خەونی ناخۆشی خانمان لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-20-11:32:00 - کۆدی بابەت: 7319
خەونی ناخۆشی خانمان لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەونی خانمانی دووگیان زۆرجار ناخۆش دەبێت بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە جەستەیی و دەروونییانەی کە لە خانمەکەدا ڕوودەدات، ئەم خەوە ناخۆشانە بەگشتی بۆ هەموو خانمانی دووگیان ڕوودەدات و خانمەکە بە ئارەق کردنەوەیەکی سارد لە خەو هەڵدەستێت و هەروەها ئەم خەوانە ئاسایین و دەکرێت نیشانە بن بۆ خەمۆکی دوای منداڵبوون و بۆیە پێویست خانمانی دووگیان زۆر بەباشی چاودێری بکرێن.

ئەو خەونە ناخۆشانە چین کە خانمان دەیبینن؟

خەونی ئاو

 خەیاڵ و خەون بینین بە ئاو زۆر باوە بە تایبەت وەک چۆن لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا پەردەی سەراو کە پڕ دەبێت لە شلەی سەراو.
دەروونناسان دەڵێن کە ئەگەر لە خەوەکەدا ئاوەکە پیس و ڕەنگ تێر بوو بە ئەگەری زۆرەوە بەو واتایە دێت کە دڵنیا نیت هێشتا چ هەستێکت هەیە سەبارەت بە بوون بە دایک، هەروەها خەون بینین بە شەپۆلێکی لێوار دەریا واتە گۆڕانکاریی ڕوودەدات لە هەستەکانت لە داهاتوودا. 

خەونی پەیوەست بە ڕەگەزی منداڵەکەوە

خەو بینین دەربارەی ئەوەی کە منداڵەکەت چ ڕەگەزێکی هەیە بەو واتایە دێت کە ڕۆژانە زۆر بیر لە ڕەگەزی منداڵەکەت دەکەیتەوە.

خەو بینین بە لەدایکبوونەوە

کاتێک خانمێک لە سێ مانگی سێیەمی کۆتایی سکەکەیدایە خەون دەبینێت کە تێیدا لە شوێنی گشتیدا منداڵی دەبێت، یاخود لە ژێر جلەکانییەوە منداڵ دێتە دەرەوە، ئەمە دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ ئەوەی کە ژنێک نیگەرانی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی ئەو شتانەیە کە بەپێی خواست و بەرنامەی خۆی ناچێتە پێشەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو ئەمانە نیشانەن بۆ ئەوەی کە دایکان هەرچی زووە دەیانەوێت منداڵەکەیان ببینن.

خەو بینین دەربارەی لەدایکبوونی ئاژەڵ یاخود بێ گیان

ئاساییە خانمێکی دووگیانی لە خەونیدا بەچکە پشیلە و یاخود تەنانەت فڵچەیەکی ددانیشی ببێت، خانمان دەترسن لەم خەوانە و پێیان وایە لێکدانەوەی خراپی دەبێت و ڕووداوێکی خراپ ڕوودەدات لە کاتێکدا هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەن که دایکەکە ئامادەیە بۆ منداڵبوون و پەروەردەکردنی منداڵەکەی.

خەو بینین دەربارەی گیرخواردن

خەو بینین دەربارەی گیرخواردن لەناو ئاودا و یاخود کەوتنە ناو داوە و گیربوونی قاچ و پێیەکان، ئەمە پیشاندەری ئەوەیە کە منداڵ لەناو منداڵدانی دایکدا بەوشێوەیە گیری خواردووە و چاوەڕێیە تاکوو بێتە دەرەوە، هەروەها دەکرێت نیشانە بێت بۆ ئەوەی کە دوای منداڵبوون ئیتر دایکەکە وەک جاران نابێت و تەواوی تەمەنی دەبێت خزمەتی منداڵەکەی بکات.

بەجێهێشنی منداڵ

خەو بینین بەوەی کە منداڵەکەت بەجێ دەهێڵیت لە شوێنێکدا ئەمەش بە هەمان شێوە نیشانەی خەم خواردن و بیرکردنەوەی زۆرە دەربارەی لەدایکبوون و پەروەردەکردنی منداڵەکەت.

هۆکاری خەونی ناخۆش لەماوەی دووگیانیدا

دڵەڕاوکێ

دووگیانی دڵەڕاوکێی زۆری لەگەڵدایە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە جەستەیی و دەروونیانەی کە لە خانمەکەدا ڕوودەدات و ئەم دڵەڕاوکێیەش وادەکات کە دایکەکە خەوی ناخۆش ببینێت، خانمەکە دڵەڕاوکێی هەیە بەرامبەر بەم حاڵەتانە:

  • بەوەی کە چۆن ببێتە دایکێکی باش.
  • سەلامەتی منداڵەکە.
  • ترس لە منداڵبوون و ئازارەکەی.

کێشەکانی خەو

خەوی ناڕێکیش هۆکارێکە تاکوو خەوی ناخۆش ببینیت، چەند هۆکارێک وادەکات کە خەوت ناڕێک بێت وەک:

  • شەوانە بەهۆی زۆر میز کردنەوە دەبێت چەند جارێک هەستیتەوە و خەوت تێک بچێت.
  • هۆڕمۆنەکان وادەکەن پەستانی دەروونیت لەسەر بێت و چەند کاتژمێرێک بە بێداری بمێنیتەوە لە جێگادا.
  • دڵەکزە لەماوەی دووگیانیدا بە هەمان شێوە هۆکارێکە تاکوو شەوان بەباشی خەوت لێ نەکەوێت.
  • ئازاری ماسولکەکان و کەشەنگبوونیان هۆکارێکی دیکەن تاکوو خەوت لێ نەکەوێت.
  • بەهۆی فشار و بەرزبوونەوەی منداڵدانەوە هەناسەدان قورس دەبێت و زۆرجار دووچاری هەناسەتوندنی دەبیت بە تایبەت لە شەودا.
  • مانوویەتی و دڵتێکچوون.
  • جوڵانی زۆری منداڵەکە.

هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ

هەندێک لێکۆڵینەوە ئەوەیان دەرخستووە کە ڕێژەی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ کاریگەری لەسەر جوڵانی هەستەکان لە کاتی خەودا، کۆرتیزۆڵ جۆرە هۆڕمۆنێکە کە لە کاتی منداڵبووندا ڕێژەکەی زۆر زیاد دەکات و لە کاتی خەودا دەگاتە بەرزترین ڕێژەی خۆی.

کۆنتڕۆڵکردنی خەونە ناخۆشەکان لەماوەی دووگیانیدا

  • خەوت تێک مەدە و لە کاتی خۆیدا بخەوە هەر کاتێک خەوت هات.
  • خەوە ناخۆشەکان نیشاندەری هەستەکانی تۆیە لەماوەی دووگیانیدا کە پەستانی دەروونیت لەسەرە و نیگەرانیت، بۆیە جێگای دڵگرانی نین.
  • داوا لە هاوسەر و کەسە نزیکەکانت بکە زیاتر لێتەوە نزیک بن و لێت تێبگەن و دەتوانیت سەردانی پزیشکیش بکەیت بۆ پێدانی ڕێنوێنی زیاتر.


سەرچاوەکان



3236 بینین