باخچەی منداڵان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-20-14:10:00 - کۆدی بابەت: 7324
باخچەی منداڵان

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی باخچەی منداڵان

باخچەی منداڵان (بە ئینگلیزی: kindergarten)، دەزگایەکی پەروەردەییە تایبەتە بە منداڵانی قۆناغی تەمەنی پاش دایەنگە و پێش چوونە قوتابخانەی سەرەتایی، لەم شوێنەدا منداڵ ڕادەهێنرێت بۆ چوونەدەرەوە لە سنووری خێزان بۆ ناو کۆمەڵگەی خوێندنگە و هاوپۆل و هاوڕێ، هەروەها لێرە منداڵان فێری بنەماکانی خوێندن و نووسین دەکرێن، باخچە شوێنێکە بۆ دۆزینەوەی تواناکان و پەروەردەی سۆزداری و جەستەیی و عەقڵی و ڕەفتاری و کۆمەڵایەتی.

مێژووی سەرهەڵدانی باخچەی منداڵان لە جیهاندا

سەرەتای سەرهەڵدانی بیرۆکەی دامەزراندنی باخچەی منداڵان دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەم، کە یەکەم باخچە دامەزرا لەلایەن جۆن فریدریک ئۆبرلین (Jon fredric oberlin) له ساڵی 1796، لە ناوچەی ئەلیزاس لۆرین له باکووری ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا، ئامانجی ئۆبرلین بریتیبوو لە یارمەتیدانی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، کە دەیانناڵاند بەدەست هەژاری و خراپی باری گوزەرانی ئابووری و تەندروستییەوە، فریدریک فرۆبڵ (Friedrich Frobel) بە یەکەم کەس دادەنرێت کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا ناوی باخچەی منداڵان (Kindergarten)ی بەکارهێنا بۆ ئەم جۆرە دەزگا پەروەردەییانە، ئەم زاراوەیەشی هەڵبژاردووە و بەکاریهێناوە لەبەر ئەوەی بە بۆچوونی ئەو منداڵەکان هاوشێوەی ڕووەکە بچووکەکانن لە باخچەدا کە چاودێری دەکرێن و گرنگیان پێدەدرێت تا گەورە دەبن و بەرهەمیان پێ دەگات، بەهەمان شێوە منداڵی باخچەش لە باخچەدا چاودێری دەکرێن و خۆشەویستی و گرنگییان پێ دەدرێت، لێرەوە ناوی باخچەی منداڵان لە ئەنجامی ئەوەوە هاتووە کە منداڵ پێویستی بە شوێنێکی شیاوە تێیدا یاری و ڕاکەڕاکە بکات و بە شێوەیەکی ئازادانە بجووڵێت چونکە یاریکردن یارمەتیدەرە بۆ گەشەکردنی هەموو لایەنەکانی گەشەی منداڵ، یەکەم باخچە لە لەندەن لە ساڵی 1909 لەلایەن هەردوو خوشک (مارگرێت و ڕاشیل مەکمیلان) دامەزرا کە مەبەست لێی چاودێریکردنی منداڵانی بێ سەرپەرشت بوو و بەرنامەکەیان بریتی بوو لە گرنگیدان بە خۆراک و تەندروستی منداڵان، لە هەمان کاتدا "مۆنتیسۆری" (Maria Montessori) لە ساڵی 1907 یەکەم باخچەی منداڵانی دامەزراند لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، لە گەڕەکێکی هەژار نشین بۆ ئەو منداڵانەی کە دایکیان لە دەرەوەی خێزان کار دەکات و لە تەمەنی پێنج ساڵیدان، لەگەڵ ئەوەی "مۆنتیسۆری" لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی هەندێک ڕەخنە و سەرزەنشت بوویەوە، بەڵام لەکۆتاییدا بیرۆکەکەی بە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بڵاوبوویەوە، بەگشتی ئەوەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، یەکەم باخچەی منداڵان لە ساڵێ 1913 لەلایەن ئەرمەنییەکانەوە دامەزرا کە قۆناغی باخچەی لە قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی جیاکردەوە، لە ساڵی 1926 - 1927 بە شێوەیەکی فەرمی یەکەم باخچە لە شاری بەغداد دامەزرا، دەربارەی هەرێمی کوردستان، یەکەم باخچەی منداڵان لە ساڵی 1953 - 1954 لە شاری سلێمانی کرایەوە بەناوی (باخچەی منداڵانی سلێمانی).

ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی دامەزراندن و پەرەسەندنی باخچەی منداڵان لە جیهاندا

بێگومان سەرهەڵدان و پەرەسەندنی هەر بیرۆکە و دامەزراوەیەک چەند هۆکارێکی جۆراوجۆر و کاریگەری هەیە، بیرۆکەی پەرەسەندنی باخچەکانیش چەند هۆکارێکی سەرەکی لە پشتەوەیە لەوانە:

  • گۆڕانی کۆمەڵایەتی و چوونەدەرەوەی ئافرەت بۆ کارکردن.
  • لایەنی ئابووری:
    - زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان.
    - بەدەستهێنانی قازانجی ئابووری لەلایەن خاوەن باخچەکانەوە.
  • لایەنی ڕامیاری و گرنگی پێدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە منداڵ.
  • هۆکاری پەیوەست بە لایەنی پەروەردەیی و زانستییەوە.

