زمانی فارسی

زمانی فارسی

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-21-18:00:00 - کۆدی بابەت: 7237
زمانی فارسی

ناوه‌ڕۆك

فارسی

زمانی فارسی یاخود پارسی (بە ئینگلیزی: Persian) یەکێکە لە لقەکانی زمانی هیندۆئاریایی و لە کۆمەڵەکەی ئەواندایە، بە ڕێژەیەکی سەرەکی و فەرمی لە وڵاتی ئێران و لەدوای ئەویش لە هەریەک لە ئەفغانستان و تاجیکستان و ئۆزپاکستان قسەی پێ دەکرێت، ئەلفوبێی زمانەکە لە عەرەبییەوە ڕەگی وەرگرتووە و لە ئێران و ئەفغانستان پێی دەوترێت ئەلفوبێی فارسی و لە تاجیکستان و ئۆزپەکستان پێی دەوترێت ئەلفوبێی تاجیکی کە کۆمەڵێک گۆرانکاری بەسەرهاتووە، زمانەکە لە زمانی پارسیکی کۆن یان پارسی کۆنەوە سەرچاوەی گرتووە و ئێستا کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە کە زمانە کۆنەکە لە پارێزگای فارسی ئێستاوە سەرچاوە دەگرێت.

لە ڕووی مێژووەوە فارسی، زمانی سەرەکی دەسەڵاتی هاخەمنشییەکان بووە، و لەدوای ئەوانیش بووەتە زمانی فەرمی و زمانی ئایینی شانشینی ساسانی، کە لەو سەردەمەدا دەسەڵاتی ئێرانییەکان گەورەبوو و ڕووبەری وڵاتەکە فراوانتر بوو، بە شێوەیەک کە لە خوراسان شوێنی زمانی ناوچەکە واتە پارتی و بەڵخی گرتەوە، زۆرێک لە خوارزمی و سوغدی زمانەکانیش لە خوارزم و فەرارود بوونە فارسی زمان.

زمانەکە کاریگەری لەسەر دراوسێیەکانیشی هەبووە وەک زمانی تورکی بەتایبەت شێوازی ئۆزپەکی و ئازەربایجانی، لەگەڵ ئەرمەنی و گورجی و ئوردو. و سوودێکی زۆری لە عەرەبی وەرگرتووە.

ساڵی ١٨٧٢ لە دانیشتنی ئەدیبان و زمانناسانی ئەورووپا لە بەرلین زمانی فارسی یەکێک بوو لەو زمانانەی کە بە یەکێک لە زمانە کلاسیکەکانی جیهان ناسرا، کە پێوەرەکە بەو شێوەیە دەبێت زمانێک بێت خاوەنی ئەدەب و مێژوو و دەسەڵات بووبێت و ساڵانێکی زۆر بوونی ڕاستەقینەی هەبووبێت.

لە ڕووی ئەدەبیشەوە زمانێکی زۆر دەوڵەمەندە و بەردەوامیشە لە گەورەبوون و فراوانبوونی هونەری و ئەدەبی و شیعر و شانامەی بەو پێیەی وڵاتی ئێران خاوەنی ئەدەبیاتێکی بەرزە و گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت، لە گرنگترین ئەو بەرهەمە ئەدەبییانەی کە بە فارسی نووسراون: "شانامەی فیردەوسی، بەرهەمەکانی مەولانا، چوارینەکانی خیام، گوڵستان و بوستانی سەعدی شیرازی، پێنج گەنجی نیزامی، مەنتیقوتەیری عەتتاری شاپوری و دیوانی حافزی شیرازی".

بەپێی داتاکانی ساڵانی بیستی سەدەی بیست و یەک، ٧٠ ملیۆن کەس لە ئێران و ٢٥ ملیۆن لە ئەفغانستان و ٩ ملیۆن لە تاجیکستان و لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ ملیۆن کەس لە ئۆزپەکستان بە فارسی قسەدەکەن، هەروەها فارسی لە هەریەک لە "بەحرەین، عێراق، پاکستان، کوەیت، ئیماڕاتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەڕ، ڕووسیا، کۆماری ئازەربایجان، قیرقزستان، کازاخستان، تورکمانستان، چین" قسەکەری خۆی هەیە.

