ڕەیانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-06-01:22:00 - کۆدی بابەت: 7761
ڕەیانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەیانی منداڵ (بە عەرەبی: الطفل ريان، بە ئینگلیزی: Rayan)، منداڵێکی مەغریبی پێنج ساڵانە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە کەوتنەخوارەوەی بۆ ناو بیرێک ناوبانگی بڵاوبوویەوە. منداڵەکە بەهۆی کەوتنی لەناو بیرێک کە باوکی پێشتر هەڵی کەندبوو بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک گیری خوارد و زۆرینەی وڵاتانی جیهان چاودێری هەڵمەتی ئازادکردنەکەیان دەکرد، تا ئەوەی لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٢/٥ گیانی لەدەستدا.

ڕووداوەکە

ڕەیان منداڵێکی مەغریبییە و لەدایکبووی ساڵی ٢٠١٧ـە. ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٢/١ لە ناوچەی ئیغرانی تەمۆرۆت لە شاری شەفشاونی باکووری شانشینی مەغریب کەوتە ناو بیرێکەوە و گیری خوارد، ئەمەش بووە هەواڵێکی جیهانی و وڵاتانی جیهان هاتنە سەر هێڵ بۆ چاودێری دۆخی منداڵەکە. بیرەکە ٣٢ مەترە و باوکی ڕەیان پێشتر هەڵی کەندووە، بەڵام بەهۆی بە ئاو نەگەیشتووە وازی لێ هێناوە و لەو ڕۆژەدا سەرقاڵی گرتنی سەری بیرەکە بووە. بەڵام دوای ئەوەی بۆ ساتێک ئاگای لە ڕەیان نامێنێت، بەهۆی بێ ئاگایی منداڵەکە دەکەوێتە ناوی و بە سەختی بریندار دەبێت. 

لەدوای کەوتنی ڕەیان تیمەکانی فریاکەوتنی مەغریب بە دەیان کەس و ٥ ئامێری گەورەی هەڵکەندن سەرقاڵی هەڵکەندنی بیرەکە بوون بۆ ئەوەی منداڵەکە ڕزگار بکەن کە پێشتر بەهۆی باریکیی بیرەکەوە هیچ کەسێک نەیدەتوانی بڕواتە خوارەوە. دوای بیست کاتژمێر لە کەوتنەخوارەوەی، توانرا خواردنی پێ بگەیەنرێت و بە کامێرایەک چاودێری بکرێت. بەردەوامیش هەتاوەکوو کۆتا ڕۆژ خواردن و ئۆکسجینی بۆ ڕەوانە دەکرا، بەڵام نەزانرا ئایا بەکاری دەهێنێت یان نا، چونکە منداڵە و بەکارهێنانی ئۆکسجین کارێکی زەحمەتە بۆی.

لە کۆتا ڕۆژەکانی کارکردن و هەڵکەندنی بیرەکە بەردێکی گەورە لە ماوەی دوو مەتریی نێوان منداڵەکە و تیمەکانی فریاکەوتن بووە ڕێگری نێوانیان و کارەکەی زەحمەتتر کرد کە ماوەی سێ کاتژمێری کۆتایی سەرقاڵی وردکردنی بەردە گەورەکە بوون. جیا لەوەش تایبەتمەندی خاک و جۆری بەردەکانی ناوچەکە بووە لەمپەرێکی گەورەی بەردەم تیمەکانی هەڵکەندن و فریاکەوتن کە چەندین ئەندازیاری تایبەتی خاک و میکانیکی بەردەوام چاودێری دۆخەکەیان دەکرد بۆ ئەوەی هیچ هەڵەیەک ڕوونەدات و ببێتە هۆی ڕووخانی تەواوی چاڵەکە.

کۆچی دوایی

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٢/٥ دوای مانەوەی بۆ پێنج ڕۆژ لەنێو چاڵەکەدا، تەرمی ڕەیانی پێنج ساڵان دەرهێنرا و بە هەلیکۆپتەری تایبەت ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

کۆچی دوایی منداڵەکە کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆی هێنا و بە کارەساتێکی دڵتەزێن هەژمار کرا.


سەرچاوەکان



1023 بینین