سەرچاوەکانی فێرکردن لە باخچەدا

منداڵ له باخچەی منداڵاندا لە دوو سەرچاوەی سەرەکییەوە زانیاری و شارەزایی وەردەگرن، ئەوانیش دەکرێن بە دوو بەشەوە:

  • سەرچاوە دەرەکییەکان.
  • سەرچاوە ناوخۆییەکان.

سەرچاوە دەرەکییەکان: یەکێکە له سەرچاوەکانی فێرکردنی منداڵ و ئاشنابوونی بە جیهانی دەورووبەری بریتییە له سروشت و ئەو شوێنانەی کە لە دەرەوەی باخچە سەردانیان دەکات و زانیاریان لێوە فێردەبێت لەوانەش:

  1. شوێنە گشتی و گەشتیارییەکان.
  2. دارستان و کێڵگەکان.
  3. مۆزەخانە و پێشانگا وەک ژینگەیەکی گونجاو بۆ فێرکردنی منداڵ، ئەوانیش دەکرێن بە دوو بەشەوە:
    - پێشانگا و مۆزەخانەی گشتی.
    - پێشانگا و مۆزەخانەی ناو باخچەکان.

چالاکییە دەرەکییەکان بە سەرپەرشتی مامۆستا دەکرێت بە مەبەستی شارەزابوونی منداڵ بە ژینگەی چواردەوری، منداڵ هەستەوەرەکانی بەکاردەهێنێت ئەمەش ئەگەری زیاتر فێربوونی زیاددەکات و چەمکەکانی لا ڕوونتر دەبێت، ئەمەش یارمەتی دەدات بۆ:

  • بەدەست هێنانی وشەی زمانەوانی نوێ، هەروەها پێشکەوتنی زمان و گفتوگۆ دەربارەی ئەو شتانەی پێشووتر پێی ئاشنا بووە.
  • گەشەکردنی سەرنجدان و بەئاگایی، هەروەها فێربوون لەڕێگای کۆمەڵگە و ژینگەی دەوروبەرەوە.
  • بەشداریکردن لەو شارەزاییانەی کە زیاتر لە هەستەوەرێکی تێدا بەکاردەهێنرێت.
  • فێربوون و کارکردن بۆ پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکان لەگەڵ کۆمەڵەیەکدا.

سەرچاوە ناوخۆییەکان:
1. ناوەندی پەیوەندی (Communication center)
2. ناوەندی زانستی (Science center)
3. ناوەندی مۆسیقا و گۆرانی (Music and song)
4. ناوەندی ماڵ و پێکەوە ژیانی خێزان و دراما (Home and drama)
5. ناوەندی بیرکاری و ئیشی دەست (Math and manipulative)
6.ناوەندی ئاو و لم (Sand and water center)
7.ناوەندی دارتاشی و چاککردنەوە (Woodworking constriction center)
8. ناوەندی هونەری (Arts center)

هاوکاری نێوان خێزان و باخچەی منداڵان

دایکان و باوکان بەخێوکەری یەکەمن بۆ منداڵ و یەکەم ژینگەی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیین بۆ فێرکردن و پێگەیاندنی منداڵ، هەر لە ساتی لەدایکبوونەوە تا قۆناغەکانی دواتریش تا ئەوەی دەبێتە کەسێکی پێگەیشتوو و سەربەخۆ و پشت بەخۆی دەبەستێت، هەروەها منداڵ زۆرترین کاتەکانی لە ماڵەوە بەسەردەبات بە بەراورد لەگەڵ باخچە، بۆیە پێویستە بەشداریکردنی خێزان لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا وەک بنەمایەکی سەرەکی لایەنی پەروەردەی منداڵ تەماشابکرێت.

ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان باخچە و خێزان

  • پەیوەندی تایبەتی و گۆڕینەوەی زانیاری لە نێوانیاندا لەڕێگای کۆبوونەوە دیاریکراوەکانی مانگانە.
  • ڕاپۆرتی مانگانە کاتێک دەدرێتە خێزانی منداڵەکە تا بزانن منداڵەکەیان لە چ ڕوویەکەوە گەشەی کردووە.
  • سەردانکردنی خێزانی منداڵەکە بۆ باخچە یان بە پێچەوانەوە سەردانکردنی ستافی باخچە بۆ ماڵی منداڵەکە.
  • بڵاوکراوەی پەرتووکی پەروەردەیی کە باخچە دەیداتە خێزانی منداڵەکە تا شارەزا بن لەبارەی ئامانج و بەرنامە و شێوازی پەروەردەیی دروست لە باخچەکەدا.
  • سووربوون و بەهەند وەرگرتنی دایکان و باوکان لەسەر بەشداریکردنی چالاکی و سیمینار و کۆبوونەوەکان بە هەماهەنگی باخچە.
  • پڕکردنەوە فۆڕمی باخچە لەلایەن دایکان و باوکانەوە دەربارەی هەندێک وردەکاری منداڵەکە لەماڵەوە.


سەرچاوەکان



4796 بینین