ترشی هایالورۆنیک و پێست

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-09-11:25:00 - کۆدی بابەت: 7540
ترشی هایالورۆنیک و پێست

ناوه‌ڕۆك

ترشی هایالورۆنیک

ترشی هایالورۆنیک (بە ئینگلیزی: hyaluronic acid) و کورتکراوەکەی بریتییە لە (HA)، پێکهاتەیەکی سروشتی گلایکانی گلایکۆس ئەماینە (بە ئینگلیزی: glycosaminoglycan) و لە بەستەرەشانەکانی لەشدا بوونی هەیە، گلایکانی گلایکۆس ئەماین کاربۆهیدراتی درێژی بێ لقە یان شەکرە کە پێی دەوترێت فرەشەکر یان فرەسەکەراید ( بە ئینگلیزی: polysaccharides).
ترشی هایالورۆنیک پێکهاتەی سەرەکییە لە پێکهاتنی پێستدا، بەرپرسە لە دەرکەوتەی پڕ و شێداری پێست، دەکرێت ئەم تایبەتمەندییانە لە پاڵ کۆلاجیندا باس کرابێت، بەڵام لەڕاستیدا ترشی هایالورۆنیک بەرپرسە لەم تایبەتمەندییانە.
دەکرێت بوترێت ئەم پێکهاتەیە لە زۆربەی بەرهەمەکانی گرنگیدان بە پێستدا بوونی هەیە، بە شێوەی سیڕەم، پاککەرەوەی ڕووخسار یان شێدارکەرەوە، لەگەڵ تایبەتمەندی دژەپیربووندا، گرنگی ترشی هایالورۆنیک دەربارەی کات و سوودەکانییەتی بۆ پێست و بۆچی بارستەی مۆڵی ئەم پێکهاتەیە گرنگە، چونکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پڕۆسەی چارەسەری بریندا، هەروەها چرچبوون و شۆڕبوونی پێست دوادەخات.
ترشی هایالورۆنیک تەنها پێکهاتەیەکی باو نییە، بەڵکوو بەرهەمێکی سەرەکییە کە زیادی بکەیت بۆ ڕۆتینی گرنگیدان بە پێستت.

سوودەکان

  • دژی پیربوونی پێست و چرچبوونی.
  • شێدارکەرەوە.
  • چاککەرەوەی برین.
  • توندی پێست زیاد دەکات.
  • دەتوانێت چارەسەری ئەگزیما بکات.
  • چارەسەری سووربوونەوەی ڕووخسار دەکات.

کاریگەری بەهێز

کرداری ترشی هایالورۆنیک وەک شێدارکەرێک وایە و گەردەکانی ئاو هەڵدەگرێت بۆ ڕووکاری پێست بۆ بە جوانی و شێدار هێشتنەوەی، هەرکە باسی پێستێکی زۆر شێدار بکرێت نموونەی پێستێک دەهێنرێتەوە کە پێکهاتەی ئاویی زۆر تێدابێت، دەستەواژەیەکی زانستی هەیە بە ناوی ئەوپەڕی لەدەستدانی ئاو لەسەر ڕووکاری پێست (بە ئینگلیزی: transepidermal water loss)، ئەم دەستەواژە زانستییە بڕی بەهەواداچوونی ئاو لەسەر ڕووکاری پێست دەپێوێت، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە کاتێک بەرهەمێک بە بەشێدار هێشتنەوەی پێست و ڕێگریکردن لە لەدەستدانی ئاو لەسەر ڕووکاری پێستت، ڕێگا لە ئەوپەڕی لەدەستدانی ئاو لەسەر ڕووکاری پێست دەگرێت.
ترشی هایالورۆنیک بەتەواوی ئەو کردارە ئەنجام دەدات بە هێواشکردنەوەی بەهەواداچوونی ئاو لەسەر ڕووکاری پێست، جگە لەوەی کە شێدارکەرەوەیەکی کاریگەرە، چەند توێژینەوەیەک ئەوەیان سەلماندووە کە زۆر باشە بۆ چاکبوونەوەی برین.

