یاری کردن لە ژینگەی کراوەدا

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-11-18-16:30:00 - کۆدی بابەت: 7212
یاری کردن لە ژینگەی کراوەدا

ناوه‌ڕۆك

یاریکردن

یاری کردن لە ژینگەی کراوەدا یاخود لە دەرەوەی ماڵ جۆرێکە لە وەرزش کە دەبێتە هۆی سەلامەتی و پەروەردە کردنی جەستەیی، منداڵەکان بە شێوەیەکی سەیر حەزیان لە یاری کردنە لە ژینگەی کراوەدا، ئەم جۆرەی یاری کردن هەلی ئەوە بە منداڵان دەدات کە کارامەییەکانیان بدۆزنەوە، هاوسەنگی و گەشەی ماسوولکەیی بەدەست بهێنن و بڕوا بە خۆبوونیان زیاتر بێت و توانای خۆگونجاندنی منداڵیش بەرەو پێش دەبات لەگەڵ ژینگەی نوێدا و کارامەییەکانی جوڵەی منداڵان باشتر دەکات، هەروەها پەیوەستە بە کارامەییە جەستەییەکانەوە واتە هەمان ئەو کارامەییانەی کە له وەرزشیشدا پەروەردە دەکرێن، منداڵان زۆر پێویستیان بە چالاکییە فیزیاییەکان هەیە و پێویستیان بە دەرفەتە تا ماسوولکەکانیان بەکاربهێنن بۆ: ڕاکردن، بازدان، جۆلانە، یاری سکێت، پاسکیل سواری، وە سوود له هەوای پاک و تیشکی خۆر وەربگرن و یاری بکەن (هەڵبەت له هەوایەکدا کە پاک بێت و لەبەر تیشکی خۆردا لە کاتژمێرێکدا کە تیشکی خۆرەکە زیانی بۆ پێست نەبێت)، منداڵان حەز دەکەن کاتێک لە ژینگەی کراوەدا یاری دەکەن سوود لە هەموو جەستەیان وەربگرن و چالاکی جەستەیی سەیر و پڕ جۆش و خرۆش ئەنجام بدەن، کاتێک جۆلانە بە منداڵ دەکەین یان کاتێک خۆیان جۆلانە دەکەن، سوود له تەواوی ماسوولکەکانیان وەردەگرن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی خۆیان لەسەر جۆلانەکە و هاوسەنگی جەستەیان بۆ جوڵاندنی ڕیتمی جۆلانەکە بۆ پێش و دواوە، جۆلانە سوودی فێربوونی زۆریشی بۆ منداڵان هەیە کە لە کاتی جۆلانەدا لە دیدێکی ترەوە دونیا دەبینێت، لەکاتی یاری کردندا منداڵ دەچێتە ناو ژینگەیەکی کراوەی فراوان، مامەڵەی کومەڵایەتی وادەکات زیاتر خۆی و هاوڕێکانی بناسێت، فێردەبێت ڕەچاوی نۆرەی ئەوانی تر بکات، ئەزموونی دەبێت لەگەڵ نەناسراوەکاندا، هەستی زانخوازی زیاتر دەجوڵێت، سەربەخۆیی خۆی دەپارێزێت و ڕەفتاری تاکە کەسی و کۆمەڵایەتی فێردەبێت، یەکێکی تر لە سوودەکانی یاری کردن لە ژینگەی کراوەدا، ئەوەیە کە منداڵانی بچووک هاندەدات بۆ ئەوەی جەستە و مێشکیان بجوڵێنن و پەرەی پێ بدەن، یاری کردن لە ژینگەی کراوەدا وا لە منداڵ دەکات هەموو هۆشی بەکار بهێنێت، بەم شێوەیە منداڵەکانتان هەم له ڕووی جەستەییەوە و هەم لە ڕووی دەروونیەوە، تەندروست تر دەبن.

سوودەکانی یاری کردن لە ژینگەی کراوەدا

  1. ڕۆحییەتیان بەهێز دەکات.
  2. پڕۆسەی ناساندن و ناسینەوەی شتەکان باشتر دەکات.
  3. هانی دۆزینەوە و داهێنان دەدات.
  4. یارمەتی گەشەی کارامەییە جوڵەییەکان دەدات.
  5. کەمی جوڵە و زۆرێک لە کێشە تەندروستییەکانیان کەم دەکاتەوە.

