هەلوەسە

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-11-22:41:00 - کۆدی بابەت: 7570
هەلوەسە

ناوه‌ڕۆك

هەلوەسە چییە؟ 

هەلوەسە (بە ئینگلیزی: Hallucination) وشەیەکی لاتینییە و بریتییە لە هەستکردن بە ڕووداو یان بابەتێک کە بوونی نییە و دروستبوونی هەستێکە کە بەهۆی هەستە ئەندامەکانەوە هان نەدراوە و تەنیا شتێکی ناڕاستە کە لە مێشکی کەسەکەدا دروست دەبێت. هەلوەسە دەکرێت هەستەکانی بیستن، بینین، بۆنکردن و تەنانەت تامکردنیش بگرێتەوە کە هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە.
هەلوەسە بەزۆری لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە نەخۆشیی دەروونییان هەیە، وەکوو شیزۆفرینیا و دووجەمسەری، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە هەلوەسەکردن تەنیا لە نەخۆشییە دەروونییەکاندا ڕووبدات، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتی تریشدا ڕوودەدات.

جۆرەکان 

  • هەلوەسەی بیستن: باوترین جۆری هەلوەسەیە و بریتییە لە بیستنی ئەو دەنگانەی کە هیچ سەرچاوەیەکییان نییە و هیچ کەسێکی تر نایانبیستێت، بۆ نموونە بیستنی بیرکردنەوەکانی ناخی خۆیان بە دەنگی کەسانی تر، بیستنی دەنگێک کە بانگیان دەکات یانیش بیستنی دەنگێک کە تانەیان لێ دەدات و قسەیان پێ دەڵێت. 
  • هەلوەسەی بینین: دووەم باوترین جۆری هەلوەسەیە و بریتییە لە هەستکردن بە بینینی ئەو شتانەی کە هیچ بنەمایەکییان نییە و کەسی تر نایانبینێت، بۆ نموونە بینینی کەسێک، ڕەنگێک، شتێک یان شێوەیەک. 
  • هەلوەسەی بەرکەوتن: بریتییە لە هەستکردن بەو شتانەی کە دەکرێت بەرکەوتنیان هەبێت، بۆ نموونە هەستکردن بەوەی مێشێک لەسەر پێستت دەخشێت یان هەستکردن بەوەی کەسێک دەستت لێ دەدات کە هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە. 
  • هەلوەسەی بۆنکردن: بریتییە لە هەستی بۆنکردنی شتێک کە هیچ سەرچاوەیەکی نییە. ئەمەیان کەمتر باوە بە بەراورد لەگەڵ هەلوەسەی بیستن و بینین. 
  • هەلوەسەی چەشتن: بریتییە لە هەستکردن بە بوونی تامێک لە دەمدا کە هیچ سەرچاوەیەکی نییە، ئەمەیان دەگمەنترین جۆری هەلوەسەیە.

نیشانەکان 

هەلوەسە دەکرێت کۆمەڵێک نیشانەی هەبێت بپێی جۆری هەلوەسەکە، بۆ نموونە:

  • هەستکردن بە شتێک کە بەر لەش بکەوێت، وەکوو جووڵان یان خشانی شتێک لەسەر پێست
  • بیستنی دەنگ، وەکوو مۆسیقا، دەنگی تەپەی پێ و تەقەتەقی دەرگا
  • بیستنی دەنگی مرۆڤ کە دەکرێت بە شێوەیەکی ئەرێنی یان نەرێنی بێت، وەکوو دەنگی کەسێک کە فرمانت پێ دەکات زیان بە خۆت یانی کەسانی تر بگەیەنیت
  • بینینی شت، ڕووناکی، شێوەی جۆراوجۆر و مرۆڤ یان بوونەوەری تر
  • بۆنکردنی بۆنێک کە دەکرێت خۆش یان ناخۆش بێت لە یەکێک لە کونە لووتەکان یان هەردووکیان
  • تامکردنی شتێک، زۆرجار تامێکی کانزایییە

دەستنیشانکردن

لەدوای پرسیارکردن لەبارەی نیشانەکانەوە، وەرگرتنی پێشینەی پزیشکی و شێوازی ژیان، ئەوا تیمی دەستەبەری تەندروستییەکە هەندێک پشکنینی جەستەیی و تاقیگەیی دەکات بۆ جیاکردنەوەی هۆکارە دەمارییەکان و نەخۆشییەکانی تر. 

