قەتێ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-11-14:08:00 - کۆدی بابەت: 7561
قەتێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قەتێ یان کوڕکوڕە یان کەتێ یاخود هاوارەبەرە (بە ئینگلیزی: sandgrouse)،  باڵندەیەکی زەمینەییە و تایبەتە بە ئەو شوێنانەی کە درەختی بەرزی تێدا نییە، وەک نیمچە بیابان و ساڤانا و لەوەڕگاکان، نشینگەکەی ناوچە و وڵاتی زۆر و جیاواز دەگرێتەوە، وەک باکوور و باشووری ئەفریقا و مەدەغەشقەر و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیندستان و بە درێژایی ناوەڕاستی ئاسیا و زۆر ناوچەی دیکە، ئەم باڵندانە بە گشتی جێگیرن لە یەک نشتینگەدا بەڵام دەکرێت هەندێکیان کۆچبکەن و زۆر بێزارکەریش بن، کە بۆ ناوچەی جیاواز و نەخوازراو کۆچدەکەن و ژمارەیەکی زۆریان لە جێگە دوورەکاندا لە لایەن خەڵکییەوە دەبینرێت، ئەم باڵندانە پێکەوە و بە کۆمەڵە دەژین، کاتی خواردن و خواردنەوەشیان بە کۆمەڵە و ژمارەیەکی زۆرن کە دەگەنە نزیکەی ١٠٠ دانە، لە کاتی ئاوخواردنەوەدا ڕووبەڕوی مەترسی ڕاوکردن دەبنەوە لەلایەن ئاژەڵە دڕندەکانەوە، بەڵام لەبەر زۆری ژمارەیان دەبنە هۆی شڵەژاندنی ڕاوچییەکە و بە ئاسانی ڕاوناکرێن، بەهۆیەوە هیچ جۆرێکی مەترسی لەناوچوونی لەسەر نییە.  

شێوەی دەرەوەی

قەتێکان تایبەتمەندن بە سەر و ملی بچووک و جەستەشیان پتەو و بەهێزە، درێژییەکەی لە نێوان ٢٤-٤٠ سانتیمەتر دەبێت، و کێشێ دەگاتە ١٥٠-٥٠٠ گیلۆگرام، ڕەنگی پەڕەکانی بە گشتی قاوەیی و پرتەقاڵی و خۆڵەمێشییە، کە خاڵدار و هێڵدارن بە شێوازی جیاواز، کە هاوکاری دەکات لە نێو سروشتدا تێکەڵبێت و بە ئاسانی نەناسرێتەوە، پەڕەکانی سکی بە شێوەیەک بەدیهێنراوە کە توانای هەڵمژین و هێشتنەوەی ئاوی هەیە، بەمەش زۆرینەی نێرینەکان لە ڕێگەیەوە ئاو دەهێنن بۆ بێچووەکانیان لە دووری چەندین کیلۆمەترەوە، بڕی ئەو ئاوەشی کە بە ئەم شێوەیە دەیگوازێتەوە لە نێوان ١٥-٢٠ میلیتر دەبێت، بەڵام بە گشتی قەبارەی نێرینەکان لە مێینەکان زیاترە، ڕەنگیشیان کراوەتر و ڕەنگدارترە، باڵەکانی درێژ و ئاڕاستەکراون و ١١ پەڕی سەرەکی هەیە، بەهۆیەوە توانای گەشتکردنی خێرا و ڕاستەوخۆیان هەیە، چونکە ماسولکەی باڵەکانی بەهێزن و بەهۆیەوە ئەم باڵندەیە دەتوانێت بە خێرایی بنیشێتەوە، قاچەکانی کورتن و هەندێک لەجۆرەکانی لەسەر قاچ و پەنجەکانیشی پەڕیان هەیە،     

