پێویستە هەفتانە چەند جار قژ بشۆین؟

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-01-23-15:30:00 - کۆدی بابەت: 7677
پێویستە هەفتانە چەند جار قژ بشۆین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو کەسانەی قژیان چەورە یان ڕۆژانە بەرهەمەکانی ڕازاندنەوەی قژ بەکار دەهێنن پێویستە ڕۆژانە یان هەر دوو ڕۆژ جارێک قژیان بشۆن، ئەو کەسانەی قژیان وشکە دەتوانن کەمتر قژیان بشۆن، هەروەها ئەوانەی قژیان لوولپێچە پێویستە هەفتەی جارێک یان دوو هەفتە جارێک قژیان بشۆن. زۆربەی خەڵک پێیان وایە شوشتنی بەردەوامی قژیان بەشێکە لە پاکوخاوێنیان بەڵام دەبێت بزانرێت شوشتنی قژ بەندە لەسەر جۆری قژ و هەندێک هۆکاری تر، هەروەها شوشتنی قژ زیاتر لە ئاستی پێویست زیان بە قژ دەگەیەنێت.

پێویستە هەفتانە چەند جار قژ بشۆرێت؟

شوشتنی قژ شتێکی جێگیر نییە، هەندێک کەس پێویستە ڕۆژانە قژیان بشۆن، لە کاتێکدا هەندێکیان پێویستە هەفتانە یان دوو هەفتە جارێک قژیان بشۆن، بە گشتی قژ پێویستە بشۆرێت کاتێک پیس دەبێت، چەور دەبێت یان کاتێک پێستی تەپڵەسەر شتی لەسەر کۆ دەبێتەوە.

کۆمەڵەی  ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ پێستزانی (AAD) دەڵێت:

  • ئەگەر قژی کەسێک چەور بێت، دەکرێت ڕۆژانە بیشوات.
  • ئەگەر کەسێک دەرمانی کیمیایی بۆ قژی بەکار هێنابێت، وەکوو بۆیەکردن، دەتوانێت کەمتر بیشوات.
  • ئەگەر قژی کەسێک لوولپێچ بێت، دەکرێت هەفتانە یان دوو هەفتە جارێک بیشوات.
  • کاتێک کەسێک بەتەمەن دەبێت قژی کەمتر چەوری بەرهەم دەهێنێت، بۆیە دەکرێت کەمتر بیشوات.

کەی پێویستە قژ بشۆرێت؟

لەبەرئەوەی جۆری جیاوازی قژ هەیە، ناتوانرێت دیاری بکرێت کە چ کەسێک پێویستە چ کاتێک قژی بشوات، بەڵام بە گشتی لەکاتی هەبوونی ئەم خاڵانە پێویستە کەسەکە قژی بشوات:

  • کاتێک قژەکە چەورە و تێکئاڵاوە
  • کاتێک قژەکە پیس دەردەکەوێت
  • کاتێک قژەکە ڕەنگی مات دەبێت
  • کاتێک پێستی تەپڵەسەر کڕێش و وردە پیسیی لەسەر کۆببێتەوە

ئایا دەکرێت ڕۆژانە قژ بشۆرێت؟

بە پێچەوانەی ئەو بیروباوەڕە گشتییەی کە هەیە، پێویست ناکات قژ ڕۆژانە بشۆرێت، هەندێک کەس ڕۆژانە قژیان دەشۆن و هەندێکی تریش ئاسایییە بەلایانەوە کە تا چەند ڕۆژێک قژیان نەشۆن. بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٧ـدا کراوە جارەکانی شوشتنی قژ بەندە لەسەر چەند هۆکارێک، کە بریتین لە:

  • درێژیی قژ
  • هەڵبژاردەی کەسەکان خۆیان
  • کولتوور
  • پەستانی کۆمەڵایەتی

بەپێی توێژینەوەکە کە کراوە ئاسایییە بۆ ئەو کەسانەی کە قژیان چەورە، ڕۆژانە قژیان بشۆن ئەگەر شامپۆیەکی باش و تەندروست لەگەڵ نەرمکەرەوە بەکار بهێنن، بۆ ئەوەی شامپۆیەکە کاریگەریی لەسەر گەشەی قژ نەبێت.

