هاوسەرگیری زۆرەملێ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-18-21:26:00 - کۆدی بابەت: 7305
هاوسەرگیری زۆرەملێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هاوسەرگیری زۆرەملێ بابەتێکە کە تەواوی وڵاتانی گرتووەتەوە و زۆرێک هاوسەرگیرییان کردووە بەبێ ویستی خۆیان.

هاوسەرگیری زۆرەملێ چ جۆرە پەیوەندییەکە؟

هاوسەرگیری زۆرەملێ جۆرە پەیوەندییەکە لە نێوان ژن و مێرددا کە تێیدا یەکێکیان یاخود هەردووکیان ڕازی نین بەم هاوسەرگیرییە، بەگشتی لەم پەیوەندییانەدا کەسانێک دەبنە هۆکار تاکوو ئەمە ڕووبدات بەتایبەت دایک و باوک.
هەندێک کات دایک و باوک بە ناڕاستەوخۆ دەبنە هۆکاری هاوسەرگیری زۆرەملێی منداڵەکەیان و بەگوێیدا دەدەن کە ئیتر توانای بەخێوکردنیان نییە و منداڵەکەشیان بە ناچاری هاوسەرگیری دەکات لەگەڵ کەسێکدا تاکوو لەم کێشەیە ڕزگاری ببێت.

هۆکارەکان

پاراستنی بەهای خێزان

خێزانی دەوڵەمەند و بەناوبانگ بەگشتی حەزدەکەن کە کوڕ و کچەکانیان هاوسەرگیری لەگەڵ کەسانی ناسراو و هاوشانی خۆیاندا بکەن، ئەویش بەهۆی ترس لە دەست بەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکیان لەلایەن خێزانی نەناسراوە و هەر بۆیە ئەم بڕیارە دەدەن بەبێ بیرکردنەوە لە هەست و حەزی منداڵەکانیان.

هەڵکشانی تەمەن

هەندێک لە کوڕان و کچان کاتێک تەمەنیان زۆر بەرەو سەرەوە دەچێت ئیتر پێیان وایە کە شوێنێکیان نییە لە ماڵی باوکیاندا، هەندێک کاتیش ئەگەر تەنانەت خاوەن دەسەڵات و پارە و بڕوانامەش بن هەر هەستێکی نامۆیان دەبێت بەوەی کە کۆمەڵگا بە چاوێکی دیکە سەیریان دەکات بەهۆی زیادبوونی تەمەنیانەوە بۆیە پێیان باشترە ئەگەر بەدڵی خۆشیان نەبێت هاوسەرگیرییەک بکەن.

هەژاری 

هەندێک جار بەهۆی هەژارییەوە پەنا دەبردرێت بۆ هاوسەرگیری بۆ ئەوەی پارە و پەنایەک هەبێت.

کلتوور 

لە هەندێک کلتووردا واهاتووە کە دایک و باوک بڕیار دەدەن لەسەر هاوسەرگیری منداڵەکانیان و ئەوان بۆیان نییە لەم بارەیەوە ڕای خۆیان دەرببڕن و کوڕ و کچەکانیش بۆیان نییە دژی هەر بڕیارێکی دایک و باوکیان بوەستنەوە.

ترس لە ئابڕوو

هەندێک کات بەهۆی ئەوەی ماڵێک کچەکەیان پەیوەندی لەگەڵ کوڕێکدا هەبووە و ئاشکرا بووە، یاخود دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر ناچارن بە خێرایی بیدەن بە شوو تاکوو ئەم کێشەیە بەوە چارەسەر بکەن.

ژیان دوای هاوسەرگیری زۆرەملێ چۆنە؟

زۆرینەی ئەو هاوسەرانە چونکە هاوسەرگیرییەکەیان زۆرەملێ بووە تووشی نەخۆشی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە و خێزانەکانیشیان هیچ هاوکارییان ناکەن چونکە زۆرجار ئەوان هۆکاری سەرەکی ئەم هاوسەرگیرییە بوون، تەواوی ئەمانە لە کۆتاییدا دەبنە هۆی ئەوەی کە هەڵبێن لە یەکتری یاخود خۆیان بکوژن.
بەگشتی کچان پێش هاوسەرگیری بەرنامەی زۆر دادەنێن بۆ ژیانی داهاتوویان و بەڵام کاتێک هاوسەرگیرییەکە بە دڵی خۆیان نابێت و بە زۆرە هەموو بەرنامەکانی ژیانیان تێک دەچێت و زۆرجار هاوسەرەکەیان ڕێگری دەکات لە تەواوکرنی خوێندن یاخود کارکردن لە دەرەوە، هەروەها زۆرجار حەزیان بە پەیوەندی سێکسی نییە لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا و ئەمەیان بەزۆر پێ دەکرێت و ئەنجامی هەموو ئەمانەش نەخۆشی دەروونیی لێ دەکەوێتەوە، هەروەها هاوسەرگیری زۆرەملێ هۆکارێکیشە بۆ زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە و خیانەت لە نێوان هاوسەراندا و هاوسەران جیادەبنەوە یاخود لە داخی هاوسەرەکەیان پەنا دەبەن بۆ پەیوەندییەکی دیکە و خیانەت دەکەن لە ژیانی هاوسەرێتییان.

