کۆیە

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-06-22:31:00 - کۆدی بابەت: 7767
کۆیە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

شارۆچکەی کۆیە (بە عەرەبی: کویسنجق، بە ئینگلیزی: Koya) شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای هەولێری کوردستانی عێراقە، 70 کیلۆمەتر لە هەولێری پایتەختەوە دوورە، لە باکوورەوە چیای باواجی کە بەرزییەکەی 1260 مەترە و لە ڕۆژهەڵاتەوە چیای هەیبەت سوڵتان کە بەرزییەکەی 1092 کیلۆمەترە دەوریان داوە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە کۆیە دەڕوانێتە سەر دەشتاییەکی فراوان و بەرین، شوێنی جوگرافی کۆیە گرنگە چونکە لەسەر ڕێگای سەرەکی نێوان سلێمانی و هەولێر و کەرکووکە، لە پێنج ناحیە پێکهاتووە کە بریتیین لە تەق تەق، شۆڕش، سێگردکان، ئاشتی، سکتان، ڕووبەری کۆیە نزیکی 2050 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. 

دانیشتوان 

زۆرینەی دانیشتوانی کۆیە کوردن، بەپێی خەمڵاندنەکانی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2009 لە عێراق، ژمارەیان 44 هەزار کەسە، دانیشتوانی کۆیە موسڵمانی سەر بە ڕێبازی سوننەن، لە ڕابردوودا کەمینەیەک لە مەسیحی کلدانی دانیشتوی ناوچەکە بوونە. 

مێژووی کۆیە

ـ مێژووی دروستبوونی کۆیە دەگەڕێتەوە بۆ 2500 ساڵ پێش زایین، پاشماوەی شوێنەوارە دۆزراوەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گۆتییەکان و کلدانییەکان و ئاشوورییەکان.
ـ لە ساڵی 1918 بە فەرمی کراوە بە قەزا.
ـ لە ساڵی 1988 ڕژێمی بەعس سنووری شارۆچکەکەی بچووک کردووەتەوە و لەڕووی کارگێڕییەوە گۆڕانکاری تێدا کردووە، کۆیە لە شارۆچکەوە کراوە بە ناحیە.
ـ لە پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991، لەلایەن حکوومەتی کوردستانەوە کۆیە دووبارە کراوەتەوە بە شارۆچکە.

شوێنە گرنگەکانی کۆیە 

ـ قشڵەی کۆیە: قشڵە یاخود سەرای کۆیە مێژووی بنیاتنانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان، لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان کراوە بە قشڵە و بایەخی زۆری هەبووە، لە چەند ژوورێکی قەبارە بچووک و گەورە پێکهاتووە و ناوەڕاستەکەی گۆڕەپانێکی فراوانە کە لە ڕابردوودا بۆ مەشقی سەربازی بەکارهاتووە.
ـ قەیسەری کۆیە: قەیسەری کۆنی کۆیە بازاڕێکی دێرینی ناوچەکەیە، لە دوو بەش پێکهاتووە و کۆمەڵێک دوکانی لەخۆگرتووە.
ـ زانکۆی کۆیە: زانکۆی کۆیە لە ساڵی 2003 لەلایەن مام جەلالەوە دامەزراوە، لە شەش کۆلێج پێکهاتووە، پێگەیەکی باڵای هەیە لەنێو هەموو زانکۆکانی عێراق، هەروەها لەڕووی زاستییەوە ئاستێکی پێشەنگی هەیە.
ـ مزگەوتی گەورەی کۆیە: مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێ 1360، لەلایەن "حاجی مەلا بەکری ئاغا حەوێزی" بنیاتنراوە  مزگەوتێکی فراوان و دێرینە. 

کەسایەتییە ناودارەکانی کۆیە

ـ مەلای گەورەی کورد زانای ئیسلامی و ڕاڤەکەری قورئان
ـ فوئاد مەعسووم سەرکۆماری پێشووی عێراق
ـ حاجی قادری کۆیی شاعیری ناوداری کورد
ـ دڵداری شاعیر
ـ مەسعوود محەمەد نووسەر و ڕووناکبیری کورد
ـ تایەر تۆفیق گۆرانیبێژی ناوداری کورد


سەرچاوەکان



1979 بینین