سوور

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-02-03-22:47:00 - کۆدی بابەت: 7742
سوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەنگی سوور (بە ئینگلیزی: Red) (بە عەرەبی: أحمر) ڕەنگێکە کە دەکەوێتە درێژەی شەپۆلی درێژەوە لە کۆتایی شەبەنگی بینراوی ڕووناکی، دەکەوێتە تەنیشت پرتەقاڵی و بەرامبەر وەنەوشەیی، درێژی شەپۆلێکی زاڵی هەیە کە دەکەوێتە نێوان ٦٢٥-٧٤٠ نانۆمەتر، لەدوای ڕەنگی سپی و ڕەش مرۆڤ تێبینی ڕەنگی سوور دەکات، منداڵی تازە لەدایکبوو پێش هەر ڕەنگێکی تر تێبینی ڕەنگی سوور دەکات، هەروەها یەکەم ڕەنگە کە ئەو کەسانەی بەهۆی برینی مێشکەوە تووشی ڕەنگ کوێری کاتی دەبن دوای چاکبوونەوە تێبینی دەکەن. 

مێژوو و هونەر

لە ئەشکەوتێکدا لە ئەفریقای باشوور بەشێکی شوێنەورازانی دۆزراوەتەوە کە دەرخەری ئەوە بووە نزیکی ١٧٠٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠٠ ساڵ پێشتر، خەڵکی چاخی بەردینی کۆن ڕەنگێکی خاکی وردکراوە و هاڕدراوە بەکارهێناوە کە سەرچاوەی ڕەنگەکە گڵێکی ڕەنگ سووربووە بەهۆی بوونی ئۆکسیدی ئاسن تێیدا، لەبەر سەرنجڕاکێشییەکەی ئەم ڕەنگەیان بەکارهێناوە بۆ ڕەنگکردنی لەشیان.
لە میسڕی کۆندا ڕەنگی سوور پەیوەستکراوە بە ژیان و تەندروستی و سەرکەوتنەوە، میسڕییەکان لە کاتی ئاهەنگەکاندا لەشی خۆیان بە ڕەنگی خاکیی سوور ڕەنگ سوور کردووە، هەروەها خانمەکانیان ئەم ڕەنگە خاکییەیان بەکارهێناوە بۆ سوورکردنی ڕوومەت و لێویان، خەنەیان بەکارهێناوە بۆ ڕەنگکردنی قژ و نینۆکیان بە ڕەنگی سوور.

سێبەر و جۆر

جۆرە جیاوازەکانی ڕەنگی سوور لە بۆیە، تایبەتمەندی وەک تێری و توندی و پڕڕەنگی، یان ڕوونی، بڕ، تۆن و کاڵی جیاوازن یان دەکرێت لە یەک، دوو یان سێ لەم تایبەتمەندییانەدا جیاوازبن.

لە زانست و سروشتدا

چاوی مرۆڤ کاتێک سەیری ڕووناکییەک بە درێژی شەپۆلی ٦٢٥-٧٤٠ نانۆمەتر دەکات ڕەنگی سوور دەبینێت، هەندێک جۆری شیردەری وەک مەیموون هەموو مەوداکانی ڕەنگەکانی شەبەنگی بینراو بۆ مرۆڤەکان جیادەکەنەوە، بەڵام هەندێک جۆری تری شیردەری وەک سەگ و گا ڕەنگ کوێرییان هەیە، واتە ڕەنگی شین و زەرد دەبینن، بەڵام ناتوانن ڕەنگی سوور و سەوز جیابکەنەوە و هەردوو ڕەنگەکە بە خۆڵەمێشی دەبینن، بۆ نموونە هۆکاری هاندانی گا لە یاری زۆرانبازی گادا ڕەنگی ئەو پەڕۆیە نییە کە بە دەست گاوانەکەوەیە بەڵکوو هۆکارەکەی جووڵەکانی پەڕۆکەیە.
لە ئەو چەرخی ڕەنگە درێژەی لەلایەن وێنەکێشەکانەوە بەکاردێت هەروەها لە تیۆری ڕەسەنی ڕەنگدا ڕەنگی سوور لەگەڵ شین و زەرددا سێ ڕەنگی سەرەکین.
لە تیۆری پێشکەوتووی ڕەنگەکاندا کە بە مۆدێلی ڕەنگی سوور و شین و سەوز (بە ئینگلیزی: RGB color model) ناسراوە، ڕووناکی سوور و شین و سەوز پێکەوە کۆدەکرێنەوە بۆ دروستکردنی ڕەنگی سپی، هەروەها ئەم سێ ڕەنگە بە شێوەی جیاواز تێکەڵ دەکرێن بۆ دروستکردنی هەر ڕەنگێکی تر، ئەم ڕێسایە بەکاردێت بۆ دروستکردنی هەموو ڕەنگەکانی شاشەی کۆمپیوتەر و تەلەڤزیۆن.
ئەو لەیزەرانەی کە مەودای سوور لە شەبەنگی بینراو دەدەنەوە لە ساڵی ١٩٦٠ داهێنران.
هەسارەی مەریخ پێی دەوترێت هەسارەی سوور چونکە ڕووکارەکەی بە ڕەنگی سوور داپۆشراوە لەبەر بوونی ئۆکسیدی ئاسن تێیدا.
خوێنی پڕ ئۆکسجین ڕەنگی سوورە لەبەر بوونی هیمۆگڵۆبینی پڕ ئۆکسجین کە گەردەکانی ئاسنی تێدایە، پێکهاتەی ئاسن ڕووناکی سوور دەداتەوە، گۆشتی سوور سەرچاوەی ڕەنگە سوورەکەی ئاسنی مایۆگڵۆبین و هیمۆگڵۆبینە کە لە ماسولکە و خوێنی بەجێماودا بوونیان هەیە.
ڕووەکەکانی وەک سێو و شلیک و گێلاس و تەماتە و بیبەر و هەنار زۆرجار هۆکاری ڕەنگە سوورەکەیان بوونی بۆیەی سووری کارۆتینۆیدە.
نزیکەی ١-٢٪ دانیشتوانی زەوی ڕەنگی قژیان سوورە، ئەم ڕەنگەی قژ زیاتر لە دانیشتوانی باکوور یان ڕۆژئاوای ئەورووپادا باوە.

