١٠ ڕێگا بۆ بەرزکردنەوەی ورە لەکاتی وانە خوێندن

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-07-16:30:00 - کۆدی بابەت: 7525
١٠ ڕێگا بۆ بەرزکردنەوەی ورە لەکاتی وانە خوێندن

ناوه‌ڕۆك

بەرزکردنەوەی ورە لەکاتی وانە خوێندن

  1. پێویستە بزانیت کە بۆچی وانە خوێندنەکەت دوادەخەیت: تۆ باوەڕت بە خۆت هێناوە کە وانەکانت زۆر زیاترن لە ئاستی توانای خۆت یان لەوانەیە واداتنابێت کە وانەکانت زۆر بێزارکەرن و دەبنە هۆی ماندووکردنت یان بەداخەوە هەمیشە چاوەڕێی کاتێکی زێڕین دەکەیت بۆ دەستپێکردن، ئەوەندە لە وانە خوێندن دوور کەوتوویتەوە کە نازانیت لە کوێوە دەست پێ بکەیت، پێویستە بزانیت کە بۆچی لە وانە خوێندن دوورکەوتوویتەوە و هەمیشە ئەنجامدانیت دواخستووە، دواتر هەوڵ بدەیت چارەسەری بکەیت و ورە بە خۆت بدەیت بۆ دەست پێکردن.
  2. بۆ بەدەست هێنانی ورە هەموو بابەتەکان بکە بە خشتە: هۆکاری سەرەکی دووربوونت لە وانەکان ئەوەیە کە بابەتەکانی بەردەمت زیاترە لەوەی پێشبینی دەکەیت، یەکێک لە باشترین ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ورەش ئەوەیە کە بە پلانەوە بەرەوپێش بچیت و کارە گەورەکان بەسەر کاری بچووکدا دابەش بکەیت، پێویستت بە پلان و بەرنامەیەکی ورد هەیە، ئەم پلانە لەسەر شێوەی خشتەیە و تۆ دەبێت هەر بابەتێک لە بەشێکی جیادا دابنێیت، هەر ڕۆژێکیش بەشێکی خشتەکە ئەنجام بدەیت، بەم شێوەیە کەم کەم بارودۆخت باشتر دەبێت و لەپڕ ڕووبەڕووی کارێکی قورس و زۆر نابیتەوە. 
  3. ماف بە خۆت بدە: بۆ دروستبوونی ورە دوای وانە خوێندن بەدڵنیاییەوە ماوەیەک بە خۆت بدە بۆ پشوودان، ئەم پشووە کورتە دەکرێت پێنج خولەک بێت، لەم پێنج خولەکەدا دەتوانیت هەر کارێک کە حەزت لێیە ئەنجامی بدەیت، ئەم پشووە کورتانەش بەشێکن لە پلانەکەت.
  4. بۆچی دەتەوێت نمرەیەکی باش بەدەست بهێنیت: یەکێک لە باشترین ڕێگاکان ئەوەیە کە بزانیت بۆچی دەتەوێت نمرەیەکی باش بەدەست بهێنیت، لیستێک لەو هۆکارانەی کە هەتە ئامادەی بکە، لێرەدا چەند نموونەیەک پشان دەدەین:
    - من دەمەوێت زیاتر فێر ببم و ببمە هۆکارێک بۆ پێشکەوتنی خۆم. 
    - من دەمەوێت پەیڕەوی ئەو نەریتانە بکەم کە دەبنە هۆی باشتربوونم.
    - من دەمەوێت خوێندکارێکی ڕێکوپێکتر و باشتر بم.
    - من دەمەوێت لە قوتابخەنەیەک یان زانکۆیەکی باش بم.
    - من دەمەوێت کارێکی زۆر باشم هەبێت.
    - من دەمەوێت لە داهاتوودا کەسێکی بەسوودبم بۆ خێزان و کۆمەڵگاکەم.
    - من دەمەوێت پەرە بە باشترین بیرۆکەکان بدەم.
    - من دەمەوێت بەبێ پەشیمانی بژیم و داهاتووم بنیاد بنێم.
    لیستێکی ئاوا بۆ خۆت ئامادە بکە و لەسەر مێز یان شوێنی وانە خوێندنەکەت دایبنێ، هەرکات هەستت بە نائومێدی کرد سەیری لیستەکە بکە و بیخوێنەوە.
  5. بابەتە قورس و ناخۆشەکان لای خۆت سەرنجڕاکێش بکە: جگە لە بواری وانە خوێندن، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا شارەزا ببە، کاتێک کە وانەیەکی قورست هەیە و هەست دەکەیت لەکاتی وانە خوێندن زۆر ماندووت دەکات، ڕێک لەو کاتەدا بۆ ئەوەی ورەت لەدەست نەدەیت بە خۆت بڵێ ئایا بەڕاستی خوێندنی ئەم وانەیە قورس و ماندووکەرە؟ یان لەبەر ئەوەی خۆت ئامادە نیت و مێشکت لای نییە وا هەست دەکەیت؟ ئەگەر وات بیر کردەوە کە بابەتێک ماندووت دەکات، بە پرسیار و وەڵام خۆت خەریکی بابەتەکە بکە.
  6. لە بابەتەکە تێبگە، تەنیا بە لەبەرکردنی ڕازی مەبە: یەکێک لە ڕێگا کاریگەرەکان تێگەیشتنە لە بابەتەکە، لەڕاستیدا تێگەیشتن زۆر لە لەبەرکردن گرنگترە.
