ڕۆبەرت دێ نیرۆ

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-03-23:27:00 - کۆدی بابەت: 7487
ڕۆبەرت دێ نیرۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆبەرت ئانتۆنی دێ نیرۆ جوونیەر (بە ئینگلیزی: Robert Anthony De Niro Jr)، لەدایکبووی ١٧ی ئابی ١٩٤٣، نواندنکار و بەرھەمھێنەر و دەرھێنەرێکی ئەمریکییە، بە ٩ فیلمە هاوبەشەکەی ناسراوە لەگەڵ فیلمسازی گەورە مارتن سکۆرسیزی، وەرگری دەیان خەڵاتی جۆراوجۆرە، لەنێویاندا دوو خەڵاتی ئۆسکار، یەک خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب لەپاڵ خەڵاتی ڕێزلێنانی سیسیل بی دیمیل، ھەروەھا شەش جار بۆ خەڵاتی بافتا و چوار جار بۆ خەڵاتی ئێمی و ساگ پاڵێوراوە، لە ساڵی ٢٠١٦ مەدالیای سەرۆکایەتی ئازادی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا (باراک ئۆباما)وە پێ بەخشرا.

ژیانی سەرەتایی

دێ نیرۆ لە شاری نیویۆڕکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دایک بووە، منداڵی تاقانە بووە و باوک و دایکی نیگارکێش بوون، دایکی ناوی (ڤیرجینیا ئادمیراڵ) بووە، باوکیشی بە ڕەگەز ئیتاڵی و ئێرلەندی بووە و ناوی (ڕۆبێرت دێ‌نیرۆ ئێس‌ئاڕ) بووە (ئێس ئاڕ لە زمانی ئینگلیزیدا وەک پاشگر بەکاردێت بۆ ئەو باوکانەی لەگەڵ کوڕەکەیاندا هەمان ناویان هەیە، بۆ جیاکردنەوەی ناوی باوک لە کوڕەکەی)، کاتێک تەنها تەمەنی ٢ ساڵان دەبێت باوکی ڕایدەگەیەنێت کە هاوڕەگەزخوازە و بەو هۆیەشەوە دایک و باوکی لەیەکتر جیادەبنەوە، دێ نیرۆ لە ئیتاڵیا لەگەڵ دایکیدا دەژی و باوکیشی لە نزیکیان دەژی تاکوو دێ نیرۆ گەورە دەبێت، لەبەر ئەوەی ڕەنگزەرد بووە هاوڕێکانی نازناوی شیری تازە (بە ئینگلیزی: Bobby Milk) لێناوە، دێ نیرۆ هاوڕێی زۆربەی منداڵانی سەرشەقامی کردووە لە ئیتاڵیا، باوکی ناڕازی بووە بە هاوڕێیەتی کردنی زۆربەی ئەو منداڵانە، بەڵام هەرچۆنێک بێت هەندێکیان وەک هاوڕێی ژیانی مانەوە.
دێ نیرۆ تاکوو تەمەنی ١٦ ساڵی چەندین قوتابخانەی گۆڕیوە و لە نێوانیاندا لە پۆلی نۆیەمدا چووەتە قوتابخانەی ئامادەیی مۆسیقا و هونەر بەڵام تەنها بۆ ماوەیەکی کەم بەردەوام بوو، ڕێگایەکی دۆزییەوە تاکوو بتوانێت شەرمنییەکەی کەم بکاتەوە و سەرسامی سینەما بوو، بۆیە لە تەمەنی شانزە ساڵیدا وازی لە قوتابخانە هێنا و شوێن خواستی نواندنکاری کەوت، لە چاوپێکەوتنێکدا وتوویەتی: "کاتێک تەمەنم نزیکی ١٨ ساڵان بوو سەیری درامایەکی تەلەفزیۆنیم دەکرد و بە خۆمم وت، ئەگەر ئەم نواندنکارانە بەو شێوەیەش باش نەبن لە کارەکەیاندا، بەڵام لەسەر نواندنکاری ژیانی خۆیان بە ڕێوە ببەن، من ئەگەر لەوان باشتر نەبم خراپتر نابم"، وانەی نواندکاری لە ستۆدیۆکانی ئێچ بی (HB) و ستۆدیۆی نواندنکارانی لی سترازبێرگ (Lee Strasberg's Actors Studio) خوێندووە.

