پێوەدانی مێروو لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-18-20:18:00 - کۆدی بابەت: 7303
پێوەدانی مێروو لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مێرووەکان بە گشتی بە مرۆڤەکانەوە دەدەن و تووشی هەوکردن و هەستیارییان دەکەن، خانمانی دووگیان بە بەراورد هەر کەسێکی ئاسایی زیاتر هەستیارترن و هەندێک جار چاودێری زیاتر بکرێن، بۆیە پێوەدانی مێروو لەماوەی دووگیانیدا دەکرێت کاریگەرییەکی زیاتری هەبێت لەسەر دایکەکە.

ئایا پێوەدانی مێروو لەماوەی دووگیانیدا مەترسیدارە؟

پێوەدانی مێرووەکان لەماوەی دووگیانیدا هەمیشە مەترسیدار نییە و تەنها لە هەندێک حاڵەتدا شوێنی پێوەدانەکە لەوانەیە ببێتە هۆی هەوکردن و هەستیاری و ببێتە هۆی نەخۆشی وەک مەلاریا و نەخۆشی لایم (نەخۆشییەکی هەوکردنە زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە)، ئیدی زۆربەی کاتەکانی تر پێوەدانەکە هەر خورانێکە یاخود کەمێک ئاوسانی شوێنی پێوەدانەکەیە و سووربوونەوە، لە هەندێک حاڵەتیشدا جەستە وەڵامدانەوەیەکی توندی دەبێت و کەسەکە جەستەی زۆر هەستیارە و هەندێک کێشەی بۆ دروست دەبێت لە قووتدان، هەناسەدان، و هەروەها هەستکردن بە سەرگێژخواردن، سەرلێشوان، ئاوسانی ڕووخسار، بۆ ئەم نیشانانە پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکرێت.

هۆکارەکان

بە پێی شوێنی نیشتەجێبوون خانمانی دووگیان دەکرێت لە ڕێگەی جۆری جیاوازی مێرووەکانەوە بگەزرێن، وەک ئەسپێ، مێش و مەگەز، گەنە، مێشوولە، کێچ، هەروەها ئەگەر لە هەر بارودۆخێکی لەم جۆرەدا بوویت ئەگەری زیاترە لەلایەن ئەمانەوە بگەزرێیت:

  • لە دەرەوەیت بۆ بەسەربردنی کات یاخود کار دەکەیت.
  • چوونە ناو باخ و درەخت.
  • خۆراکی گیایی زۆر بخۆیت.
  • ئەو شوێنەی لێی دەژیت ئاو و هەواکەی گەرمتر بێت.
  • دەرمانی دژە مێرووەکان بەکارناهێنیت لە ماڵەوە.

نیشانەکان

لە پلەی یەکەمدا، لەوانەیە برینێکی زۆر بچووک ببینیت لەسەر پێستت و دواتر چەند نیشانەیەکی تر بوونی دەبێت وەک:

  • بڵق و سووربوونەوە.
  • ئازار لە شوێنی پێوەدانەکەدا.
  • هەڵئاوسان. 
  • خوران.
  • هەست کردن بە سووتانەوە.
  • گەرم بوونی شوێنی پێوەدانەکە و دەوروبەری.

لە هەندێک حاڵەتیشدا لەوانەیە تووشی هەستیارییەکی توند ببیت کە ئەمە نیشانەکانییەتی و پێویستە دوای ئەم نیشانانە سەردانی پزیشک بکەیت:

  • تا.
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە.
  • کێشەی هەناسەدان و قووتدان.
  • لێدانی دڵی خێرا.
  • کەشەنگبوونی ماسولکە.
  • لە دەستدانی ئاگایی.

چارەسەر

شەڵتەی سارد

هەر کە زانیت مێروویەک پێوەی داویت شوێنەکەی بە ئاوی سارد بشۆ و شەڵتەیەکی سارد یاخود سەهۆڵ بەکاربهێنە و داینێ لەسەری، کە ئازار و ئاوسانەکە کەم دەکاتەوە.

کرێم و مەڵهەم 

کرێم و مەڵهەمی هایدرۆکورتیزۆن و حەپەکانی دژە هەستیاری دەتوانن کە ئەم هەڵئاوسان و خورانە کەم بکەنەوە.

ئازارشکێن

ئەگەر لە حاڵەتێکدا بە هۆی پێوەدانەکەوە ئازارت زۆر بوو دەتوانیت ئازارشکێنی وەک پاراسیتامۆڵ و ئیبۆپڕۆفین بەکاربهێنیت.