خۆراک

بە شێوەیەکی سەرەکی قەتێ بە دانەوێڵەخۆر دادەنرێت، بەڵام پێکهاتەی دیکەش دەخوات و وەک ژەمی خۆراکی بەکاریان دەهێنێت، وەک خونچە و گەڵای سەوز و توو، هەروەها دەتوانێت مێرووەکانیش بخوات بە تایبەتی لە وەرزی زۆربووندا وەک مێروولەی سپی، لە ناوچە کێڵگەییەکان بە شێوەیەکی ئاسان دەتوانێت شۆفان و دانەوێڵەکان کۆبکاتەوە و بەکاریان بهێنێت، بەڵام لە جێگەکانی دیکە ڕاستەوخۆ لە ڕووەکەکەی دەکاتەوە یاخود خاکی بۆ هاڵدەکۆڵێت و لەژێر زەوی دەریدەهێنێت، هەروەها شێوازی دەستخستنی خۆراک بە گوێرەی جۆرەکان جیاوازە بەهۆیەوە پێشبڕکێ و بەربەرەکانی لە نێوانیاندا کەمە، بەهۆی وشکی جۆری خۆراکەکەی پێویستی بە خواردنەوەی ئاوی زۆر هەیە، کاتی ئاو خواردنەوەش بە گوێرەی جۆرەکان جیاوازە هەندێکیان لە بەرەبەیاندا هەندێکی دیکە لە زەردەپەڕدا و دوو جۆریشیان کاتەکانیان دیاریکراو نییە، شێوازی ئاو خواردنەوەکەش لە ڕێگەی هەڵمژینی ئاوەوەیە بۆ نێو دەنووکی، پاشان بەرزیدەکاتەوە، بە دووبارەکردنەوەی ئەم کردەیە چەند جارێک و بە خێرایی لە ماوەی چەند چرکەیەکدا ئاوی پێویستی بۆ ٢٤ کاژێر دەستدەکەوێت،

یەکگرتن و زۆربوون

ئەم باڵندانە پێکەوە و بە کۆمەڵ دەژین دەکرێت ژمارەی ئەندامەکانیان بگاتە ١٠٠ دانە، قەتێ تاک هاوسەرە واتە بە درێژایی ژیانی یەک هاوبەشی هەیە، وەرزی زۆربوونی بە گشتی دوای بارانە و لەم کاتەدا کۆمەڵەکان دابەش دەبن و جیادەبنەوە بۆ جووت دانە، جێگەی هێلانەکەیان ناوچەیەکی ئاست نزمە و لەسەر زەوییە، هەروەها هەندێک جار ژمارەیەک گەڵای وشکی بە سەردا دەکەن، دوای یەکگرتن بە زۆری مێینەکان ٣ هێلکە دادەنێن، بەڵام دەکرێت هەندێک جار ٢ یاخود ٤ بێت، ماوەی نیشتن و مانەوە لەسەر هێلکەکان لە نێوان نێرینە و مێینەکاندا دابەشدەکرێت، لە هەندێک لە جۆرەکاندا نێرینەکە بە شەودا لەسەریان دەنیشێت لە کاتێکدا مێینەکە بە ڕۆژدا لەسەریان دەنیشێت، وە بێچووەکانیش دوای ٢٠-٢٥ ڕۆژ لە هێلکەکانیان هەڵدێن، دایک و باوکەکان خۆراکیان بۆ دابین ناکەن، بەڵکو لە ڕێگەی ئەندامەکانی دیکەوە بێچووەکان فێردەکرێن کە چی بخۆن، و ئاویش لە ڕێگەی پەڕی نێرینە پێگەیشتووەکانەوە دەخۆنەوە، هەروەها بێچووەکان لەگەڵ دایک و باوکیان دەمێننەوە وەک خێزانێک بۆ ماوەی چەند مانگێک.

جۆرە سەرەکییەکانی

  • قەتێی کلک دەمبوس
  • قەتێی جووت شریتی
  • قەتێی بورچیل
  • قەتێی تاج بەسەر
  • قەتێی ڕووخسار ڕەش
  • قەتێی سک کەستانەیی
  • قەتێی قوڕگ زەرد
  • قەتێی ڕەنگدار
  • قەتێی سک ڕەش
  • قەتێی مەدەغەشقەر
  • قەتێی خاڵدار
  • قەتێی تبتی
  • قەتێی پالاس


سەرچاوەکان



1143 بینین