کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ژنان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-28-00:56:00 - کۆدی بابەت: 7425
کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ژنان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ژنان یەکێکە لە کێشە باوەکان لە ژناندا، حەزی سێکسی ژنان ئەگەری هەیە کە لە هەموو تەمەنێکدا کەم بکات و بەڵام بە زیادبوونی تەمەنی ژنەکە زیاتر ئەم ئەگەرە زیاترە، ئەم حەزە بە هەڵکشانی تەمەن و گۆڕانکاری لە هەست و سۆزی خانمەکە و گۆڕانکاری جەستەیی و کۆمەڵێک کێشە و نەخۆشی کەم دەکات، زۆرینەی حاڵەتەکانی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ژنان کورتخایەنن و چارەسەریان هەیە.

نیشانەکان

ئەگەر ژنێک بەرامبەر بە مێردەکەی حەزێکی کەمی هەبێت بۆ جووتبوون و حەزی سێکسی وەک ڕۆژانی سەرەتای هاوسەرگیری نەبێت هێشتا نابێتە هۆکارێک کە بوترێت تووشی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی بووە، بەڵکوو کۆمەڵێک نیشانە ئەوە دەرەخەن کە بریتین لە:

  • کەسەکە حەزی بۆ هیچ جۆرە پەیوەندییەکی سێکسی نەبێت نەک جووتبوون تەنانەت دەست لێدانیش.
  • هیچ بیر لە سێکس نەکاتەوە.
  • بێزاربێت لەوەی کە حەزی سێکسی کەم بووتەوە.

بۆچی حەزی سێکسی خانمان کەم دەکات؟

کێشە جەستەییەکان

کێشەکانی کاتی جووتبوون

ئەگەر ژنەکە لە کاتی جووتبووندا ئازاری هەبێت و یاخود نەتوانێت بگاتە لوتکەی چێژ، لەوانەیە بە تێپەڕبوونی کات تووشی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ببێت.

نەخۆشی

زۆرێک لە نەخۆشییەکان دەتوانن حەزی سێکسی کەم بکەنەوە وەک: هەوکردنی جوومگەکان، شێرپەنجە، شەکرە، بەرزی پەستانی خوێن، نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار.

دەرمان

کۆمەڵێک دەرمانی وەک دەرمانەکانی دژەخەمۆکی و دژەکەشەنگبوون هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی حەزی سێکسی.

شێوازی ژیان

جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی حەزی سێکسی لە ژناندا.

نەشتەرکاری

هەر جۆرە نەشتەرکارییەک بە تایبەت نەشتەرکاری مەمک و کۆئەندامی زاوزێی خانمان هۆکارن بۆ گۆڕانکاری لە شێوەی جەستەی خانمەکە و لە ئەنجامیشدا کەمبوونەوەی حەزی سێکسی خانمەکە.

ماندوویەتی

ماندوویەتی بە دەست منداڵەوە و چاودێری کەسانی بەتەمەن دەتوانێت حەزی سێکسی ژنان کەم بکاتەوە، هەروەها ماندوویەتی دوای نەشتەرکاری و نەخۆشیش بە هەمان شێوە.

خواردنی هەندێک خۆراک

کۆمەڵێک خۆراکی تایبەت هۆکارن تاکوو حەزی سێکسی ژنانیش و پیاوانیش کەم بکەنەوە، پێویستە خانمان خۆراکی تەندروست بخۆن.

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان

کاتێک کۆمەڵێک هۆکار دێت بەسەر هۆڕمۆنەکاندا کاریگەری دەخاتە سەر حەزی سێکسی وەک ئەم هۆکارانە:

تەمەنی نائومێدی

ڕێژەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین لە تەمەنی نائومێدیدا کەم دەکات، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ژنان و وشکبوونەوەی زێ کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار لە کاتی جووتبووندا و بەمەش خانمەکە حەزی کەم دەبێتەوە بۆ سێکس.

کەمبوونەوەی تێستێسترۆن

تێستێسترۆن هۆڕمۆنێکی پیاوانەیە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە وروژاندنی هەستی پیاو و خانماندا، لە جەستەی خانماندا ئەم هۆڕمۆنە تاکوو تەمەنی ٢٠ ساڵی زیاد دەکات و دوای ئەوەو و تاکوو تەمەنی نائومێدی کەم دەکات، کە ئەمەش نیشانەی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ژنانە.

دووگیانی و شیردان

هۆڕمۆنەکانی جەستەی ژنان لە ماوەی دووگیانی و دوای منداڵبوون و کاتی شیردان گۆڕانکاری بەسەردا دێت کە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ژنان، هەڵبەتە هۆڕمۆنەکان تاکە هۆکار نیین کە ببنە هۆی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی بەڵکوو ماندوویەتی و پەستانی دەروونی بە هۆی دووگیانی و منداڵبوون و شیردانەوە هۆکارن تاکوو ئەم حەزە کەم بکەنەوە.

