زیانەکانی زۆر خواردنەوەی چا

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-28-20:43:00 - کۆدی بابەت: 7421
زیانەکانی زۆر خواردنەوەی چا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چا یەکێکە لە دڵخوازتیرن خواردنەوەکان لە جیهاندا. بەناوبانگترین جۆرەکانی چا بریتین لە چای ڕەش، چای سەوز و چای ئولۆنگ کە لە گەڵاکانی ڕووەکی کامیلیا سینێنسس (بە ئینگلیزی: Camellia sinensis) دروست دەکرێن. چا جگە لەوەی خواردنەوەیەکی خۆش و بەتامە، سوودی تەندروستیشی هەیە. بۆ ماوەی چەندین سەدە وەک چارەسەرکەری برین لە بواری دەرماندا بەکارهاتووە. هەروەها توێژینەوەکان لە ئێستادا دەریان خستووە کە چا ڕۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکوو، شێرپەنجە، قەڵەوی، شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ.

خواردنەوەی بڕێکی مامناوەند لە چا بۆ زۆربەی خەڵک تەندروستە، خواردنەوەی زیاتر لە ٤ کوپ چا واتە زیاتر لە ٩٥٠ ملیلیتر لە ڕۆژێکدا، دەکرێت کاریگەری لاوەکی هەبێت. بەتایبەتیش زیانەکانی چا کاتێک دروست دەبن کە زۆر بکوڵێنرێت، بۆیە وا باشترە بۆ ماوەی ٣ خولەک یان کەمتر بکوڵێنرێت. 

زیانەکانی زۆر خواردنەوەی چا

زیانەکانی زۆر خواردنەوەی چا بریتین لە:

کەمکردنەوەی هەڵمژینی ئاسن لە خوێن

چا دەوڵەمەندە بە جۆرێکی ئاوێتە کە ناسراون بە تانینەکان (بە ئینگلیزی: Tannins)، تانینەکان دەتوانن لەگەڵ ماددەی ئاسن یەک بگرن کە لە خواردندا هەیە و وای لێدەکات نەتوانرێت لە کۆئەندامی هەرسدا هەڵبمژرێت. 

کەمیی ئاسن یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی کەمیی ماددە خۆراکییەکان لە جەستە، لە جیهاندا. ئەگەر خۆت ڕێژەی ماددەی ئاسن لە خوێنتدا کەم ببێت، ئەوا زۆر خواردنەوەی چا حاڵەتەکەت خراپتر دەکات و مەترسیی تووشبوونت بە کەمخوێنیی کەمیی ماددەی ئاسن (بە ئینگلیزی: Iron deficiency anemia) زیاد دەکات.

توێژینەوەکان دەریان خستووە کە تانینەکان زیاتر ڕێگری لە هەڵمژینی ئەو ئاسنە دەکەن کە سەرچاوەکەی ڕووەکە بە بەراورد لەو ئاسنەی سەرچاوەکەی خواردنە ئاژەڵییەکانە. بۆیە، ئەگەر تۆ کەسێکی ڕووەکخۆریت یان ڕووەکییت، ئەوا پێویستە زۆر وریابیت لەبارەی ئەو بڕە چایەی کە دەیخۆیتەوە. 

بڕی دیاریکراوی تانینەکان لە چادا بەگوێرەی جۆری چایەکە و شێوازی ئامادەکردنی دەگۆڕێت، بەگشتی ئەو چایەی کە لەکاتی ئامادەکردنیدا زیاتر دەکوڵێنرێت، ڕێژەیەکی زۆرتری تانینەکانی تێدایە. سنووردارکردنی خواردنەوەی ڕۆژانەی چا بۆ ٣ کوپ واتە ٧١٠ ملیلیتر، بڕێکی سەلامەتە بۆ زۆربەی خەڵک. 

ئەگەر ماددەی ئاسن لە جەستەت کەمە و ئارەزووت لە خواردنەوەی چا هەیە، ئەوا وەک وریابوونێک خواردنەوەی چا بخە ماوەی نێوان ژەمەکانت لەجێی ئەوەی لەکاتی ژەمەکان یان ڕاستەوخۆ دوای ژەمەکان بیخۆیتەوە، بەمجۆرەش دەتوانیت کاریگەریی چا لەسەر هەڵمژینی ماددەی ئاسن کەمبکەیتەوە لە کاتی ژەمەکاندا. بەمەش مەترسیی تووشبوون بە کەمخوێنی کەمدەبێتەوە.

هەروەها لەکاتی وەرگرتنی تەواوکەرە خۆراکییەکانی ماددەی ئاسن پێویستە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ چادا وەری نەگریت، چونکە ئەمە کاریگەری دەرمانەکە ناهێڵێت. هەوڵبدە لانی کەم ماوەی دوو کاتژمێر هەبێت لەنێوان کاتی خواردنی دەرمانەکە و خواردنەوەی چا.

