زانستی بەکتریۆلۆجی

له‌لایه‌ن: - بەڕێز کوردە بەڕێز کوردە - به‌روار: 2022-02-03-16:54:00 - کۆدی بابەت: 7734
زانستی بەکتریۆلۆجی

ناوه‌ڕۆك

زانستی بەکتریۆلۆجى

زانستی بەکتریۆلۆجی (بە ئینگلیزی: Bacteriology science) لقێکی زانستی مایکرۆبایۆلۆجییە، لێکۆڵینەوە لەبارەی شێوە، ژینگە و پێکهاتەی بۆهێڵی و پێکهاتەی کیمیاییی بەکتریا و بوارە پەیوەندیدارەکان بە بەکتریاوە دەکات. ئەم بەشەی زانستی مایکرۆبایۆلۆجی بەشدارە لە دیاریکردنی ناسنامە، تایبەتمەندی و پۆلێنکردنی جۆرەکانی بەکتریا.

بەکتریا

بەکترياکان (Bacteria)، بە تاکە بەکتریایەکیش دەوترێ بەکتریەم (Bacterium)، وردە زیندەوەری سەربەخۆن و خانەکانیان لە پێکهاتەی زیندەیی پێکهاتووە و لە هەموو شوێنێکیش بەدی دەکرێن، تەنانەت لە ژینگە کەشوهەوایییە سەرسەختەکانیش، بەکتریاکان بە پێکهێنەرێکی گەورەی زیندەوەری خانەی ناوک سەرەتایی دادەنرێن. 

جۆرە جیاوازەکانی بەکتریاکان گرنگن لە سوڕی خۆراکدا، لە ڕێگەی دووبارە بەکارهێنانەوەی خۆراکەکانەوە، بۆ نموونە چەسپاندنی گازی نایترۆجین لە بەرگەهەوادا و کرداری شیکردنەوەی خانە مردووەکانی مرۆڤ، ئاژەڵ و ڕووەکەکان لە خاکدا، هەروەها بەشدارە لە قۆناغە یەک بەدوای یەکەکانی پاککردنەوەی ئاو و ئاوەڕۆکان. 

گیانەوەرانی ژینگە سەر سەختەکانی قوڵاییی دەریا ساردەکان و دەریاچە گەرمەکان بۆ پەیداکردنی خۆراک و مانەوەیان لە ژیان پشت بە بەکتریا دەبەستن.

پۆلێنکردن و پۆلێنزانی بەکتریا

پۆلێنکردنی خانە ناوک سەرەتایییەکان (بەکتریا) کارێکی ئاڵۆزە و ناونانی هەر یەکێکیان بە کۆدێکی نێودەوڵەتییەوە بڕیاریان لەسەر دراوە.
بەپێی پێناسەی خانە ناوک سەرەتایییەکان بێت پێویستە هەر جۆرێک لە بەکتریا ناوی جۆراوجۆری هەبێت لەسەر ئاستی ڕەگەز (Genus) و بەشێوەی هەڕەمی یان پلەبەندی ناونراون، پلە بەندییەکەش لە بەرزترینیانەوە بۆ نزمترینیان دەبێت کە بریتین لە:

  • (Domain) بوار
  • (Phyla) هۆز 
  • (Class) پۆل 
  • (Subclass) ژێرپۆل 
  • (Order) ڕیز 
  • (Suborder) ژێرڕیز
  • (Family) خێزان 
  • (Subfamily) ژێرخێزان 
  • (Genus) ڕەگەز 
  • (Species) جۆر 

زیندەوەرە خانە ناوک سەرەتایییەکان بۆ دوو بوار، ٣٥ هۆز، ٨٠ پۆل، یەک ژێر پۆل، ١٧٨ ڕیز، ٢٠ ژێر ڕیز، ٤٠٢ خێزان و ٢,٥٥٢ ڕەگەز دابەشکراون.

بۆ نموونە لە بواری بەکتریادا چەند پۆلێکی زۆر هەن، یەکێک لەوانە پۆلی بەکتریۆیدا (Bactroida) کە چەند خێزانێکی هەیە وەکوو، پۆرفیرۆمۆناداسیا (Porphyromonadaceae)، بەکتیریۆیداسیا (Bacteroidaceae) و پریڤۆتێڵاسیا (Prevotellaceae)
هەروەها هەریەک لەم خێزانانە ڕەگەزێک یان چەند ڕەگەزێکی تایبەت بەخۆیان هەیە،
بەم جۆرە بەکتریاکان پۆلێن دەکرێن و هەر بەکتریایەکیش کە تازە دەدۆزرێتەوە بەپێی ئەم ڕیزبەندییانە پۆلێن دەکرێت و دەخرێتە ناو یەکێک لەو پۆل و خێزانانە.

