تایلەند

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-16-14:01:00 - کۆدی بابەت: 7841
تایلەند

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

تایلەند یاخۆد کۆماری تایلەند (بە عەرەبی: تایلاند، بە ئینگلیزی: Thailand)، وڵاتێکە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بە دیاریکراوی دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی نیمچەدوورگەی "هیندۆچینی" لە کیشوەری ئاسیا، هەریەک لە لاوس و کەمبوودیا لە ڕۆژهەڵاتەوە دەوریان داوە، لەگەڵ وڵاتی مالیزیا لە باشوورەوە هاوسنوورە و دەریای ئندامان و میانیمار لە ڕۆژئاواوە دەوریان داوە، لە ڕووی کارگێڕییەوە ئەم وڵاتە خاوەن 75 پارێزگایە، پایتەختەکەی پارێزگای "بانکۆک"ـە کە گەورەترین پارێزگای تایلەندە، ڕووبەری تایلەند 513,120 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، سیستمی دەسەڵات پادشایی دیموکراسی پەرلەمانیی دەستوورییە.
بە گشتی کەشوهەوای تایلەند گەرم و وشکە، هەروەها لە چەند بەشێکی کەشێکی باراناوی و شێداری هەیە. 

مێژووی تایلەند

ـ بەپێی بەڵگە مێژوویی و شوێنەوارەکان کە دۆزراونەتەوە، مێژووی ژیانکردن لەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ 5000 ساڵ پێش ئێستا.
ـ ناوچەکە زۆرکاریگەر بووە بە کولتوور و نەریتەکانی وڵاتانی باشووری ئاسیا.
ـ لەساڵی 1769ـۆوە ئەم وڵاتە سەربەخۆیە.
ـ لە ڕابردوودا ناوی فەرمی وڵاتەکە "شانشینی سیام" بووە، تا ساڵی 1949 ناوەکەی گۆڕدرا بۆ "شانشینی تایلەند" کە بە واتای "خاکی ئازادیخوازن" دێت.
ـ وڵاتی تایلەند تاکە وڵاتی ناوچەکانی باشووری ئاسیا بوو کە نەکەوتە ژێر  فەرمانڕەوایی بەریتانیا و دەسەڵاتی داگیرکاری بەریتانیا لە تایلەند زۆر لاواز و سست بووە. 

ئایین و ژمارە و زمانی دانیشتوان

ژمارەی دانیشتوانی تایلەند بە 68 ملیۆن کەس خەمڵێندراوە، لە ڕووی ئاست و ژمارەی دانیشتوانەوە لە کۆی 193 وڵاتی جیهان پلەی 19ـیەمی هەیە. زمانی تایلەندی کە بە"تای" ناسراوە زمانی فەرمی ئەو وڵاتەیە.
دانیشتوانی تایلەند ئەوانەی کە ڕەچەڵەکیان تایلەندییە بەشێکی زۆری دانیشتوان پێکدەهێنن کە ڕێژەیان دەگاتە 93.6%، بۆرمییەکان 2% ڕێژەی دانیشتوان پێکدەهێنن و ڕەچەڵەکەکانی تر ڕێژەی 1.3% پێکدەهێنن.
زۆرینەی دانیشتوان پەیڕەوی ئایینی بووزیین ڕێژەیان دەگاتە 93.6%، ئایینی موسڵمان و مەسیحی کەمینەیەک لە شوێنکەوتوانیان هەیە و ڕێژەیەکی دیاریکراون.

ئابووریی تایلەند

وڵاتی تایلەند لە دوای وڵاتی ئەندۆنیسیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا خاوەن دووەم گەورەترین ئابوورییە، هەروەها خاوەن چەندان سەرچاوەی سروشتییە نموونەی گازی سروشتی و تەنەکە و بەرهەمی کشتوکاڵی و ماسی.

