نوێژی چێشتەنگاو

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2022-02-12-21:00:00 - کۆدی بابەت: 7812
نوێژی چێشتەنگاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چێشتەنگاو (بە عەرەبی: ضحى)، لە زمانەوانیدا بە واتای بڵاوبوونەوەی خۆر و فراوان بوونی ڕۆژ دێت، خۆر تێیدا بەرز دەبێتەوە بۆ چوار یەکی ئاسمان و پاشان بەرەو نیوەی، لە بەکارهێنانیشدا (ضحى) بە واتای ئەو نوێژە دێت کە لە سەرەتای ڕۆژەوە ئەنجام دەدرێت، کاتی ئەنجامدانەکەشی لە نێوان بەرزبوونەوەی خۆرەوەیە بۆ لاربوونەوەی لە نیوەی ئاسمان.

کاتی ئەنجامدانی نوێژی چێشتەنگاو

کاتەکەی لە بەرزبوونەوەی خۆرەوە بە ئەندازەی ڕمێک دەست پێدەکات، واتە دوای نزیکی 15 خولەک لە هەڵاتنی خۆر پێش نوێژی نیوەڕۆ و لادانی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان تەواو دەبێت، باشترین کاتیش بۆ ئەنجامدانی کە پەسەندە ئەو کاتەیە کە خۆر بەرز دەبێتەوە و گەرمایی زۆر دەبێت، ئەنجامدانی نوێژی چێشتەنگاو لەو کاتەی کە خۆر دەچێتە ناوەڕاستی ئاسمان کەراهەتی هەیە و باش نییە، هەروەک پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: (ثَلَاثُ سَاعَاتٍ كانَ رَسولُ اللهِ صَلَّى اللَّهُ عليه وَسَلَّمَ يَنْهَانَا أَنْ نُصَلِّيَ فِيهِنَّ، أَوْ أَنْ نَقْبُرَ فِيهِنَّ مَوْتَانَا: حِينَ تَطْلُعُ الشَّمْسُ بَازِغَةً حتَّى تَرْتَفِعَ، وَحِينَ يَقُومُ قَائِمُ الظَّهِيرَةِ حتَّى تَمِيلَ الشَّمْسُ، وَحِينَ تَضَيَّفُ الشَّمْسُ لِلْغُرُوبِ حتَّى تَغْرُبَ) رواه مسلم، في صحيح مسلم، عن عقبة بن عامر، الصفحة أو الرقم: 831، صحيح، واتە: پێغەمبەر ﷺ  قەدەغەی کردووە لەوەی کە لە سێ کاتدا نوێژ ئەنجام بدەین یا مردووی تێدا بنێژین، کاتێک کە خۆر هەڵدێت تا بەرز دەبێتەوە، کاتێک کە خۆر دەچێتە ناوەڕاستی ئاسمان تا لار دەبێتەوە، هەروەها کاتێک خۆر ئاوا دەبێت تا ئاوا دەبێت و دیار نامێنێت، زانایان کاتی کۆتایی نوێژی چێشتەنگاویان بە 10 بۆ 15 خولەک پێش نوێژی نیوەڕۆ دیاری کردووە.

حوکمی نوێژی چێشتەنگاو

نوێژی چێشتەنگاو سونەتێکی پێغەمبەرە ﷺ ئەمەش فەقیهـ و زاناکانی هەر چوار مەزهەبەکە کۆدەنگن لەسەری (شافعییەکان و مالکییەکان و حەنبەلییەکان و حەنەفیەکان)، ئەو فەرموودەش بە بەڵگە دەهێننەوە کە ئەبو زەری غەفاری (خوا لێی ڕازی بێت) دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: هەموو جومگەیەکی جەستەی ئادەمیزاد پێویستیان بە خێر هەیە ڕۆژانە (واتە لە جێی هەر یەکێکیان خێرێک)، هەر (سبحان الله) ـیێک خێرێکە، هەر (الحمد لله) ـێک خێرێکە، هەر (لا إلا إلا الله) ـێک خێرێکە، هەر (الله أکبر) ـێک خێرێکە، هەر فەرمان کردنێک بە چاکە خێرێکە، هەر ڕێگری کردنێک لە خراپە خێرێکە، دوو ڕکات نوێژی چێشتەنگاو دەبێتە شوێنگرەوەی ئەوە (واتە بە ئەنجامدانی وەک ئەوە وایە بۆ هەر جومگەیەک خێرێکت ئەنجام دەبێت).