کارە هونەرییەکانی

ساڵانی نێوان ١٩٦٣-١٩٧٣ (ڕۆڵی سەرەتایی و پێشکەوتن)

لەم ساڵانەدا دێ نیرۆ لە چەندین فیلم و زنجیرەدا ڕۆڵی سەرەکی و لاوەکی بینیوە و لە نێوانیاندا ڕۆڵی لاوەکی هەبوو لە فیلمەکانی (بەرەوڕوو - Encounter) و (سێ ژوور بە مانهاتن - Three Rooms in Manhattan) کە هەردووکیان لە ساڵی ١٩٦٥ بڵاوبوونەوە، ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە فیلمی (سڵاوە سەربازییەکان - Greetings) لە ساڵی ١٩٦٨ کە فیلمێکی گاڵتەئامێز بوو دەربارەی ئەو پیاوانەی خۆیان لادەدا لە ڕەشنووسی جەنگی ڤێتنام، ئەم فیلمە بوو بە دەست پێکی کارکردنی دێ نیرۆ و دەرهێنەر (بریان دێ پاڵما)، لە ساڵی ١٩٦٩ دێ نیرۆ لە فیلمی کۆمیدیی (ئاهەنگی هاوسەرگیری - The Wedding Party) دەرهێنەر (دێ پاڵما)دا دەرکەوتەوە، کە فیلمەکە خۆی لە ساڵی ١٩٦٣ کاری وێنەگرتنی بۆ کرابوو بەڵام شەش ساڵ دواتر بڵاوبوویەوە، لە ساڵی ١٩٧٠ لە فیلمێکی تری کۆمیدی دەرهێنەر دێ پاڵمادا بەشداری کرد بە ناوی (سڵاو، دایکە! - !Hi, Mom).
لە ساڵی ١٩٧٢ لە دوو کاری هونەریدا ڕۆڵی بینی بە ناوەکانی (شوێنی شانۆی ئەمریکی - American Place Theatre) و (بەهێواشی لە تەپڵەکە بدە - Bang the Drum Slowly) کە دووەمیان باسی لە یاریزانێکی بەناوبانگی یاری بەیسبۆڵ دەکرد و هۆکارێکی باش بوو بۆ ناسرانی دێ نیرۆ، لە گۆڤارێکی ئەمریکیدا لە باسی ڕۆڵی دێ نیرۆدا نوسرا: (دێ نیرۆ بە ڕۆڵەکەی خۆی وەک باشترین و دڵخوازترین نواندنکاری گەنج سەلماند).
لە ساڵی ١٩٧٣ دێ نیرۆ دەستی کرد بە کارکردن لەگەڵ دەرهێنەر (مارتن سکۆرسیزی)، یەکەم کاری لەگەڵ ئەو دەرهێنەرە فیلمی (شەقامی مەبەست - Mean Streets)، فیلمەکە یەکەم دەرکەوتنی لە فێستیڤاڵی خەڵاتەکانی کاندا بوو و دوای پێنج مانگ لە فێستیڤاڵی فیلمی نیویۆڕکدا دەرکەوت و پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.

ساڵانی نێوان ١٩٧٤-١٩٨٠ (هاوبەشی لەگەڵ سکۆرسیزی و سەرکەوتن)