شێوەزانی

بەکتریاکان ژمارەیەکی زۆر لە شێوە و قەبارەی جیاوازیان هەیە. قەبارەی بەکتریاکان واتا خانەی ناوک سەرەتایی زۆر بچووکە کە دەکاتە یەک لەسەر دەی قەبارەی خانە ناوک ڕاستەقینەکان، بەشێوەیەکی گشتیش درێژیییەکەیان لەنێوان 0,5 بۆ 5 مایکرۆمەتردایە، سەرباری ئەوەش چەند جۆرێکی کەمیان هەن کە دەکرێت بەچاو ببینرێن وەک بەکتریای ثایۆمارگاریتا (Thiomargarita) و نامیبیانسس (Namibiansis) کە نیو میلیمەترێک درێژ دەبێت و ئێپیوڵەپیسیەم فیشیلسۆنی (Epulopiscium fishelsoni) کە قەبارەکەی دەگاتە 0,7 میلیمەتر هەروەها بچوکترینیشیان بەکتریای مایکۆپلازما (Mycoplasma)ـیە کە قەبارەکەی تەنها 0,3 مایکرۆمەتر دەبێت و قەبارەکەی بچووکترە لە گەورەترین ڤایرۆس.

زۆربەی جۆرەکانی بەکتریا شێوەیان گۆیییە کە پێی دەوترێت کۆکای (Cocci) یان بەشێوەی چیلکەیی کە پێیدەوترێت باسیلای (Bacilli) هەندێک بەکتریا پێیان دەوترێت ڤیبریۆ (Vibrio) کە شێوەکەیان چیلکەیییەکی تۆزێک چەماوەیە (Coma shape)، و بەشەکەی تریشیان شێوەیان لوولپێچە کە پێی دەوترێت سپایڕیلا (Spirilla) یان زۆر بەتوندی لوولیان خواردووە کە پێیان دەوترێت سپایڕۆچیت (Spirochete)، هەروەها هەندێک حاڵەتی ناباویش هەن کە بەکتریاکان بەشێوەی ئەستێرە دەردەکەون.
هەریەک لەم سێ شێوە گشتییەی بەکتریاکان لەڕێگەی دیواری خانەکانیان و پەیکەری خانەکانیان دیاریدەکرێت.
هەریەک لە شێوەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە زیادکردنی توانای بەکتریا بۆ دەستکەوتنی خۆراک، توانای پێوەنوسان بۆ سەر ڕووەکان، مەلەکردن لەنێو ژینگە ئاوییەکان و هەڵاتن لە ڕاوچییەکان.

گەشە و دووهێندبوون

جیاواز لە زیندەوەرانی تر، بەکتریا بە زیادبوونی قەبارەی خانەکانی گەشە دەکات و دووهێندبوونیشیان بە کەمەدابەشبوون دەبێت کە جۆرێکە لە ناتوخمە زۆربوون.
لە کەشێکی گونجاودا بەکتریا زۆر بەخێرایی گەشە دەکات و دووهێند دەبێت، هەندێکیان لە ماوەی کەمتر لە ١٧ خولەک دووهێند دەبن. لەکاتی دابەشبوونی خانەدا هەر دایکەخانەیەک دابەشدەبێت بۆ دووخانەی دەقاودەق و چوونیەک.

لە تاقیگەکاندا هەر بەکتریایەک گەشەی پێ دەدرێت بە بەکارهێنانی کۆمەڵە ماددەیەکی خۆراکیی پێویست بۆ گەشەی بەکتریاکان کە پێی دەوترێت میدیا (Media) کە بە شێوەی شل یان ڕەقکراو هەن بۆ خێراترکردنی گەشەیان. 
ناوەندی گەشەی ڕەق بۆ نموونە دەفری ئاگار (Agar plate) بەکاردێت بۆ جیاکردنەوە و دابڕینی جۆرە بەکتریایەکی چێنراو لەناو ئاگاردا لە جۆرەکانی تر، بەڵام ناوەندی گەشەی شل بەکاردێت کاتێک کە پێویستمان بە پێوانەکردنی ڕێژەی گەشە و ژمارەیەکی زۆری خانە هەبێت. 

دووهێندبوونی هەر بەکتریایەک بەشێوەیەکی سروشتی بێت یان لە ناوەندی گەشەی دەستکرد بێت بە چوار قۆناغدا تێ دەپەڕێت کە بریتین لە:

١- لاگ فەیس (Lag phase): بریتییە لەو قۆناغەی کە تێیدا گەشەی بەکتریاکان هێواشە و خۆیان دەگونجێنن لە گەڵ ژینگەیەکی دەوڵەمەند بە خۆراک، پاشان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ قۆناغی گەشەی خێرا.