  7. چاوەڕێی ئەوە مەکە کە هەمیشە ورەت هەبێت: یەکێک لە ڕێگاکان ئەوەیە کە هەمیشە چاوەڕێی ئەوە لە خۆت نەکەیت کە ورە و تاقەتت هەبێت، هیچ کەسێکیش نادۆزیتەوە کە هەمیشە ورەی کردنی هەموو کارێکی هەبێت.
  8. ڕاهێنانی مێشک بۆ دروستکردنی ورە: دەبێت سوود لە مێشکت وەربگریت بۆ ورە لە کاتی خوێندن، ئەمەش بەجۆرێک دەبێت کە توانای سەرنجدانت زیاد بکەیت، هەرچەندێک توانای سەرنجدانت زیاد بکات، توانای فێربوون و تێگەیشتن لە بابەتەکانت زیاتر دەبێت، تۆ دەتوانیت بە خوێندنەوە، بیرکردنەوە، شیکارکردنی مەتەڵ و زۆر شتی تر سوود لە مێشکت وەربگریت و ڕاهێنانی پێ بکەیت، هەرچەندێک ئەم ڕەوشتانە زیاتر و جۆراوجۆرتر بن، لە ئەنجامدا مێشکیش بەهێزتر دەبێت، جۆری خۆراکیش یەکێکی ترە لەو شتانەی کە کاریگەرەی لەسەر مێشک هەیە، لەو خواردنانەی بۆ مێشک بەسوودن:
     ⁃ چەرەس
     ⁃ ئەڤۆکادۆ
     ⁃ ماسی
     ⁃ توو
     ⁃ لۆبیا
     ⁃ ئاوی هەنار
     ⁃ چوکلێتی تاڵ
  9. بەرنامەی وەرزشیت هەبێت: کاتێک سەرنجت لەسەر وانە خوێندن و خۆئامادەکردنە بۆ تاقیکردنەوەکان، ڕەنگە ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەکانت لەبیر بکەیت بەڵام تا دەتوانیت با هەموو ڕۆژێک ٢٠ بۆ ٣٠ خولەک چالاکی جەستەییت هەبێت، کەواتە ئەگەر تۆ دەتەوێت وانە خوێندنەکەت کاریگەر بێت و ورەت هەبێت، ڕاهێنانی وەرزشی و چالاکیی جەستەیی لەناو بەرنامەکەتدا دابنێ، لەو ڕاهێنانە: مەلەکردن، ڕاکردن یان پیادەڕەوی، دەبنەهۆی ئەوەی کە ئۆکسجین، خوێن و ماددەی خۆراکی پێویست بە مێشکت بگات، لێکۆڵینەوەکانیش دەریان خستووە کە وەرزشی کورت دوای وانە خوێندن یارمەتی مانەوەی زانیارییەکان دەدات.
  10. لە ئەنجامی کارەکاندا، بەدڵنیاییەوە خۆت بە سەرکەوتوو وێنا بکە: ئەگەر کێشەت لەگەڵ کارێکی تایبەتدا هەیە، وادابنێ کە ئەو کارەت بە سەرکەوتوویی و باشترین شێوە ئەنجامداوە، توانای وێناکردن یەكێکە لە ڕێگاکانی بەدەستهێنانی سەرکەوتن، ئەمە یارمەتیت دەدات لە لایەنی ڕۆحییەوە بڕوات بە خۆت بێت کە ئەو کارە بە سەرکەوتوویی ئەنجام دەدەیت، کاتێک چەندین جار وێنا دەکەیت کە تۆ ئەو کارەت کردووە، ئەمە هێزی ئەوەت دەداتێ لە ڕاستیشدا بە ئاسانی کارەکە ئەنجام بدەیت، کەواتە هەموو ڕۆژێک بیر لە وانە خوێندن بکەوە، تەنانەت لەگەڵ ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی هەتە، وێنا بکە کە هەموویانت بە سەرکەوتوویی و بەباشی خوێندووە و تێت پەڕاندوون، هەندێک شت هەن کاتی وانە خوێندن دەبنە هۆی تێکدانی سەرنج و بیرت لەسەر وانەکان نامێنێت، بۆیە هەوڵ بدە ڕێگری لەوە بکەیت. بۆ نموونە دەتوانیت، هێڵی ئینتەرنێتەکەت بکوژێنیتەوە، مۆبایلەکەت بخەیتە سەر دۆخی فڕین، مۆبایلەکەت لە ژوورێکی تر دابنێیت، پەیوەندی بە کۆمەڵ و گروپەکان بپچڕێنیت، هەموو یارییەکانی ناو مۆبایل یان تابلێتەکەت ڕەش بکەیتەوە.

ڕۆڵی خێزان لە بەرزکردنەوەی ورەی منداڵ

خێزان ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لەسەر وانە خوێندنی منداڵ، بارودۆخی خێزانی، جۆری گرنگیدان بە منداڵەکان کاریگەرییان هەیە. بۆ نموونە ئەو دایک و باوکەی کە گرنگی بە منداڵەکانیان دەدەن و ئاگایان لێیانە، ژینگەی ماڵەوە بۆ ئەم جۆرە کارانە ئامادەتر دەکەن. ئەو منداڵانەی کە لەم ڕووەوە گرنگیان پێ دەدرێت ورەیان زیاترە لەو منداڵانەی خێزانەکانیان وەکوو هەمیشە سەرقاڵی کارەکانی خۆیانن و ئەوانیان پشت گوێ خستووە.


سەرچاوەکان



1565 بینین