نۆرەی تۆقین

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-31-00:13:00 - کۆدی بابەت: 7451
نۆرەی تۆقین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نۆرەی تۆقین (بە ئینگلیزی: Panic attack) ئاستێکی زۆری دڵەڕاوکێیە. ڕووداوی لەناکاوی ترسێکی زۆرە کە دەبێتە هۆی هاندانی کاردانەوەی جەستەییی تووند، لەکاتێکدا هیچ مەترسییەک و هۆکارێکی دیار بوونی نییە. نۆرەی تۆقین دەکرێت زۆر ترسێنەر بێت و کەسەکە هەست بە بێ هیوایی، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکات. کاتێک تووشی نۆرەی تۆقین دەبیت پێت وایە کۆنترۆڵ لەدەست دەدەیت، وا دەزانیت جەڵتەی دڵ لێت دەدات یان تەنانەت دەمریت. نیشانە جەستییەکانی نۆرەی تۆقین بریتین لە: لێدانی دڵ بەخێرایی، هەناسەدان بەخێرایی، ئارەقکردنەوە و لەرزین. بەگشتی ئەو هەستەی لەکاتی نۆرەی تۆقیندا هەستی پێ دەکەیت زۆر تووندترە لەو هەستەی لەکاتی فشار و ترسدا هەستی پێ دەکەیت. 

زۆربەی خەڵک بەلایەنی کەمەوە تووشی نۆرەیەکی تۆقین دەبن لە ژیانیان و کێشەکە تێدەپەڕێت بۆ نموونە دوای تەواوبوونی باردودۆخێک کە فشاری زۆری بۆ هێناون. بەڵام ئەگەر بەردەوام نۆرەی تۆقینی دووبارە و بێ هۆکار و پێشبینی نەکراوت بۆ بێت و ماوەیەکی زۆر لە ترسی ئەوەدا بیت کە نۆرەیەکی ترت بۆ بێت لەوانەیە تووشی نەخۆشیی تۆقین (بە ئینگلیزی: Panic disorder) بووبیت. بەپێی کۆمەڵەی دەروونیی ئەمریکی (APA) لە هەر ٧٥ کەسێکدا، کەسێک نەخۆشیی تۆقینی هەیە. ئەم حاڵەتە دەتوانێت بەتووندی کار بکاتە سەر ژیانی ڕۆژانەت.

هەروەها نیشانەکانی نۆرەی تۆقین زۆر نزیکن لە نیشانەکانی نۆرەی دڵەڕاوکێ، ئەمەش وا دەکات زۆرجار ئەم دوو حاڵەتە تێکەڵ بکرێن. بەگشتی نۆرەی تۆقین بێ هۆکار ڕوودەدات و حاڵەتێکی تووندترە، بەڵام نۆرەی دڵەڕاوکێ دەکرێت هۆکار و هاندەرێکی هەبێت. 

نیشانەکان

نۆرەی تۆقین لەناکاو و بێ ئاگادارکردنەوە ڕوودەدات و بۆی هەیە لە هەر کاتێکدا لێی بدات بۆ نموونە کاتێک ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت، کاتێک لە مۆڵیت یان لە ناوەندی کۆبوونەوەیەکی کاردایت. نۆرەی تۆقین بەگشتی زۆر بەخێرایی دەست پێدەکات و پێنج بۆ بیست خولەک دەخایەنێت، بەڵام نیشانەکان دەکرێت تا کاتژمێرێک بەردەوام ببن. دوای نۆرەی تۆقینەکە کەسەکە هەست بە هیلاکی و هێز لێبڕاوی دەکات. نیشانەکانی نۆرەی تۆقین بریتین لە:

- ئازاری سنگ و ناڕەحەتی

- لە سەرما لەرزین یان هەست کردن بە گەرما

- سەرگێژبوون و سەرسوڕان یان بوورانەوە

- ترس لە مردن

- ترسی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ یان شێتبوون

- دڵەکوتێ، ناڕێکیی لێدانی دڵ یان خێرا لێدانی دڵ

- سڕبوون یان مێروولەکردن

- لەرزین، ئارەقکردنەوە و ڕاچڵەکین

- هەناسەدانی قورس وەک بڵێیت دەخنکێیت

- هەستکردن بە دابڕان لە واقیع

- دڵتێکچوون و هەراسانیی گەدە

- سەرئێشە

زۆرجار خەڵک لەگەڵ نۆرەی تۆقین تووشی ئەگۆڕەفۆبیا (بە ئینگلیزی: Agoraphobia) دەبن، واتە ترس لە شوێنێک کە نەتوانن لێی ڕابکەن یان یارمەتییان پێ بگات. کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی تۆقین یان نۆرەی تۆقین گەورەترین ترسیان بریتییە لە دووبارەبوونەوەی نۆرەیەکی تری تۆقین.

کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟ 

نیشانەکانی نۆرەی تۆقین زۆر نزیکن لە نیشانەکانی نۆرەی دڵ، کێشەی سییەکان و غوددە، بۆیە لەکاتی هەستکردن بە نۆرەی تۆقین پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ئەوەی حاڵەتەکەت جیابکاتەوە، هەروەها وەرگرتنی چارەسەر بۆ حاڵەتی تۆقین زۆ گرنگ و کاریگەرە.