هۆکارە دەروونییەکان

  • کێشەی دەروونی وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
  • پەستانی دەروونی بەهۆی باری کومەڵایەتی و ئابوورییەوە.
  • بوونی جەستەیەکی نەگونجاو.
  • کەمی متمانە بەخۆبوون.
  • بوونی پێشینەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنەکە.

دیاریکردن

پشکنینی دامێن

لەم پشکنینەدا پزیشک بەدواداچوون دەکات تاکوو بزانێت هۆکاری کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ژنەکە چییە، کە لە ڕێگەی دامێنەوە پشکنین دەکات بۆ ئەندامەکانی زاوزێ و کێشەکانی وەک وشکبوونەوەی زێ و باریک بوونی خانەکانی کۆئەندامی زاوزێ.

پشکنینی خوێن

پزیشک لە ڕێگەی پشکنینی خوێنەوە کۆمەڵێک هۆکاری بۆ دەردەکەوێت وەک گۆڕانکاری ڕێژەی هۆڕمۆنەکان و دەرکەوتنی کۆمەڵێک نەخۆشی وەک، غوددە، شەکرە، بەرزی کۆلیستڕۆڵ، کێشەکانی جگەر.

چارەسەر

قۆناغەکانی چارەسەری کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ژنان ئەمانەن:

گفتوگۆ

گفتوگۆ دەربارەی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ژنان، لەگەڵ پزیشکی دەروونیدا زۆر گرنکە و یارمەتیدەرە تاکوو ئەم کێشەیە چارەسەر بکات بە ڕێنوێنی پێدان و یارمەتیدان.

دەرمان

بەدواداچوون بۆ کۆمەڵێک دەرمان

کۆمەڵێک دەرمان هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ژنان کە حاڵەتی دیکەی نەخۆشەکە بەکاردێت، وەک دەرمانەکانی دژەخەمۆکی (paroxetine) و (fluoxetin) کە ئەم دوو دەرمانە هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی حەزی سێکسی ژنان بۆیە پزیشک دەتوانێت لەم حاڵەتەدا دەرمانەکە بگۆڕێت و دەرمانێکی دیکە دابنێت کە کاریگەری نەبێت لەسەر حەزی سێکسی وەک (buporopion).

چارەسەری هۆڕمۆنی

زیادکردن و وەرگرتنی ڕێژەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین لە ڕێگەی زێوە بە حەپ و کرێم و جییەڵ هۆکارێکە بۆ زیادکردنی حەزی سێکسی ژنان، کە ئەم هۆڕمۆنە لەو ڕێگەیەوە دەچێتە ناو خوێنی خانمەکە و پێویستە لەژێر چاودێری پزیشکدا بەکاربهێنرێت.

(Flibanserin)

ئەم دەرمانە دەرمانێکی دژەخەمۆکییە و وەک چارەسەرێکیش بۆ زیادکردنی حەزی سێکسی ژنان بەکاردێت، و ڕۆژانە خواردنی حەپێک لێی حەزی سێکسی زیاد دەکات، وە دەبێت لەژێر چاودێری پزیشکدا بەکاربهێنرێت چونکە  کۆمەڵێک لێکەوتی خراپی هەیە وەک:

  • دابەزینی پەستانی خوێن.
  • سەرگێژخواردن و بوورانەوە.

ئەگەر تاکوو ٨ هەفتە لەبەکارهێنانی ئەم دەرمانە هیچ گۆڕانکارییەک ڕووینەدا و حەزی سێکسی زیادی نەکرد دەبێت دەرمانەکە بوەستێنرێت و بەکارنەهێنرێت.

گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا 

وەرزش

ڕۆژانە ئەنجامدانی وەرزشی گونجاو کاریگەری هەیە لەسەر زیادکردنی حەزی سێکسی ژنان و هەروەها دوورکەتنەوە لە وەرزشی قورس.

کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی

دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک بۆ کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی و نەهێشتنی کێشی خێزانی و کاری و ئابووری.

پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرەکەتدا

ئەو هاوسەرانەی کە خۆشەویستییان زیاتر لە نێواندایە دەتوانن پەیوەندییەکی سێکسی باشتریان هەبێت و کەمتر تووشی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ببن، بۆیە زیادکردنی خۆشەویستی و ڕێزگرتن و دەستبازی دەتوانن یارمەتیدەربن.

جووتبوونی جیاواز

شێوازی جووتبوون و شوێنی جووتبوونەکە بگۆڕن و شێوازی نوێ تاقیبکەنەوە تاکوو حەزی سێکسی زیاد بکات.

خۆراکی تەندروست

خواردنی خۆراکی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە ماددە خۆراکییە زیانبەخشەکان و جگەرەکێشان و ماددە کحولییەکان هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن بۆ زیادکردنی حەزی سێکسی لە ژناندا.


سەرچاوەکان



1522 بینین