دڵتێکچوون

هەندێک ماددە لە چادا دەبنە هۆی دڵتێکچوون، بەتایبەتی ئەگەر بە ڕێژەی زۆر یان لەسەر گەدەی بەتاڵ وەربگیرێن.

تانینەکان لە گەڵاکانی چادا بەرپرسن لە تامە وشک و تاڵەکەی چا. تایبەتمەندیی گرژکەری تانینەکان لە چادا دەبێتە هۆی هەراسانکردنی شانەکانی کۆئەندامی هەرس کە نیشانەی ناڕەحەتکەر دروست دەکات وەکوو دڵتێکچوون و ئازاری گەدە.

ئەو بڕە چایەی کە دەتوانێت ئەم کاریگەرییانە دروست بکات بەپێی کەسەکان دەگۆڕێت. کەسانی هەستیارتر ئەم نیشانانەیان تێدا بەدی دەکرێت دوای خواردنەوەی دوو کوپ چا واتە ٤٨٠ ملیلیتر، لەکاتێکدا کەسێکی ئاسایی دەتوانێت زیاتر لە پێنج کوپ واتە ١,٢ لیتر بخواتەوە بەبێ هەستکردن بەم کاریگەرییانە.

ئەگەر ئەم نیشانانەت هەبوو دوای خواردنەوەی چا، ئەوا پێویستە بڕی خواردنەوەی ڕۆژانە چات کەمبکەیتەوە. هەروەها دەتوانیت کەمێک شیر تێکەڵ بکەیت لەگەڵ چایەکەت، یانیش خواردنێک بخۆیت لەگەڵی چونکە تانینەکان دەتوانن لەگەڵ پڕۆتین و کاربۆهایدرایتەکانی ناو خواردن یەکبگرن، ئەمەش هەراسانیی کۆئەندامی هەرس کەمدەکاتەوە.

کارلێککردن لەگەڵ دەرمانەکان

چا بە هۆی ماددەی کافایین و تانینەکانەوە لەگەڵ هەندێک دەرماندا کارلێک دەکات وەکوو: 

  • تەواوکەرە خۆراکییەکانی ماددەی ئاسن: تانینەکان کە لە چادا هەن ڕێگری لە هەڵمژینی ئاسن دەکەن و کاریگەری دەرمانەکە ناهێڵن 
  • ئەدینۆسین
  • هەندێک جۆری دژەزیندەییەکان
  • کاربامازیپاین: کافایین کاریگەری ئەم دەرمانە کەمدەکاتەوە بۆ چارەسەری نۆرەی پەرکەم
  • ئێفێدرین: ئەمەش وەکوو کافایین وریاکەرەوە و هاندەرە، بۆیە وەرگرتنی هەردووکیان پێکەوە کاریگەرییە لاوەکییەکان خراپتر دەکات

بۆیە پێویستە پێش وەرگرتنی دەرمان بە پزیشکەکەت بڵێیت لەبارەی وەرگرتنی کافایین لە چا یان قاوەدا.

بوونی ماددەی ژەهراوی

هەموو چایە کوڵاوەکان هەندێک ماددەی کانزاییان تێدایە کە ئەگەر بڕەکەیان زۆر ببێت ئەوا ژەهراوی دەبن.  

قورقوشم و ئەلەمنیۆم لە چادا هەن، بە ژەمی زۆر ئەم کانزا قورسانە دەکرێت ژەهراوی ببن بۆ مرۆڤ. بڕێکی کەم لە ئارسنیک و کادمیۆمیش دەکرێت لە هەندێک جۆری چادا هەبن، بەڵام بە بڕێکی زیانبەخش نا. چای ڕەش مەنگەنیزیشی تێدایە کە بە بڕی زۆر دەکرێت ژەهراوی ببێت. 

هەرچەندە چایەکە زیاتر بکوڵێنرێت، ئەوا خەستیی ئەو ماددە ژەهراوییانە زیاتر دەبێت. کوڵاندنی چا بۆ ماوەی سێ خولەک بەلایەنی زۆرەوە، دەتوانێت ئەم مەترسییە کەم بکاتەوە. 

بە پشت بەستن بەوەی چۆن و لەکوێدا چایەکە دەڕوێت و گەشە دەکات، ئەوا لەوانەیە ماددەکانی مێش و مێرووکوژ لە گەڵاکانیدا هەبێت. ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ سنووردارکردنی ڕێژەی خواردنەوەی چای ڕۆژانەت.

