گەچ

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-02-06-23:17:00 - کۆدی بابەت: 7769
گەچ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەچ (بە ئینگلیزی: Gypsum) خاوێکی باوی گۆگرداتە کە بەکارهێنانێکی ئابووری گرنگی هەیە، لە هایدراتی گۆگرداتی کالیسیۆم (CaSO4·2H2O) پێکدێت. ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو کریستاڵەکانیان گەشە بکات ئەوا کانزاکە زیاتر پێی دەوترێت سێلێنایت (بە ئینگلیزی: selenite)، جۆری ڕیشاڵییە توندەکەی بریقەیەکی ئاوریشمیی هەیە و پێی دەترێت دارئاڵای سەتەن، ئەم جۆرە بریقەدار و ڕۆشنە بەکاردێت لە دروستکردنی خشڵدا.
جۆری هاڕدراوی تۆزەکە کە پێی دەوترێت مەڕمەڕی سپی کاتێک خاوێنە و ڕوونە دەنەخشێنرێت و ساف دەکرێت بۆ کاری پەیکەرتاشی و ڕازاندنەوە.

مێژوو

لە ناوەڕاستی سەدەی ١٨دا جووتیار و پیاوی ئایینی ئەڵمانی (جۆهان فریدریج مایەر) دەبارەی بەکارهێنانی گەچ وەک پەیین لێکۆڵینەوەی کرد و بڵاوی کردەوە، گەچ دەتوانێت وەک سەرچاوەی گۆگرد بۆ گەشەی ڕووەک ڕۆڵ ببینێت، لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩دا وەک پەیینێکی ناوازە ناسرا، هەر لە سەدەی ١٩دا وەک کلسی گۆگرد یان گۆگردی کلس ناسرا.

تایبەتمەندیی فیزیایی

گەچ بەشێوەیەکی مامناوەند لە ئاودا تواوەیە و بە پێچەوانەی زۆربەی خوێیەکانی ترەوە تاکوو پلەی گەرمی زیاد بکات توانای توانەوەی کەم دەکات، کاتێک گەچ لە هەوادا گەرم دەکرێت ئاوەکەی لەدەست دەدات و یەکەم جار دەگۆڕێت بۆ گۆگرداتی کالیسیۆمی نیوە هایدرات (کەمێک شێدار)، پاشان کە زیاتر گەرم کرا دەگۆڕێت بە گۆگرداتی کالیسیۆمی ئەنهایدارت (وشک)، گەچ بەشێوەی ئەنهایدرایت توانای توانەوەکەی لە گیراوەی خوێواودا بەتەواوەتی پشت دەبەستێت بە خەستی بڕی خوێی چێشت (NaCl) تیایدا.

بەکارهێنان

پیشەسازی بنیادنان

  • گەچی پۆشەر: وەک بەرهەمی کۆتایی دەدرێت لە دیوار و بنمیچ.
  • بلۆکی گەچ: وەک بلۆکی چیمەنتۆ بەکاردەهێنرێت لە کاری بیناسازییدا.
  • جەبلەی گەچ: جەبلەیەکی کۆنە کە لە بیناسازییدا بەکاردەهات.
  • پێکهاتەیەکی چیمەنتۆی پۆرتلاندە کە ڕێگری دەکات ڕەقبوونی خێرای کۆنکرێت.

کشتوکاڵ

  • پەیین و گونجێنەری خاک: لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٨ و سەرەتاکانی سەدەی ١٩دا، گەچی نۆڤا سکۆتیا یەکێک بووە لە باشترین پەیینەکان بۆ کێڵگەکانی گەنم لە ئەمریکا، هەروەها بەکاردەهات بۆ باشترکردنی ئەو خاکانەی ڕێژەی سۆدیۆم تیایاندا زۆربووە.
  • بەکاردەهات بۆ زیندووکردنەوەی ئەو خاکانەی کە ڕێژەی خوێیان زۆربووە: کاتێک گەچ دەخرێتە خاکێکی ترش و ڕێژەی سۆدیۆم بەرز، مێتابۆرەیتی سۆدیۆم (ماددەیەکی ڕەقی بێڕەنگە لە سۆدیۆم و بۆرۆن و ئۆکسجین پێکدێت و شێوگی کیمیایی بریتییە لە (NaBO₂) کە پێکهاتەیەکە توانای توانەوەی بەرزە، دەگۆڕێت بۆ مێتابۆرەیتی کالیسیۆمی کەم تواوە، هەروەها ڕێژەی سەدی سۆدیۆمی گۆڕاو بە تێکردنی گەچ کەم دەکات.
  • جێگرەوەی دار لە جیهانی کۆندا: بۆ نموونە کاتێک دار کەم دەبووەوە بەهۆی بڕینەوەی دارستانەکانەوە لە سەدەی بڕۆنزیدا، گەچ زیادکرا بۆ بنیادنان و بیناسازی لەو شوێنانەی کە پێشتر داریان بۆ بەکارهاتبوو.
  • شێدارکەرەوەی خاک.

پەیکەرتاشی و هونەر

  • وەک پلاستەر بۆ داڕشتنی قاڵب و دروستکردنی مۆدێل.
  • وەک مەڕمەڕی سپی کە ماددەیەکە لە پەیکەرتاشیدا بەکاردێت و بەتایبەت لە جیهانی کۆندا پێش گەشەسەندنی ستیل، چونکە نەرمییەکەی یارمەتیدەر بوو بۆ بەئاسان نەخشاندن.
  • لە سەدەکانی ناوەڕاستدا نامەنووسەکان گەچییان لەگەڵ کاربۆناتی قوڕقوشم (تۆزێکی سپیی قوڕقوشمە) تێکەڵ دەکرد بۆ دروستکردنی گەچی وێنەکێشان، کە بەکاردەهات بۆ ڕووناککردنەوەی نامەکان و لە دەستنووسە ڕووناکەکاندا بە زێڕ ڕووکەش دەکرا.


سەرچاوەکان



1238 بینین