خواردنی هەنگوین لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-11-22-07:07:00 - کۆدی بابەت: 7243
خواردنی هەنگوین لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ماوەی دووگیانی لەبەرئەوەی ماوەیەکی هەستیارە بۆ خانمان دەبێت زۆر ڕەچاوی خۆراکیان بکەن و دڵنیابنەوە لەوەی کە چ خۆراکێک بەسوودە یاخود زیانی هەیە بۆیان و خۆیانی لێ بپارێزن، خواردنی هەنگوین لەماوەی دووگیانیدا بێ زیانە بەو مەرجەی کە زیادەڕەوی نەکرێت لە خواردنیدا و ڕۆژانە لە ٢ بۆ ٥ کەوچکی چێشت زیاتر نەبێت و پاڵفتە کرابێت و خاو نەبێت، زۆرێک لە خانمان پێیان وایە خواردنی هەنگوین لەماوەی دووگیانیدا زیانی هەیە بەهۆی بوونی چەند بەکتریایەک تێیدا بەڵام خواردنی هەنگوین زیانی نییە و سوودی هەیە بەو مەرجەی هەنگوینەکە سروشتی بێت و شەکری تێدا نەبێت و پاڵفتە بێت چونکە ئەگەر خاو بێت ئەگەری توشبوون بە بۆتۆلیزم زیاد دەکات، هەرچەندە ئەم ژەهرە تەنها دەتوانێت زیان بدات لە منداڵی خوار تەمەن ١ ساڵ چونکە کۆئەندامی هەرسیان تەوا گەشەی نەکردووە بەڵام کۆئەندامی هەرسی کەسانی پێگەیشتوو کۆمەڵێک بەکتریای تێدایە کە ڕێگری دەکات و ناهێڵێت ئەو ژەهرە بگاتە وێڵاشەوە.

پێکهاتەکانی ناو کوپێک هەنگوین 

کوپێک هەنگوین = (٣٣٣) گرام

  • کالۆری: ١٠٣١ کیلۆ کالۆری
  • کاربۆهیدرات: ٢٧٩ گرام
  • فایبەر: ١ گرام
  • شەکر: ٢٧٨ گرام
  • پڕۆتین: ١ گرام
  • ڤیتامین B6: ١ میلیگرام
  • ڤیتامین C: ١/٧ میلیگرام
  • ڕایبۆفلاڤین: ١ میلیگرام
  • فۆلیک ئەسید: ٨/٦ مایکرۆگرام
  • ئاسن: ٤ میلیگرام
  • پۆتاسیۆم: ١٧٦ میلیگرام
  • گۆگرد: ٦/١٣ میلیگرام
  • مەگنیسیۆم: ٨/٦ میلیگرام
  • زینک: ٧/٠ میلیگرام
  • مەنگەنیز: ٣/٠ میلیگرام
  • سۆدیۆم: ٦/١٣ میلیگرام
  • مس: ١ میلیگرام
  • سلینیۆم: ٧/٢ مایکرۆگرم

سوودەکانی خواردنی هەنگوین لەماوەی دووگیانیدا

بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری جەستە

بەهۆی بوونی دژە بەکتریا و دژە ئۆکسانەکانی ناو هەنگوین کۆئەندامی بەرگری جەستە بەهێز دەکات، چارەسەرە بۆ برینەکان و بڕینی جەستە، دڵەکزەی گەدە کەم دەکاتەوە بە کەمکردنەوەی ترشێتی گەدە.

چارەسەری بێخەوی

تایبەتمەندی هیپنۆتیکی ناو هەنگوین زاڵ دەبێت بەسەر کێشەی بێخەویدا، خواردنەوەی کۆپێک شیر و کەوچکێک هەنگوین پێش دووگیانی ڕێگری دەکات لە بێخەوی.

چارەسەرە بۆ کۆکە و سەرمابوون

هەنگوین دژە ڤایرۆسە و ڕێگری دەکات لە سەرمابوون و هەڵامەت و یارمەتیدەریشە بۆ کەمکردنەوەی کۆکە.

کەمکردنەوەی هەوکردنی گەروو

تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە و هەوکردنی گەروو کەم دەکاتەوە و دەتوانیت لەگەڵ زەنجەفیل و چای لیمۆ تێکەڵی بکەیت و بیخۆیت.

چارەسەری میکرۆبی گەدە

یارمەتیدەره بۆ چارەسەری میکرۆبی گەدە (H. pylori)

چارەسەرە بۆ پێست

یارمەتی پاککردنەوەی پێست و کەمکردنەوەی خورانی پێست دەکات، دەتوانیت کەمێک هەنگوین لەگەڵ ئاوی شلەتێن تێکەڵ بکەیت و بیدەیت لە پێستەکە.

کەمکردنەوەی هەستیاری

یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەستیارییە وەرزییەکان.

سوودەکانی دیکە

سەرچاوەیەکی باشی کالسیۆمە و لەگەڵ خواردنەوەی شیردا زۆر بەسوودە.

چارەسەرێکی باشە بۆ کەمخوێنی لەماوەی دووگیانیدا.

خواردنی هەنگوین لەگەڵ دۆشاوی ترێدا قەبزی ناهێڵێت.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی خواردنی هەنگوین 

ئەگەر بێت و هەنگوین زیاد لە ئاستی پێویست بخۆیت و زیادەڕەوی تێدا بکەیت، ئەگەری هەیە ئەم کێشانەت بۆ دروست بکات:

  1. هەنگوین شەکری ناو خوێن بەرز دەکاتەوە و خواردنی زیاتر لە ٢٥ گرام فرەکتۆز لە ڕۆژێکدا لەماوەی دووگیانیدا زیانبەخشە.
  2. زۆر خواردنی دەبێتە هۆی کەشەنگبوونی گەدە، قەبزی، سکچوون و بای سک و سیستەمی هەرسی گەدە تێێک دەدات.
  3. شەکر و شرینی زور ددانەکان دەڕزێنن و خراپی دەکەن.
  4. ئەو ڕێژە کالۆرییە بەرزەی لەناو هەنگویندا هەیە دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش.

چەند ڕێنوێنییەک بۆ هەڵبژاردنی هەنگوینی گونجاو

  • دڵنیابیتەوە لەوەی کە هەنگوینەکە پاڵفتە کرابێت و خاو نەبێت.
  • بەتەواوی سروشتی بێت و هیچ شەکرێکی تێدا نەبێت.
  • دەبێت ڕۆژانە ٣ بۆ ٥ کەوچکی چێشت هەنگوین بخورێت و لەوە زیاتر نەبێت.
  • تاکوو دەتوانیت بەجیا هەنگوین بخۆ و تێکەڵی هیچ ماددەیەکی دیکەی مەکە و تەنها تێکەڵی ئاوی شلەتێنی بکە.
  • هەنگووین تێکەڵی خواردنێک نەکەیت کە دەوڵەمەند بێت بە ڤیتامینەکانی C و D چونکە ماددەکانی ناو هەنگوین تایبەتمەندی ئەم ماددانە کەم دەکەنەوە.


سەرچاوەکان



1723 بینین