داگیرکردنی مووسڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-11-16:06:00 - کۆدی بابەت: 7564
داگیرکردنی مووسڵ

ناوه‌ڕۆك

جەنگی ناوخۆی عێراق

دووەمین جەنگی ناوخۆی عێراق یان جەنگی دژی داعش (بە عەرەبی: الحرب الأهلية العراقية الثانية، بە ئینگلیزی: War in Iraq)، جەنگێکی چەکدارییە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە عێراق لە شێوەی یاخیبوون دەستی پێکرد. دوای ئەوەی شارەکانی مووسڵ و فەلووجە و کۆمەڵێکی زۆر ناوچەی سەرەکی عێراق داگیرکران و ئەبووبەکر بەغدادی خەلافەتی ئیسلامی ڕاگەیاند، بەخێرایی ڕووداوەکان بەرەو جەنگێکی سەربازی ماوەدرێژ درێژەیان کێشا.

ئەم جەنگە بووە هۆی دروستبوونی حەشدی شەعبی لەلایەن سەروەزیرانی عێراق نووری مالیکی، دوای ئەوەش دەسەڵاتەکانی درا بە حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی نوێ، دوای هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان پێشمەرگە و سوپای عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتی چوونە نێو جەنگ دژی تیرۆر و چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوەکە ئەنجام دران، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ جەنگەکە بە گرتنەوەدەستی تەواوی خاکی عێراق لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە کۆتایی هات.

بابەتی سەرەکی: جەنگی دژی داعش

کەوتنی شاری مووسڵ

مووسڵ لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە هێرشێکی ڕێکخراوی ئیسلامی بۆ باکووری عێراق بەتەواوی کەوتە دەستی داعش و هێزە ناوخۆییە هاوپەیمانەکانی، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا شارەکە شایەتی شەپۆلێکی ئاوارەبوون بوو و هەزاران سەربازی داعش دەستیان بەسەر باڵەخانە حکوومییەکان و فڕۆکەخانەی مووسڵ و بنکە و سەربازگە و بارەگای پارێزگای نەینەوادا گرت، سوپای عێراق بەرگرییەکی ئەوتۆی نەکرد و ڕاستەوخۆ کشایەوە بەرەو هەرێمی کوردستان و باشوور.

ڕێکخراوەکە توانی کۆنتڕۆڵی شارەکە و زۆربەی شارەکانی پارێزگای نەینەوا بکات، لەگەڵیشیاندا گرنگترین شوێنەکانی داگیرکرد کە یەکێک لەوانە بینای پارێزگای نەینەوا و فڕۆکەخانەی شارەکە و کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان بوو. دوای داگیرکردنی شارەکەش ٣,٠٠٠ زیندانییان لەناو زیندانەکانی شارەکە ئازاد کرد. داعش کۆنتڕۆڵی تەواوی پارێزگای نەینەوایان گرتە دەست و شەڕەکانیان بە ناوی (غەزوەی ئەسەدوڵڵای بیلاوی) ناساند و ناوی پارێزگای نەینەواشیان کرد بە ویلایەتی نەینەوا، سەرکردەی هێرشەکەش کەسێک بوو بەناوی عەبدوڕەحمان بیلاوی.

لەگەڵ هێرشەکاندا پێشمەرگە لە ناوچەکانی زومار و شنگال و وانە و ڕەبیعە کشانەوە و ناوچەکان کەوتە دەست چەکدارانی داعش و هەزاران کەسی شارەکان ئاوارەبوون کە زۆرینەیان ئێزیدییەکانی شاری شنگال بوون و دەیان کچ و ژنیان کرانە کۆیلە و کەنیزەک و لە بازاڕەکانی داعشدا هەڕاج کران.

دوای داگیرکردنی شارەکە داعش هەستا بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکی وەک: تەقاندنەوەی مزگەوت و ئارامگای پێغەمبەر یوونس و مۆزەخانەی مووسڵ کە مێژووی هەزاران ساڵی گەلی عێراق و ناوچەکەی تێدابوو، ئەم کارەشی ناونرا بە ئیرهابی فکری، چونکە ڕێکخراوەکە پێی وابوو بوونی ئەم جۆرە شوێنانە وێنا و هۆکارێکە بۆ پەیداکردنی هاوەڵ بۆ خوا و بتپەرستی.

دواتریش هێرشی کردە سەر شارۆچکەی بادوش و دەستی بەسەر زیندانی بادوشدا گرت، لەوێ نزیکەی ١,٤٠٠ زیندانیی ئازادکرد و ٦٧٠ زیندانی بە بیانووی تائیفییەوە لەسێدارەدا.

