خەیاڵی پڕوپووچ

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-11-23:07:00 - کۆدی بابەت: 7571
خەیاڵی پڕوپووچ

ناوه‌ڕۆك

خەیاڵی بێ واتا چییە؟ 

خەیاڵی پڕوپووچ یان وەهم (بە ئینگلیزی: Delusion) بریتییە لە بوونی بیروباوەڕێکی جێگیری ناڕاست و هەڵە کە لەگەڵ واقیعدا یەک ناگرێتەوە، کاتێک کەسێک دووچاری حاڵەتی خەیاڵکردنی پڕوپووچ دەبێتەوە هەر چەند بەڵگەشی بۆ بهێنرێتەوە باوەڕ بەوە ناکات کە بیرکردنەوەکانی ناڕاستن. 
زۆرجار خەیاڵی پڕوپووچ بەهۆی تێگەیشتن و لێکدانەوەی هەڵە بۆ ڕووداوەکان دروست دەبێت. لە زۆر حاڵەتدا خەیاڵە پڕوپووچەکان کەمێک لە پارانۆیایان لەگەڵدا دەبێت، بۆ نموونە کەسێک باوەڕی بەوە هەیە کە حکوومەت بەهۆی شەپۆڵە ڕادیۆییەکانەوە هەموو جووڵەیەکی مرۆڤەکان کۆنترۆڵ دەکات، بێ گوێدانە ئەو بەڵگانەی پێچەوانەکەی دەسەلمێنن. 

خەیاڵی پڕوپووچ زۆرجار وەک بەشێک لە سایکۆسس و نەخۆشییە دەروونییەکانی تر دەردەکەوێت، هەروەها دەکرێت لەگەڵ هەلوەسەدا بەیەکەوە ڕووبدەن کە بریتییە هەستکردن بە شتێک کە لە واقیعدا بوونی نییە، وەک بیستنی دەنگێک یان بینینی شتێک.

جیاوازی نێوان هەلوەسە و خەیاڵی پڕوپووچ

هەلوەسە بریتییە لە هەستکردن بە شتێک کە ڕاست نییە واتا پەیوەندی بە هەستکردنەوە هەیە، بەڵام خەیاڵی پڕوپووچ بریتییە لە بیروباوەڕی هەڵە و ناڕاست واتا پەیوەندی بە بیرکردنەوەوە هەیە. 

نیشانەکان

نیشانەکانی خەیاڵی پڕوپووچ دەکرێت نامۆ یان نانامۆ بن. نیشانە نانامۆکان باوترن و بریتین لەو بیروباوڕە هەڵانەی کە دەکرێت کەسێک هەیبێت لە ژیانی ڕۆژانەدا و زیاتر بەهۆی هەڵە تێگەشتن و لێکدانەوەی هەڵەی ڕووداوەکانەوە دروست دەبن. 

خەیاڵی پڕوپووچی نامۆ بریتین لەو بیروباوەڕانەی کە ئەستەمن و لە ڕاستیدا بوونیان نییە، زۆرجار ئەم نیشانانە لەگەڵ نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک شیزۆفرینیا و سایکۆسسدا دەردەکەون.

نیشانەیەکی تری خەیاڵی پڕوپووچ ئەوەیە کە کەسەکە تووڕە، بێزار و بێجەو دەبێت.

جۆرەکان

خەیاڵی پڕوپووچی خۆشەویستی (Erotomanic): لەم جۆرەیاندا کەسەکە باوەڕی وایە کەسێک خۆشی دەوێت، کە بەزۆری کەسێکی خاوەن پێگەیەکی بەرزی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەگرێتەوە. بۆ نموونە کەسەکە باوەڕی وایە ئەکتەرێکی بەناوبانگ خۆشی دەوێت و بەنهێنی پەیوەندییان هەیە لەڕێی تەلەڤزیۆنەوە.

خەیاڵی پڕوپووچی خۆبەزلزانین (Grandiose): لەم جۆرەدا کەسەکە باوەڕی وایە کە بەهرە، توانا، هێز، ناوبانگ و سەروەتێکی نائاسایی و لە ڕادەبەدەری هەیە. بۆ نموونە کەسەکە باوەڕی وایە خودا هێزێکی تایبەتی پێداوە بۆ پاراستنی گەردوون و پێی وایە ڕۆژانە ئەو کارانە دەکات کە یارمەتیی پاراستنی گەردوون دەدەن.

خەیاڵی پڕوپووچی زۆرداری (Persecutory): لەم جۆرەیاندا کەسەکە باوەڕی وایە کەسێکی زۆر گرنگە و پێی وایە سیخووڕی بەسەرەوە دەکرێت، دەرمانخوارد دەکرێت، شوێنی دەکەون، لە پاشەملە باسی دەکرێت، ناپاکی لێ دەکرێت یان بەجۆرێک خراپ بەکار دەهێنرێت. بۆ نموونە کەسێک باوەڕی وایە بەڕێوەبەرەکەی لەڕێی ئاوی خواردنەوە کارمەندەکانی دەرمانخوارد دەکات.