  • لە ساڵی ١٩٧٤ دێ نیرۆ لە فیلمی تاوانکاری (باوکی ڕۆحی بەشی دووەم - The Godfather Part II)ی دەرهێنەری بەناوبانگ (فڕانسیس فۆڕد کۆپۆلا) ڕۆڵی سەرەکی بینی کە ڕۆڵی (ڤیتۆ کۆرلیۆنی)ی بوو، بۆ ئەوەی کەسایەتییەکەی بەجوانی بەرجەستە بکات دێ نیرۆ بە چەندین شێوەزاری زمانی سقلی قسەی دەکرد، فیلمەکە سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و لە (بۆکس ئۆفیس) داهاتی ٤٨ ملیۆن دۆلاری بەدەست هێنا، لە ٤٨ـەمین ئاهەنگی خەڵاتە ئەکادیمییەکاندا شەش خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە کە یەکێکیان بۆ دێ نیرۆ بوو وەک باشترین نواندکار.
  • لە ساڵی ١٩٧٦ دێ نیرۆ جارێکی دیکە کاری لەگەڵ دەرهێنەر (مارتن سکۆرسیزی)ـدا کرد لە فیلمی درامی و دەروونی (شۆفێری تاکسی - Taxi Driver)، بۆ ڕۆڵبینینی لە فیلمەکەدا دێ نیرۆ ١٣ کیلۆگرامی لە کێشی خۆی دابەزاند و دەربارەی هەڵسوکەوتی شۆفێری تاکسی دەیخوێندەوە، فیلمەکە پاڵێوراوی چوار خەڵاتی ئۆسکار بوو لە نێوانیاندا دێ نیرۆ بۆ باشترین نواندکار.
  • لە ساڵی ١٩٧٧ دێ نیرۆ لە فیلمێکی دیکەی سکۆرسیزیدا ڕۆڵی بینی بە ناوی (نیویۆرک، نیویۆرک - New York, New York)، بۆ ڕۆڵبینی لەم فیلمەدا خۆی فێری ژەنینی ئامێری مۆسیقای ساکزۆفۆن کرد، فیلمەکە پاڵێوراوی چوار خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب لە نێوانیاندا دێ نیرۆ بۆ باشترین نواندنکار.
  • لە ساڵی ١٩٧٨ لە فیلمی جەنگیی (ڕاوچیی ئاسک - The Deer Hunter)ی دەرهێنەر (مایکڵ چمینۆ)دا ڕۆڵی بینی، فیلمەکە بەشێوەیەکی گشتی سەرکەوتنی بە خۆیەوە بینی و دێ نیرۆ پاڵێوراوی باشترین نواندنکاربوو لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا.
  • چوارەم کاری هاوبەشی دێ نیرۆ و دەرهێنەر سکۆرسیزی فیلمی درامی (گای تووڕە - Raging Bull) بوو لە ساڵی ١٩٨٠، دێ نیۆر دەربارەی ڕۆڵبینی لەم فیلمەدا وتوویەتی کە یەکێک بووە لە قورسترین ڕۆڵەکانی، چونکە ٢٧ کیلۆگرامی کێشی دابەزاند و دەبوو فێری یاری بۆکسێن ببێت، لە ٥٣ـیەمین ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتە ئەکادیمییەکاندا فیلمەکە پاڵێوراوی ٨ خەڵاتی ئۆسکاربوو لە نێویاندا دێ نیرۆ بۆ باشترین نواندنکار و توانی خەڵاتەکە بباتەوە.

ساڵانی نێوان ١٩٨١-١٩٩١ (درامی و کۆمیدی و سەرکەوتن)

  • لە ساڵی ١٩٨١ دێ نیرۆ گەڕایەوە بۆ چەشنی تاوانکاری بە ڕۆڵگێڕانی لە فیلمی (دانپێدانانی ڕاستی - True Confessions).
  • لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا دێ نیرۆ زیاتر لە فیلمی کۆمیدیدا ڕۆڵی دەبینی وەک فیلمی (پاشای کۆمێدیا - The King of Comedy) لە ساڵی ١٩٨٢، فیلمەکە شکستی هێنا و داهاتێکی کەمی هەبوو لە بۆکس ئۆفیس، 
  • لە ساڵی ١٩٨٤ لە فیلمی (سەردەمانێک لە ئەمریکا - Once Upon a Time in America)ی دەرهێنەر (سێرجۆ لیۆن)ـدا ڕۆڵی بینی.
  • لە ساڵی ١٩٨٤ فیلمی ڕۆمانسی و کۆمیدی (کەوتنە داوی خۆشەویستی - Falling in Love) بڵاو بوویەوە لە ڕۆڵگێڕانی دێ نیرۆ.
  • لە ساڵی ١٩٨٨ بەشداری کرد لە فیلمی (ڕاکردنی نیوەشەو - Midnight Run)، فیلمەکە لە ڕووی ئابووریەوە سەرکەوتوو بوو و داهاتەکەی ٨١ ملیۆن دۆلار بوو.
  • لە ساڵی ١٩٨٩ لە چەند فلمێکدا ڕۆڵی بینی کە زۆر بینراو نەبوون وەک فیلمەکانی (Jacknife, We're No Angels).
  • لە ساڵی ١٩٩٠ دێ نیرۆ و سکۆرسیزی شەشەم فیلمیان پێکەوە تۆمارکرد کە فیلمی تاوانکاری (ئەندامانی مافیا - Goodfellas) بوو، فیلمەکە یەکێکە لە فیلمە سەرکەوتوو و بەناوبانگەکانی سکۆرسیزی، پاڵێوراوی شەش خەڵاتی ئۆسکار بوو و دێ نیرۆ پاڵێورا بۆ خەڵاتی باشترین نواندنکار، هەر لە ساڵی ١٩٩٠ دێ نیرۆ لە فیلمێکی دیکەدا دەرکەوت بەناوی (بەئاگاهاتنەوەکان - Awakenings)، فیلمەکە پاڵێوراوی سێ خەڵاتی ئۆسکار بوو لە نێویاندا دێ نیرۆ بۆ باشترین نواندنکار.
  • گەورەترین سەرکەوتنی ساڵی ١٩٩١ی دێ نیرۆ ڕۆڵ بینینی بوو لە حەوتەمین کاری هاوبەشی خۆی و سکۆرسیزیدا بە ناوی (ڕووباری کەیپ فیر - Cape Fear)، فیلمەکە سەرکەوتوو بوو و داهاتی ١٨٢ ملیۆن دۆلار بوو، هەروەها دێ نیرۆ لە ٦٤ـەمین ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا پاڵێورا بۆ باشترین نواندنکار.

