ئایا هەویری ددانی بەسەرچوو زیانبەخشە؟

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-11-22-08:28:00 - کۆدی بابەت: 7244
ئایا هەویری ددانی بەسەرچوو زیانبەخشە؟

ناوه‌ڕۆك

هەویری ددان

هەویری ددان بریتییە لەو هەویرە یان ئەو جێڵەی کە تایبەتە بە خاوێن ڕاگرتن و هێشتنەوەی جوانی و پاراستنی تەندروستی پووک و ددان و لەگەڵ فڵچەی ددان بەکاردێت، هەروەها خاوێن کەرەوەیەکی بەهێزە بەکاردێت بۆ لابردنی کانزا و خۆراکی نەخوازراو لەسەر ددان و لەناو دەمدا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی دروستی و خاوێنی ناودەم، یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی ناودەم و بوونی پێکهاتە چالاکەکانی وەک فلۆراید یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە پووکانەوە ددان و نەخۆشییەکانی پووک.

ئایا هەویری ددان بەسەردەچێت؟

هەویری ددان بەسەردەچێت بەڵام بەکارهێنانی هەویری ددانی بەسەرچوو زیانبەخش نییە، تەنها دەبێت بزانرێت کە هیچ سوودێکی نابێت و ددانەکان خاوێن و بەهێز ناکات، چونکە بەپێی تێپەڕبوونی کات پێکهاتە چالاکەکانی ناو هەویری ددان کایگەرییان نامێنێت، بەڵام ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) و کۆمەڵەی ددانی ئەمریکی (ADA) پێیان وایە کە دەبێت هەویری ددان بەرواری بەسەرچوونی دیاری کرابێت، هەموو بوتڵێکی هەویری ددان دەبێت بەرواری بەسەرچوونی تایبەت بەخۆی لەسەر بوتڵەکە و پاکەتەکەشی دیاری کرابێت، زۆربەی کات بەرواری بەسەرچوونی هەویری ددان ٢ ساڵ دوای بەرهەم هێنانییەتی.

دەربارەی بەرواری بەسەرچوون

بەرواری بەسەرچوونی هەویری ددان دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی چالاکی پێکهاتە چالاکەکانی ناوی، وەک فلۆراید کە پێکهاتەی سەرەکییە و کاری ڕێگریکردنە لە کلۆربوونی ددانەکان و بە تەندروست هێشتەنەوەی ددانەکانە، فلۆراید کاردەکات بە پاراستنی مینای ددان، مینای ددان بریتییە لە بەشی دەرەوەی ددان کە سپی و درەوشاوەیە، دوای بەسەرچوون فلۆراید کەمتر کاریگەری دەبێت، ڕێگریکردن لە داخورانی مینای ددان بەشێکی گرنگی پاراستنی ددانە، چونکە کە مینای ددان تووشی داخوران بوو ئەوا هەرگیز جارێکی دیکە ناتوانێت خۆی دروست بکاتەوە، ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی دانانی بەرواری بەسەرچوون لەسەر هەموو جۆرەکانی خواردن و دەرمانی کردووە بە پێویستییەکی تەواو بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاستی باشیی بەرهەمەکە، کاتێک فلۆراید وەک دەرمانێک دادەنرێت، کەواتە پێویستە بەرواری بەسەرچوون دانبرێت بۆ ئەو بەرهەمانەی کە فلۆرایدیان تێدایە.

هەویری ددانی منداڵ

زۆربەی جۆرەکانی هەویری ددانی منداڵ فلۆرایدیان تێدا نییە، کەواتە دەکرێت کە پێویستیان بە بەرواری بەسەرچوونیش نەبێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت بڕاندەکانی هەویری ددان پێشنیازی ئەوە دەکەن کە بوتڵی کۆنی هەویری ددان دوای چەند مانگێک فڕێ بدرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاستی باشیی هەویرەکە و کاریگەرییەکەی.

ئایا هەویری ددانی بەسەرچوو سەلامەتە بۆ بەکارهێنان؟

بەکارهێنانی هەویری ددانی بەسەرچوو مەترسیدار نییە، بەڵام بەسوودیش نییە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە مەبەست لە بەکارهێنانی هەویری ددان پاککردنەوەی ددان و پاراستنیەتی لە کلۆربوون، کەواتە هەویری ددانی بەسەرچوو ناتوانێت ئەم سوودانەت پێ ببەخشێت، هەروەها دەکرێت هەویری ددانی بەسەرچوو:

  • فلۆرایدی ناوی کەمتر کاریگەربێت.
  • وشک ببێتەوە.
  • پێکهاتەی جیابووەوەی تێدابێت.
  • دەرکەوتەی جیاوازبێت.
  • بەکتریا و کەڕووی گەشەکردووی تێدابێت. 

بەکارهێنانی هەویری ددانی بەسەرچوو

ئەگەر هەویری ددانەکەت بەسەرچووە، بۆ شۆردنی ددانەکانت بەکاری مەهێنە، بەڵکوو دەتوانیت بەکاری بهێنیت بۆ:

  • سپیکردنەوەی کانزا (کەلوپەلی ناوماڵ).
  • پاککردنەوەی شوێنی دەستشۆر و قاپشۆر.
  • لێکردنەوەی سلەبۆیە بە دیوارەوە.
  • پاککردنەوەی چەوری و پاشماوەی بنی تاوە.
  • سافکردنی نینۆک.

پوختە

هەویری ددان بەسەردەچێت چونکە پێکهاتەی فلۆرایدی تێدایە، کە پێکهاتەیەکی چالاکە و کاری ڕێگریکردنە لە کلۆربوونی ددانەکان، ئەم پێکهاتەیە بەپێی تێپەڕبوونی کات کاریگەری نامێنێت.
هەردوو ڕێکخراوی FDA و ADA ڕێکخستنی کات و ستانداردی بەرواری بەسەرچوونیان داناوە بۆ هەویری ددان، سەیری بەرواری بەسەرچوونی هەویری ددانەکەت بکە پێش کڕین و بەکارهێنان.


سەرچاوەکان



475 بینین