کاریگەرییەکانی کافایین

چا بەنزیکەیی ٢٪ بۆ ٤٪ـی پێکهاتووە لە ماددەی کافایین، هەرچەندیش چای خواردنەوە زیاتر بکوڵێنرێت ڕێژەی کافایینەکە تێیدا زیاتر دەبێت. ئەو کەسانەی هەستیارییان بە کافایین هەیە لەوانەیە تووشی هەراسانیی گەدە، بێخەوی یان دڵەڕاوکێ ببن. هەروەها زۆر وەرگرتنی کافایین کاریگەری تری دەبێت لە کەسانی ئاساییدا

کاریگەرییەکانی کافایین:

دڵەکزێ

کافایین لە چادا دەبێتە هۆی دڵەکزێ یانیش نیشانەکانی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە خراپتر دەکات. توێژینەکان ئەوەیان دەرخستووە کە کافایین دەمەوانەی گەدە (بە ئینگلیزی: Sphincter) خاو دەکاتەوە، کە ماسولکەیەکی شێوە ئەڵقەییە گەدە لە سورێنچک جیادەکاتەوە، ئەمەش ڕێگە بە ترشەڵۆکی گەدە دەدات بە ئاسانی بەرەو سورێنچک بگەڕێتەوە. 
هەروەها کافایین بەشدار دەبێت له زیادکردنی بەرهەمهێنانی ترشەڵۆکی گەدە. بێگومان خواردنەوەی چا مەرج نییە هەمووکات ببێتە هۆی دڵەکزێ، کاردانەوەی کەسەکان بۆ خواردنەوەکان جیاوازە و بەندە لەسەر ئەو بڕەی وەری دەگرن.

بۆیە ئەگەر تۆ بەبەردەوام بڕێکی زۆر لە چا بخۆیتەوە و هەست بە دڵەکزێی دووبارەبووەوە بکەیت، ئەوا پێویستە لەسەرت خواردنەوەی چا کەمبکەیتەوە و چاودێری نیشانەکانت بکەیت کە چیان بەسەر دێت.

لێکەوتەکانی دووگیانی

بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لەو خواردنەوانەی کافایینیان تێدایە وەکوو چا لە ماوەی دووگیانی مەترسیی لێکەوتەکانی دووگیانی زیاد دەکەن، وەکوو لەبارچوون و کەمیی کێشی کۆرپە.

لە زیانیارییەکان لەبارەی مەترسیی کافایین لەسەر دووگیانی هێشتا بە وردی نەزانراوە کە بڕی چەند لە کافایین پارێزراوە بۆ دووگیانی. هەرچەندە زۆربەی توێژینەوەکان دەڵێن مەترسیی لێکەوتەکانی دووگیانی کەم دەبێت ئەگەر ڕۆژانەی بڕی کەمتر لە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ ملیگرام کافایین وەربگریت.

بڕی تەواوی ماددەی کافایین لە چادا جیاوازە، بەڵام بەگشتی لەنێوان ٢٠ بۆ ٦۰ ملیگرامە لە ٢٤٠ ملیلیتردا واتە لە یەک کوپدا. بۆیە وا باشترە لەماوەی دووگیانیدا ڕۆژانە لە سێ کوپ زیاتر واتە ٧١٠ ملیلیتر چا زیاتر نەخورێتەوە.

هەندێک خەڵک خواردنەوەی چا گیایییە بێ کافایینەکانیان لەلا پەسەندترە بۆ خواردنەوە لەماوەی دووگیانی بۆ ئەوەی دووربن لە وەرگرتنی کافایین. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو جۆرەکانی چایە گیاییەکان تەندروست نین لە ماوەی دووگیانیدا. (چا گیاییەکان لەڕاستیدا چا نین بەڵکوو ئەو گیراوانەن کە لە ڕووەکی ترەوە بەرهەم دەهێنرێن نەک ئەو ڕووەکەی کە چای لێ بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە کافایینیان تێدا نییە).

بۆ نموونە چا گیایییەکان کە کۆهۆشی ڕەش (بە ئینگلیزی: Black Cohosh)، یان لێکۆرایسیان (بە ئینگلیزی: Licorice) تێدایە لەوانەیە مەترسیی هاندانی لەبارچوونی پێشوەختەیان هەبێت و پێویستە خۆیان لێ بەدوور بگیرێت. 

ئەگەر دووگیانیت و نیگەرانیت لەبارەی وەرگرتنی کافایین یان چای گیایی، ئەوا داوای ڕێنوێنی لە پزیشکەکەت یان چاودێرانی تەندروسیت بکە.

سەرئێشە

بڕێکی مامناوەند لە کافایین دەتوانێت چەند جۆرێکی سەرئێشە لابدات، هەروەک دەڵێن چا بۆ سەرئێشە باشە، بەڵام بەکارهێنانی بڕێکی زۆری کافایین بەبەردەوامی دەکرێت کاریگەرییەکەی پێچەوانە ببێتەوە و ببێتە هۆی سەرئێشە.

