کەلار 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-27-22:53:00 - کۆدی بابەت: 7717
کەلار 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

کەلار (بە عەرەبی: کلار، بە ئینگلیزی: Kalar)، شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای سلێمانییە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بە دووریی 140 کیلۆمەتر لە ناوەندی سلێمانییەوە دوورە، دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای ڕووباری سیروانەوە نزیک پارێزگای دیالە، هەروەها هاوسنوورە لەگەڵ ناوچەی "قەسری شیرین"ـی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕووی کارگێڕییەوە کەلار ناوەندی کارگێڕی ناوچەی گەرمیانە، ناوەندی گەرمیان لە کەلار و کفری و چەمچەماڵ پێکهاتووە، لە نێوان ساڵی 2011 بۆ 2012 زانکۆی گەرمیان لەگەڵ پەیمانگای هونەرە جوانەکان و پەیمانگای کۆمپیوتەر لە کەلار کراوەتەوە، هەروەها چەند کۆلێجێکی سەر بە زانکۆکەش لە خانەقینە.
شارۆچکەی کەلار لە حەوت ناحیە و نزیکی 310 گوند پێکهاتووە، کەشوهەوای کەلار وشک و گەرمە، ڕێژەی باران لەو ناوچەیە سنووردارە و خاکەکەی لە ناوچەی زوورگ پێکهاتووە و شاخ و کێوی تێدا نییە.

پێکهاتەی دانیشتوان 

ژماری دانیشتوانی کەلار بەپیی کۆتا سەرژمێرییەکانی عێراق 250,000 کەس بوون، دانیشتوانی ئەم شارە کوردن و بە شێوەزاری گەرمیانی قسە دەکەن، زۆرینەی دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن لەسەر ڕێبازی سووننەن، ژمارەیەک لە کوردی فەیلی و پەیڕەوانی کاکەیی لە کەلار بوونیان هەیە، چەندان هۆزی ناوداری کورد دانیشتووی کەلارن نموونەی جاف، زەنگەنە، داودی، زەند و چەندانی تر، هەروەها ڕووبەری کەلار 583 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

مێژووی ناوچەکە

ـ مێژووی بنیاتنانی کەلار دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1866.
ـ لەسەر واتای ناوی شاری کەلار چەند بۆچوونێک هەیە، هەندێک پێیان وایە ناوی کەلار کە لە دوو بڕگە پێکهاتووە "کەلا ـ ڕێ" بە واتای "ڕێگایەکی دوورەدەست"، هەندێکی تریش واتایەکی تر پشتڕاست دەکەنەوە و پێیان وایە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، "کەل ـ یار" کە بە واتا "نیشتیمانی ئاسک"ـە.
ـ لە ساڵی 1976 حیزبی بەعس چەند گۆڕانکارییەکی کرد لە دابەشبوونە کارگێڕییەکانی عێراق، تاکوو ئەو سەردەمە کەلار ناوچەیەکی گوندنشینی سەر بە پارێزگای کەرکووک بوو، بەڵام لەدای ساڵی 1976 کرا بە قەزا و لەسەر کەرکووک لابرا.
ـ لە سەردەمی حکوومەتی بەعس کوردانی کەلار دووچاری ڕاوەدوونان و دەربەدەری بوونەتەوە.

شوێنەواری مێژوویی

قەڵای شێروانە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی کەلار، لەسەر ڕۆخی کەناراوەکانی ڕووباری سیروان بنیاتنراوە، مێژووی بنیاتنانەکەی چەند ڕاوبۆچوونێکی لەسەرە، هەندێک لە مێژووناسان پێیان وایە کە لە سەردەمی ساسانییەکانەوە ئەم قەڵایە بنیاتنراوە، ژمارەیکی تر لە مێژووناسان مێژووی بنیاتنانی قەڵاکە دەگەڕێننەوە بۆ ساڵانی 1866 بۆ 1874، پێیان وایە لە سەردەمی "محەمەد پاشا جاف" بنیاتنراوە، کە سەرۆکی هۆزی جاف بووە بۆ فراوانکردن و بەهێزکردنی دەسەڵاتی لە ناوچەکە ئەم قەڵایەی بنیاتناوە، لە نێو قەڵاکە مۆزەخانەی گشتی کەلار هەیە چەندین کەلوپەل و بابەتی مێژوویی لەخۆگرتووە.


سەرچاوەکان



2880 بینین