١٩٩٢-٢٠٠٦ (فیلمی درامی و تاوانکاری)

  • ساڵی ١٩٩٢ دێ نیرۆ لە دوو فیلمدا دەرکەوت بە ناوەکانی (خانم - Mistress) و (شەو و شارەکە - Night and the City).
  • ساڵی ١٩٩٣ بەشداری کرد لە فیلمی کۆمیدی (سەگی شێت و شکۆمەندی - Mad Dog and Glory)، کاردانەوەی بینەر دەربارەی ئەم فیلمە ئەرێنی بوو.
  • ساڵی ١٩٩٣ دێ نیرۆ بەشداری لە فیلمێکی دیکەدا کرد کە لە ڕووداوی ڕاستییەوە وەرگیرابوو بە ناوی (ژیانی ئەم کوڕە - This Boy's Life)، هەر لە ساڵی ١٩٩٣ ڕۆڵی بینی لە فیلمی (بەسەرهاتێکی ناوچەی بڕۆنکس - A Bronx Tale) کە لە دەرهێنانی دێ نیرۆ خۆی بوو، کاردانەوەر بینەر لەسەر فیلمەکە ئەرێنی بوو.
  • ساڵی ١٩٩٥ بە ڕۆڵبینینی لە هەشتەم فیلمی دەرهێنەر سکۆرسیزیدا بە ناوی (گازینۆ - Casino) دێ نیرۆ دووبارە گەڕایەوە بۆ ڕۆڵبینین لە فیلمی تاونکاریدا، بەگشتی فیلمەکە دەنگی ئەرێنی بە دەست هێنا و داهاتێکی باشی لە بۆکس ئۆفیس کۆکردەوە، دوای ماوەیەکی کورت و هەر لە ساڵی ١٩٩٥ لەگەڵ نواندنکار (ئال پاچینۆ)دا ڕۆڵی بینی لە فیلمی (گەرمی - Heat) کە فیلمێکی تاوانکاری و هەست بزوێن بوو.
  • ساڵی ١٩٩٦ دا ڕۆڵی بینی لە دوو فیلمدا کە یەکەمیان فیلمی تاوانکاری درامی (خەوێنەرەکان - Sleepers) و دووەمیان فیلمی (ژوورەکەی مارڤین - Marvin's Room) بوو، دواتر وەک یاریدەدەری بەرهەمهێن بەشداربوو لە فیلمی کۆمیدی تاوانکاری (باوەڕدار - Faithful).
  • ساڵی ١٩٩٧ لە دوو فیلمدا دەرکەوت کە یەکەمیان فیلمی (Cop Land) کە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، دووەمیان فیلمی (Wag the Dog) بوو کە جگە لە نواندکار وەک یاریدەدەری بەرهەمهێنەر کاری کرد تێیدا.