کاریگەریی لاوەکی

زۆربەی شارەزایانی بواری پێست پێشنیازی ئەوە دەکەن کە خەستی ئەو ترشی هایالورۆنیکەی بەکاری دەهێنیت با لە خوار ٢٪ بێت، چونکە بارستەی مۆڵیی زۆر کەمی ترشی هایالورۆنیک توانای هەیە بچێتە قووڵایی پێستەوە، کە ئەمەش مانای ئەوەیە دەتوانێت چەند کاریگەرییەکی دیکەی نەخوازراوی هەبێت، وەک هەڵگرتنی ماددەی کیمیایی و بەکتریای نەخوارزراو بۆ ناو پێست، ئەگەر تۆ پێستێکی تەنکت هەبێت ئەوا ئەم کاریگەرییە کاردەکات لە پێستت.
پێویستە ئەوە بزانرێت کە هەموو جۆرەکانی بەرهەمی ترشی هایالورۆنیک وەک یەک نین، ئەم پێکهاتە گرنگە شێدارکەرەوەیە دەکرێت کاریگەری لاوەکی چاوەڕوان نەکراوی هەبێت، چونکە هەندێک بەرهەمی تایبەت بە ترشی هایالورۆنیک هەن کە گفتوگۆیان لەسەرە و بوونەتە هۆی تووشبوون بە هەندێک جۆری هەوکردنی پێست.
توێژینەوەیەکی دیکە ئەوەی سەلماندووە کە ترشی هایالورۆنیک چاکبوونەوەی برین خاودەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی جیاوازی خەستی و بارستەی مۆڵی ئەو ترشەیە کە لە توێژینەوەکەدا بەکارهاتووە.

زانستی ترشی هایالورۆنیک

سوودی ترشی هایالورۆنیک لەسەر پێست پەیوەندی هەیە بە بارستەی مۆڵی و خەستییەکەیەوە، لەم حاڵەتەدا ئەوەی گرنگە قەبارەیە، بارستەی مۆڵی دەگەڕێتەوە بۆ بارستایی ترشەکە یان گەورەیی گەردی ترشی هایالورۆنیک، ئەم پێوانەیە بە یەکەی بارستەی گەردی ڕێکخراو (بە ئینگلیزی: unified atomic mass units) ئاماژەی پێ دەدرێت، کە بە داڵتۆن یان kDa دەپێورێت.
ترشی هایالورۆنیک لە نێوان ٥٠ بۆ ١٠٠٠ داڵتۆندا بەسوودە بۆ پێست، کە نزیکی ١٣٠ داڵتۆن بە سوودترینە، ئەگەر بەرزتر بێت ئەوا کاریگەرییەکی نابێت و ئەگەر نزمتر بێت ئەوا دەبێتە هۆی هەوکردن.

نیوەتیرەی ترشی هایالورۆنیک

نیوەتیرەی ترشی هایالورۆنیک گرنگە بۆ زانینی توانای ترشەکە بۆ چوونە قووڵایی پێست، توێژینەوەیەک ئەوەی دۆزیوەتەوە کە گەردە بارستە مۆڵییە کەمەکانی کەمتر لە ٥٠٠ داڵتۆن ئەم کاریگەرییانەیان هەیە:

  • گۆڕانکاری لە قووڵی چرچی ڕووخسار.
  • زیادکردنی شێداری.
  • زیادکردنی توندی پێستی دەوری چاو.
  • باشتر لەلایەن پێستەوە هەڵدەمژرێت.

هەروەها گەردە گەورەترەکانی زیاتر لە ٥٠٠ داڵتۆن قورستر دەچنە قووڵایی پێستەوە.

ئەو بەرهەمەی گونجاوە بۆ بەکارهێنان

سێ جۆری ترشی هایالورۆنیک بوونی هەیە:

Hydrolyzed hyaluronic acid

ترشێکی هایالورۆنیکییە کە تێک شکێنراوە بۆ توخمی بچووکتر تاکوو قەبارەکەی گونجاو بێت بۆ ئەوەی بچێتە قووڵایی پێستەوە، شێدارکەرەوەیە بەڵام شێدارکەرەوەیەکی هەڵبژاردە نییە، بۆیە باشترینە بۆ ئەو کەسانەی پێستێکی چەور یان تێکەڵیان هەیە، چونکە ئەم جۆرە پێستانە دەبێت دووربن لە زۆر شێدارکردنەوەی پێستیان.

Sodium hyaluronate

زیاتر دەچێتە قووڵایی پێستەوە و ئەنجامێکی باشترت پێ دەبەخشێت، هەروەها کاریگەرییەکەی بۆ ماوەیەکی زۆر نامێنێتەوە، ئەم جۆرەی ترشی هایالورۆنیک باشترینە بۆ پێستی ئاسایی، چونکە ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی شێداری بچێتە پێستەوە و ئەم جۆرەی پێست پێویستی بە کاریگەریی قورس و ماوە زۆر نییە، ئەم پێکهاتەیە زیاتر بەشێوەی سیڕەم بوونی هەیە.

Sodium acetylated hyaluronate

ئەم جۆرەی ترشی هایالورۆنیک هەمان سوودی جۆری دووەمی هەیە، بەڵام سوودەکەی و ئەنجامەکەی زیاتر دەمێنێتەوە، باشترینە بۆ کەسێک کە پێستی پێویستی بە شێداری بەردەوام بێت وەک ئەو کەسانەی پێستیان لە جۆری وشکە، هەروەها ئەو کەسانەی لە مانگە وشکەکانی زستاندا بۆ شێدارکەرەوەیەکی کاریگەر دەگەڕێن.


سەرچاوەکان



1168 بینین