

کارەساتەکانی سەر بە کەشناسی

  1. گێژەڵووکەی خوولگەیی: گەردەلوولی کەمەرەیی و گێژەڵووکە و زریان ناوی جیاوازن بۆ هەمان دیاردە، گەردەلوولی خوولگەیی کە لە زەریادا ڕوودەدات بە بایەکی بەهێز و بارانی زۆر و ڕەشەبای بروسکاوی دەناسرێتەوە، هۆکاری دیاریکراوی پەیوەستە بەو واژەیەی کە بەکارهێنراوە دەکەوێتەوە سەر ئەو شوێنەی کە گەردەلوولەکە سەرچاوەی لێوە گرتووە، لە ئەتڵەسی و باکووری ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن، زاراوەی زریان بەکاردێت لە باکوری ڕۆژئاوای زەریای هێمن، بە گەردەلوولی کەمەرەیی ناودەبرێت، گێژەڵووکە لە باشووری زەریای هێمن و زەریای هیندی ڕوودەدات.
  2. گەردەلوولە بەفرینە ساردەکان: گەردەلوولە بەفرینە ساردەکان تۆفانی زستانی سەختن کە بە بارینی بەفرێکی زۆر و بای بەهێز دەناسرێنەوە، ئەم جۆرە گەردەلوولە کاتێک ڕوودەدات کە بای بەهێز ئەو بەفرە دەووروژنێت کە باریوونەتە سەر زەوی، گەردەلوولە بەفرینە ساردەکان دەتوانن کاریگەریان هەبێت لەسەر چالاکی ئابووری ناوخۆیی، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بەدەگمەن بەفریان لێ دەبارێت.
  3. باو بۆرانی تەرزە: باو بۆرانی تەرزە دابارینە لە شێوەی سەهۆڵ کە ناتوێتەوە پێش ئەوەی بە زەویدا بدات، تیرەی بازنەیی تەرزە بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوان 5 تا 150 ملیم پێوانە دەکرێت، باو بۆرانی تەرزە دەشێت زۆر وێرانکەربن وەک لە 12ی تەمووزی 1984دا لە شارێکی وڵاتی ئەڵمانیا نزیکەی 2 ملیار دۆلار زیانی گەیاند.
  4. زریان: زریان جۆرێکە لە گەردەلوولی زستانە کە بە بارانێکی زۆر سارد دەناسرێتەوە، خزمەتگوزاری کەشوهەوای نەتەوەیی ئەمریکا زریان وەکو گەردەلوولێک پێناسە دەکات کە لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی لانی کەم 1/4 ئینج (6.35 میلیمەتر) ی سەهۆڵ لەسەر ڕووکەشە دەرکەوتووەکە دروست دەبێت.
  5. شەپۆلی سەرما: شەپۆلی سەرما لە هەندێک ناوچەدا بە سەرمای کەمخایەن ناسراوە، دیاردەیەکی کەشوهەوایە کە بە ساردکردنەوە یان ڕچاندنی هەوا دەناسرێتەوە، شەپۆلی سەرما دابەزینی خێرای پلەی گەرمایە لە ماوەی 24 کاتژمێردا و تا ڕادەیەکی زۆر پێویست بە زیادکردنی پاراستنی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات.
  6. شەپۆلەکانی گەرما: شەپۆلی گەرما ماوەی کەشوهەوایەکی نائاسایی و گەرمە، خراپترین شەپۆلی گەرما لە مێژووی هاوچەرخدا شەپۆلی گەرمای ئەوروپا بوو لە ساڵی 2003، شەپۆلی گەرمای هاوین لە ویلایەتی ڤیکتۆریا لە وڵاتی ئوسترالیا، هەلومەرجێکی وای دروست کرد کە لە ساڵی 2009 ئاگرێکی گەورەی دارستانی لێ کەوتەوە، مێلبۆرنی پایتەختی ویلایەتی ڤیکتۆریا سێ ڕۆژی یەک لەدوای یەک پلەی گەرمای لە 40 پلەی سیلیزی تێپەڕاند.
  7. وشکەساڵی: وشکەساڵی وشکایی نائاسایی خاکە کە بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارینی پێویستەوە دروست دەبێت، بای گەرم و وشک و نەبوونی ئاو و پلەی گەرمای بەرز کە لە ئەنجامدا بوونە هەڵمی شێی زەوی لێدەکەوێتەوە، ئەمانەش دەبنە هۆی دروستبوونی وشکەساڵی، هەروەها وشکەساڵی دەبێتە هۆی وشکبوون و لەناوچوونی بەروبووم و کەمبوونەوەی ئاو.
  8. ڕەشەبای بروسکاوی: گەردەلوولی بەهێز و خۆڵبارین و تەقینەوەی گڕکانەکان دەتوانن بروسکە دروست بکەن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو زیانانەی کە زۆربەی کات پەیوەندیان بە گەردەلوولەکانەوە هەیە، وەک با و تەرزە و لافاو، هەورە بروسکە خۆی دەتوانێت زیان بە بیناکان بگەیەنێت و ئاگر بکاتەوە و ڕاستەوخۆی بەر هەر زیندەوەر یان مرۆڤێک بکەوێت دەیانکوژێت.
  9. تۆفان: تۆفان هێڵێکی خولاوەی هەوای بەهێز و مەترسیدارە کە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەردوو ڕووی زەوی و هەورە گوڕگوڕییەکان، یان لە حاڵەتێکی دەگمەندا لەگەڵ بەشی ژێرینی تۆپەڵە خڕەکانی هەور، هەروەها بە گێژەلووکه یان گەردەلولی بەهێز ناودەبرێت، هەرچەندە وشەی گێژەلووکە لە کەشناسیدا بە مانایەکی فراوانتر بەکاردێت بۆ ئاماژەدان بە هەر خولانەوەیەکی داخراوی پەستان نزم.
  10. ڕەشەبا لە ئەنجامی ئاورگرتن: ڕەشەبا لە ئەنجامی ئاورگرتن دەگمەنترین کارەساتی سروشتین، هەروەها تۆپە ئاگرینەکان لە ڕەشە هەورەوە دێن.
  11. ئاگرە گەورەکان: ئاگرێکی گەورەن و زۆربەی کات لە ناوچە بیابانییەکان دەست پێدەکات، هۆکارە باوەکانی کەوتنەوەی ئەم ئاگرە گەورانە بروسکە و وشکەساڵی لەخۆدەگرێت، بەڵام دەشێت بەهۆی کەمتەرخەمی مرۆڤەکان یان ئاگرتێبەردانی دەستی ئەنقەستیشەوە ڕووبدەن، هەروەها دەتوانن بڵاوببنەوە بۆ ناوچە ئاوەدانەکان و بەم شێوەیە مەترسی لەسەر مرۆڤ و ماڵ و موڵکیان دروست دەکەن.