٢- لۆگاریتمیک فەیس (Logarithmic phase): لەم قۆناغەدا گەشەی بەکتریا زۆر خێرایە.

٣- ستەیشنەری فەیس (Stationary phase): لەم قۆناغەدا بەهۆی کەمبوون و نەمانی خۆراکە ماددەکان گەشەی بەکتریا هێواش دەبێت.

٤- قۆناغی نەمان یان مردن (Dead phase): لەم قۆناغەدا بەکتریاکە دەگاتە سوڕی کۆتاییی ژیانی و لەناو دەچێت.

بەکتریا لەگەل زیندەوەرانی تر چۆن کارلێک دەکەن؟

بەکتریاکان دەتوانن لەگەڵ زیندەوەرانی تر بە چەند ڕێگەیەکی فیزیکی کارلێک بکەن، واتە یەکێکیان دەکەوێتە سەر ئەوەی تریان کە پێی دەوترێت (Ectobiont) یان یەکێک دەکەوێتە ناو ئەوەی تریان کە پێی دەوترێت (Endobiont)، لە هەردوو حاڵەتی کارلێکەکە دەکرێت پەیوەندییەکە ئەرێنی یان نەرێنی بێت.

جۆرەکانی پەیوەندی نێوان وردەزیندەوەرەکان بریتین لە:

ئەرێنی

  • Mutualism (سوودگۆڕکێ) 
  • Protoccoperation (سوودگۆڕکێی ناناچاری)
  • Commensalism (هاونشین و هاوخۆراک)

١- هاوکاری: ئەم جۆرەی پەیوەندی ئەرێنی بەوە پێناسە دەکرێت کە کاتێک دوو زیندەوەر  کارلێک دەکەن و هەردووکیان سودیان پێ دەگات پەیوەندییەکەش ناچارییە واتا هەردووکیان ناچارن سوود بەیەک بگەیەنن. 
بۆ نموونە لایکن (Lichen) بریتییە لە تێکەڵبوونی جۆرێک لە کەڕوو لەگەڵ جۆرێک لە قەوزەکان کە لە سەر ڕووی بەرد و دارەکان گەشە دەکەن، کەڕووەکە پارێزگاری لە قەوزە و گەشەکەی دەکات لە هەر بارودۆخێکی نەخوازراو، لەهەمان کاتدا قەوزەکەش هەڵدەستێت بە دابینکردنی ماددەی کاربۆنیی ئەندامی بۆ کەڕووەکە.

٢-سوودگۆڕکێی ناناچاری: ئەم جۆرەی پەیوەندیەش بەتەواوی وەکوو پەیوەندی یەکەمە واتا هەردوو لا سوود بەیەک دەگەیەنن بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە لێرەدا پەیوەندییەکە ناچاری نییە، لە هەر بارودۆخێک کە بۆیان نەگونجێت دەکرێت کۆتایی بە پەیوەندییەکە بهێنن بۆ نموونە پەیوەندیی نێوان ئەو بەکتریایەی کە نایترۆجین دەچەسپێنێت لەگەڵ بەکتریای سێلولۆمۆناس (Cellulomonas). 

٣- هاوخۆراک و هاونشین: لەم جۆرە پەیوەندییەدا تاکێک لە زیندەوەرەکە سوودی پێ دەگات بەڵام تاکەکەی تر نە سوودی پێ دەگات نە زیان، بۆ نموونە جۆرێک لە بەکتریای ئیکۆلای (E-coli) ناهۆکار بۆ نەخۆشی لە گەدەی مرۆڤدا، لەم حاڵەتەدا مرۆڤ سوود دەبینێت لە بەکتریاکە بەڵام بەکتریاکە نە سوودی پێ دەگات نە زیان.

نەرێنی 

  • Amensalism (نەیاری)
  • Parasitism (مشەخۆری)
  • Predation (ڕاوکردن)
  • Competetion (پێشبڕکێکردن)

١-نەیاری: ئەم پەیوەندییە کاتێک ڕوودەدات کە تاکێک لە زیندەوەرەکە ماددەیەک دروست دەکات و دەریدەدات کە دەبێتە هۆی وەستاندن و لەناوبردنی گەشەی تاکەکەی تر، بۆ نموونە ترشی لاکتیک ئەسید لەلایەن چەند بەکتریایەکی سوودبەخشی کۆئەندامی زاوزێی ئافرەتان دروست دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە گەشەی زیندەوەری تری زیانبەخش وەکوو کەڕووی کاندیدا ئەلبیکانس (Candida albicans)

٢- پەیوەندی مشەخۆری: لەم پەیوەندییەدا تاکێک خۆراک و سوود و شوێنی مانەوەی خۆی دابین دەکات، بەڵام ئەوەی تریان زیانی بەردەکەوێت لەم پەیوەندییەدا بۆ نموونە چەند جۆرێک لە ڤایرۆسەکان پەیوەندیی مشەخۆریان بەسەر بەکتریا و کەڕوو و قەوزەکانەوە هەیە.

