ترسی منداڵ له کەسانی نەناسراو و چارەسەری

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-29-20:00:00 - کۆدی بابەت: 7431
ترسی منداڵ له کەسانی نەناسراو و چارەسەری

ناوه‌ڕۆك

بۆچی منداڵ لە کەسانی نەناسراو دەترسێت؟

ترسی منداڵ له کەسانی نەناسراو جۆرێکە لە نیگەرانی و شڵەژان، کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کەسانی بێگانە و نەناسراو دروست دەبێت، ئەمیش ترسێکی زۆر باو و ئاساییە، ئەم ترسە لە نزیکی تەمەنی 6 بۆ 8 مانگی دەست پێدەکات و بەگشتی لە نێوان 21 تا 51 مانگی دەگاتە لوتکە و لەگەڵ گەورەبوونی منداڵ کەم دەبێتەوە، بە نزیکی لە تەمەنی دوو ساڵیدا نامێنت، لە هەندێک منداڵدا ئەم جۆرە ترسە دەتوانێت زیاتر بمێنێتەوە و ببێتە هۆی نیگەرانکردنی، ئەم ترسە دەکرێت نیشانەی گەشەی سۆزداری و جۆرێک له پەیوەستبوونی تەندروستی منداڵ بێت بە دایک و باوکەوە، پەروەردەکردنی دروستی هەستی سەربەخۆیی زۆر گرنگە چونکە لەکۆتاییدا پەروەردەکردنی دروست لەم بارەیەوە لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر منداڵ دەبێت، لەڕاستیدا ترسی منداڵ لە کەسە نەناسراوەکان کاتێک دەست پێدەکات کە منداڵ تێدەگات ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ دایک و باوک و کەسە نزیکەکانی هەیەتی زۆر جیاوازە لەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەیبێت کە نایانناسێت، لەگەڵ زانینی ئەم بابەتە ترس و نیگەرانی منداڵ لەکاتی بینینی کەسی نەناسراو دەست پێدەکات.

نیشانەکانی ترسی منداڵ له کەسانی نەناسراو

لەئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک لەم بارەیەوە، ئەو نیشانانەی کە دەکرێت له منداڵێکدا هەبێت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کەسێکی نەناسراو له منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر جیاوازە بەڵام بەگشتی دەکرێت لەم نیشانانەدا کۆبکرێنەوە:

  • لەگەڵ بینینی بێگانەیەک یان لە لای کەسێکی نەناسراو، ڕەنگە منداڵ لەناکاو بێدەنگ ببێت و به ترسەوە چاو ببڕێتە کەسە بێگانەکە.
  • له هەندێک منداڵدا هەندێک هەستی تایبەت هەیە وەکوو گریان و بۆڵەبۆڵکردن و دەربڕینی ناڕەزایەتی کاتی بینینی کەسێکی بێگانە.
  • هەندێک منداڵی تریش لەوانەیە بیانەوێت خۆیان له باوەشی دایک و باوکیان بشارنەوە یان لەکاتی بەڕێ ڕۆشتندا دایک و باوکیان بخەنە نێوان خۆیان و کەسە نەناسراوەکە تا دووربن لێی.

چارەسەری ترسی منداڵ لە کەسانی نەناسراو

گەرچی ترسی منداڵ لە کەسانی نەناسراو ئاساییە بەڵام ڕێگای جیاواز هەیە کە دەتوانن یارمەتی منداڵ بدەن، لەڕێگای چاودێری کردن و دەربڕینی هاوخەمی و میهرەبانی لەگەڵی تا بتوانێت بەسەر ترسەکەیدا زاڵ ببێت:

  • دەبێت ئەوە بزانن کە هەر منداڵێک جیاوازە لە منداڵێکی تر و بەپێی ئەو تایبەتمەندی و ڕۆحییەتەی هەیەتی ڕەنگە درەنگ یان زوو لەگەڵ کەسانی تر تێکەڵ ببێت، کاتێک توانیتان لەم بابەتە تێبگەن و منداڵەکەتان بناسن، دەتوانن یارمەتی بدەن تا کەمتر بترسێت.
  • بۆ یارمەتیدانی منداڵەکەتان هەنگاو بنێن، بۆ بینینی کەسی نوێ لەبری ئەوەی لەناکاو کەسێکی نوێ بە منداڵەکەتان بناسێنن هەنگاو بە هەنگاو ئەم کارە بکەن.
  • لەکاتی درککردن بەو هەستە ناخۆشانەی منداڵەکەتان  پشتگیرییان بکەن، بێتاقەتی منداڵەکەتان پشتگوێ مەخەن و داوایان لێ مەکەن لەکاتی بینینی کەسێکی نوێ زوو وەڵام بدەنەوە و قسە بکەن، فشار خستنە سەر منداڵ بۆ ڕۆشتنە ئامێزی کەسێکی نەناسراو بەبێ ئامادەیی پێشوەختە دەتوانێت نیگەرانی و ترسی زیاتر بکات و جارێکی تر کە ئەو کەسەی بینی زیاتر بترسێت و بشڵەژیت.
  • ئارام بن و ئەرێنییانە بیربکەنەوە، کاتێک منداڵ دەبەنە لای کەسێکی نەناسراو یان جێی بهێڵن لەلای بۆ نموونە لای مامۆستاکانی باخچەی یان پەرستار، هەوڵبدەن لە ئامێزی بگرن و ماچی بکەن تا هەست بە ئارامی بکات. 
  • کۆنتڕۆڵی چاوەڕوانی کەسانی تر بکەن، لەکاتێکدا کە منداڵ حەزناکات یان مەیلی نییە بۆ چوونە باوەشی دایەگەورە یان بابەگەورەی دەکرێت بابەتێکی ئاسایی بێت، بەڵام لەهەمان کاتدا دەکرێت هەستی ئەوان بریندار بکات، دەتوانن بە قسەکردن لەگەڵیان دەربارەی ئەوەی منداڵ پێویستی بەوەیە کە بە لەسەرخۆیی کەسەکان بناسێت و هەندێ ڕێگا و ڕوونکردنەوەیان پێشکەش بکەن، بەم شێوەیە یارمەتیان بدەن تا چاوەڕوانی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن بەرانبەر منداڵەکە.
  • لە تەمەنێکی کەمدا بەشێوەیەکی بەردەوام منداڵ بە کەسانی نوێ بناسێنن، لەگەڵ منداڵەکەتان بچنە دەرەوە و کات بەسەر ببەن لە پارکەکان و ژینگەی نوێ تاکوو کەسانی نوێ ببینێت و بناسێت، هەڵبەت ئاگاداربن کە له دەرەوەی ماڵ چاودێریکردنی بەردەوامی منداڵ و ئاگاداربوونی زۆر گرنگە، دەتوانن ڕێگە بە منداڵەکەتان بدەن یاری لەگەڵ کەسانی نوێ بکەن یان بە ئامادەبوونی ئێوە قسەیان لەگەڵ بکات، بەڵام ئەم کارە دەبێت بە ڕەزامەندی ئێوە و بە شێوەیەکی تەندروست بێت.


سەرچاوەکان



776 بینین