زمانی فارسی پێنجەم زمانە کە زۆرترین بەکارهێنانی هەبێت لە گەڕانی نێو ئینتەرنێتدا.

پیتەکان

ا ب پ ت ث ج چ ح خ د ذ ر ز ژ س ش ص ض ط ظ ع غ ف ق ک گ ل م ن و ه ی

پیتە تاجیکییەکان

پیتە تاجیکییەکان لە بیستەکانی سەدەی پێشوو لە یەکێتیی سۆڤیەت لەجێی ئەلفوبێی لاتین بەکارهات و ڕێگری لە نووسینی شێوە عەرەبی کرا و پیتی نوێ دروستکرا، کە پیتەکان بەوشێوەیە بوون:

Нн Мм Лл Ққ Кк Йй Ӣӣ Ии Зз Жж Ёё Ее Дд Ғғ Гг Вв Бб Аа
Яя Юю Ээ Ъъ Шш Ҷҷ Чч Ҳҳ Хх Фф Ӯӯ Уу Тт Сс Рр Пп Оо

شێوەزارەکان

زمانەکە لە چەند شێوەزارێک پێکدێت کە لە قسەکردن و شێوازی دەربڕین لە یەکتری جیاوازن و زۆرێکیان بە قسەکردندا دەناسرێنەوە کە خەڵکی چ ناوچەیەکن، بەپێی جوگرافیا شێوەزارەکان بەسەر سێ دەستە دابەش دەکرێن:

  • شێوەزاری غەربی (ئێران و وڵاتانی کەنداوی فارس)
  • شێوەزاری شەرقی (ئەفغانستان و پاکستان)
  • شێوەزاری فرارودی (تاجیکستان و ئۆزپەکستان)

شێوەزاری ڕۆژئاوایی بەناوبانگترین و فەرمیترینیانە کە زمانی فارسی پێ دەناسرێتەوە، لە وڵاتی ئێران زمانی فەرمییە و لە دەربڕیندا زۆر ڕوونە، لەچاو شێوەزاری ئەفغانی وشە و شێوازی فەڕەنسی زیاتری تێدایە کە دیارترینیان وشەی (مێرسی)ـیە کە لەجێی سوپاس بەکاردەهێنرێت و لە وشەی (Merci) فەڕەنسییەوە وەرگیراوە.

شێوەزاری فارسی تارانی بە زمانی فەرمی دیاریکراوە و پێی دەوترێت فارسی ستاندارد، کە لە نووسین و فەرمانگەکانی دەوڵەت و قسەکردنی سەرکردە و کەسە دیارەکان و کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکاندا بەکاردەهێنرێت، هەریەک لە شێوازەکانی (شیرازی و ئەسفەهانی و مەشهەدی و ئابادانی) ناسراوترین شێوەکانن.

ئەدەبیاتی فارسی

لە ڕووی ئەدەبیاتەوە فارسی زمانێکی زۆر دەوڵەمەندە و وشەسازی فارسی کۆن لەلایەن شاعیرانی وەک مەولەوی و سەعدی و حافز و خیام بوونەتە جێی سەرسوڕمانی زۆرێک لە ئەدیب و مێژوونووسان، جیا لە نووسینی شیعری خاوەنی چەندین نووسەری کتێب و ڕۆمانی جیهانییە وەک: سادق هیدایەت و محەمەدعەلی جەمال زادە و هۆشەنگ گوڵشیری، و جەلال ئال ئەحمەد و شەهریار و ئەحمەد شاملۆ و مەهدی ئیخوان سالس و سوهراب سپهری.

جێناوەکان

کەس تاک کۆ
سەربەخۆ لکاو سەربەخۆ لکاو
یەکەم مەن ـەم ما ـیمان / ـمون
دووەم تو ـەت شوما ـیتان / ـتون
سێیەم ئو / وی ـەش ئانها / ئیشان ـیشان / ـشون

 


سەرچاوەکان

68 بینین