خۆشۆردن لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-24-23:03:00 - کۆدی بابەت: 7693
خۆشۆردن لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خۆشۆردن پاکبوونەوەی جەستە و ئارامبوونەوەی دەروونە، لە هەموو تەمەنێکدا سوودێکی زۆری هەیە و دەبێت گرنگی پێ بدرێت، ماوەی دووگیانی لە هەموو ڕوویەکەوە هەستیارتر و جیاوازترە لە ماوەکانی تر، خۆشۆردن لەماوەی دووگیانیدا سوودێکی زۆری هەیە و خانمان دەبێت گرنگی تەواوی پێ بدەن، بەڵام دەبێت بزانرێت کە بە چی شێوەیەک خۆت بشۆیت و لەم ماوەیەدا پێویستە لە چی دووربکەویتەوە.

خۆشۆردن لە سێ مانگەکانی دووگیانیدا دەبێت چۆن بێت؟

سێ مانگی یەکەمی دووگیانی

سێ مانگی یەکەمی دووگیانی یەکێکە لە سێ مانگە زۆر گرنگەکان بۆ کۆرپەلە، لەم سێ مانگەدایە کە تەواوی ئەندامەکانی جەستەی منداڵەکە دەست دەکەن بە دروستبوون و گەشەکردن بۆیە دەبێت دایکان زۆر وریابن بۆ هەر شتێک لەم سێ مانگەدا، ئەگەر ئاوی گەرماوەکە زۆر گەرم بێت زیانی زۆر دەگەیەنێت بە دایکەکە و منداڵەکەش، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی لەبارچوونی منداڵەکە، بۆیە پێویستە لە سێ مانگی یەکەمدا ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاو بکات:

  • دوورکەوتنەوە لە ئاوی زۆر گەرم.
  • پاڵنەکەوتن بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو بانیۆدا.
  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی لە گەرماوەکەدا. 

سێ مانگی دووەمی دووگیانی

خۆشۆردن لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا زۆر هەستیارە، دەبێت بەباشی هاوسەنگی جەستەت ڕابگریت و پێویستە خۆشۆردنەکە هەستێکی باشت پێ بدات و ئارامت بکاتەوە، بۆیە لە کاتی خۆشۆردنەکەدا ئەم چەند خاڵە ڕەچاو بکە:

  • بە شێوەیەکی ڕێکوپێک خۆت بشۆ و کاتی بۆ دابنێ.
  • پێش چوونە گەرماو لە پلەی گەرمی ئاوەکە دڵنیا ببەرەوە.
  • زۆر لە گەرماوەکەدا مەمێنەرەوە، چونکە مانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە گەرماودا دەبێتە هۆی تووشبوونی کەڕوویی زێ.
  • بۆ ئەوەی ئازار و کەشەنگبوونی ماسولکەکانی قاچت نەهێڵیت دەتوانیت قاچەکانت لەناو ئاوی گەرمدا بۆ ماوەیەک دابنێیت.

سێ مانگی سێیەمی دووگیانی

ئەم سێ مانگەی کۆتایی زۆر نزیکیت لە منداڵبوونەوە، کە لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا هەموو جەستە تووشی ئازار دەبێت کە خۆشۆردن هۆکارێکە بۆ نەهێشتنی ئەو ئازارانە، هەروەها لە کاتی نریکبوونەوەی منداڵبوون و هەبوونی ژان، خۆشۆردن هۆکارێکە بۆ ئەوەی زووتر و ئاسانتر منداڵەکەت لەدایک ببێت، دەبێت لەم سێ مانگەدا ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەیت: 

  • هەر کاتێک هەستت کرد پلەی گەرمی ئاوەکە نەگونجاوە خێرا لە ئاوەکە وەرە دەرەوە.
  • واباشترە لەم ماوەیەدا کەسێک چاودێریت بکات بەتایبەت دوای هاتنە دەرەوە لە گەرماو.
  • پێویستە کۆنتڕۆڵی کێشی خۆت بکەیت و وریا بیت کە نەکەویت، زۆر وریای ئەوە بیت نەخزێیت و نەکەویت.