گرنگترین بوارەکانی ئابووری لەو وڵاتە بریتییە لە:

ـ بەرهەمهێنان و هەناردەکردن: ئابووریی تایلەند بە شێوەیەکی فراوان پشت بەم بوارە دەبەستێت، هەناردەکردن سێیەکی داهاتی ناوخۆ پێکدەهێنێت، هەروەها داهاتی هەناردەکانی ئەو وڵاتە ساڵانە دەگاتە 105 ملیار دۆلار، گرنگترین ئەو بەرهەمانەی کە هەناردەی دەرەوە دەکرێن بریتیین لە ئامێرە کارەباییەکان، لاستیک، خشڵ، زێڕ و پارچەکانی ئۆتۆمبێل و پۆشاک.
ـ هۆکارەکانی گواستنەوە: هێڵی شەمەندەفەری بانکۆکی پایتەخت یەکێکە لە وێستگە سەرەکییەکانی وڵات کە هەموو هێڵە سەرەکییەکانی وڵاتەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەروەها تایلەند 103 فڕۆکەخانەی هەیە، بەهۆی شوێنە گەشیارییە ناودارەکانی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی تەکسی لەو شارە بوونیان هەیە کە ژمارەیان دەگاتە 80,647 ئۆتۆمبێل.
ـ کشتوکاڵ: خاکی تایلەند زۆر گونجاوە بۆ کشتوکاڵ، بە ڕێژەی 49%ـی هێزی کاری تایلەند لە کشتوکاڵدایە، برنج گرنگترین بەرهەمی کشتوکاڵییە کە بەهۆی لەباری کەشوهەواکەی و خاکەکەی ساڵانە بڕێکی زۆر لە برنجی تایلەندی بەرهەم دەهێنرێت، بە جۆرێک کە 55%ـی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە تایلەند بۆ برنج بەکاردەهێنرێت، تایلەند بە بەرهەمهێنانی چەند بەروبوومێکی تریش ناودارە نموونەی گەنمەشامی، سۆیا، قامیشی شەکر، گوێزی هیندی و بەربوومی دەریایی نموونەی ماسی و ڕۆبیان.
ـ وزە: نزیکەی 75%ـی بەرهەمهێنانی کارەبا لە تایلەند لە ڕێگەی گازی سروشتییەوەیە، وڵاتی تایلەند دووەمین گەورەترین هاوردەی نەوتە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بڕێکی زۆر لە گازی سروشتی و خەڵووز بەرهەم دەهێنێت.

کەرتی گەشتوگوزار 

وڵاتی تایلەند بە چەندان ناوچەی گەشتیاری ناودار و سەرنجڕاکێش دەوڵەمەندە، نموونەی دارستانی چڕ و لوتکەی شاخی بەرز و شوێنەواری دێرینی مێژوویی، ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە گەشتیاران سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، نموونەی گرنگترین ناوچە گشتیارییەکانی تایلەند:

ـ بانکۆکی پایتەخت: گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی تایلەند لە پایتەختن، نموونەی پەرستگای وات ئارۆن، کۆشکی مەزن، چەندان پارک و مۆزەخانە و شوێنی تر.

ـ تاڤگەی سی لوو سوو: بەرزترین تاڤگەیە لە وڵاتی تایلەند و بەرزییەکەی نزیکەی 300 مەترە، یەکێکە لە شوێنەوارە گەشتیارییە جیهانییە تۆمارکراوەکانی یۆنسکۆ.

ـ دەریاچەی چۆلان: ئەم دەریاچەیە ڕووبەرەکەی 185 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، چەندان ئاژەڵ لەو باخچەیەدایە کە ئەم دەریاچەیەی لەخۆ گرتووە نموونەی فیل و مار و زەڕافە.

ـ باخچەی فیلەکان: باخچەیەکی تایبەتە بە فیلەکانی تایلەند، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئەو باخچەیە دەکەن.


سەرچاوەکان



1012 بینین