فریاگوزاری سەرەتایی

ئەگەر هاتوو حاڵتەکە زۆر مەترسیدار بوو و نەخۆشکە نزیک بوو لە مردن بە زووترین کات دەبێت بگەیەنرێتە لای پزیشک و لەو ماوەیەشدا دەبێت جلەکانی لاببەیت و دەست بکەیت بە فریاگوزاری سەرەتایی و دەست بکەیت بە بوژانەوەی دڵ و سییەکانی بە شێلان و پەستان خستنە سەر سنگی و هەناسە پێدانی لە ڕێگەی دەمەوە.

لێکەوتە خراپەکان

لە حاڵەتی دەگمەندا مێرووەکان دەتوانن ڤایرۆسی (WNV) بگوازنەوە بۆ مرۆڤ، کە ئەم هەکردنە ڤایرۆسییە لەوانەیە نیشانەکانی ئەمانە بێت:

  • تا.
  • ماندوویەتی.
  • سەرئێشە.
  • هەڵئاوسانی سایرۆیدە ڕژێنەکان.
  • ئازاری جەستە و دروستبوونی بڵق لە جەستەدا بە تایبەت لە ناوچەی سکدا.

گەنە بەکترییایەکی وەک Borrelia burgdorferi تێدایە کە دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی لایم، کە نیشانەکانی بریتین لە:

  • تا.
  • ڕەقبوونێکی توندی مل.
  • ئازاری ماسولکەکان.
  • ئیفلیجی ڕووخسار.

گەر چی ئەم دوو حاڵەتە کەم ڕوودەدەن بەڵام زیانبەخشن بۆ منداڵەکە و دەگوازرێنەوە بۆی و ئەگەریش زوو پێی بزانیت دەتوانیت ڕێگر بیت لەوە.

ڕێگریکردن 

  • کاتێک لە دەرەوەیت جلی کراوە لەبەرمەکە و تاکوو دەتوانیت جلەکانت داپۆشراو بێت بۆ ئەوەی مێرووەکان بە پێستەکەوە نەدەن.
  • بەرهەمی وەک بۆنەکان، سابوون و شامپۆکان کەمتر بەکاربهێنن چونکە ئەمانە مێرووەکان زیات ڕادەکێشن بۆ لای خۆیان.
  • واباشە کاتی گەڕانەوە ئەوکاتانە نەبێت کە خۆر ئاوا دەبێت چونکە مێرووەکان لەوکاتەنەدا زیاتر جووڵاون.
  • دوورکەوتنەوە لە گژوگیا و گوڵە تۆو دارەکان.
  • دوورکەوتنەوە لە زبڵ و خاشاک و شوێنی پیس.
  • ڕانەگرتنی ئاژەڵی ماڵی لە ماڵەوە.
  • دەتوانیت لە کاتی خەودا پەتووی دژە مێروو بەکاربهێنیت.

ئایا پێوەدانی مێرووەکان دەتوانێت زیان بدات لە منداڵەکە؟

هەندێک کات مێرووەکان دەتوانن ڤایرۆس لە دایکەکەوە بگوازنەوە بۆ منداڵە لەدایک نەبووەکە و ببێتە هۆی دروستبوونی هەندێک کاریگەری لاوەکی، هەندێک لە مێشوولەکان هەڵگری ڤایرۆسی زیکان، دەرکەوتووە کە ئەم ڤایرۆسە لە دایکەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە و دەبێتە هۆی حاڵەتی بچووکیی قەبارەی سەر (Microcephaly) و هەندێک تێکچوونی دیکە لە مێشکی منداڵەکەدا، بچووکیی قەبارەی سەر حاڵەتێکە لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەدا و سەری منداڵەکە لە ئاستی ئاسایی بچووکترە و دەبێتە هۆی گۆڕانکاریش لە گەشەی منداڵەکەدا.

ئایا پێوەدانی مێروو دەبێتە هۆی لەبارچوون؟

دەگمەنە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتەدا دەکرێت بەهۆی ڤایرۆسێکەوە کە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە لەبارچوون ڕووبدات، بۆ نموونە ڤایرۆسی زیکا، لەوانەیە ببێتە هۆی لەبارچوون و لەدایکبوونی منداڵ بە مردوویی و هەروەها کێشەکانی دوای لەدایکبوون.


سەرچاوەکان



1183 بینین