داگیرکردنی تەلعەفەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-13-15:24:00 - کۆدی بابەت: 7587
داگیرکردنی تەلعەفەر

ناوه‌ڕۆك

جەنگی ناوخۆی عێراق

دووەمین جەنگی ناوخۆی عێراق یان جەنگی دژی داعش (بە عەرەبی: الحرب الأهلية العراقية الثانية، بە ئینگلیزی: War in Iraq)، جەنگێکی چەکدارییە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە عێراق لە شێوەی یاخیبوون دەستی پێکرد. دوای ئەوەی شارەکانی مووسڵ و فەلووجە و کۆمەڵێکی زۆر ناوچەی سەرەکی عێراق داگیرکران و ئەبووبەکر بەغدادی خەلافەتی ئیسلامی ڕاگەیاند، بەخێرایی ڕووداوەکان بەرەو جەنگێکی سەربازی ماوەدرێژ درێژەیان کێشا.

ئەم جەنگە بووە هۆی دروستبوونی حەشدی شەعبی لەلایەن سەروەزیرانی عێراق نووری مالیکی، دوای ئەوەش دەسەڵاتەکانی درا بە حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی نوێ، دوای هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان پێشمەرگە و سوپای عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتی چوونە نێو جەنگ دژی تیرۆر و چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوەکە ئەنجام دران، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ جەنگەکە بە گرتنەوەدەستی تەواوی خاکی عێراق لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە کۆتایی هات.

بابەتی سەرەکی: جەنگی دژی داعش

کەوتنی تەلعەفەر

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٥ـی حوزەیرانی ٢٠١٤ داعش هێرشی کردە سەر شاری تەلعەفەر کە زۆرینەی تورکمانی شیعەن و ١٥٠ کیلۆمەتر لە سنووری سووریاوە دوورە، سەرەتا داعش بە وتنەوەی (حي على السلام) و بانگەواز بۆ ئاشتی هاتە پێشەوە و دواتر بە ٢٠٠ چەکدارەوە هێرشی کردە سەر شارەکە، سوپای عێراق لەوکاتەدا ٤,٠٠٠ سەربازی لەناو شارەکە هەبوو و لە ئاسمانیشەوە بۆردمانی چەکدارەکان کرا بەڵام سوودی نەگەیاند و شارەکە کەوتە دەست چەکدارەکان و زۆرێک لە خەڵکی ناوچەکەش ئاوارەی ئەو ناوچانەبوون کە لەژێر دەستی پێشمەرگەدابوون. تورکمانە شیعەکان ئاوارەی ناوچەکانی ڕۆژئاوا بوون و تورکمانە سونییەکانیش ئاوارەی ڕۆژهەڵات.

لەو ڕۆژەشدا هێرشیان کردە سەر ڕوممان و کەرابیل و عوبەیدی لەسەر سنووری سووریا لە پارێزگای سەڵاحەدین.

کوشتارگەی زیندان

چالاکوانان و سەرۆک هۆزە یاخیبووەکان هێزەکانی عێراقیان تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لەناو دەستگیرکراوانی زیندانی تەلەعفەر، بەپێی سەرچاوەیەکی سوپای موجاهیدین، سوپای عێراق پێش ئەوەی شوێنەکانی لە تەلعەفەر بەجێبهێڵێت، زیاتر لە ٥٠ دەستگیرکراوی لە زیندانی تەلعەفەر کوشتووە. کە زیندانەکە نزیکەی ٧٠٠ دەستگیرکراوی تێدابووە ٥٠ـیان ژنن. لەگەڵ هەواڵەکەشدا وێنەی کۆمەڵێک جەستەی زۆری کەڵەکەبوو لەسەر یەکتری بڵاوبوویەوە.

زانیاری گشتی

ڕێکەوت ٢٠١٤/٦/١٥
ناوچە تەلعەفەر، عێراق
ئەنجام سەرکەوتنی داعش لە داگیرکردنی شوێنەکە
گۆڕانکاری جوگرافی داعش دەستی بەسەر تەلعەفەردا گرت و خستیە ژێر ڕکێفی خەلافەتی خۆیەوە

هێز

داعش عێراق
زیاتر لە ٢٠٠ چەکدار ٤,٠٠٠ چەکدار

 


سەرچاوەکان



357 بینین