کفری

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-04-15:01:00 - کۆدی بابەت: 7746
کفری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شارۆچکەی کفری (بە عەرەبی: کفری، بە ئینگلیزی: Kifriلە ناوچە دابڕاوەکانی کوردستانە، لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە، لە چوار ناحیە و سەد گوند پیکهاتووە، ناحیەکانی بریتین لە: جەبارە، وەزنانە، کوکس خان و سەر قەڵا.

شوێنی جوگرافی کفری

کفری دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراقەوە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە پارێزگای کەرکووک دەوری داوە و دووری نێوانیان 120 کیلۆمەترە، هەروەها لە باکوورەوە شارەدێی سەنگاوی سەر بە پارێزگای سلێمانی هاوسنوورێتی، لە ڕوژئاواوە شارەدێی قادر کەرەم لە دووزخورماتوو جیای دەکاتەوە، لە باشووریشەوە لەگەڵ شارۆچکەی بەعقووبە هاوسنوورە کە زنجیرە چیای حەمرین و ناحیەی قرەتەپە جیای دەکاتەوە، بە دووریی 210 کیلۆمەتر لە بەغدادی پایتەختەوە دوورە.

واتای ناوەکەی

لەسەر واتای ناوی کفری بیرۆکەیەکی باو هەیە کە ئەم ناوە لە "کفر" واتا "بێباوەڕی" وەرگیراوە، بەڵام ئەو بیرۆکەیە تەواو هەڵەیە، وشەی کفری لە زمانی عەرەبیدا زۆر واتا دەبەخشێت و واتای جیاوازی هەیە، هەندێک لە پسپۆڕانی زمان پێیان وایە کە ناوچەکە بەو ناوەوە ناونراوە بەهۆی بوونی جۆرە ماددەی "الکفر" کە بە واتای قیر یاخود بەردی خەڵووزە و ئەو ماددەیە لەو ناوچەیە زۆرە، بۆچوونێکی تر ڕەچەڵەکی ناوەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان، هەروەها لە دەقی ئەکەدییەکان و ئاشوورییەکان بە وشەی جیاواز ناوی کفری هاتووە، ڕەچەڵەکی ناوەکە لە زمانی ئارامیدا "کەبرا"ـیە، بەو واتایەی کە شارۆچکەی کفری لە هەر سەردەم دەسەڵاتێکدا ناوێکی لێنراوە، هەروەها زمانناسان بۆچوونێکی تر پشتڕست دەکەنەوە ئەویش بەهۆی زۆری بێستان و دار لەو ناوچەیە بە تایبەتی "شجرة کفر" بە واتای "داری گەزە" کە دارێکی هەمیشە سەوزە و لە ڕابردوودا هەموو دەوروبەری ناوچەکەی داپۆشیوە ناوی کفری لێنراوە.

پێکهاتە و ژمارەی دانیشتوان 

ژمارەی دانیشتوانی کفری 30 هەزار کەس تێپەڕ ناکات، دانیشتوانەکەی پێکهاتوون لە کورد و تورکمان، ژمارەی عەرەب دیاریکراوە و لە چەند گوندێکی دەوروبەری کفری نیشتەجێن، زۆرینەیان پەیڕەوی ڕێبازی سوننەی ئایینی ئیسلامن، ژمارەیەکی دیاریکراو لە پەیڕەوانی شیعە و کاکەییەکان لە کفری بوونیان هەیە، گرنترین هۆز و عەشیرەتە کوردیەکانی ناوچەکە بریتین لە دلۆ، زەنگەنە، داودی، جاف و چەندانی تر.

مێژووی کفری

ـ مێژووی شارۆچکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شارستانییەتی بابلییەکان، لەو سەردەمە کفری ناوەندی دەسەڵات بووە و شوێنێکی بایەخدار بووە، بەڵام لە دوای جەنگی ڕۆمانییەکان زیانی بەرکەوتووە و خاپوور بووە.
ـ چەند شوێنەوارێک لە کفری دۆزرانەتەوە کە بەڵگەن لەسەر بوونی ئایینی زەردەشتی لەو شارۆچکەیە.
ـ لە سەردەمی عوسمانییەکان، نەریت و کولتوور و زمانی تورکی زاڵ بوو بەسەر ناوچەکەدا.
ـ لە ساڵی 1976 دەسەڵات و حکوومەتی حیزبی بەعس چەند گۆڕانکارییەکی لە سنوور و ناوچەکانی سەر بە پارێزگای کەرکووک کرد، لە ئەنجامدا ناوەندی شارۆچکەی کفری کرایە سەر پارێزگای دیالە.
ـ چەند شوێنەوارێکی گرنگ لە کفری بوونیان هەیە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە دێرینەکانی مێژوو، نموونەی ناوچەکانی "ئاسکی کفری"، "دوازدە ئیمام"، سەرقەڵا و تلیشان و چەندانی تر.


سەرچاوەکان



1086 بینین