یاریی منداڵان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-11-19:15:00 - کۆدی بابەت: 7565
یاریی منداڵان

ناوه‌ڕۆك

یاری چییە؟

یاری چالاکییەکی جەستەیی، عەقڵی، کۆمەڵایەتی خودی و ناوخۆییە، مرۆڤ بە گشتی و منداڵ بەتایبەتی بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و بێ هیچ فشارێکی دەرەکی ئەنجامی دەدات، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە یاری ئامادەباشی جەستەیی و ئەقڵی پێویستە بۆ ئەنجامدانی بە شێوەیەکی ڕاست و دروست، چونکە لە بناغەدا یاری بریتییە لە خەرجکردنی بڕێکی زۆر لە وزەی جەستەیی و عەقڵی، سەبارەت بە منداڵ، یاری کارێکی چێژبەخشە، هەورەها سەرچاوەیەکە بۆ فێربوون و بەدەستهێنانی زانیاری لە ئاستێکی فراواندا. 

سوودەکانی یاری

  1. یاری بە شێوەیەکی گشتی مرۆڤ لەشساغ و تەندروست دەکات.
  2. ئەو یارییانەی کە جوڵەی جەستەییان زۆرە ئەگەر بە شێوەیەکی زانستیانە ئەنجام بدرێن جەستە بەهێز و پتەو دەکەن.
  3. چالاکییەکی هونەرییە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت توانا جیاجیاکانی منداڵ لە بوارە جیاوازەکاندا بپشکنرێت و بەهێز بکرێت.
  4. یاری کە چالاکییەکی ئارەزوومەندانەیە ئەنجامدانی چێژ و خۆشییەکی زۆر بە مرۆڤ بەگشتی و منداڵ بەتایبەتی دەبەخشێت.
  5. باری دەروونی منداڵ ئارام دەکاتەوە و ڕزگاری دەکات لە پەشێوی دەروونی و هەڵچوونی نائاسایی.
  6. یاری مرۆڤ بەگشتی و منداڵ بەتایبەتی فێری ئەوە دەکات کە پابەند بێت بە یاساوە، سنووری کاری خۆی بزانێت، زیادەڕەوی لە جووڵە، هەڵسوکەوت و تەنانەت لە قسەکردنیشدا نەکات.
  7. مرۆڤ بەگشتی و منداڵ بەتایبەتی فێری ئەوە دەکات کە پابەند بێت بە کاتەوە، واتە کات بەفیڕۆ نەدات و هەر کارێک لە کات و شوێنی خۆی ئەنجام بدات.
  8. یاری مرۆڤ فێری قبوڵکردنی شکست و دۆڕان دەکات، هەروەها ئیرادەش بە مرۆڤ دەدات کە جارێکی تر هەوڵ بداتەوە بۆ ئەوەی لە کاتێکی تردا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
  9. یاری مرۆڤ فێری ئەوە دەکات کە ڕێز لە هەڵوێست و ڕەفتاری ئەو کەس و گروپانە بگرێت کە ململانێی لەگەڵ دەکەن.
  10. یاری دەرخەری توانا جیاجیاکانە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵ درک بە توانای خۆی و ئەوانی تر بکات. 

جۆرەکانی یاری

  1. یاری تاکە کەسی: منداڵ تا پێش دوو ساڵی بەتەنها یاری دەکات بۆ ماوەی چەند کاتژمێر بە یەکێک لە ئەندامەکانی جەستەی یان کەرەستەیەکی یارییەوە سەرقاڵ دەبێت، پێویستی بە هاوتەمەنی خۆی یان کەسی گەورە نییە بۆ یاریکردن، یاری منداڵ لەم تەمەنەدا بەشێوەی دۆزینەوە و ئاشکراکردنە.
  2. یاری دوو کەسی: لە تەمەنی 2 بۆ 3 ساڵی دەست پێدەکات، بەو شێوەیەیە کە دوو منداڵ بە یەک یاری یان کەرەستەیەکی یاری سەقاڵ دەبن، هەندێک کات سەیری یەکتر دەکەن و کەرەستەکانیان دەگۆڕنەوە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی تریان نییە، واتە لە لای یەکەوە یاری دەکەن بەڵام پێکەوە یاری ناکەن.
  3. یاری کۆمەڵایەتی: منداڵ لە دوای سێ ساڵییەوە لەگەڵ هاوتەمەنەکانی یاری دەکات، لە کاتی یاریدا بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵیان و تەنها لەم تەمەنەوە دەتوانن یاری بە کۆمەڵ ئەنجام بدەن، لە کاتی یاریدا لە هەندێ ڕەوشتی وەک نۆرە، بردنەوە و  دۆڕان ئاشنا دەبن، لەبەر ئەمەش بوونی هاویاری بۆ منداڵ لەم تەمەنەدا گرنگە، ئەویش خوشک یان برا یان هاوڕێی باخچە.

ئەرکی دایک و باوک لە یاریکردنی منداڵ

• مافی هەڵبژاردنی جۆری یاری بدرێت بە منداڵ. 
• گرنگی بە یاری منداڵان بدەن چونکە تەواوی ژیانی منداڵ لە یارییەوە شێوەی ڕاستی وەردەگرێت. 
• ئەزموونەکانی ژیانی منداڵ لە یارییەوە سەرچاوە بگرێت. 
• ئاگاداربن کە ژینگەی یاریکردنەکە نەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە جەستە، بیر و دەروونی منداڵ. 
• هەرچەند زیاتر یاری لەگەڵ منداڵ بکەن باشتر فێر دەبێت کە چۆن لەگەڵ کەسانی تر ڕەفتار بکات.
• منداڵان لە ڕێی یاریکردنەوە، تواناکانی خۆیان دەدۆزنەوە.
• دوور بن لە سنووردارکردنی منداڵ لەکاتی یاریکردن و بۆ تەواوکردنی یارییەکە فەرمان مەکەن.


سەرچاوەکان



3071 بینین