ئەو هۆکارانەی کە وادەکات مێردەکەت چاودێری مۆبایلەکەت بکات

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-23-00:15:00 - کۆدی بابەت: 7676
ئەو هۆکارانەی کە وادەکات مێردەکەت چاودێری مۆبایلەکەت بکات

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ژیانی هاوسەرێتی جیا لە خۆشییەکانی کێشەی زۆریشی تێدایە، دڵپیسی دژمنی سەرەکی ژیانی هاوسەردارێتییە و ژیانی هاوبەش لەناودەبات دڵپیسی یەکێکە لە هۆکارەکان تاکوو هاوسەرێک وای لێ بێت بەردەوام چاودێری مۆبایلی هاوسەرەکەی بکات، جگە لەمە چەندین هۆکاری دیکە هەیە بۆ ئەم کارە، توێژینەوەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە ٪٣٤ـی ژنان و ٪٦٢ـی پیاوان بەردەوام چاودێری مۆبایلی هاوسەرەکانیان دەکەن و بەزۆریش پیاوان ئەم کارە ئەنجام دەدەن کە دەکرێت چەند هۆکارێکی هەبێت.

چی هۆکارێک وادەکات مێردەکەت چاودێری مۆبایلەکەت بکات؟

متمانە بەخۆبوونی کەمە

یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە مێردەکەت متمانەی بەخۆی کەمە و کاتێک نامەیەک یان تێلێکت بۆ دێت دەترسێت لەوەی کە خۆی کەم بێت بۆ تۆ و ئیتر تۆ ئەوت نەوێت، هەر بۆیە بەردەوام دەیەوێت بزانێت کێن ئەو کەسانەی کە نامەت بۆ دەنرێن، ئەم کەسانە بەردەوام وابیردەکەنەوە کە ژنەکەیان شایەنی کەسێکی باشترە و ئەم هیچ سوودێکی نییە بۆی و لە کەسانی تر کەمترە و بەدڵنییایەوە ژنەکەی کەسێکی دیکە دەدۆزێتەوە و بەجێی دەهێڵێت بۆیە پێویست دەکات کە چاودێری بکات و ئاگاداری بێت تاکوو ئەمە ڕوونەدات.

ناڕازییە لە پەیوەندییەکەتان

لە پەیوەندییەکی باشدا دەبێت هەردوولا متمانەیان بە یەکتری هەبێت و ڕێزی یەکتری بگرن، لەوانەیە مێردەکەت هێشتا دڵنیا نەبێت لەوەی کە ئایا ئەم پەیوەندییەی پێخۆشە یاخود نا و ناڕازییە هەندێک کات بە چاودێریکردنی تۆ دەیەوێت ئەمە بسەلمێنێت و بیانوو بهێنێتەوە، بۆیە زۆر گرنگە لەم حاڵەتەدا قسە بکەن پێکەوە و لە یەکتری تێبگەن.

هەست دەکات خیانەتت لێ کردووە

مێردەکەت وابیردەکاتەوە کە هەر کاتێک مۆبایلت پێ بوو و قسەت کرد و پێکەنیت ئەوە خیانەتی لێ دەکەیت و پەیوەندی ترت هەیە.

متمانەی تەواوی پێت نییە

متمانەکردن زۆر گرنگە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی تەواو و بێ کێشە، دەبێت هەردوولا متمانەیان بە یەکتری هەبێت، ئەگەر لە ژینگەیەکی وادا گەورە بووبیت کە هەمیشە درۆت لەگەڵدا کرابێت و نەتتوانیبێت متمانە بە کەس بکەیت ئەوە قوورسە لە داهاتووشدا بتوانیت متمانە بە ژنەکەت بکەیت، بۆیە نەبوونی متمانەش هەستی بوونی خیانەت دروست دەکات و وات لێ دەکات چاودێری مۆبایلی ژنەکەت بکەیت.

لە سنووری کەسایەتی تێ ناگات

مێردەکەت تێ ناگات لەوەی کە تۆ ژنی ئەویت نەک هەموو شتێکی ئەو و دەبێت بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بیت، ژن و پیاو چەندە لە یەکیشەوە نزیک بن هێشتا سنوورێک دەبێت هەبێت و هەر یەکەیان سنووری تایبەتی بە خۆی هەبێت و نەهێڵێت هیچ کەسێک ئەو سنوورە تێبپەڕێنێت، بەکارهێنانی مۆبایلیش هەمان شتە و سنووری خۆتە.

دەترسێت لە قسەکردنی ڕوون

ئەگەر هەستت کردووە کە مێردەکات ماوەیەکە بێدەنگە و دواتر لەناکاو چاودێری مۆبایلەکەت دەکات، بەو واتایە دێت کە نایەوێت هەستی ڕاستەقینەی بە ڕاستەوخۆیی بڵێت پێت و هەوڵ دەدات لێتی بشارێتەوە، ئەگەر بە ئەم بابەتەت زانی واباشترە کە ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ مێردەکەت بکەیت لەسەر ئەمە و پێی بڵێیت کە بۆچی هەستەکانت دەشاریتەوە و گومانت لە چی هەیە، بێگومان ئەگەر پەیوەندییەکەتانی خۆش بوێت هەوڵ دەدات دوای گفتوگۆکە ڕاستەوخۆ هەستەکانی خۆی دەرببڕێت و قسەی دڵی بکات.

پێویستی بە گرنگیپێدانە

ساتێک دانیشە و بیربکەرەوە بزانە کۆتا جار کە لەگەڵ مێردەکەت قسەتان کرد و پێکەوە دانیشتن کەی بووە، ئەگەر هەستت کرد زۆر دەمێکە ئەوە بێگومان یەکتریتان فەرامۆش کردووە و مێردەکەت پێویستی بە گرنکی پێدانی زیاترە، مێردەکەت لە ڕێگەی چاودێری مۆبایلەکەتەوە دەیەوێت بۆی دەربکەوێت کە ئایا شتێک بوونی هەیە وای لە تۆ کردبێت وەک جاران گرنگی پێ نەدەیت.


سەرچاوەکان



1105 بینین