دوای ئازادکردنی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووسڵیش لە دوایین شارەکان بوو کە لە ٢٠١٦/١٠/١٧ هێرشی ئازادکردنەوەی دەستی پێکرد و لە تەمووزی ٢٠١٧ کۆتایی هات و شارەکە لە داعش پاککرایەوە.

ڕووداوی داگیرکردنەکە

لە کاتژمێر ٢:٣٠ـی بەرەبەیان، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و هاتنە ناو دەروازەی شار، ئەو شوێنەی کە دەبوایە ٢,٥٠٠ چەکداری عێراقی لێ بوایە، بەڵام تەنیا ٥٠٠ چەکداری لێبوو، بەهۆی ئەوەشی زۆرینەی تانکەکانی عێراق لە پارێزگای ئەنبار بوون دژی داعش چونکە شاری فەلووجەی داگیرکردبوو، چەند زرێپۆش و تانکێکی کەم لە شاری مووسڵ مابوویەوە.

لە ڕۆژی ٥ـی حوزەیران قەدەغەی هاتووچۆ لە شارەکەدا سەپێندرا. حکومەت هەلیکۆپتەرەکانی بەکارهێنا بۆ بۆمبارانکردنی چەکداران و لە بەشی باشووری شارەکەش پێنج خۆکوژ جبەخانەیەکی چەکیان تەقاندەوە. ڕۆژی ٦ـی حوزەیران داعش لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای مووسڵەوە دەستی بە هێرشێک کرد بە هێزێکی ١٥٠٠ کەسییەوە، هەمان ڕۆژ دوو ئۆتۆمبیلی خۆکوژی بۆمبڕێژکراو لە گوندی موەفەقییەی نزیک مووسڵ تەقینەوە و شەش سەربازی سوپا و کۆمەڵێک کەسی مەدەنی کوژران. دوای هێرشەکان زۆربەی سەربازەکانی سوپا کشانەوە بۆ بیابانەکان یان لەناو دانیشتوانی ناوچەکەدا خۆیان شاردەوە. 

لە ڕۆژی ٩ـی مانگ داعش هێرشی کردە سەر بینای پارێزگای نەینەوا و داگیری کرد. لەو کاتەدا تەنیا کەرتی چوارەمی پۆلیس مابوونەوە کە شەڕیان دەکرد، ئەوانی دیکە یان ڕایان کردبوو یان چووبوونە ناو هۆزە عەشایەرییەکان و ڕێکخراوەکە. لە شەوی ٩ لەسەر ١٠ـی مانگ کۆمەڵێک لە خەڵکی پاڵپشتی ڕێکخراوەکەیان کرد و دژی سوپا و پۆلیس وەستانەوە و سوپاش بەهۆی نەبوونی چەک و فیشەک و نەبوونی پاڵپشتی کشانەوە.

لە ڕۆژی ١٠ـی مانگ و دوای چوار ڕۆژ لە پێکدانانی کاتیی و بەردەوام زۆرینەی شارەکە کەوتە دەست چەکدارانی داعش.

دوای داگیرکردنی شارەکەش ئەبووبەکر بەغدادی لە مزگەوتی گەورەی مووسڵ بۆ یەکەمین جار وەک جێنشینی موسوڵمانان دەرکەوت و وتارێکی خوێندەوە.

زانیاری گشتی

ڕێکەوت ٢٠١٤/٦/٦ بۆ ٢٠١٤/٦/١٠
ناوچە مووسڵ، عێراق
ئەنجام سەرکەوتنی داعش لە داگیرکردنی بەشێکی ناوەڕاست و باکووری عێراق
شێوە جەنگی کۆڵان بە کۆڵان

هێزەکان

دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام کۆماری عێراق
عیزەت دووری نووری مالیکی
ئەبووبەکر بەغدادی سەردار مەهدی غەراوی
ئەبووبەکر خاتوونی سەردار عەبوود کەنبر
عەدنان ئیسماعیل نەجم دەلیمی سەردار عەلی غیدان
محەمەد یوونس ئەحمەد  

هێز

داعش عێراق
٨٠٠ بۆ ٣٠٠٠ سەرباز کەرتی دووەم: ١٥,٠٠٠ سەرباز
  کەرتی سێیەم: ١٥,٠٠٠ سەرباز
  بەشی پۆلیسی فیدراڵی: ١٠,٠٠٠ کەس
  ٣٠,٠٠٠ چەکدار بە تانکی ئەمبرامزی ئەمریکی و فڕۆکەوە

 


سەرچاوەکان



436 بینین