خەیاڵی پڕوپووچی دڵپیسی (Jealous): لەم جۆرەیاندا کەسەکە باوەڕی وایە کە هاوڕێکەی، خۆشەویستەکەی یان هاوسەرەکەی دڵسۆزی نییە و ناپاکی لێ دەکات و هەمیشە چاوردێری ئەو کەسە دەکات بەبێ بوونی هیچ بنەمایەکی ڕاست بۆ ئەو بیروباوەڕە.

خەیاڵی پڕوپووچی جەستەیی (Somatic): لەم جۆرەیاندا کەسەکە باوەڕی وایە نەخۆشییەکی هەیە، ناڕازییە لە جەستەی خۆی و وا دەزانێت گۆڕانێکی بەسەردا هاتووە. 

خەیاڵی پڕوپووچی تێکەڵ یان دیارینەکراو (Mixed): بریتییە لە هەر خەیاڵێکی پڕوپووچی تر کە لە یەکێک لە جۆرەکانی سەرەوە نەبێت، وەکوو خەیاڵی پڕوپووچی ئایینی و خۆ بەکەم زانین و...هتد.

هۆکارەکان

  • هۆکاری بۆماوەیی: خەیاڵکردنی پڕوپووچ زیاتر لەو کەسانەدا باوە کە مێژووی خێزانیان بە خەیاڵکردنی پڕوپووچ یان شیزۆفرینیا و نەخۆشییە دەروونییەکانی ترەوە هەیە.
  • هۆکارە زیندەییەکان: وەکوو ناهاوسەنگی لە دەمارەگوێزەرەوەکان و کارنەکردنی ئاسایی لە مێشکدا. توێژینەوەکان لەم بارەیەوە بەردەوامن بۆ ئەوەی دیاری بکەن کە بەشە نائاساییەکانی مێشک کە بەرپرسن لە هەستکردن و بیرکردنەوە، چۆن کار دەکەنە سەر دروستبوونی ئەم حاڵەتە. 
  • هۆکارە ژینگەیی و دەروونییەکان
  • زەبری دەروونی 
  • فشار 
  • بەکارهێنانی کحول و ماددە هۆشبەرەکان 
  • دابڕان و تەنیایی

حاڵەتەکانی خەیاڵی پڕوپووچ 

خەیاڵی پڕوپووچ نیشانەیەکە دەکرێت لەگەڵ زۆر نەخۆشیدا دەربکەوێت، وەکوو:

دەستنیشانکردن

دەستنیشانکردن بەپێی نیشانەکان دەکرێت، پزیشک دوای دڵنیبوونەوە لە نیشانەکان پشکنینی جەستەیی ئەنجام دەدات و مێژووی پزیشکیی کەسەکە وەردەگرێت، هەروەها پشکنینە تاقیگەییەکانیش دەکرێت ئەنجام بدرێن بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هۆکارێکی جەستەیی بۆ نیشانەکان، لە ئەگەری نەبوونی هیچ هۆکارێکی جەستەیی ئەوا نەخۆشەکە ڕەوانەی لای پزیشکی دەروونی دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی زیاتر.

چارەسەر 

بۆ چارەسەری خەیاڵی پڕوپووچ زۆرجار چارەسەری دەروونی و چارەسەر بە دەرمان بەیەکەوە بەکار دەهێنرێن. 

دەرمان

  • یەکەم وەچەی دژەسایکۆسسەکان (ئاسایییەکان): ئەم دەرمانانە وەرگرەکانی دۆپامین لە مێشکدا بلۆک دەکەن.
  • دووەم وەچەی دژەسایکۆسسەکان (نائاساییەکان): ئەم دەرمانانە وەرگرەکانی دۆپامین و سیرۆتۆنین لە مێشکدا بلۆک دەکەن.
  • ئارامکەرەوەکان (Tranquillizers): ئەم دەرمانانە بەکاردێن بۆ کێشەکانی دڵەڕاوکێ، خەو و لەرزین کە دەکرێت لەگەڵ خەیاڵی پڕوپووچدا ڕووبدەن.
  • دژەخەمۆکییەکان: بۆ کێشەکانی میزاج و خەمۆکی

چارەسەری دەروونی 

چارەسەری هزریی ڕەفتار بەکار دەهێنرێت، کە یارمەتی کەسەکە دەدات بیروباوەڕە هەڵەکانی دیاری بکات و هەوڵ بدات بیانگۆڕێت. چارەسەری خێزانیش کاریگەریی هەیە بۆ ئەم حاڵەتە، کە تێیدا ئەندامەکانی خێزان فێر دەبن چۆن مامەڵەی گونجاو لەگەڵ کەسە تووشبووەکەدا بکەن و پاڵپشتیی بکەن.


سەرچاوەکان



889 بینین