هێما

  • بوێری و قوربانیدان: ڕەنگی سوور بە زۆری پەیوەستکراوە بە بوێرییەوە، لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوادا ڕەنگی سوور هێمایە بۆ شەهیدی و قوربانیدان، بەتایبەت لەبەر ئەوەی ڕەنگێکە تایبەتە بە خوێن.
  • توڕەیی، کینە، دەستدرێژی کردن، هەڵچوون، گەرمی و جەنگ: لە کاتێکدا ڕەنگی سوور زیاتر پەیوەستکراوە بە خۆشەویستییەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەنگێکی پەیوەستە لەگەڵ کینە و توڕەیی و هەڵچوون و جەنگدا.
  • ئاگادارکردنەوە و مەترسی: ڕەنگی سوور ڕەنگێکی ڕەسەنی ئاگادارکردنەوە و مەترسییە لەبەر ئەم هۆکارە زۆرجار لە ئاڵاکاندا بەکاردێت، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئاڵای سوور لە ناکۆکیدا بەکاردەهات بۆ دیاریکردنی سەرنجی شەڕکردن.
    هەروەها ڕەنگی سوور ڕەنگی نێودەوڵەتییە بۆ هێماکانی وەستان و ڕووناکی وەستان لە ڕێگاوباندا.
  • ڕەنگی سەرنجڕاکێش: سوور سەرنجڕاکێشترین ڕەنگە، ڕەنگێکە پەیوەستکراوە بە بینراوی و سادەیی و نزیکییەوە، هەروەها بە چوستی و چالاکی و وزەی زۆرەوە.
    لە جلوبەرگی پێشکەوتوودا ڕەنگی سوور بەکاردێت بۆ ڕاکێشانی سەرنجی چاوی بینەر بۆ ئەو کەسەی کە دەبێت ببێتە ناوەندی سەرنج.

سوور وەک هێما لە کولتوورە جیاوازەکاندا

  • چین: بە واتای بەخت و سەرکەوتن دێت.
  • لە بازاڕی بۆرسەی خۆرهەڵاتی ئاسیا: ڕەنگی سوور بەکاردێت بۆ دەرخستنی بەرزبوونەوەیەکی نرخی بۆرسە.
  • ژاپۆن: ڕەنگی سوور هێمای دڵخۆشی و بەختی باش، لەبەر ئەم هۆیە بووکەکانیان لە ڕۆژی بووکێنیدا جلی سوور لەبەر دەکەن.
  • هیندسان: ڕەنگی سوور دەرخەری بەختی باش و باشی و خۆشەویستی و پاکییە، بە هەمان شێوە بووکەکانیان جلی سوور لەبەر دەکەن.
  • بەڕازیل: ڕەنگی سوور دەرخەری سۆزە.
  • ڕووسیا: ڕەنگی سوور بە ئاشکرا پەیوەستە بە کۆمونیزمەوە.
  • یۆنان: گوڵی سوور هێمای سوڕی گەشە و پووکانەوەیە، هەروەها هێمای خۆشەویستی و گونجانە.
  • ئەمریکا: ڕەنگی سوور و سپی و شین مانای شانازی و نیشتیمان پەروەرییە.
  • لە وڵاتەکانی خۆرئاوادا: ڕەنگی سوور و سەوز بەیەکەوە هێمان بۆ سەری ساڵ.
  • ئەفریقای باشوور: ڕەنگی سوور بە ڕەنگی بەیانیان دانراوە.


سەرچاوەکان



1489 بینین