ئەو وڵاتانەی دانپێدانانی تەواوی نێودەوڵەتییان نییە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-16-15:28:00 - کۆدی بابەت: 7270
ئەو وڵاتانەی دانپێدانانی تەواوی نێودەوڵەتییان نییە

ناوه‌ڕۆك

وڵاتانی خاوەن نیمچەدانپێدانان

کۆمەڵێک وڵات هەن کە بە یەکجاری و لەلایەن هەمووانەوە دانیان پێدانەنراوە، چ بەهۆی کێشەی تایبەت یان کێشەی نەتەوایەتی یان ئایینی بێت، ئەمە لیستی ئەو دەوڵەتانەیە کە لە ئاستی جیهانی دانپێدانانی سنوورداریان هەیە و پەیوەندی دیپلۆماسی تەواویان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا نییە و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی دەنگی هەموو جیهان بەدەست دەهێنن.

ئەمەش زیاتر بەسەر دوو دەستەدا دابەش دەبن، یەکەمیان، کۆمەڵێک هێز هەن کە دەسەڵاتێکی تەواو یان نیمچەدەسەڵاتێکیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا هەیە کە دەڵێن خاکی ئەوانە. دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەرییان هەیە و داوای سەربەخۆیی تەواو دەکەن، زۆر جار هەبوونی ئەم قەوارانە بە ڕای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرئەنجامی پێشێلکردنی ماددەی ١١ـی پەیماننامەی مۆنتیڤیدیۆیە. لەگەڵ ماددەی ٢ و ٤ـی ڕەشنووسی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوتای یاسای نووسراوی نێودەوڵەتیی مرۆییە.

لیستی وڵاتەکان

ئەوانەی بە یەکجاری دانپێدانراو نین

کۆماری بەرزاییەکانی قەرەباغ: کە لە ساڵی ١٩٩١ دامەزرا و بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ ناوچەیەکی لەوشێوەیە بوونی نییە کە لە ئازەربایجان جیابووبێتەوە.

سۆماڵیلاند: ساڵی ١٩٩١ دامەزراوە و بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان وڵاتێکی جیا نییە لە سۆماڵ.

ئەوانەی لەلایەن دەوڵەتە نائەندامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناسێنراون

ترانسنیستریا: ساڵی ١٩٩٠ سەربەخۆیی خۆی لە مۆڵدۆڤا ڕاگەیاند بەڵام لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە سەربەخۆ هەژمار ناکرێت، بەڵام لەلایەن وڵاتانی ئەبخازیا و ئۆسێتیای باشوورەوە دانی پێدانراوە.

ئەوانەی لەلایەن وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناسێنراون

ئەبخازیا: ساڵی ١٩٩٢ خۆی ڕاگەیاندووە، بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەبخازیا سەربەخۆ نییە لە کۆماری جۆرجیا بەڵام سەربەخۆییەکەی لەلایەن ڕووسیا و نیکاراگوا و ڤەنزوێلا و ناورو و سووریاوە ناسێنراوە؛ لەگەڵ دوو دەوڵەت کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان نین کە بریتیین لە ئۆسێتیای باشوور و ترانسنیستریا و حکوومەتی حەماس لە غەززە.

کۆسۆڤۆ: ساڵی ٢٠٠٨ خۆی ڕاگەیاندووە و بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆسۆڤۆ سەربەخۆ نییە لە سڕبیا، بەڵام سەربەخۆییەکەی لەلایەن ٩٨ وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامێکی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بریتییە لە کۆماری چین (تایوان)ـەوە ناسێنراوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرتووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، بڕیارنامەی ١٢٤٤ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسراوە کە دەڵێت کۆسۆڤۆ بەشێکە لە کۆماری فیدراڵی یوگۆسلاڤیا کە ئێستا دەوڵەتی سڕبیایە.

کۆماری فیدڕاڵی نۆڤۆرۆسیا: ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە و یەکێتیەکی سەربەخۆیە و دەیەوێت بچێتە پاڵ ڕووسیا و لەلایەن ڕووسیا و ئۆسێتیای باشوورەوە دانی پێدانراوە و دەبێتە ٥٩ـەمین کیانی کۆماری فیدراڵیی ڕووسیا.

قوبرسی باکوور: ساڵی ١٩٨٣ دامەزراوە و بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆماری قوبڕسی باکووری تورکیا سەربەخۆ نییە لە وڵاتی قوبڕس، بەڵام سەربەخۆییەکەی لەلایەن تورکیا و کۆنفرانسی جیهانیی ئیسلامی و کۆماری خۆبەڕێوەبەریی نەخچیڤانی کۆماری ئازەربایجانەوە دانی پێدانراوە.