ئەنجامی هاوسەرگیری زۆرەملێ

شەڕ و ئاژاوە لە ماڵدا

زۆرێک لە کچان و کوڕان دوای دژایەتییان بە هاوسەرگیرییەکە لە ماڵەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت بەتایبەت کچان و هەروەها کاتێکیش هاوسەرگیری دەکەن لەلایەن هاوسەرەکەیانەوە ئەمەیان بەرامبەر دەکرێت، وەک دژایەتی و شەڕ و لێدان و جنێودان.

هەڵهاتن لە ماڵ

زۆرجار بینراوە کچان لە پێناو ئەوەی ئەو هاوسەرگیرییە نەکەن هەڵهاتوون لە ماڵەوە و نەگەڕاونەتەوە.

لەدایکبوونی منداڵی نەخۆش

دووگیانی ناچاری و حەز نەکردن لە منداڵ زۆرجار قوربانی سەرەکی ئەم هاوسەرگیرییە منداڵەکەیە بەوەی کە هیچ خۆشەویستییەک لە نێوان دایک و باوکیدا نییە بۆیە خۆشەویستی بەمیش نادرێت و دووچاری نەخۆشی دەروونی و جەستەیی دەبێتەوە.

ڕێگریکردن لە هاوسەرگیری زۆرەملێ

خواستی دڵی خۆت بڵێ

لەجێی ئەوەی خۆت بەدەستەوە بدەیت و خواستی ئەوان قبووڵ بکەیت، ڕای خۆت بڵێ بە شێوەیەکی جوان، لەوانەیە ئەوان نەزانن کە خەریکن هەڵە دەکەن و تۆ ئازار دەدەن، داوایان لێ بکە کە خۆت مافی ئەوەت هەبێت هاوبەشی ژیانت هەڵبژێریت لە کاتی گونجاودا و گفتوگۆیەکی هێمنانە ئەنجامێکی باشیدەبێت.

لە تەنهایی مەترسە

تەنانەت ئەگەر بڕیار بێت تاکوو کۆتایی تەمەن بە سەڵتی بمێنیتەوە زۆر باشترە لەوەی کە بڕیاری هەڵە بدەیت و هەڵبژاردنی هەڵەت هەبێت، زۆرینەی دایک و باوکان دەترسن لە زیادبوونی تەمەنی منداڵەکانیان و ترسەکەش دەگوازنەوە بۆ منداڵەکانیان، بۆیە گرنگە نەترسیت و هەر کاتێکت پێ گونجاو بوو و کەسێ گونجاو هات ڕێگاتەوە هاوسەرگیری بکەیت.

لەگەڵ کەسانی بە ئەزمووندا قسە بکە

کاتێک نەتتوانی لەگەڵ دایک و باوکت قسە بکەیت، یاخود نەتتوانی ئەوان ڕازی بکەیت ئەوا لەگەڵ کەسێکی شارەزادا قسە بکە کە بتوانێت دایک و باوکت ڕازی بکات.

ئارام بگرە

ئەوەی کە گەورەترین بڕیاری ژیانت گەشتووەتە دەست کەسانێکی دیکە و خەریکن لەبری تۆ بڕیار دەدەن زۆر قورسە، بەڵام دەبێت ئارام بگریت و توڕە نەبیت، چونکە بە شەڕ و توڕەیی ئەم کێشەیە چارەسەر ناکرێت، تاکوو دەتوانیت ئارام بگرە و بە قسەی جوان هەوڵبدە ڕازییان بکەیت و هەرگیز ڕێزگرتنی دایک و باوکت پێشێل نەکەیت بەڵام هەرگیز ئیزنیش مەدە کە لە جێگای تۆ بڕیار بدەن.

باسی هاوسەرگیرییە ناسەرکەوتووەکانیان بۆ بکە

ئەشق و خۆشەویستی یەکێکە لە هۆکارەکانی ژیانێکی سەرکەوتوو و ئەگەر ژیانێک خۆشەویستی و ڕێزی تیا نەبێت بە جیابوونەوە کۆتایی دێت یاخود بەردەوامی دەبێت بەڵام بەبێ ڕۆح، ئەوە بۆ دایک و باوکت ڕوون بکەرەوە کە زۆرێک هەن بە خواستی خۆیان هاوسەرگیرییان نەکردووە و تاکوو ئێستاش کە بەیەکەوەن ڕێزی یەکتری ناگرن و خۆشەویستی نییە لە خێزانەکەیاندا.

سەربەخۆیی خۆت ڕابگەیەنە

هەندێک دایک و باوک وادەزانن کە منداڵەکانیان چاکەی خۆیان نازانن و پێویستە کە لەجێی ئەوان بڕیار بدرێت، بیسەلمێنە بۆیان کە خۆت ژیانی خۆت باشتر دەزانیت و ئێستا دنیا گۆڕاوە و خەڵکی وەک جاران بیرناکەنەوە بەتایبەت لە بابەتی هاوسەرگیریدا.


سەرچاوەکان



912 بینین