شەڕی نێوان خوشک و برا

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-05-20:45:00 - کۆدی بابەت: 7506
شەڕی نێوان خوشک و برا

ناوه‌ڕۆك

دایک و باوک چۆن شەڕی نێوان خوشک و برا کۆنتڕۆڵ بکەن؟

منداڵانی خێزانێک کاتێک گەورە دەبن وەکوو یادگاری باسی شەڕی خوشک و برایەتی منداڵییان دەکەن، بەڵام لە سەردەمی منداڵیدا دەبێت ئەم شەڕانە لەژێر چاودێری دایک و باوکدا بێت تا منداڵەکان لە ژینگەیەکدا گەشە بکەن که تەندروستی دەروونییان پارێزراو بێت، ڕۆلی دایک و باوک گرنگە لە کۆنترۆڵکردنی منداڵەکانیان و زیادبوونی پەیوەندی ئەرێنی نێوانیان، ئەگەر چەند منداڵێکتان هەیە هیچ نەبێت بۆ یەک جار بینەری شەڕی نێوان منداڵەکان بوون، لەم کاتانەدا کۆنترۆڵکردنی شەڕی نێوانیان لە ئەستۆی ئێوەیە بۆ ئەمەش کۆمەڵێک ڕێگا بەکاربهێنن. 

