شەنگەهای

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-24-16:30:00 - کۆدی بابەت: 7886
شەنگەهای

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەنگەهای (بە ئینگلیزی: Shanghai یان Shang-hai)، یەکێکە لە چوار شارەوانێتییەکانی کۆماری گەلی چین، ئەم شارە دەکەوێتە باشووری ڕێژگەی ڕووباری یانگتسی و ڕووباری هوانگپوو دەڕژێتە ناوییەوە، لە ساڵی 2020دا ژمارەی دانیشتوانی شەنگەهای 24.87 ملیۆن کەس بوو، شاری شەنگەهای سەنتەرێکی جیهانی دارایی، بازرگانی، ئابووری، توێژینەوە، پەروەردە، زانست، تەکنەلۆجیا، پیشەسازی، گەشتیاری، کولتوور و گواستنەوەیە و بەندەری شەنگەهای قەرەباڵغترین بەندەری جیهانە کە تایبەتە بە گواستنەوەی کەلوپەل و شتومەک بە کانتینێر.

دانیشتوانی شەنگەهای

ژمارەی دانیشتوانی شانگەهای لە ساڵی 2016دا بە 24.15 ملیۆن کەس خەمڵێنراوە، بە بەراورد بە ساڵی 2015 بە ڕێژەی 0.4٪ دابەزیوە، ئەم شارە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە له پلەی یەکەمی وڵاتی چین و لە پلەی پێنجەمی تەواوی جیهاندایە، لەڕووی دیمۆگرافییەوە و بەپێی سەرژمێری ساڵی 2010 دانیشتوانی شانگەهای 89.3٪ (20.6 ملیۆن) هاوڵاتی شارنشین و 10.7٪ (2.5 ملیۆن) لادێی بووە، زیاتر لە 39٪ی دانیشتوانی شانگەهای کۆچبەری لەمێژینەن کە ژمارەیان لە دە ساڵدا سێ ئەوەندە بووە، کۆچبەران بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی (29٪) ئانهوی، جیانگسو (16.8٪)، هانان (8.7٪) و سیچوان (7.0٪) بوون، لە کاتێکدا نزیکەی 80٪ خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەری شارن و گەورەترین ڕێژەی گەشەی شارەکەیان پێکهێناوە، چونکە ڕێژەی گەشەی سروشتی شەنگەهای لە ساڵی 1993ـەوە بەهۆی کەمی ڕێژەی منداڵ خستنەوەوە نەرێنی بووە، ئەم شارە زیاتر لە 150,000 هاوڵاتی بیانی بەفەرمی تۆمار کردووە، لەوانە نزیکەی 31,500 هاوڵاتی ژاپۆنی و 21,000 هاوڵاتی ئەمریکی و 20,700 هاوڵاتی کۆری، شارەکە زۆر کێشەی دیمۆگرافی هەیە کە پێویستە چارەسەری بکات، لەوانە ڕێژەی نزمی وەچەخستنەوە، ناهاوسەنگی لە ڕێژەی ڕەگەزییدا 113 کوڕ بەرامبەر 100 کچ و زیادبوونی ژمارەی بەساڵاچووان.

مێژووی شارەکە

شەنگەهای یەکێکە لە گەورەترین بەندەرە دەریاییە جیهانییەکان و ناوەندێکی گەورەی پیشەسازی و بازرگانی وڵاتی چینە، ئەم شارە لە بنەڕەتدا گوندێکی ماسیگری و شارۆچکەیەکی کڕین و فرۆشتن بوو، لە سەدەی نۆزدەهەمدا بەهۆی بازرگانی ناوخۆیی و بیانی و گونجاوی شوێنی بەندەرەکەی گەشەسەندێکی بەرچاوی بەخۆیەو بینی، شارەکە یەکێک بوو لەو پێنج بەندەرەی کە لە دوای جەنگی یەکەمی ئەفیونەوە پەیماننامەیەکی بۆ کرا کە دەبێت بۆ بازرگانی ئەورووپا کراوە بن، دواتر و لە ساڵانی 1930کاندا شارەکە گەشایەوە و بوو بە ناوەندی سەرەکی بازرگانی و دارایی ئاسیا، لە ماوەی شەڕی نێوان ژاپۆن و چیندا شارەکە شوێنی جەنگی گەورەی شەنگەهای بوو، دوای جەنگ، لەگەڵ ئەوەی کۆمۆنیستەکان لە ساڵی 1949دا دەستیان بەسەر خاکی سەرەکیدا گرت، کاری بازرگانی بۆ وڵاتانی تری سۆسیالیست سنوردار کرا و کاریگەری جیهانی شارەکە پووکایەوە.

ڕووبەری شارەکە

ڕووبەری ڕووی تەواوی شارەکە 6,340.5 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و زەوییەکەی زیاتر تەختە، جگە لە چەند گردێک کە لە ناوچەی باشووری ڕۆژئاوادان، هەروەها تێکڕای بەرزییەکەی تەنیا 4 مەترە، ئەم شارە خاوەنی چەندین ڕووبار، کەناڵ، دەریاچە و جۆگەیە.

شەنگەهای لەڕووی گەشتیارییەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی 27ی کانوونی دووەمی 2022، لە ساڵی 2019دا نزیکەی 361 ملیۆن گەشتیار لە خاکی سەرەکی چینەوە سەردانی شەنگەهایان کردووە، لەمانە 190 ملیۆن گەشتیار لە شارەوانێتی شەنگەهای نیشتەجێ بوون و بەدوای چالاکییە گەشتیارییەکانەوە بوون و 172 ملیۆن گەشتیاریش لە تەواوی شار و ناوچەکانی وڵاتی چینەوە هاتوون، هەر گەشتیارێک بە تێکڕایی 1,345 یووئانی لە شاری شەنگەهای خەرج کردووە.

کەشوهەوای شەنگەهای

شاری شەنگەهای کەشوهەوایەکی شێداری نیمچە خولگەیی هەیه، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی شارەکە لە ناوچەکانی دەوروبەری شاردا 15.8 پلەی سەدییە و لە قەراغی شاردا 15.2 بۆ 15.7 پلەی سەدییە، شارەکە چوار وەرزی جیاوازی هەیە، مانگەکانی وەرزی زستان مامناوەند و سارد و شێدارن، بای باکووری ڕۆژئاوایی سیبریا دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر، هەموو ساڵێک بە تێکڕایی 6.2 ڕۆژ بەفر دەبارێت و 2.8 ڕۆژ بەفر تەواوی شارەکە سپی پۆش دەکات، هەروەها مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و شێدارن، جاروبار چاوەڕوانی بارانی بەخوڕ یان هەورە بروسکەی لێ دەکرێت، ساڵانە پلەکانی گەرما بە تێکڕایی 8.7 ڕۆژ لە 35 پلەی سەدی تێپەڕ دەبن، لەوانەیە لە هاوین و سەرەتای پاییزدا شارەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری تایفوون یان گەردەلوولی کەمەرەیی، هەرچەندە کەشوهەوا لە وەرزی بەهاردا دەگۆڕدرێت و زۆر جار باراناوییە بەڵام بە گشتی خۆشترین وەرزی ساڵە، کەشوهەوای وەرزی پاییزیش خۆرەتاو و وشکە.


سەرچاوەکان



610 بینین