چەقۆ

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-26-00:38:00 - کۆدی بابەت: 7394
چەقۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چەقۆ (بە ئینگلیزی: knife) بریتییە لەو ئامڕازە یان ئەو چەکەی کە لێوارێک یان دەمێکی تایبەت بە بڕینی هەیە و زۆرجار پەیوەستکراوە بە دەسکێکەوە، یەکێکە لە کۆنترین ئامڕازەکان کە بەکارهاتووە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکی ٢٫٥ ملیۆن ساڵ،  بەشێوەیەکی ڕەسەن چەقۆ لە دار، ئێسک یان بەرد دروست دەکرا، سەدە لەدوای سەدە لە هەنگاوەکانی بەرەوپێش چوونی کانزاسازی و پیشەسازیدا دەمی چەقۆ لە مس، بڕۆنز، ئاسن، ستیل، سیرامیک یان تیتانیۆم دروست دەکرا، زۆربەی چەقۆ پێشکەوتووەکان بە چەندین جۆر و ستایلی جیاواز لە دەمی چەقۆ و کلکی چەقۆ بوونیان هەیە کە بەپێی دروستکەر و وڵاتی دروستکردنەکەی دەگۆڕێت.
چەقۆ دەکرێت بۆ چەندین مەبەستی جیاواز بەکاربێت، ڕاوکەرەکان چەقۆی ڕاوکردن و سەربازەکان چەقۆی سەربازی و شاخەوان و دیدەوان و گەڕیدەکان چەقۆی گیرفانی بەکاردەهێنن، چەقۆی چێشتخانە هەیە تایبەت بە ئامادەکردنی خواردن (چەقۆی شێف، چەقۆی پاککردن، چەقۆی نان)، چەقۆی سەرمێز (چەقۆی پەنیر و چەقۆی پارچە گۆشت)، چەک (خەنجەر و چەقۆی دوگمەیی).

جۆرەکان

چەک

چەقۆ بە ئامرازێکی گرنگ دادەنرێت بۆ بەکارهێنان وەک چەک، بۆ نموونە:

  • چەقۆی هاوێژراو: چەقۆیەکی سەربازی تایبەتە کە دەمێکی جیاکراوەی هەیە و بە پەستان خستنەسەر دوگمە یان پەلەپیتکەی سەر کلکەکەی، دەکرێت بهاوێژرێت بۆ دووری چەند مەترێک یان چەند پێیەک.
  • سەرەڕم: چەکێکی سەربازی شێوە چەقۆییە کە دیزاین کراوە بۆ ئەوەی پەیوەست بکرێت بە دەمی تفەنگە یان چەکی هاوشێوەیەوە.
  • چەقۆی پەپوولە: چەقۆیەکی دەقکراوی گیرفانییە کە پێشی دەوترێت چەقۆی نووشتاوە، کلکەکەی دوو بەشکراوە و هەردوو بەشەکە دەسوڕێنرێتەوە بۆ لای دەمەکەی و دەمی چەقۆکە دادەپۆشێت لە کاتی هەڵگرتندا.
  • چەقۆی سەربازی: هەر جۆرێکی چەقۆیە کە لەلایەن سەربازەوە بەکاربێت لە شەڕدا یان وەک ئامرازێکی گشتی.
  • خەنجەر: چەقۆیەکی سەربازی یەکلا تیژ یان هەردوولا تیژە کە نووکەکەی لاکانی بە تەواوی تیژکراوە، بە شێوەیەکی سەرەکی بەکاردێت بۆ بریندارکردن و لێدان.
  • چەقۆی شەڕ: چەقۆیەکی کە دەمەکەی وا دیزاین کراوە برینێکی قوڵ دروست بکات لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی فیزیکی نێوان دوو کەس یان چەند کەسێک لە مەودایەکی زۆر کەمدا.
  • کەرامبیت: چەقۆیەکە کە دەمەکەی چەماوەیە لە شێوەی چنگی پڵنگ دایە، هەروەها کلکەکەی یەک یان دوو کونی تێدایە بۆ هەڵگرتنی سەلامەت.
  • شمشێر: گەشەسەندنی چەقۆیە کە دەمێکی درێژ و بەهێزی هەیە بەکاردێت بۆ جەنگ و ڕاوکردن.
  • چەقۆی هەڵدان: چەقۆیەکە کە کێش و دیزاینەکەی گونجاوە بۆ هەڵدان.

