کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر ڕووەک و ڕووبەری سەوزایی

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-14-14:02:00 - کۆدی بابەت: 13184
کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر ڕووەک و ڕووبەری سەوزایی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر ڕووەک و ڕووبەری سەوزایی بە ئینگلیزی (Effects of climate change on plants and green area)، بە عەرەبی (اثار تغير المناخ على النباتات والمساحات الخضراء)، چوار هۆکاری سەرەکی هەن کە کاریگەری سەرەکییان هەیە بە تایبەت لەسەر دارستان و ڕووبەری سەوزایی گژوگیا: ئاو، سەوزایی، ژیانی کێوی، و هۆکارە تێکدەرەکان. هەریەکێک لەو هۆکارانە سوود و زیانی خۆی بۆ سیستەمی سروشتی و تەندروستی و چالاکی هەیە، ڕەنگە کاریگەرییەکان لە زۆربەی کاتدا بە شێوەیەکی ڕوون دیار نەبێت.

ئەو هۆکارانەی کە پاڵنەری سەرەکی هەریەکەیان کەش و هەوایە و کاریگەرییان لەسەر دارستان و ڕووبەری سەوزایی

ئاو (ڕێژەی باران بارین، سەهۆڵبەندان، بەرزبوونەوەی ئاوی زەریاکان) بە بەراورد بو تۆمارەکانی ڕابردوو ڕێژەی بارانبارین گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە کەم یان زیادی کردووە. گۆڕانکاری لە ڕێژەی بارانبارین کاردەکاتە سەر شێداری خاک، ئاستی ئاوی ژێر زەوی، مەترسی بۆ ژیانی زیندەوەرانی کێوی. لە سەردەمی هاوچەرخدا گۆڕانی کەش و هەوا بۆتە هۆی گۆڕانی بڕ و ڕێژە و کاتی باران بارینەکان و هەتاکو دێت ئەو گۆڕانانە زیاد دەکات، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا ڕێژەی بارانبارینی ساڵانە ئەگەرچی زۆریش بێت سوودی نەبێت.

چونکە زۆربەی ئەو ڕێژەیە لە کاتی کەش و هەوای سەخت و لە ماوەیەکی کەمدا دەبارێت، ئەم دیاردەیە لە ئێستادا لە زۆر ناوچەی سەرزەوی بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێت، هەندێ لە دارستانەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بە کەش و هەوای سەخت و وشکە ساڵیدا تێپەڕدەبن تاکو دووبارە زریانێکی سەخت لێیان دەداتەوە و بڕێکی زۆر باران دەبارێت، ئەو ماوە وشکە دەبێتە هۆی دروستبوونی پەستان و تەنگەژە بۆ ڕووەکەکان، باران بارین لە زریان یان کەش و هەوایەکی سەختدا یارمەتی ڕەوینەوەی ئەو تەنگەژانە و بوژانەوەی ڕووەکەکان نادات چونکە لەبری ئەوەی بارانەکە لەسەرخۆ بچێتە نێو خاکەوە و شێداری بکات بەو ڕێژە زۆرە و لەو کەش و هەوایەدا هەر زوو دەبێتە لافاو و دەڕژێتە چەم و ڕووبارەکانەوە.

وەرزی گەشەکردن لە دارستانەکاندا

وەرزی گەشەکردن لە دارستانەکاندا لە سەرەتای وەرزی بەهارەوە دەست پێ دەکات و بەو ماوەیە دەوترێت کە ڕووەکەکان تێیدا گەشە دەکەن و ئاو و تیشکی خۆر و هەموو پێویستییەکان وەردەگرن، وەرزی ڕاوەستانی گەشەش بەو کاتە دەوترێت کە ڕووەکەکان لە گەشەکردن دەوستن و بە شێوەیەکی گشتی لە کۆتایی وەرزی پایزەوە دەست پێ دەکات، گۆڕانی کەش و هەوا و درەنگ دەستپێکردنی وەرزی سەرما و زوو هاتنی وەرزی بەهار و توانەوەی سەهۆڵبەندەکان، گەڵاکان زوو شکۆفە بکەن و بەر لە کاتی خۆیان گوڵبگرن لە کۆتایشدا وەرزی گەشەکردنی درێژکردووتەوە، زۆربوونی وەرزی گەرمی واتای زۆربوونی ماوەی گەشەکردنە ئەوەش دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی دارستانەکان و ڕووەکەکانیان ئەگەر ئاو و تیشکی خۆری پێویستیان دەست بکەوێت، کە ڕەنگە ئەوە سودێکی گۆڕانی کەش و هەوا بێت لە ئێستادا، بەڵام بۆ مەودایەکی دورتر کاریگەری خراپی بۆ سەر وەرزی گەشەکردن دەبێت.

ڕووەکەکان سوود لە تیشکی خۆر و دوانەئۆکسیدی کاربۆن و ماددە خۆراکییەکان هەیە بۆ کرداری ڕۆشنەپێکهاتن و گەشەکردن، گۆڕانی کەش و هەوا و زۆربوونی بڕی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگە هەوادا وای کردووە ڕووەکەکان کاربۆنی زیاتریان لەبەردەستدا بێت بۆ کرداری ڕۆشنە پێکهاتن و ئاوی زۆریش هەڵدەمژن.

 لە کاتی گۆڕانی پلەی گەرمی چی ڕوودەدات؟

لەگەڵ گۆڕانی پلەکانی گەرما و کەمبوون یان زیادبوونی ڕێژەی بارانبارین، ئەو ژینگە لەبارەی کە هەر ڕووەکێک پێویستی پێیەتی بۆ گەشەکردن و بەردەوامیدان بە جۆرەکەی دەگۆڕیت، بۆ نموونە زۆر جۆری ڕووەک لەوانەیە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و شوێنی گەشەکردنیان بەرەو ئەو شوێنانە ببەن کە لە ئاستی ڕووی دەرایەوە بەرزترن، یان دوای کەش و هەوا بارودۆخی شێدار دەربکەون، ئەو جۆرانەی لە ناوچەیەکی نەگونجاو یان نالەباردا دروست دەبن لەوانەیە دەستبەجێ وشک نەبن بەڵام بەروبوومیان کەمدەکات لە کرداری بەرهەمهێنان و زۆربووندا بەشداری ناکەن.

دیاردەی ئاگرکەوتنەوە

دیاردەی ئاگرکەوتنەوە یەکێکە لەو دیاردانەی بە یارمەتی گۆڕانی کەش و هەوا و گەرمبوونی زەوی زیاد دەکات، وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و درێژبوونەوەی وەرزی گەشەکردن و گۆڕان لە بڕی بارانبارین، بە ڕەچاوکردنی جۆری دارستان و ناوچەکە و شوێنی ئاگرەکە هەموو مەترسی زیانی گەورە بۆ سەر دارستانەکان بەهۆی ئاگرکەوتنەکەوە زیاد دەکەن. درێژی وەرزی کەوتنەوەی ئاگر و ڕووبەری سووتاو سالانە ڕوو لە زیادبوون دەکات، هەتاکو ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەکەش زیاتر بێت مەترسی بۆ سەر ژینگەی سروشتی و پێکدادانی لەگەڵ شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ (بۆ نموونە شارەکان) زیاتر دەبێت.


سەرچاوەکان



54 بینین