کارەساتەکانی سەر بە ئاوزانی

گۆڕانێکی بەهێز و کتوپڕ و وێرانکەرە کە یان لە کوالێتی ئاوی زەوی یان لە بڵاوبوونەوە یان جولانەوەی ئاوی سەر زەوی ژێر ڕووەکە یان لەناو کەشدا ڕوودەدات.

  1. لافاو: لافاو لێڕژانی ئاوە کە زەوی نقوم دەکات و لەوانەیە بەهۆی زیادبوونی قەبارەی ئاوی ڕووبارێک یان دەریاچەیەکەوە ڕووبدا و قەبارەی ئاوەکەی لە کاتی ئاسایی زیاتر بکات و ببێتە هۆی لێڕژانی هەندێک ئاو لە سنوورە ئاساییەکانی، لەکاتێکدا قەبارەی دەریاچەکە یان هەر تەنێکی ئاویی لەگەڵ گۆڕانکاری وەرزی بارانبارین و توانەوەی سەهۆڵدا جیاواز دەبێت.
  2. بوومەلەرزەی دەریایی: هەروەها پێشی دەگووترێت داکشانە شەپۆل و زنجیرەیەک شەپۆلە لە تەنێکی ئاویدا و بەزۆری لە زەریا یان دەریاچە گەورەکاندا بەهۆی جێگۆڕکێی زۆری قەبارەی ئاوەکەیەوە ڕوودەدات، وە دەشێت بەهۆی بومەلەرزەی ژێر ئاویشەوە ڕووبدات.
  3. هەڵچوونی دەریاچەیی: کاتێک گاز بە شێوەیەکی ئاسایی CO2 لەناکاو لە ئاوی دەریاچەی قوڵدا هەڵدەچێت، ئەمەش مەترسی خنکاندنی ئاژەڵ و مرۆڤ دروست دەکات، هەروەها ئەم هەڵچوونە لەوانەیە ببێتە هۆی بوومەلەرزەیی دەریایی لە دەریاچەکەدا کاتێک ڕێژەی گاز بەرزدەبێتەوە و ڕێژەی ئاو نزم دەبێتەوە.

ئەو کارەساتانەی لە بۆشایی ئاسماندا ڕوودەدەن

ئەستێرۆچکەکان کە لە زەوی دا بوونە هۆی چەندین ڕووداوی گەورەی لەناوچوون، لەوانە ڕووداوێک 64.9 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا بووە هۆی کەوتنی نەیزەکێک لە "چیکسلوب کراتەر" و بووەهۆی لەناوچوونی دایناسۆرەکان.

  • پریشکەی خۆری: پریشکەی خۆری دیاردەیەکە کە لەناکاو خۆر بڕێکی زۆر گەورەتر لە تیشکی خۆر بڵاو دەکاتەوە وەک لە کاتی ئاسایی، هەروەها بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی برین لە مرۆڤدا، بەڵام دەتوانێت کەرەستەی کارەبایی تێکبشکێنێت.


سەرچاوەکان

651 بینین