پشکینەنەکانی تاقیگەیی بریتین لە:

  • پشکنینی خوێن: بۆ دڵنیابوونەوە لە هەبوونی هۆکاری ژەهراوی و مێتابۆلیکی
  • هێڵکاریی مێشک (EEG): بۆ پشکنینی چالاکیی نائاساییی لە کارەبای مێشک و پشکنینی گەشکە
  • تیشکی ئێم ئاڕ ئای: بۆ تێبینیکردنی برین لە پێکهاتەی مێشکدا وەکوو زەبر یان جەڵتەی مێشک

هۆکار 

باوترین هۆکاری هەلوەسە، شیزۆفرینیایە کە نەخۆشییەکی دەروونییە و بریتییە لە تێکچوونی بیرکردنەوە و ڕەفتار. هەروەها هەلوەسە لەگەڵ نەخۆشیی دووجەمسەریشدا دەبینرێت. 

لە نەخۆشیی دووجەمسەریی جۆری یەکەمدا، هەلوەسە لە هەردوو قۆناغی مانیا و خەمۆکیدا ڕوودەدات. لە نەخۆشیی دووجەمسەریی جۆری دووەمدا، هەلوەسە تەنیا لە قۆناغی خەمۆکیدا ڕوودەدات. کاتێک نەخۆشیی دووجەمسەری هەلوەسە و خەیاڵی پڕوپووچی لەگەڵدا دەبێت ئەوا بە نەخۆشیی دووجەمسەریی بە تایبەتمەندی سایکۆسسەوە دادەنرێت. 

هەلوەسە تەنیا لەگەڵ نەخۆشییە دەروونییەکانی وەکوو شیزۆفرینیا و دووجەمسەریدا ڕوونادات، بەڵکوو لەگەڵ نەخۆشیی تری جەستەیی و دەروونیشدا ڕوودەدات، کە بریتین لە: 

  • بەکارهێنانی کحول و ماددە هۆشبەرەکان
  • وازهێنان لە کحول و ماددە هۆشبەرەکان
  • نەخۆشییە دەمارییەکانی پەیوەست بە بیستن
  • تێکچوونی فرەکەسایەتی یان دابەشبوونی کەسایەتی (DID
  • پەرکەم 
  • ئاوی ڕەشی چاو
  • بەکارهێنانی ماددەی هەلوەسەپێکەر 
  • تێکچوونی مێتابۆلیکی
  • نەخۆشیی پەیوەست بە گوێی ناوەڕاست یان ناوەوە
  • لاسەرئێشە
  • نۆرەی خەوی کورت و لەناکاو 
  • نەخۆشییە دەمارییەکان
  • نەخۆشییەکانی چاو
  • فشاری پاش زەبری دەروونی
  • شیزۆفرینای سۆزداری
  • خەوزڕان
  • جەڵتەی مێشک

چارەسەر

چارەسەری هەلوەسە بەندە لەسەر جۆرەکەی، هۆکارەکەی و تەندروستیی گشتیی کەسەکە. بە گشتی پزیشک شێوازێکی فرەبەرنامەیی بەکار دەهێنێت، وەکوو دەرمان، چارەسەری دەروونی و پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی. دەستنیشانکردنێکی وردی هەلوەسە زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردن.

چارەسەری دەروونی

لە چارەسەری دەروونیدا وا لە کەسی تووشبوو دەکرێت کە بەمەراق ببێت لەبارەی نیشانەکانییەوە، دەستەبەری زانیاریی دەروونی بۆ دەکرێت، هۆکارەکانی هەلوەسەکەی دیاری دەکرێت و ئەزموونەکانی ئاسایی دەکرێنەوە لەلای. 

دەرمان

دەرمانەکانی دژەسایکۆسس زۆرجار بۆ چارەسەری هەلوەسە بەکاردێن، پیماڤانسێرین یەکەمین دەرمانە کە بۆ چارەسەری هەلوەسە پەسەند کرابێت.

یارمەتیدانی خود

ئەم ستراتیجییانە یارمەتیی تووشبووانی هەلوەسەی بیستن دەدەن:

  • وەرزش
  • ورتەورتکردن و وتنەوەی شتێک، وەکوو گۆرانی
  • پشت گوێ خستنی دەنگەکان
  • گوێگرتن لە مۆسیقا
  • خوێندنەوە
  • قسەکردن لەگەڵ کەسانی تردا 

چارەسەرەکانی تر 

وروژاندنی موگناتیسیی دووبارەبووەوەی کاسەی سەر (rTMS) بریتییە لە دانانی ئامێرێکی بچووکی موگناتیسی لەسەر کەللـەی سەر بۆ کەمکردنەوەی تووندی و دووبارەبوونەوەی هەلوەسەی بیستن لە هەندێک تووشبووی شیزۆفرینیادا.


سەرچاوەکان



1356 بینین