سوودەکانی خۆشۆردن لەماوەی دووگیانیدا

  • بەهۆی گۆڕانکاری و کشانی پێستەوە لەماوەی دووگیانیدا، پێست خانەی مردووی زیاتر دەبێت و ماددەی زیادە و چەوری لە کونیلەکانی پێستەوە دێتە دەرەوە و ئەگەر خانمەکە خۆی نەشوات و خۆی پاک نەکاتەوە ئەم کونیلانە دەگیرێن و ماددەی مردووی زۆری لەسەر کۆدەبێتەوە، خۆشۆردن کونیلەکانی پێست دەکاتەوە و وادەکات پێستەکە هەناسە بدات.
  • دەروونی خانمە دووگیانەکە ئارام دەکاتەوە و فشاری دەروونی لەسەر کەم دەکاتەوە.
  • ماندوویەتی دایکەکە ناهێڵێت و کەشەنگبوونی ماسولکەکانی جەستە کەم دەکاتەوە.
  • خانمانی دووگیان بەشێک لە ماددە زیادەکانی جەستەیان لە ڕێگەی پێستەوە دەکەنە دەرەوە، خۆشۆردن دەبێتە هۆی پاکبوونەوەی پێستەکە لە پیسی.
  • جووڵەی منداڵەکە ئارامتر دەکاتەوە.
  • سوڕی خوێن چالاک دەکات.

چەند ڕێنوێنییەک لە کاتی خۆشۆردندا

  • دوورکەوە لە دانیشتن لەناو بانیۆی گەرماوەکەدا بۆ ماوەیەکی زۆر یاخود، زۆر وەستان لەبەر ڕەشاشی گەرماوەکەدا بەتایبەت ئەگەر ئاوەکە زۆر گەرم بێت.
  • وریابە ئەو ماددە پاککەرەوانەی بەکاری دەهێنیت ماددەی کیمیاییان تێدا نەبێت کە زیان بدات لە خۆت و کۆرپەلەکەشت.
  • تاکوو نزیکتر ببیتەوە لە منداڵبوون کێشت قورستر دەبێت و بە ئاسانی کارەکانت بۆ ناکرێت هەر بۆیە داوای یارمەتی بکە لە کەسێکی تر لە کاتی پێویستدا.
  • با خۆشۆردنەکەت لە ٢٠ خولەک زیاتر نەبێت تاکوو ئەگەری تووشبوونی میکرۆبی زێ زیاد نەکات.
  • سکرەب بەکارمەهێنە بۆ پێستت لەماوەی دووگیانیدا چونکە جەستەت زیاتر وشک دەکاتەوە.
  • لفکەی زۆر زبر بەکارمەهێنە و زۆر بە توندی مەیهێنە بە جەستەدا.
  • وریای پلەی گەرمی ئاوەکەبە پێویستە ئاوەکە شلەتێن بێت، واباشترە پلەی گەرمی ئاوەکە لە نێوان ٢٩ بۆ ٣٢ پلەدا بێت.
  • تاکوو بەباشی خۆت وشک نەکەیتەوە لە گەرماو مەڕۆرە دەرەوە.
  • لە دوای ئەوەی کە سکت گەورە بوو و ئەندامەکانی دیکەی جەستەت ئاوسان ئیتر واباشترە بانیۆ بەکارنەهێنیت بۆ خۆشۆردن.
  • واباشترە کە لەسەر کورسییەک دابنیشیت ئینجا خۆت بشۆیت.
  • کاتی هاتنە دەرەوە لە گەرماو پێویستە تاکوو بەتەواوی قژت وشک دەبێتەوە وریابیت کە سەرمات نەبێت.


سەرچاوەکان



5083 بینین