ئەو هۆکارانە چین کە کاردەکەنە سەر جارەکانی شوشتنی قژ؟

هەبوونی ئارەق: کەسێک دەتوانێت قژی بشوات دوای ئەنجامدانی ڕاهێنان و وەرزش یان دوای لەسەرکردنی کڵاو یان لەچک بۆ کاتێکی درێژ کە دەبنە هۆی ئارەقکردنەوەی پێستی سەر چونکە ئارەق بۆنی قژ ناخۆش دەکات و پیسی دەکات.

هەبوونی تۆز و پیسی: کاتێک قژی کەسێک تۆز و پیسیی دەچێتە ناو پێویست بە شوشتن دەکات، مانەوەی تۆز و پیسی لەناو قژ بەپیسی دەری دەخات و دەبێتە هۆی هەستیاری.

ڕێژەی چەوریی قژ: بوونی کەمێک چەوری لە قژ شتێکی باو و ئاسایییە، بەڵام هەندێک کەس قژیان چەوری زیاتر بەرهەم دەهێنێت لەوانی تر، کاتێک چەورییەکە لەناو قژ کۆ دەبێتەوە وای لێ دەکات پیس و ئاڵۆز دەربکەوێت، ئەو کەسانەی قژیان لە ڕادەی ئاسایی زیاتر چەورە پێویست دەکات زیاتر قژیان بشۆن.

بەکارهێنانی بەرهەمەکانی ڕازاندنەوەی قژ: ئەو کەسانەی بەرهەمی زۆر و جۆراوجۆر بەکار دەهێنن بۆ ڕازاندنەوەی قژیان دەتوانن بەپێی پێویست قژیان بشۆن یان تەڕ بکەن بۆ لابردنی بەرهەمەکە لەسەر قژیان، چونکە مانەوە و کۆبوونەوەی بەرهەمەکە لەسەر پێستی سەر دەبێتە هۆی هەراسانی. 

جۆری قژ: بە گشتی قژی لوول و لوولپێچ لە قژی خاو کەمتر پێویسیتان بە شوشتن هەیە، ئەو کەسانەی قژیان لوولە دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە شوشتنی بەردەوامی قژ چونکە زیان بە شێوەی لوولییەکەی دەگەیەنێت.

هەڵبژاردنی شامپۆ

شامپۆی قژی ئاسایی: ئەم شامپۆیە بۆ قژێکی ئاسایییە کە دەرمانی کیمیایی بۆ بەکار نەهاتووە هەروەها بۆ ئەو کەسانەی پێستی سەریان بڕێکی ئاسایی لە چەوری بەرهەم دەهێنێت، ئەم شامپۆیە گۆگرداتی لاورڵی تێدایە کە پاککردنەوەیەکی باش و نەرمکردنەوەیەکی مامناوەند دەستەبەر دەکات. 

شامپۆی قژی وشک: ئەم شامپۆیە بۆ قژێکە کە دەرمانی کیمیایی و بەرهەمی ڕازاندنەوەی وشک و زبری بۆ بەکار هاتبێت، ئەم شامپۆیە نەرمکردنەوەیەکی باش و پاککردنەوەیەکی سووک دەستەبەر دەکات.

شامپۆی قژی چەور: ئەم شامپۆیە نەرمکەرەوەی تێدا نییە و بۆ قژی چەور گونجاوە.

شامپۆی ڕۆژانە: ئەم شامپۆیە جۆرێکی سووکە و زۆر بەکەمی نەرمکەرەوەی تێدایە، بۆ شوشتنی ڕۆژانەی قژ بەکار دێت. ئەو کەسانەی ڕۆژانە قژیان دەشۆن پێویستە نەرمەکەرەوە بەجیا بەکار بهێنن.

شامپۆی بەهێز بۆ پاککردنەوە: ئەم شامپۆیە بۆ ئەو کەسانەیە کە بەرهەمەکانی ڕازاندنەوەی قژ زۆر بەکار دەهێنن، وەکوو جێلی قژ، ماددە کەفییەکان و سپڕای قژ. ئەم شامپۆیە ماددەی گۆگرداتی لاوڕلی تێدایە بۆ لادانی ئەو پۆلیمەرانەی کە لەسەر لاسکی قژ کۆ دەبێتەوە. ئەم شامپۆیە دەتوانرێت هەفتانە بەکار بهێنرێت.  

شامپۆی منداڵ: ئەم شامپۆیە ماددەی پاککەرەوەی سووکی تێدایە.