کۆماری چین (تایوان): ساڵی ١٩٤٩دامەزراوە و بە پێی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو هەرێمەی ئێستا لەلایەن چینەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە بە "تایوان" ناسراوە، بەشێکە لە چین و کۆماری گەلی چین تاکە حکوومەتی شەرعی ئەو ناوچەیە.

فەڵەستین: ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستینەوە دامەزراوە، دەوڵەتی فەڵەستین لەلایەن ١٣٨وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی کۆنگرەی جیهانیی ئیسلامی دانی پێدانراوە، فەڵەستین پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ٢٢ وڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا هەیە، ئیسرائیل دانی بە فەڵەستیندا نەناوە سەرەڕای واژووکردنی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیەکان کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری بە فەڵەستینیەکان دەدا لە چەند ناوچەیەکی بەشی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززەدا.

کۆماری دیموکراتی عەرەبی سەحڕاوی: ساڵی ١٩٧٦ دامەزراوە، سەحڕای ڕۆژاوا لە لیستی هەرێمە ناسەربەخۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە. لە ساڵی ١٩٧٥ بەرەی پۆلیساریۆ دامەزراندنی یەکلایەنەی کۆماری دیموکراتی عەرەبی سەحڕاوی ڕاگەیاند و لە ئێستادا تەنیا ٣٢ وڵاتی جیهانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەفریقا دانیان بە وڵاتەکەدا ناوە. ٨٠٪ ی خاکەکە لەژێر دەسەڵاتی مەغریبدایە و ٢٠٪ ـی ناوچەیەکی سەربازییە لە سنووری مۆریتانیا.

بەرەی پۆلیسیاریۆ ناوچەی جیاکراوەکە بە کۆمەڵێک ناوچەی ئازادکراو دادەنێت کە لەلایەن وڵاتی مەغریب داگیرکراون.

ئۆسێتیای باشوور: ساڵی ١٩٩١ دامەزراوە و بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان ئۆسێتیای باشوور سەربەخۆ نییە لە کۆماری جۆرجیا. بەڵام سەربەخۆییەکەی لەلایەن ڕووسیا، ڤەنزوێلا، نیکاراگوا، ناورو، توڤالو و سووریا و دوو دەوڵەتی نائەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدانراوە کە بریتیین لە ئەبخازیا و ترانسنیستریا.

هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لەلایەن وڵاتانی ترەوە دانیان پێدانەنراوە

قوبڕس: ساڵی ١٩٧٤ دامەزراوە، قوبڕس لەلایەن تورکیا و قوبڕسی باکوورەوە دانی پێدانەنراوە و لەلایەن ئەوانەوە پێی دەوترێت بەشی یۆنانی قوبڕسی باشوور.

چیک: ساڵی ١٩٩٣ دامەزراوە، کۆماری چیک لەلایەن لیختنشتاین دانی پێدانەنراوە، بەهۆی ناکۆکی لەسەر کارپێنەکردنی ڕێوڕەسمی بێنێس.

سلۆڤاکیا: ساڵی ١٩٩٣ دامەزراوە، لەلایەن لیختنشتاین دانی پێدانەنراوە، بەهۆی ناکۆکی لەسەر کارپێنەکردنی ڕێوڕەسمی بێنێس.

لیختنشتاین: ساڵی ١٩٩٣ دامەزراوە، لەلایەن چیک و سلۆڤاکیاوە دانی پێدانەنراوە چونکە ئەم دانی بەواندا نەناوە.

ئیسرائیل: ساڵی ١٩٤٨ دامەزراوە، ئیسرائیل هیچ پەیوەندیەکی دیپلۆماسی لەگەڵ ٣٤ وڵات نییە و لەلایەن ٢٦ وڵاتەوە دانی پێدانانرێت.

کۆریای باکوور: ساڵی ١٩٤٨ دامەزراوە و لەلایەن ئیستۆنیا و فەڕەنسا و ژاپۆن و کۆریای باشوورەوە دانی پێدانەنراوە.

کۆریای باشوور: ساڵی ١٩٤٨ دامەزراوە، لەلایەن کۆریای باکوورەوە دانی پێدانەنراوە.

کۆماری گەلی چین: ساڵی ١٩٤٩ دامەزراوە، لەلایەن تایوانەوە دانی پێدانەنراوە. بەهۆی ڕێکەوتننامەی (یەک چین)ـەوە، چین لەلایەن هیچ ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدانانرێت کە پێشتر دانیان بە تایواندا ناوە.


سەرچاوەکان



514 بینین