نەخۆشیی تۆقین چییە؟ 

تۆقین نەخۆشییەکی دەروونییە و نۆرەی تۆقین نیشانەی نەخۆشییەکەیە. 

خەڵک ئاسایی تووشی نۆرەیەکی تۆقین یان دووان دەبن لە ژیانیان، بەڵام لە حاڵەتی زۆر دووبارەبوونەوە دەبێتە نەخۆشیی تۆقین. ئەم نەخۆشییە لە تەمەنی ١٨ تا ٢٥ ساڵی سەر هەڵدەدات و لە منداڵانیشدا بوونی هەیە. بۆماوە و هۆکارە زیندەییەکان بەیەکەوە ئەگەری تووشبوون بە تۆقین زیاد دەکەن، بۆ نموونە ڕووبەڕووبوونەوەی فشارە ژینگەییەکان وەکوو، جێهێشتنی ماڵ، لەدایکبوونی یەکەم منداڵ. مێژووی دەستدرێژیی سێکسی و جەستەییش دەکرێت مەترسیی تووشبوون زیاد بکەن.

هۆکار 

بەدیاریکراوی نەزانراوە کە هۆکاری نۆرەی تۆقین یان نەخۆشیی تۆقین چییە بەڵام دەکرێت ئەم هۆکارانە بەرپرس بن:

- دڵەڕاوکێی زۆر

- فشاری زۆر

- زۆر هەستیاربوون بە فشار یان بیری نەرێنی

- گۆڕان لە چۆنیەتی کارکردنی بەشەکانی مێشک

هەندێک توێژینەوە پێیان وایە وەڵامدانەوەی سروشتیی "ڕووبەڕووبوونەوە یان هەڵاتن"ـی جەستەت بۆ مەترسی پەیوەندی بە نۆرەی تۆقینەوە هەیە. بۆ نموونە گەر ورچێکی گەورە دوات بکەوێت، جەستەت خۆنەویستانە کاردانەوەی "ڕووبەڕووبوونەوە یان هەڵاتن"ـی دەبێت و خۆی ئامادە دەکات بۆ حاڵەتێکی مەترسیدار، هۆڕمۆنی ئەدریناڵین (ئیپینەفرین) دەردەدرێت و لێدانی دڵ و هەناسەدانت خێرا دەبێت، ئەمانەش هەمووی لە نۆرەی تۆقیندا هەیە. بەڵام تا ئێستا ئەوە نەزانراوە کە بۆچی نۆرەی تۆقین ڕوودەدات لەکاتێکدا کە هیچ مەترسییەک بوونی نییە.

هۆکارە جێی مەترسییەکان

ئەو هۆکارانەی مەترسیی تووشبوون بە تۆقین یان نۆرەی تۆقین زیاد دەکەن بریتین لە:

- هەبوونی مێژووی خێزانی بە نۆرەی تۆقین یان نەخۆشیی تۆقین

- فشاری سەرەکی لە ژیان، وەکوو مردن یان تووشبوونی کەسێکی ئازیزت بە نەخۆشییەکی مەترسیدار. یان گۆڕانکاری گەورە لە ژیان

- بوونی زەبر وەک ڕووداوێکی مەترسیدار یان زەبری دەروونی بەهۆی دەستدرێژیی سێکسی

- مێژووی دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی لە منداڵیدا

- زۆر وەرگرتنی کافایین، جگەرەکێشان، کحول و ماددە هۆشبەرەکان

هەروەها دەکرێت تۆقین نیشانەیەک بێت لە نەخۆشییە دەروونییەکانی وەکوو:

- دڵەڕاوکێی گشتی

- نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو

- فشاری پاش زەبری دەروونی

چارەسەر

چارەسەری دەروونی وەکوو چارەسەری هزریی ڕەفتار دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دیاریکردنی هاندەرەکان و شێوازی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخە قورسەکان. هەروەها چارەسەرە دەروونییەکان یارمەتی کەسەکە دەدەن هەست بە باشتربوون بکات، کاتێک باشتر لە تۆقین تێدەگات.

تەکنیکەکانی پشوودانیش دەتوانن یامەتیدەر بن وەکوو هەناسەدان بەهێواشی و هێنانەبەرچاو.  

لە هەندێک حاڵەتدا پزیشک لەوانەیە ئەم دەرمانانە بەکار بهێنێت:

  • بێنزۆدایەزیپینەکان: ئەلپڕازۆلام، کلۆنازیپام، بۆ چارەسەرکردنی نیشانەکانی دڵەڕاوکێ. 
  • ڕێگرەکانی تایبەت بە هەڵمژینەوەی سیرۆتۆنین (SSRIs): پارۆکسێتین، سێترالین، بۆ چارەسەری خەمۆکی.
  • ڕێگرەکانی هەڵمژینەوەی سیرۆتۆنین و نۆرئیپینەفرین (SNRIs): ڤینلافاکسین هایدرۆکلۆراید، بۆ چارەسەری خەمۆکی.
  • بێتا بلۆکەرەکان: پرۆپانۆڵۆڵ، بۆ ڕێکخستنی لێدانی دڵ.


سەرچاوەکان



2582 بینین