ئۆتاوا

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-02-25-23:40:00 - کۆدی بابەت: 7892
ئۆتاوا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئۆتاوا (بە ئینگلیزی: Ottawa)، شارێکی وڵاتی کەنەدایە و پایتەختی ئەو وڵاتەیە، ناوەکەی بە واتای بازرگانی دێت، چوارەم گەورەترین شارە لە وڵاتی کەنەدا و ساڵانە زیاتر لە ٧ ملیۆن گەشتیار سەردانی شارەکە دەکەن بەهۆی بوونی چەندین مۆزەخانە، تەلار و باڵەخانەی مێژوویی سەرنجڕاکێش، لە ساڵی ١٨٢٦ شاری ئۆتاوا دروستکراوە و لە ساڵی ١٨٥٧ کراوەتە پایتەختی وڵاتی کەنەدا.

مێژووی ئۆتاوا

کۆنترین دانیشتوانی شاری ئۆتاوا ئەمریکییە ڕەسەنەکانن کە بە بازرگانەکان ناودەبران، لە ساڵی ١٩٠٠ـدا شاری ئۆتاوا بەهۆی ئاگرێکەوە سوتا و وێران بوو، دووبارە لە ساڵی ١٩١٦ ئاگرێکی دیکە بەرۆکی ئەم شارەی گرتەوە و بووە هۆکاری سوتانی چەندین تەلار و باڵەخانە، لە ساڵی ١٩٣٧ـدا سەروەزیرانی ئەوکاتە تەلارسازێکی فەڕەنسی هێنایە شاری ئۆتاوا بە مەبەستی نوێکردنەوەی شارەکە، نۆژەن کردنەوەی باڵەخانەکان، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، لابردنی هێڵی ئاسنین و کارگەکان لە ناوەندی شاردا، لە ماوەی ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠٠٠ـدا بەهۆی پێشکەوتنەکانی بواری پیشەسازی و تەکنەلۆجییەوە شاری ئۆتاوا بوو بە یەکێک لە شارە تەکنەلۆجییە مەزنەکانی وڵاتی کەنەدا و نازناوی دۆڵی سلیکۆنی باکووری پێبەخشرا.

ئابووری ئۆتاوا

ئابووری شاری ئۆتاوا بەندە لەسەر کاری تەکنەلۆجی، پیشەسازی و کەرتی گەشتوگوزار، دەسەڵاتی ئەو وڵاتە نزیکەی ١١٠ هەزار کەسی لەکەرتی گشتیدا دامەزراندووە کە هۆکارن بۆ پێشخستنی چالاکی ئابووری، شاری ئۆتاوا ناوەندێکی گرنگی بواری تەکنەلۆجیایە بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠١٥ـدا نزیکەی ١٨٠٠ کۆمپانیا دامەزراوە کە بە نزیکەیی ٦٣٤٠٠ کەس تیایدا کار دەکەن و ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی شاری ئۆتاوا نازناوی دۆڵی سلیکۆنی باکووری پێبدرێت، لە کەرتی تەندروستیشدا زیاتر لە ١٨ هەزار کەس کاردەکەن بەتایبەت لە چوار نەخۆشخانە گشتییە بەناوبانگەکەی ئۆتاوادا کە ئەمانیش یەکێکن لە هۆکارەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری، بەپێی ڕاپۆرتێک لە ساڵی ٢٠١٦ دا ڕێژەی بێکاری لە شاری ئۆتاوا نزیکەی ٧،٢٪ بووە.

کەشوهەوای ئۆتاوا

کەشوهەوای شاری ئۆتاوا بەگشتی کیشوەرییە، وەرزی زستانی زۆر ساردە و وەرزی هاوینی گەرمە، پلەی گەرما لە وەرزی زستاندا دەچێتە نزیکی ٢٣ پلە خوار سفر و لە وەرزی هاویندا پلەی گەرما بە نزیکەیی دەگاتە ٣٥ پلەی سەدی، تێکڕای ڕێژەی بارانبارینی ساڵانە بە نزیکەیی دەگاتە ٩٢٠ ملیمەتر و ڕێژەی بەفر بارینیش ساڵانە بە نزیکەیی دەگاتە ١٧٥ سانتیمەتر.

شوێنە گشتیارییەکانی ئۆتاوا

  • مۆزەخانەی جەنگی کەنەدی
  • بینای پەرلەمان
  • پێشانگای نیشتیمانی
  • شەقامی لاڤال
  • پەیکەری ئۆتاوا
  • کتێبخانەی کەنەدی
  • کەنداوی ڕیدۆ


سەرچاوەکان



576 بینین