١٩٩٨ - ٢٠٠٦ (فیلمی هەستبزوێن و شکستەکان)

  • لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٨دا دێ نیرۆ لە فیلمی (ئاواتە مەزنەکان - Great Expectations)، هەر لەو ساڵەدا ڕۆڵی سەرەکی بینی لە فیلمی (جەنگاوەر - Ronin).
  • ساڵی ١٩٩٩ بە ڕۆڵگێڕانی لە فیلمی (ئەمە شی بکەوە - Analyze This) دێ نیرۆ گەڕایەوە بۆ ڕۆڵبینین لە فیلمی کۆمیدی تاوانکاری، فیلمەکە سەرکەوتنێکی باشی بە دەست هێنا لە بۆکس ئۆفیس و داهاتی ١٧٦ ملیۆن دۆلاربوو، هەروەها دێ نیرۆ لە گۆڵدن گڵۆب پاڵێورا بۆ خەڵاتی باشترین نواندنکار.
  • ساڵی ٢٠٠٠ ڕۆڵی لە فیلمی (The Adventures of Rocky and Bullwinkle) و کاری بەرهەمهێنانیشی بۆ کرد، هەر لەو ساڵەدا ڕۆڵی بینی لە فیلمی (Men of Honor) و (Meet the Parents)، دووەمیان داهاتێکی زۆری بۆکس ئۆفیسی بەدەست هێنا کە ٣٣٠ ملیۆن دۆلاربوو.
  • دوای ڕۆڵبینین لە چەندین فیلمی کۆمیدی بە ڕۆڵ بینینی لە فیلمی (١٥ خولەک - 15 Minutes) لە ساڵی ٢٠٠١ دووبارە گەڕایەوە بۆ فیلمی تاوانکاری.
  • ساڵی ٢٠٠٢ بە بەشداریکردنی لە فیلمی (شاری کەنار دەریا - City by the Sea) لە فیلمێکی دیکەی دەرهێنەر (مایکڵ جۆنز)دا بەشداربوو کە یەکەم فیلم بریتی بوو لە فیلمی (ژیانی ئەم کوڕە - This Boy's Life)، هەر لەو ساڵەدا لە فیلمی (ئەوە شی بکەوە - Analyze That) کە پاشکۆی فیلمی (ئەمە شی بکەوە) بوو دەرکەوت، دوای بڵابوونەوەی زۆربەی ڕەخنەکان لەسەری نەرێنی بوون، زۆربەی ڕەخنەگرەکان پێیان وایە شکستی ژیانی هونەری دێ نیرۆ لە ساڵی ٢٠٠٢دا بووە، چونکە دێ نیرۆ لە چەند فیلمێکدا ڕۆڵی بینی کە لاوازتر بوون لە ڕۆڵەکانی پێشووی.
  • لە ساڵی ٢٠٠٤ بە ڕۆڵبینینی لە فیلمی هەستبزوێنی (بەهرەی خودایی - Godsend) گەڕایەوە بۆ سەر شاشەکان، فیلمەکە یەکێک بوو لە خراپترین کارەکانی دێ نیرۆ و لە سایتی تەماتە گەنیووەکان ٤٪ دەنگی ڕەخنەگرانی بە دەست هێنا، هەر لەو ساڵەدا لە چەند فیلمێکی دیکەدا ڕۆڵی بینی کە هیچیان سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەست نەهێنا، فیلمەکانیش بریتی بوون لە (Stage Beauty) و (Meet the Fockers) و (The Bridge of San Luis Rey).
  • لە ساڵی ٢٠٠٥ لە فیلمی (گەڕان و شاردنەوەی ترس - horror Hide and Seek)دا دەرکەوت، فیلمەکە لە ڕووی داراییەوە سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بەڵام هەندێک لە ڕەخنەگران پێیان وابوو ڕۆڵەکەی دێ نیرۆ بۆ ئەو نەگونجاو بوو.
  • ساڵی ٢٠٠٦ کاری دەرهێنان و بەرهەمێنانی کرد بۆ فیلمی (شوانی باش - Good Shepherd) کە پاڵێورا بۆ خەڵاتی باشترین دەرهێنانی هونەری لە ٨٩یەمین ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتە ئاکادیمییەکانی ئۆسکار.

