ژانی گەل (فیلم)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-03-22:06:00 - کۆدی بابەت: 7486
ژانی گەل (فیلم)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ژانی گەل (بە ئینگلیزی: The Agony of a People) فیلمێکی کوردی ساڵی ٢٠٠٧ـە کە لەلایەن جەمیل ڕۆستەمییەوە دەرھێنراوە. نزار سەلامی، بە کەسایەتی جوامێر کەسایەتی سەرەکی فیلمەکە دەگێڕێت. چیرۆکی فیلمەکە لەسەر بنەمای ڕۆمانی ژانی گەلی ئیبراھیم ئەحمەدە. فیلمەکە بەشداری ٨٠یەم خەڵاتی ئەکادیمی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەکادیمی باشترین فیلمی زمانی بیانی کرد، بەڵام وەک پاڵێوراوێک وەرنەگیرا. فیلمەکە لە ئەورووپا و ئەمریکا و ئێران نمایش کراوە.

ژانی گەل لەلایەن ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدەوە پشتگیری ماددی لێکراوە و تێچوونی فیلمەکەش نەزانراوە.

بەرھەمھێنەر

سولی فیلم

نووسین

  • ئیبراھیم ئەحمەد
  • خەسرەو سینا
  • جەمیل ڕۆستەمی

چەشنی فیلم

دراما

کاست

  • نزار سەلامی
  • ڕێناس وریا
  • ئاسۆ عومەر
  • ژیان ئیبراھیم

مۆسیقا

کارن ھیمایۆنفەر

ڕێکەوتی دەرچوون

تەممووزی ٢٠٠٧

ماوەی فیلم

١٠٠ خولەک

وڵات

کوردستان

زمان

کوردی

چیرۆک (سپۆیڵ)

فیلمەکە باس لە کوڕێک دەکات بە ناوی جوامێر کاتێک خێزانەکەی، کاڵێ دووگیانە و ژانی ھەیە، جوامێر دەچێت مامانێک بھێنێت تا مناڵەکەیان ببێت، بەڵام لەناکاو بەڕێکەوت دەکەوێتە نێو خۆپیشاندانێکی کوردەکانەوە کە داوای ئاشتی و برایەتی لە نێوان کورد و عەرەب دەکەن. جوامێر دەیەوێت لە خۆپیشاندانەکە بێتە دەرەوە و بڕوات بەدوای مامانەکەدا، بەڵام حکوومەت چواردەوری خۆپیشاندانەکە دەگرێت و گوللەبارانیان دەکات. جوامێر بریندار دەکرێت لەگەڵ چەندین بریندار و کوژراوی تردا دەگوازرێتەوە بۆ ئەمنەسوورەکە، لەوێ لەلایەن ناپاکێکەوە بە ڕێکخەری خۆپیشاندانەکە دەناسرێنرێت.

جوامێر ماوەی ١٠ ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە و بە توندی سزا دەدرێت. لەدوای ئازادبوونی دەچێتەوە ماڵەوە، کاتێک دەبینێت ماڵەکەی ڕووخاوە و ھیچ جێشوێنی مرۆڤێکی پێوە نییە. جوامێر سەردانی ماڵی ئامۆزایەکی دەکات و بۆ ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە. ئامۆزاکەی پێی دەڵێت کە خێزانەکەی و کوڕەکەی لە ترسی حکوومەت کۆچیان کردووە بۆ گوندێک لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا.

کاتێک جوامێر بەڕێ دەکەوێت بۆ گوندەکە، لەلایەن پێشمەرگەوە بۆ چەند ڕۆژێک دەستبەسەر دەکرێت تا لە کۆتاییدا لێی دڵنیا دەبن کە جوامێر ناپاک نییە و کەسێکی نیشتمانپەروەرە. یەکێک لە سەرکردەکان کە جوامێر دەناسێت دەیباتە سەر دوو گۆڕ و پێی دەڵێت کە گوندەکە لەلایەن حکوومەتەوە بۆردمان کراوە و ھەموو دانیشتوانی گوندەکە شەھیدبوون.

کاتێک جوامێر دەبێتە پێشمەرگە، ئامۆزاکەی لە نامەیەکیدا بۆی، پێی دەڵێت کە خێزانەکەی بە ئازاری کوڕەکەیەوە گیانی لەدەست داوە منداڵەکەشی نەژیاوە. حکوومەتیش خانووەکەی ڕووخاندووە.

کەسایەتییەکان

  • نزار سەلامی بەڕۆڵی جوامێر

  • ڕێناس وریا بەڕۆڵی کاڵێ

  • ژیان ئیبراھیم بەڕۆڵی دایکی جوامێر

  • ئاسۆ عومەر بەڕۆڵی ئامۆزای جوامێر

  • عەبدول حەمە جوان بەڕۆڵی فەرمانبەرێکی حکوومەت

  • نەوزاد مەجید

  • بەھادین ھەڵەبجەیی

  • ئەحمەد مەحموود مام ھەژار

  • سۆلاڤ محەممەد غەریب

  • زاموا زاھیر سدیق بە ڕۆڵی ڕێبوار

خەڵات و پاڵاوتنەکان

  1. خەڵاتی باشترین دروستکەری فیلمی نێودەوڵەتی، ڤیستیڤاڵی فیلمی بۆستن، ٢٠٠٨.

  2. خەڵاتی کۆڵومباین، ڤیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی مووندانس، ٢٠٠٨.

  3. خەڵاتی باشترین مۆسیقای فیلم بۆ کارون هومایونفەر لە فێستیڤاڵی جەشنی خانەی سینەمای ئێران.

نمایشەکان

  1. مەراسیمی ئۆسکاری ٢٠٠٨ (پاڵاوتن)
  2. فێستیڤاڵی پاڵم سپرینگەر
  3. فێستیڤاڵی فێستۆریا
  4. فێستیڤاڵی فیلمی بۆمبای
  5. فێستیڤاڵی سالێرنۆ
  6. فێستیڤاڵی فیلمی لەندەن
  7. فێستیڤاڵی فیلمی داکا
  8. فێستیڤاڵی مانچستەر


سەرچاوەکان



1213 بینین