نانەوا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-10-16:11:00 - کۆدی بابەت: 7552
نانەوا

ناوه‌ڕۆك

نانەوا

وەستای نانەوا، تەنوورەوان، تەنوورەڤان (بە ئینگلیزی: Baker، بە عەرەبی: الخبَّاز)، ئەو کەسەیە کە هەڵدەستێت بە دروستکردنی نان لە فرۆشگە یان کارگەیەک کە پێی دەوترێت نانەواخانە یان نانەوایی. دەشێت جگە لە نان، کێک و پسکیت و بەرهەمی تری گەنم و جۆ دروست بکەن.

مێژووی نانەوا

لەبەرئەوەی دروستکردنی نان و سوودوەرگرتن لە گەنم کارێکی زۆر کۆنی مرۆڤە و زۆر پێویست بووە، بۆیە چالاکی و پیشەی نانەوا دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ، کە کۆنترین مێژووی پیشەی نانەوا دەگەڕێتەوە بۆ میسڕییە کۆنەکان هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا. یۆنانییە کۆنەکان سوودیان لە فڕنێکی گەورە وەرگرتووە و بۆ سووتەمەنی لە ژێرەوە بە دار و کۆتەرە ئاگرەکەیان خۆشکردووە.

دوای چەندین سەدە لە ڕۆمای کۆن، گۆڕانکارییەکی گەورە لە دروستکردنی نان کرا و بەرهەمی تری لێ دروستکرا، کە هەستان بە تێکەڵکردنی هەنگوین و ڕۆن لەگەڵ بەرهەمەکانیان و شیرینی و کێکیان دروست کرد، هەرچەند لە کۆندا لە ڕۆما زۆرینەی خەڵکی خۆیان نانیان دروست دەکرد، هەندێک لە خێزانە دەسەڵاتدارەکانیش کۆیلە و کەسی تایبەتیان هەبوو کە نانەوایان بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فرۆشگەیەکی نانەوایی هەبوو کە پێی دەوترا (پیسترینا) لە شارەکەدا.

ئەرکەکانی نانەوا

وەستای نانەوا کۆمەڵێک ئەرکی هەیە و بەپێی کولتوور و شێوەی فرۆشگە و کارەکەیانەوە دەگۆڕێت، هەندێک کاتیش ئەرکەکانی دابەش دەبن بەسەر چەند کەسێک کە لەبەردەستی کاردەکەن و ئەوانیش پێیان دەوترێت نانەوا بەڵام وەستا نین و ئەرکی سادەتریان لە ئەستۆیە، ئەرکەکانی نانەوا:

  • دڵنیابوونەوە لە کوالێتی پێکهاتەکانی نان و هەویرەکە
  • ئامادەکردنی پێکهاتەکان
  • پێوانەی کێشی گونجاوی هەویر و پێکهاتەکانی دیکە
  • کۆکردنەوەی ئارد و ئەو پێکهاتانەی تێکەڵی دەکات لەناو ئامێرێک
  • بڕین و خڕکردنی هەویر
  • دانانی هەویر لە پارچە و شێوەی تایبەت و ڕیزکردنیان
  • دیاریکردنی ڕێژە و پلەی گەرمی تەنوورەکە
  • سەیرکردنی هەویر لەکاتی بوونی بە نان و دڵنیابوونەوە لە ڕێژەی گەرمی تەنوورەکە

کەرەستەکان

  • بێڵی نانەوا: دارێکی درێژە و کۆتاییەکەی پانە، بۆ دەرهێنانی نان لە تەنوورەکە بەکاردێت ئەگەر بە شێوەیەکی ئاسۆیی بسوڕێتەوە.
  • تیرۆک: ئامێرێک یان پارچە دارێکی خڕە کە بۆ پانکردنەوەی هەویر بەکاردێت
  • فڵچە: بۆ لابردنی ئاردی زیادە لەسەر هەویرەکە
  • کەوچکی ئارد: کەوچکێکی قووڵی گەورەیە بۆ دەرهێنانی ئاردە لە کەنوو یان بنکەی سەرەکی ئاردەکە
  • ئارداوێژ: کەرەستەیەکی دیکەی سەرەکی هەیە کە بەزۆری ئێستا بە شێوەی ئامێر دەکرێت و کەسی نانەوا خۆی نایکات، ئەویش شێلانی هەویرەکەیە و لە کوردیدا بە ناوەکانی (ئارداوێژ، ئاردکێش، ئاردماڵک، ئاردەبارە، ئاردەوارە، ئاردەشان، ئاردەڵووکە) دەناسرێت.


سەرچاوەکان



1322 بینین