٢٠٠٧ - ٢٠٢١ (ڕۆڵی زیاتر و یەکگرتنەوە لەگەڵ سکۆرسیزی)

ساڵی ٢٠٠٧ دێ نیرۆ ڕۆڵی لە دوو فیلمدا گێڕا کە یەکەمیان فیلمی خەیاڵی (Stardus) فیلمەکە بەشێوەیەکی گشتی باش بوو و هەندێک لە ڕەخنەگران ڕۆڵی دێ نیرۆیان باش خەمڵاند، دووەم فیلم بریتی بوو لە فیلمی (کوشتنی ڕەوا - Righteous Kill) لەگەڵ نواندکاری بەناوبانگ ئەلپاچینۆ، کاردانەوەکان دەربارەی فیلمەکە نەرێنی بوو، ڕەخنەگران پێیان وابوو چیرۆکی فیلمەکە ناڕەسەن بووە و دێ نیرۆ وزەی نەماوە.

ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ لە دوو فیلمدا ڕۆڵی گێڕا بە ناوەکانی (چی ڕوویدا - What Just Happened) و (باشەی هەمووان - Everybody's Fine) کە هیچیان سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەست نەهێنا.

ساڵی ٢٠١٠ تاکوو ٢٠١٢ لە چەند فیلمدا ڕۆڵی لاوەکی و سەرەکی بینی کە بریتی بوون لە: (تەورداس - Machete) و (بەرد - Stone) و (بوون بە فلین - Being Flynn) و (ڕووناکییە سوورەکان - Red Lights).

دواتر لە ساڵی ٢٠١٣ بەشداربوو لە فیلمی (Last Vegas) کە هەندێک کاردانەوەی ئەرێنی بە دەست هێنا.

ساڵی ٢٠١٥ لە بەشداربوو لە فیلمی (پزیشکی مەشقکار - The Intern) کە کاردانەوەی ڕەخنەگران دەبارەی فیلمەکە ئەرێنی بوو.

ساڵی ٢٠١٩ گەڕایەوە بۆ سەر شاشەکان بە ڕۆڵبینینی لە فیلمی (جۆکەر - Joker) کە فیلمەکە سەرکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی و پاڵێوراوی ١٢ خەڵاتی ئەکادیمی بوو، دواتر هەر لە ساڵی ٢٠١٩ کارێکی دیکەی لەگەڵ دەرهێنەر سکۆرسیزیدا کرد کە بریتیی بوو لە فیلمی (پیاوی ئێرلەندی - The Irishman) کە بە هەمان شێوە سەرکەوتێنکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی.

لە ساڵی ٢٠٢٠ زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان باسیان لەوەکرد کە دێ نیرۆ لەگەڵ نواندنکاری دیار (لیۆناردۆ دیکاپریۆ)دا ڕۆڵ دەبینێت لە فیلمی داهاتووی سکۆرسیزیدا بە ناوی (Killers of the Flower Moon).

ژیانی تایبەتی

دێ نیرۆ لە ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ خانمە نواندنکار (دایان ئەبت) هاوسەرگیری کردووە، کوڕێکیان هەیە بە ناوی (ڕافایل) کە بە هەمان شێوە نواندنکارە، لە ساڵی ١٩٨٨ ئەم دوو هاوسەرە جیا بوونەوە.
لە ساڵی ١٩٨٨ تاکوو ١٩٩٦ لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ خانمە مۆدێل (تووکی سمس).
لە ساڵی ١٩٩٧ دێ نیرۆ هاوسەرگیری لەگەڵ خانمە نواندنکار (گرەیس هایتاوەر) کرد و لە ساڵی ١٩٩٨ بوون بە خاوەنی کوڕێک بە ناوی (ئێلیۆت)، ئەم دوو هاوسەرە لە ساڵی ١٩٩٩ جیابوونەوە، جیابوونەوەکەیان نەبوو بە کۆتایی و لە ساڵی ٢٠٠٤ دووبارە گەڕانەوە بۆ لای یەکتر، لە ساڵی ٢٠٠٣ دێ نیرۆ بۆی دەرکەوت تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی پڕۆستات بووە و لە هەمان ساڵ نەشتەرکاری ئەنجامدا، لە ساڵی ٢٠١١ گرەیس و دێ نیرۆ بوون بە خاوەنی کچێک بە ناوی (درێنا)، لە ساڵی ٢٠١٨ و دوای ٢٠ ساڵ هاوسەرگیری گرەیس و دێ نیرۆ جیابوونەوە.
دێ نیرۆ خاوەنی چوار نەوەیە کە یەکێکیان منداڵی کچەیەتی دووانەکەی دیکە منداڵی ڕافایلی کوڕین.


سەرچاوەکان



336 بینین