بڕوانامەی بەکالۆریۆس

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-11-20:50:00 - کۆدی بابەت: 7567
بڕوانامەی بەکالۆریۆس

ناوه‌ڕۆك

بڕوانامەی بەکالۆریۆس چییە؟

بڕوانامەی بەکالۆریۆس (بە عەرەبی: البکالوریوس، بە ئینگلیزی: Baccalaureus) بڕوانامەیەکی خوێندنە لە پاش چوار ساڵ خوێندنی زانکۆ بەدەس دەهێنرێت، خاوەن ئەم بڕوانەمەیە پسپۆڕی لە بوارێکی دیاریکراو وەردەگرێت و لە ڕێی ئەو بڕوانامەیەوە هەل و بواری کارکردنی هەمەجۆری بۆ دەڕخسێت، بە گشتی ماوەی خوێندن بۆ بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە چوار ساڵە، یاخود لە هەندێک زانکۆ بە کاتژمێر دیاری کراوە، بڕی 120 کاتژمێر بۆ 128 کاتژمێر بۆ هەر کۆرسێکی خوێندن دانراوە، لە هەندێک وڵات ماوەکە کەمترە دەکرێت بە خوێندنێکی چڕ و خێرا لەگەڵ وەرگرتنی خول و ڕاهێنانی هاوینە و زستانە دەتوانرێت بە نزیکی سێ ساڵ خوێندکار ببێە خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس.
ئاستی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بڕوانامەی دیبلۆم بەرزترە و لە بڕوانامەی ماجستێر نزمترە، لەدوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، بەدەسهێنانی پلەکانی تری خوێندنی باڵا نموونەی ماجستێر و دکتۆرا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە بەدەسهێنانی ئەم بڕوانامەیە و نمرەکانی ئاستی خوێندنەکەی دەبەستێت.

بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە هەرێمی کوردستان

لە پاش تەواوکردنی پۆلی دوانزە و تەواوکردنی ئاستی خوێندنی ئامادەیی، خوێندکار ژیانی زانکۆی دەستپێدەکات و تێیدا ناونیشانی ئەکادیمی بەدەست دەهێنێت، دەتوانیت ڕاستەوخۆ دوای پۆلی دوانزە بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەربگرێت پاش خوێندنی بۆ ماوەی چوار ساڵ لەیەکێک لە زانکۆکانی هەرێم، دوای چوار ساڵ پسپۆڕی لە بوارێک وەردەگرێت و پاشان بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەس دهێنێت، هەر یەک لە کۆلێجی یاسا و کۆلێجی ئەندازیاریی تەلارسازیی و کۆلێجی ددانسازی و دەرمانسازی ماوەی خوێندن و بەدەستهێانی ئەم بڕوانامەیە پێنج ساڵە، لە کۆلێجی پزیشکیش ماوەکەی شەش ساڵە، هەروەها دەکرێت لەدوای وەرگرتنی بڕوانامەی دیبلۆم  بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست بهێنرێت.

بایەخ و سوودی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس

دەکرێت بڕوانامەی بەکالۆریۆس کلیلی نهێنی هەموو دەرگا داخراوەکان بێت و ڕۆڵی زۆری هەیە لە دابینکردن و بەدەستهێنانی کار و پیشە، چەندان سوود و قازانج بۆ کەسی هەڵگری بڕوانامەکە دابین دەکات لە گرنگترین ئەو سوودانە:
ـ دابینکردنی هەلی کاری هەمەجۆر لە بواری کارکردن.
ـ بڕوانامەی بەکالۆریۆس ئەو ناونیشانە ئەکادیمیەیە کە لێهاتویی و توانایی کەسەکە لە پسپۆڕییەکدا دەسەلمێنێت، لە ڕێگەیەوە دەتوانێت لە پسپۆڕیەکەی خۆی دەسبەکار بێت و چەندین هەلی کاری بۆ دەڕەخسێنێت.
ـ لە چەند کۆلێجێک نموونەی کۆلێجی یاسا و کۆلێجی پزیشکی، قۆناغی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس گرنگترین قۆناغە و بەپشت بەستن بەو بڕوانامەیە دەتوانن بڕیاری خوێندنی ماجستێر و دکتۆرا بدەن.

جیاوازی نێوان بڕوانامەی دیبلۆم و بڕوانامەی بەکالۆریۆس

جیاوازی نێوان بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دیبلۆم لە شێوازی خوێندن و بواری کارکردن و پلەبەندیی پیشەیی و ئاستی مووچەدایە، شێوازی خوێندن لە بڕوانەمەی بەکالۆریۆس زۆرتر و چڕترە و ماوەکەی چوار ساڵە، بەڵام ماوەی خوێندنی دیبلۆم بە گشتی دوو ساڵە، هەروەها جیاوازیی ئاست بەرزییان بەپێی جۆری بڕوانامەی دیبلۆم دەگۆڕێت، جۆری دیبلۆمی ناوەند و سەروو ناوەند لە بڕوانامەی بەکالۆریۆس نزمترە، بەڵام جۆری بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا و دیبلۆمی تایبەت لە پلەی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەرزترە.


سەرچاوەکان



1770 بینین