توێژینەوەکان دەریان خستووە کە وەرگرتنی بڕی ١٠٠ ملیگرام یان کەمتر لە کافایینی ڕۆژانە دەتوانێت سەرئێشەی ڕۆژانە لابدات، بەڵام بڕی دیاریکراوی کافایین کە دەبێتە هۆی سەرئێشە دەگۆڕێت بەگوێرەی بەرگەگرتنی تاک.

چا بەگشتی ڕێژەی کافایینەکەی کەمترە لە خواردنەوە کافایینیەکانی تری وەکوو قاوە و سۆدە. بەڵام هەندێک جۆری چا دەکرێت ڕێژەی کافایینەکەیان بگاتە ٦۰ ملیگرام لە ٢٤۰ ملیلیتردا واتە لە یەک کوپ.

ئەگەر سەرئێشەی بەردەوامت هەیە و پێت وایە هۆکارەکەی زۆر خواردنەوەی چایە، ئەوا ڕێژەی چا خواردنەوەت سنووردار بکە تا ببینیت ئاخۆ نیشانەکان بەرەو باشبوون دەڕۆن.

زیادبوونی دڵەڕاوکێ، فشار و بێ ئۆقرەیی

زۆر وەرگرتنی ماددەی کافایین لە چا یان هەر سەرچاوەیەکی تردا لەوانەیە ببێتە هۆی هەستکردن بە دڵەڕاوکێ، فشار و بێ ئۆقرەیی.
کوپێک چا واتە ٢٤٠ ملیلتر چا نزیکەی ٢٠ بۆ ٦۰ ملیگرام کافایینی تێدایە بەپێی شێوازی لێنانەکەی. بەگشتی چای ڕەش کافایینی زیاتری تێدایە لە چای سەوز و سپی و جۆرەکانی تر. هەرچەندیش چایەکە زیاتر بکوڵێنیت کافایینی زیاتر دەبێت. 

توێژینەوەکان دەریان خستووە کە ژەمەکانی کافایین کە کەمترن لە ٢٠٠ ملیگرام لە ڕۆژێکدا زۆر نابنە هۆکاری دڵەڕاوکێ لە زۆربەی خەڵکدا. بەڵام لە کەسە هەستیارەکان بە کاریگەری کافایین لەوانەیە بەم ژەمە کەمەش کاریگەرییەکانی دەربکەوێت. 

ئەگەر تێبینیت کرد زۆر خواردنەوەی چا دەتشڵەژێنێت و تووڕەییت زیاد دەکات ئەوا پێویستە بڕەکە سنووردار بکەیت تا بزانیت ئاخۆ نیشانەکان باشتر دەبن. یاخوود هەوڵبدە لەجێی چا، چایە گیاییەکان بەکار بهێنیت کە کافایینیان تێدا نییە.

بێخەوی

چا بەهۆی بوونی ماددەی کافایین لەوانەیە سوڕی خەوت تێکبدات.

میلاتۆنین هۆڕمۆنێکە کە نیشانە دەدات بە مێشک بۆ کاتی خەوتن. هەندێک توێژینەوە دەریان خستووە کەوا کافایین ڕێگری لە بەرهەمهێنانی میلاتۆنین دەکات لە جەستەدا، کە دەبێتە هۆی تێکدانی خەو. بێخەویش دەبێتە هۆی بێتاقەتی، تێکچوونی یادەوەری و کەمکردنەوەی توانا و ماوەی سەرنجدان. هەروەها بێخەویی درێژخایەن مەترسیی تووشبوون بە قەڵەوی و لاوازیی کۆنترۆڵکردنی شەکرەی خوێن زیاد دەکات.

سەرگێژبوون

ئەم کاریگەرییەی کافایین کەمتر باوە و تەنیا بە وەرگرتنی بڕێکی زۆری کافایین دروست دەبێت، نیشانەکان پەیوەستن بە ژەمی گەورەی کافایین کە زیاتر ببێت لە ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ ملیگرام یان خواردنەوەی نزیکەی ٦ بۆ ١٢ کوپ واتە (١.٤ بۆ ٢.٨) لیتر چا لە ڕۆژێکدا. 

پشت بەستن بە کافایین

تەنانەت خواردنەوەی بڕێکی کەمی چاش لەوانەیە تووشی پشت بەستن بە کافایینت بکات، بەگشتی لە دوای سێ ڕۆژ ئەم پشت بەستنە ڕوودەدات و لەکاتی وازهێنان لێی تووشی هەندێک نیشانەت دەکات، وەکوو بێتاقەتی، سەرئێشەو بێزاری.

کاریگەرییەکانی تری زۆر وەرگرتنی کافایین بریتین لە:


سەرچاوەکان



2708 بینین