٣-ڕاوکردن: لەم پەیوەندییەدا یەکێک لە زیندەوەرەکان دەبێتە ڕاوچی و ڕاوی تاکەکەی تر دەکات کە دەبنە نێچیر بۆ نموونە  پەیوەندی پێشەنگییەکان لەگەڵ بەکتریا لەناو خاکدا، کە لێرەدا پێشەنگییەکان ڕاوی بەکتریا دەکەن و دەیان کەن بە نێچیری خۆیان.

٤- پێشبڕکێ: لەم پەیوەندییەدا هەردوو تاکی بەشداربوو پێشبڕکێ دەکەن لەسەر سەرچاوەی خۆراک و شوێنی مانەوە بۆ نموونە دووجۆر لە زیندەوەری پارامسیۆم (Paramsium) کە هەردووکیان سەرچاوەی خۆراکیان لەسەر هەمان جۆری بەکتریایە بۆیە پێشبڕکێی لەسەر دەکەن.

ڕێگەکانی ناسینەوەی بەکتریا لە تاقیگەدا 

دیاریکردن و ناسینەوەی بەکتریا لە تاقیگەدا پەیوەندییەکی توندی بە بواری پزیشکییەوە هەیە چونکە چارەسەرە ڕاست و دروستەکان لەلایەن جۆرەکانی بەکتریاوە دیاری دەکرێت کە هۆکاری توشبوونن بە نەخۆشیەکان.

سەرەتایییترین تاقیکردنەوە کە بۆ هەر بەکتریاییەک دەکرێت بریتییە لە گڕام ستەین (Gram stain)، گڕام بریتییە لە پاشناوی ئەو زانایەی دۆزیویەتەوە و ستەینیش لە زمانی ئینگلیزی بە واتای ڕەنگ دێت، واتا بەپێی توێژاڵەکانی پێپتیدۆگلایکانی هەر بەکتریایەک دەتوانین بەکتریاکان دابەش بکەین بەسەر گڕام پۆزەتیڤ و گڕام نێگەتیڤ، کە پێپتیدۆگلایکانی بەکتریای گڕام پۆزەتیڤ لەکاتی ڕەنگکردن ڕەنگی مۆرێکی شین باو وەردەگرێت، بەڵام پێپتیدۆگلایکانی بەکتریای گڕام نێگەتیڤ ڕەنگی پەمەیەکی کراوە وەردەگرێت.

دووەم تاقیکردنەوەی جیاکەرەوە کە دەکرێت بریتییە لە چاندنی هەر بەکتریایەک لەسەر ناوەندی (Media) گەشەی تایبەت. ناوەندی جۆراوجۆر هەن بۆ بەکتریا جۆراوجۆرەکان بۆ نموونە هەیانە ڕێگە بە گەشەی هەموو بەکتریایەک دەدات هەیانە تەنیا ڕێگە بە بەکتریای گڕام نێگەتیڤ دەدات.

بەهۆی ئەوەی هەر بەکتریایەک چەند تایبەتمەندیەکی خۆی هەیە بۆیە بە چاندنیان لەسەر میدیاکان دەتوانرێت بە ڕەنگ، شێوە، گەورەیی و بچووکییان
لەیەکیان جیا بکەینەوە و هەنگاو بنێین بۆ قۆناغەکانی تری جیاکردنەوەی بەکتریا، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی بەرچاوی بەکتریا ناتوانرێت لەنێو تاقیگەدا لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت هەروەها بۆ ناساندنێکی ڕاست و دروستی هەر بەکتریایەک و دیایکردنی ئەوانەی کە هۆکاری نەخۆشین چەندین تەکنیکی تری پێشکەوتوو بەکار دەهێنرێن ئەوانیش وەکو پی سی ئاڕ (PCR) و تەکنیکی مایکڕۆئەرێی (Microarray) هەروها بەکارهێنانی بەرنامەی سۆفتوێری تایبەت بۆ لێکدانەوەی زانیارییەکان بە شێوەیەکی ڕاست و دروست.


سەرچاوەکان



1189 بینین