شامپۆی دەرمان: ئەم شامپۆیە دەرمانی تێدایە بۆ حاڵەتەکانی هەوکردن وەکوو، سەدەف لەگەڵ تووشبوونی میکرۆبیی پێست.

شامپۆی کارامە: ئەم شامپۆیە نابێت بۆ شوشتنی ڕۆژانە بەکار بهێنرێت، تەنیا لەکاتی پێش بڕین و ڕازاندنەوەی قژ بەکار دەهێنرێت. 

باشترین ڕێگە بۆ شوشتنی قژ

  • شامپۆیەکی نەرم بەکار بهێنە.
  • بڕێکی کەم لە شامپۆکە بەکاربهێە و تەنیا بیدە لە ڕەگی قژەکە و مەساجی پێ بکە.
  • دووربە لەوەی ڕاستەوخۆ شامپۆ لە تاڵەکانی قژ بدەیت.
  • کاتێک ئاو بە قژت دادەکەیت با شامپۆکە لەگەڵ ئاوەکە بە تاڵەکانی قژتدا بێتە خوارەوە.
  • لەکاتی بەکارهێنانی نەرمکەرەوە تەنیا بیدە لە خوارەکانی تاڵی قژ نەک بیدەیت لە پێسی سەر و ڕەگی قژەکە.

ڕێنوێنی بۆ شوشتنی قژی لوول 

قژی لوول پێویستە زۆر بەکەمی بشۆرێت، کە هەفتانە یان دوو هەفتە جارێکە. بە گشتی قژی ڕەش قژێکی ئەستوور و زۆر جاریش لوولە، بەگوێرەی کۆمەڵەی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ پێستزانی ئەم خاڵانە پێشنیاز کراون بۆ شوشتنی قژی لوول:

  • لەدوای هەر شوشتنێک پێویستە نەرمکەرەوە بەکار بهێنرێت.
  • هەفتانە لە جارێک زیاتر نابێت قژەکە بشۆرێت.
  • پێویستە مانگانە دووجار چارەسەرێکی ڕۆنی بەکار بهێنرێت.
  • دووربە لە بادان و بەستنی قژ بە توندی بەتایبەت لە تۆقەسەر.
  • بەکارهێنانی بەرهەمەکانی پارێزەر لە گەرمی پێش بەکارهێنانی ئامڕازە گەرمەکانی ڕازاندنەوەی قژ، وەکوو ئوتوو
  • بەرهەمەکانی خاوکردنەوە بە وریایییەوە بەکاربهێنە.

جێگرەوەکانی شامپۆ

نەرمکەرەوەی پاککەرەوە: نەرمکەرەوە پاککەرەوەکان هەندێک تایبەتمەندیی پاککردنەوەیان هەیە هاوکات لەگەڵ سوودی نەرمکردنەوە، ئەم نەرمکەرەوە پاککەرەوەیە دەتوانرێت لەجێی شامپۆ بەکار بهێنرێت بەبێ هیچ کێشەیەک. 

شامپۆی بێ ماددەی پاککەرەوە: زۆربەی شامپۆکان ماددەی گۆگرداتیان تێدایە کە دەکرێت زیان بە قژ بگەیەنێت و تەپڵەسەر وشک بکاتەوە، کەسەکە دەتوانێت شامپۆی سروشتی (no-poo shampoo) بەکار بهێنێت کە ئەم ماددە پاککەرەوەیەی تێدا نییە. 

شامپۆی وشک: ئەم جۆرەی شامپۆ بۆ کەسانی قژ چەور یان تەنک بەکار دێت، بەڵام زۆرجار بەکارهێنانی ڕەتدەکرێتەوە چونکە بێزارکەرە و لەدوای خۆی پاشماوەی تۆز لە تەپڵەسەر کۆ دەکاتەوە، هەروەها پاککەرەوەیەکی زۆر باش نییە.

زیانی زۆر شوشتنی قژ چییە؟

شامپۆ قژ و تەپڵەسەر پاکدەکاتەوە بە لابردنی چەوری زیادە و پیسیی سەر، بەڵام زۆر بەکارهێنانی شامپۆی زیانبەخش دەبێتە هۆی وشککردنەوەی قژ و تەپڵەسەر، هەروەها زیان بە قژ دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی هەراسانی.


سەرچاوەکان



3960 بینین