چێشتخانە

بەکارهێنانی چەقۆ وەک ئامڕازێک لە چێشتخانە لێنانی خواردن و ئامادەکردنی دەگرێتەوە، نموونەی چەقۆکانیش بریتیین لە:

  • چەقۆی نان: چەقۆیەکی دەم شێوە مشارییە بۆ لەتکردن نان.
  • چەقۆی ئێسک: چەقۆیەکە بەکاردێت بۆ لێکردنەوەی ئێسک لە گۆشتی گا و ماسی و باڵندە.
  • قەمە: چەقۆیەکی گەورەیە و شێوەی جیاوازی هەیە کە بەتایبەتی دیزاین کراوە بۆ لەتکردن و پارچەکردنی گۆشتی ئاژەڵ و دەرهێنانی ناوسکی، دەمەکەی لە شێوەی لاکێشەیەکی گەورەدایە.
  • کێرد: چەقۆیەکە بەکاردێت بۆ لەتکردنی گۆشتی پارچە گەورەی لێنراو.
  • چەقۆی شێف: بە چەقۆی فەڕەنسیش ناسراوە، ئامڕازێکی بڕینە لە ئامادەکردنی خواردندا بەکاردێت.
  • چەقۆی گوێچکەماسی: دەمێکی کورتی ئەستووری هەیە بەکاردێت بۆ کردنەوەی گوێچکەماسی.
  • چەقۆی تاشین و هەڵکۆڵین: چەقۆیەکە کە دەمێکی بچووک و تیژی هەیە بەکاردێت بۆ دەرهێنانی کرۆکی میوە.
  • چەقۆی سەرمێز: هەر چەقۆیەکە کە لەگەڵ چەتاڵ و کەوچک بەشێک بێت لە مێزی نانخواردن.

جگە لەم بەکارهێنانانە چەقۆ وەک ئامڕازێک چەندین بەکارهێنانی دیکەی هەیە وەک: تەور، مشاڕ، چەقۆی نوشتاوە کە دەمەکەی دەنووشتێتەوە بۆ ناو کلکەکەی.
هەر جۆرێکی دیکەی بڕەر کە بەکاربێت بۆ بڕینی دار و پەت و چەرم و قوماش و پلاستیک.

یاسادانان

چەقۆ بە شێوەیەکی ئاسایی لە یاسادا قەدەغەکراوە، چونکە زۆرجار بەکاردێت بۆ ئەنجامدانی تاوان، هەروەها شێوازی ئەم قەدەغەکردنە بەپێی وڵات و دۆخ و جۆری چەقۆکە جیاوازە، بۆ نموونە هەندێک یاسا هەڵگرتنی چەقۆی لە شوێنی گشتیدا قەدەغە کردووە لە کاتێکدا کە هەندێک یاسای تر خاوەنداری کەسیی بۆ هەندێک جۆری چەقۆ قەدەغە کردووە وەک چەقۆی نوشتاوە.

نەریت و دەرەمۆک

چەقۆ لە هەندێک کەلتووردا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە وەک نەریت و دەرەمۆک، لە سەردەمی کۆندا چەقۆ وەک ئامڕازێکی سەرەکی ڕزگاربوون دادەنرا، چەقۆ بۆ هێماکردنی هەموو قۆناغەکانی ژیان لە کەلتوورە جیاوازەکاندا دەتوانرێت بدۆزرێتەوە، بۆ نموونە چەقۆ دەخرایە ژێر جێگەی ژنی دووگیان لە کاتی منداڵبووندا و دەوترا کە ئازارەکەی کەم دەکاتەوە، یان دەدرا لە جێگەی خەوتنی منداڵ بۆ پاراستنی منداڵەکە، لە هەندێک کەلتووردا چەقۆ لەگەڵ تەرمی مردوودا دەنێژرا بۆ ئەوەی مردووەکە لەو دنیا بێ چەک نەبێت، لای یۆنانییەکان چەقۆی دەسک ڕەش دەخرایە ژێر پشتییەوە بۆ خۆپاراستن لە بینینی مۆتەکە.


سەرچاوەکان



752 بینین