ژمارەی ڕکاتەکانی نوێژی چێشتەنگاو

زانایان و فەقیهەکان لەسەر ئەوە کۆدەنگن کە کەمترین ڕکاتی نوێژی چێشتەنگاو 2 ڕکاتە، فەرموودەکەی پێغەمبەر ﷺ بە بەڵگە دەهێننەوە کە ئەبو زەری غەفاری ڕیوایەتی کردووە، هەروەها هیچ بەڵگە و فەرموودەیەک نییە کە بۆمان باس کرابێت کە پێغەمبەری خوا ﷺ لە دوو ڕکات کەمتر نوێژی چێشتەنگاوی ئەنجام دابێت، ئەمە لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بزانرێت کە بێجگە نوێژی وەتر هیچ نوێژێک نییە کە بە یەک ڕکات ئەنجام بدرێت، فەقیهەکان ڕای جیاوازیان هەیە سەبارەت بە زۆرترین ژمارەی ڕکات کە ئەنجام بدرێت بۆ نوێژی چێشتەنگاو، لەوانە: هەندێک لە زانایان دەفەرموون کە زۆرترین ڕکات بۆ نوێژی چێشتەنگاو چوار ڕکاتە، هەندێکی تر دەفەرموون هەشت ڕکات، مالکییەکان و حەنبەلییەکان و شافیعییەکان لەسەر ئەم ڕایەن و ئەم ڕایەش پشت پێ بەستراوە، ئەوانەی کە لەسەر ئەم ڕایەن ئەو فەرموودە دەکەن بە بەڵگە کە ئوم هانئ (خوای گەورە لێی ڕازی بێت) دەگێڕێتەوە کە دەڵێت پێغەمبەری خوا ﷺ ڕۆژی فەتحی مەککە هەشت ڕکات نوێژی چێشتەنگاوی بەجێ هێناوە، دوای هەر دوو ڕکات سڵاوی داوەتەوە (واتە دوو ڕکات دوو ڕکات ئەنجامی داوە)، ئەم فەرموودەش ئەوە دەردەخات کە پێغەمبەری خوا ﷺ زۆرترین ڕکاتی نوێژی چێشتەنگاوی ئەنجام دابێت 8 ڕکات بووە، مالکییەکان دەڵێن کە مەکروهە لە 8 ڕکات زیاتر ئەنجام بدەیت مەگەر ئەو کەسە کە نیەتی سونەتی موطلەق بێت، ڕای سێیەم کە ڕای حەنەفییەکانە دەڵێن کە 12 ڕکات زۆرترینی نوێژی چێشتەنگاوە، بۆ ئەمەش پشت بە فەرموودەیەک دەبەستن کە پلەی فەرموودەکە لاوازە، ئیبن عابدین دەڵێت دروستە کە لە فەزائیل و چاکەدا دروستە کە کار بە فەرموودەی لاواز بکرێت، ڕای چوارەم کە ڕای ئیبن جەریر و طەبەری و ئیبن عوثەیمین و ئیبن بازە دەڵێن کە نوێژی چێشتەنگاو هەرچەندێک بکرێت دروستە و سنوورێک نییە بۆ زۆرترین ڕکات، ئەوەش بە بەڵگە دەهێننەوە کە دایە عائیشە (خوا لێی ڕازی بێت) دەفەرموێت کە پێغەمبەری خوا ﷺ چوار ڕکات نوێژی چێشتەنگاوی دەکرد و لەوەش زیاتری دەکرد تا خوا ویستی لەسەر بوایە.

چۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژی چێشتەنگاو

زۆربەی زانایان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کە نوێژی چێشتەنگاو دوو ڕکات دوو ڕکات ئەنجام دەدرێت، ئەوەش بە بەڵگەی ئەو فەرموودەیەی کە ئاماژەی پێدرا کە پێغەمبەری خوا ﷺ دوای هەر دوو ڕکاتێک سەلامی دەدایەوە و دوو ڕکاتی تری ئەنجام دەدا، نوێژی چێشتەنگاو بە دەنگی بەرز ئەنجام نادرێت بەڵکو وەک نوێژی نیوەڕۆ و عەسر بە پەنهانی ئەنجام دەدرێت، لەبەر ئەوەی ئەو نوێژانەی لە ڕۆژدایە بە پەنهانییە، هیچ بەڵگەیەکیش نییە لەسەر ئەوەی کە پێغەمبەری خوا ﷺ ئەم نوێژەی بە دەنگی بەرز ئەنجام دابێت.