  • پێویستی یەک به یەکی منداڵەکانتان دابین بکەن: منداڵەکان پێویستیان بەوەیە هەست بکەن کە ئێوە بە یەک ئەندازە هەموویانتان خۆشدەوێت و بە یەکسانی ڕێز له هەموویان دەگرن و بەنرخن بۆتان، ئەمە بۆ ئەوەی چیتر هەست نەکەن کە بۆ بەدەستهێنانی سەرنج و خۆشەویستی ئێوە پێویسته ململانێ لەگەڵ خوشک و براکانی تریان بکەن، لە ئەنجامدا جیاوازی نەکردن لەنێوان منداڵەکان، بە یەکەم گرنگترین خاڵی کۆنترۆڵکردنی شەڕی نێوان منداڵەکان دادەنرێت.
    بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی منداڵەکانتان، ئەم ڕێگایانە بەکاربهێنن:
  1. بە شێوەیەکی ڕێک و تایبەت و بە یەکسانی کات بۆ هەموو منداڵەکان دابین بکەن.
  2. هەموویان زۆر لە باوەش بکەن و هەمیشە زۆر زەردەخەنە بۆ هەموویان بکەن.
  3. هەوڵبدەن منداڵەکانتان بە یەکتری بەراورد مەکەن.
  4. ئەم ڕێگایەش بەسوودە که هەر یەکێک لە منداڵەکان ئامڕازی یاری یان کەلوپەلی تایبەت بە خۆی هەبێت تا ناچار نەبێت لەگەڵ خوشک و براکانی بەشیان بکات.
  • چەند یاسایەکی خێزانی دابنێن: کۆنترۆڵکردنی شەڕی منداڵەکان پێویستی بە یاسایە، یاساکان نیشانی منداڵی دەدەن کە چی باشە و چی خراپە، هەڵبەت یاسادانان بە تەنها بەس نییە، بەڵکوو کارکردن به یاساکان گرنگە، لێرەدا چەند ڕێگایەک بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی یاساکان باسدەکەین:
  1. ڕێگا بدەن منداڵەکانتان لە دانانی یاساکان بەشداربن چونکە کاتێک خۆیان ڕۆڵیان هەبێت لە دانانی یاساکان، ئەگەری هەیە زیاتر یاساکانیان بیربێت و ڕێزی لێ بگرن.
  2. یاسایەک بنووسن کە پەیامی ئەرێنی هەڵگرتبێت لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا بۆ نموونە بنووسن (ئێمە کاتێک پێکەوە قسەدەکەین، دەنگمان بەرز ناکەیتەوە و هاوار ناکەین بەسەر یەکتردا).
  3. لەبەرگیراوەیەکی یاسا خێزانییەکان لە ماڵەکەدا دابنێن بە سەلاجەوە بێت یان هەر شوێنێک کە هەمووان بتوانن بیبینن.
  4. هەرکات منداڵەکان یاساکانیان شکاند بە بیرخستنەوەی ئارام و هاوڕێیانە دەست پێ بکەن، ئەگەر کاریگەر نەبوو و دووبارە بوویەوە، نۆرەی ئەو سزایانە دێت کە پێشتر بۆ شکاندنی یاساکان لەسەری ڕێککەوتوون.
  • بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕی نێوان منداڵەکان بەرنامە دابنێن: سێیەمین ڕێگا بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕی نێوان منداڵەکان بەرنامە دانانە چونکە ئێوە پێکەوە خێزانێکن زۆر ئاسان دەتوانن ڕووبەڕووی ئەو کێشانە ببنەوە کە لە کارەکانی ڕۆژانەدا دێنە ڕێتان، تەنیا ئەوەندە بەسە کە بۆ سەیرکردنی تەلەفزیۆن، گەرماوکردن، یاریکردن بە ئایپاد و بابەتەکانی تر، کاتژمێری تایبەت دیاری بکەن و بەرنامەی بۆ دابنێن بۆ نموونە، ژاڵە کاتژمێر شەش و نیو تا حەوت سەیری کارتۆن بکات. بیژەن کاتژمێر حەوت و نیو بۆ هەشت سەیری بکات یان ژاڵە پێنجشەممان و بیژەن هەینییان یاری بە ئایپاد بکەن، دەبینن هەروا بە ئاسانی دەتوانن ڕێگری بکەن لە زۆرێک لە شەڕەکان.
  • زیاتر کارە باشەکانی منداڵەکان ببینن: یەکێک لەو ڕێگایانەی کە دەتوانن ئەنجامی بدەن گرنگیدان و نیشاندانی کاردانەوەی ئەرێنییە بەرامبەر کارە باشەکانی منداڵەکان، کاتێک بە ڕوونی بە منداڵ دەڵێن کارەکەی باشە، ئەگەری زۆرە ئەو کارە دووبارە بکاتەوە، ئەمەش چەند نموونەیەک:
  1. من ئەوەم زۆر بەدڵە کە ئێوە بە نۆرە یاری بە ئایپاد دەکەن.
  2. کارێکی زۆر جوان دەکەن کە یارییەکانتان پێکەوە بەش دەکەن و پێکەوە یاری دەکەن.
  3. ئێوە زۆر بە باشی ئەو کێشەیەی نێوان خۆتان چارەسەرکرد حەزدەکەن پێکەوە بڕۆین بۆ پارک و یاری بکەین؟
  • بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕی منداڵەکانتان، فێرکاری بدەن به منداڵەکان: کۆنترۆڵکردنی شەڕی منداڵەکان لە ئەستۆی ئێوەیە، واتە ئەوە ئێوەن کە منداڵەکانتان فێردەکەن چۆن کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەم کارە باشترە لە دادوەری کردنی ئێوە لەکاتی ڕوودانی شەڕەکە، ئەمەش چەند شێوازێکی فێرکردن لەم بارەیەوە:
  1. هەل بدەن بە منداڵەکانتان کە لەگەڵ ئەوانی تردا یاری بکەن: یاری بەکۆمەڵ یارمەتی منداڵ دەدات فێرببن پێکەوە شەر نەکەن و جێگرەوەی ئەرێنییان هەبێت لەبری شەڕکردن.
  2. یەکێک لە ڕێگا زیرەکانەکان ئەوەیە کە جوان گوێ لە قسەکانی نێوانیان بگرن و کاتێک زانیتان قوڕسە بۆیان کێشەکەیان چارەسەر بکەن ڕای خۆتان یان ڕێگا چارەسەریان بۆ پێشنیار بکەن بۆ نموونە بڵێن (لەبیرتان نەچێت دەبێت ئەو خواردنە پێکەوە بەش بکەن) یان (دەتوانن ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هەردووکتان بە نۆرە یاریبکەن؟)
  3. دوای شەڕکردن لەگەڵ منداڵە گەورەترەکان قسە بکەن و بەبێ سەرزەنشتکردنیان بەدوای چارەسەردا بگەڕێن.
  4. یارمەتی منداڵەکانتان بدەن تا بتوانن بێتاقەتی و تووڕەیی خۆیان بە وشەی گونجاو و بەڕێزانە دەرببڕن.
  5. منداڵە گەورەترەکان ڕەنگە بتوانن بە یاری تۆپ یان گوێگرتن له مۆسیقا هەستی نەرێنییان نەمێنێت.
  6. پێویستە فێریان بکەن بە ڕێزەوە شتێک ڕەتبکەنەوە کە دژی ئەوانە.
  • پێش وەخەتە ڕێگری بکەن لە ڕوودانی شەڕ.


سەرچاوەکان



673 بینین