ئەو یارییانەی کە پێویستیان بە هەماهەنگی و هاوسەنگی هەیە وەک: سکێت، سکۆتەر، پاسکیل، کارامەیی نوێ فێری منداڵ دەکەن و گەشە بە متمانە بەخۆبوونیان دەدەن، حەزی سروشتی ئەوان بۆ ئاشکرا کردنی شتی نوێ لە جیهاندا تێر دەکات، ئەو ئامڕازی یارییانە بەکاربهێنن کە پلە بەندی بێت، واتە لە ئاسانەوە بۆ سەخت بێت تاکوو منداڵ دەرفەتی ئەوەی هەبێت کە پەرە بە کارامەییەکانی بدات بە بەکارهێنانیان.

منداڵەکانتان ببەن بۆ پارک

بێگومان لە هەموو شارەکان پارک و باخچە هەیە، بردنی منداڵەکان بۆ پارک و ژینگەیەکی سەوز گرنگترین پێشنیارە بۆ دایکان و باوکان، ئەمەش باشتر وایە لانیکەم هەفتەی جارێک بێت، پارک و باخچەکان ئامڕازی یاری جۆراوجۆریان لێیە و ژینگەی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەمەش ناسینی منداڵ بۆ جیهانی دەروبەری خۆی زیاد دەکات، هەوڵ بدەن هەر جارێک منداڵەکە هان بدەن بۆ تاقیکردنەوە و کردنی یارییەکی نوێ، ڕێگا مەدەن لە یەک ژینگەدا بمێننەوە، جیاوازی لە ئامڕازی یارییەکاندا و گۆڕینی شوێنی یارییەکە و پارکەکە دیدی منداڵ دەگۆڕێت بەرامبەر جیهانی دەوروبەری، زانیاری منداڵەکانتان زیاد بکەن لەسەر بوونەوەرە زیندووەکانی ناو سروشت، یاری کردن لە پارک و باخچە و ژینگەی کراوەدا پێنج هەستەکەی منداڵ بەهێز دەکات و بوونەرەوە زیندووەکان دەبینێت و ئاشنایان دەبێت و باڵندەکان و دەنگە جۆراوجۆرەکان دەناسێتەوە، گەڕان بە پارکدا دەتوانێت ڕێگایەکی فێرکردنی خۆش و جوان بێت بۆ منداڵ، سەرنج بدەن لە هاویارییەکانی منداڵ و ئەو ئامڕازی یارییانەی منداڵ هەڵیدەبژێرێت، نابێت دایکان و باوکان هەروا منداڵەکان جێ بهێڵن لە پارکدا بەڵکو دەبێت ئاگاداری بارودۆخەکە بن و سەرنج بدەن لە جۆری یارییەکان و ئەو منداڵانەی کە یاری لەگەڵ منداڵەکەیان دەکەن، تەنانەت ئەو ئامڕازی یارییانەش بپشکنن کە منداڵ دەیەوێت یاری پێ بکات لەڕووی گونجان لەگەڵ تەمەنی و سەلامەتی لە بەکارهێنانی ئامڕازەکە، دەبێت منداڵەکان هان بدەن بۆ یاری کردن بە کۆمەڵ، بەتایبەت ئەو منداڵانەی کە تاقانەن و هاویارییان نییە، دەبێت کاتی ڕۆشتن بۆ پارک یان کڕینی ئامڕازی یاری کردن ئەو شتەی کە سەرنجی دەخەنە سەر یان دەیکڕن بە دڵ و ئارەزووی منداڵەکە بێت، هەندێ کات دایک خۆی یارییەکی بە دڵە و هەر ئەوە بۆ منداڵەکە دابین دەکات بەڵام نەخێر باشتر وایە هەڵبژاردنی شتەکان بۆ منداڵەکان جێ بهێڵن (بە مەرجێک گونجاوبێت لەگەڵ هەموو پێوەرەکان)، کەوایە لەگەڵ هەموو ئەم شتانەی کە باسکرا ڕێگا بدەن منداڵەکان لە ژینگەی کراوەدا یاری بکەن چونکە ئەمە ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ فێربوون و وەرگرتنی کارامەییەکان و تێپەڕاندنی ڕۆژێک بە باشترین شێوە.


سەرچاوەکان



1147 بینین