فەزڵی نوێژی چێشتەنگاو

چەند فەرموودەیەک هاتووە لەسەر فەزڵی نوێژی چێشتەنگاو کە ئەمەش نیشانەی گرنگی و گەورەیی ئەم نوێژەیە، لەوانەش:

  • عن أبي هريرة -رضي الله عنه- قال: (أَوْصَانِي خَلِيلِي بثَلَاثٍ لا أدَعُهُنَّ حتَّى أمُوتَ: صَوْمِ ثَلَاثَةِ أيَّامٍ مِن كُلِّ شَهْرٍ، وصَلَاةِ الضُّحَى، ونَوْمٍ علَى وِتْرٍ) رواه البخاري، في صحيح البخاري، عن أبي هريرة، الصفحة أو الرقم: 1178، ئەبو هورەیرە (خوا لێی ڕازی بێت) دەڵێت: خۆشەویستم پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمانی پێکردم کە سێ شت هەن وازیان لێ نەهێنم تاوەکو دەمرم، ڕۆژوو گرتنی سێ ڕۆژ لە هەموو مانگێکدا، نوێژی چێشتەنگاو و نوێژی وەتر).
  • ئەبو زەری غەفاری (خوا لێی ڕازی بێت) دەگێڕێتەوە: کە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: هەموو جومگەیەکی جەستەی ئادەمیزاد پێویستیان بە خێر هەیە ڕۆژانە (واتە لە جێی هەر یەکێکیان خێرێک)، هەر (سبحان الله) ـیێک خێرێکە، هەر (الحمد لله) ـێک خێرێکە، هەر (لا إلا إلا الله) ـێک خێرێکە، هەر (الله أکبر) ـێک خێرێکە، هەر فەرمان کردنێک بە چاکە خێرێکە، هەر ڕێگری کردنێک لە خراپە خێرێکە، وە دوو ڕکات نوێژی چێشتەنگاو دەبێتە شوێنگرەوەی ئەوە (واتە بە ئەنجامدانی وەک ئەوە وایە بۆ هەر جومگەیەک خێرێکت ئەنجام دەبێت).
  • عن أنس بن مالك -رضي الله عنه- عن رسول الله -صلى الله عليه وسلم- قال: (من صلَّى الغداةَ في جماعةٍ ثم قعد يذكرُ اللهَ حتى تطلعَ الشمسُ ثم صلَّى ركعتيْنِ كانت لهُ كأجرِ حجَّةٍ وعمرةٍ، قال: قال رسولُ اللهِ صلَّى اللهُ عليهِ وسلَّمَ: تَامَّةٍ، تَامَّةٍ، تَامَّةٍ)، رواه الترمذي، في سنن الترمذي، عن أنس بن مالك، الصفحة أو الرقم: 586، حسن غريب، ئەنەسی کوڕی مالیک (خوا لێی ڕازی بێت) دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: هەر کەسێک نوێژی بەیانی بە جەماعەت ئەنجام بدات، پاشان دابنیشێت یادی خوای گەورە بکات تا خۆر هەڵدێت، پاشان دوو ڕکات نوێژ ئەنجام بدان، ئەوە پاداشتی حەج و عومرەیەکی بۆ دەنوسرێت، فەرمووی: پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: بە تەواوی، بە تەواوی، بە تەواوی.

ناوەکانی نوێژی چێشتەنگاو

  • نوێژی (الأوابین)، ئەمەش بە واتای ئەوەی کەسێک کە زۆر دەگەڕێتەوە بۆ لای خودای گەورە و داوای لێخۆشبوونی لێدەکات و گوێرایەڵی خوای گەورەیە.
  • نوێژی خۆرهەڵاتن، واتە ئەو نوێژەیە کە پاش هەڵاتنی خۆر بە ئەندازەی ڕمێک ئەنجام دەدرێت.


سەرچاوەکان



3302 بینین