کەنگەری درەخت

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-12-18:54:00 - کۆدی بابەت: 7577
کەنگەری درەخت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەنگەری درەخت (بە ئینگلیزی: tree kangaroo)، گیانەوەرێکی مەمکداری خێزانی تورەگەدارەکانە، خۆی گونجاندووە لەگەڵ درەختەکان، نشینگەکەی زۆرینەی دارستانە باراناوییەکانی هێڵی کەمەرەییی دەگرێتەوە، بە تایبەتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوستوڕالیا و غینیای نوێ و باکووری ڕۆژهەڵاتی کوینزلاند و هەندێک لە دورگەکانی ناوچەکە، زۆرینەی کەنگەرەکان بەهۆی ڕاوکردن و لەدەستدانی نشینگەکانیانەوە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و بە بەردەوامی ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە، باوەڕ وایە کە پەرەسەندنی ئەم گیانەوەرە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی زەویدا دروستبووە، سەرەتا کەنگەرەکان لە ناوچە و نشینگەی شێدار و باراناویدا ژیاون، دواتر لەگەڵ هاتنی وشکەساڵی و وشک بوونی زەوییەکانی نشینگە بنەڕەتییەکانیان ناچار بوون کە لەگەڵ باوردۆخە نوێیەکەدا بگونجێن، و سەرئەنجام کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە جەستەیاندا ڕوویداوە، هەروەها هەندێک جۆری دیکە لە چەرخی بەستەڵەکدا ژیاون لە نێو دارەکاندا کە لە هەمان خێزانی کەنگەری درەخت بووە، بەڵام لە ئێستادا نەماوە.

شێوەی دەرەوەی

درێژی بچووکترین جۆریان لە سەرییەوە هەتا کلکی لە نێوان ٤٨-٦٥ سانتیمەتر دەبێت و درێژی کلکیشی ٦٠-٧٤ سانتیمەتر دەبێت، ناوەندە کێشی نێرینەکان دەگاتە ٧.٢ کیلۆگرام و مێینەکانیش دەگەنە ٥.٩ کیلۆگرام، بەڵام درێژی و کێشی جۆرەکانی تر زیاترن، بەهۆی ئەوەی جێگەی ژیانکردنی لە نێو دارەکاندایە، بۆیە کەنگەری درەخت پێکهاتەی جەستەی جیاوازترە لە ئەو جۆرانەی کە زەمینەین، بۆ نموونە قاچەکانی دواوەی درێژتر و گەورەترن، نینۆکی پەنجەکانیشی درێژتر و چەماوەترن، هەروەها مشتێکی هاوشێوەی ئیسفەنجیان هەیە لەسەر شان و ژێر پێیەکانیان، درێژی و ڕادەی لەرینەوەی کلکیشیان زیاترە بە بەراورد بە کەنگەرە زەمینەییەکان، بەهۆیەوە هاوسەنگییەکی کاریگەریان پێدەدات لەکاتی جووڵان لەسەر درەختەکان، بەڵام لەسەر زەوی جووڵەیەکی هێواشیان هەیە و بە نزیکەیی هاوشێوەی مرۆڤەکانن، دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا ٧٠ کیلۆمەتر ببڕێت و بازدانیشی لەسەر دار و لەسەر زەوی جیاوازە، لەسەر درەختێکەوە بۆ دانەیەکی تر دەتوانێت بە جارێک ٩ مەتر ببڕێت، و لەسەر زەویش توانایەکی بازدانی نائاسایی هەیە کە دەگاتە ١٨ مەتر بە بێ ئەوەی زیانی پێبگات.

خۆراک

کەنگەری درەخت گیانەوەرێکی گیاخۆرە، سەرچاوەی سەرەکی ژەمە خۆراکییەکانی بریتین لە گەڵا و میوە و ئەو بەرهەمانەی کە لە درەختەکانەوە کۆیاندەکاتەوە، هەندێکجاریش دەکرێت لەسەر زەوی بەدەستیان بهێنێت و کۆیانبکاتەوە، جگە لە ئەوانە کەنگەری درەخت دەتوانێت چەرەس و تۆو و ئارد و قەدی درەختەکانیش بخوات، بەڵام هەندێک لە ئەو جۆرانەی کە دیلن، بە تایبەتی لە سنووری غینیای نوێ، دەتوانن ماددەی پڕۆتینی وەک هێلکە و باڵندە و مار بخۆن، بەهۆیەوە بە ئەم جۆرانە دەوترێت گۆشتخۆر. 

یەکگرتن و زۆربوون

زانیاری زۆر ورد و درشت دەربارەی زۆربوونی کەنگەری درەختی کێوی نییە، هەموو ئەو زانیارییانەی کە لە ئێستادا هەن لە ئەو کەنگەرانەوە بەدەستهێنراون کە دیلکراون، کەنگەری درەخت پێویستی بە دۆزینەوەی جێگەیەکی زۆر ئاسوودە و لەبارە بۆ زۆربوون، مێینەکان لە تەمەنێکی بچووکدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن، بە نزیکەیی دەگاتە دوای دووەم ساڵی تەمەنیان، بەڵام نێرینەکان لە تەمەنێکی گەورەتردایە، دەگاتە کاتێک کە نزیک دەبنەوە لە تەمەنی پێنج ساڵی، ماوەی بە بەرهەمی مێینەکە نزیکەی ٢ مانگە، ماوەی گەشەسەندنی بێچووەکەشی لە نێو تورەگەکەیدا نزیکەی ٢٤٦-٢٧٥ ڕۆژ دەخایەنێت، کە یەکێکە لە درێژترین ماوەکانی گەشەسەندن، پاشان لە ماوەی نێوان ٨٧-٢٤٠ ڕۆژ بێچووەکە لە شیر دەبڕدرێتەوە، مێینەی کەنگەری درەخت لە ساڵێکدا تەنها یەکجار و یەک بێچووی دەبێت، هەروەها ئەم گیانەوەرانە بە ئەوە بەناوبگن کە وەرزی زۆربوون و کاتی لەدایکبووونی بێچووەکان زۆر ئارام و لەسەرخۆیە، و کاتی لەدایکبوونی بێچووەکانیش لە با وەرزدا دەبێت.

جۆرە سەرەکییەکانی

جۆرەکانی کەنگەری درەختی زۆرینەیان لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەژین، و تەنها هەندێکیان لە ناوچە نزمەکانی سەر زەوی دەمێننەوە، بە ناوبانگترین جۆرەکانیش ئەمانەن:

  • کەنگەری درەختی ئاڵتوونی
  • کەنگەری درەختی سیری
  • کەنگەری درەختی زەوییە نزمەکان


سەرچاوەکان



547 بینین