هەمبەرگر

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-03-02-22:15:00 - کۆدی بابەت: 7912
هەمبەرگر

ناوه‌ڕۆك

هەمبەرگر چییە؟

هەمبەرگر (بە ئینگلیزی: Hamburger، بە عەرەبی : هامبورجر ،همبورغر )، جۆرێکە لە خواردنی خێرا بەشێوەی لەفەیە و دەکرێتە ناو سەموونێکی دوولەت کراو، چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە و پێکهاتە سەرەکییەکەی بریتییە لە گۆشتی گای قیمە کراو یاخود گۆشتی مریشکی قیمە کراو کە هەندێک کات لەسەر خەڵووز دەبرژێنرێت و هەندێک کاتیش لە ڕۆندا سووردەکرێتەوە، لەگەڵ بوونی چەند پێکهاتەیەکی تری وەک، تەماتە، پیاز، کاهوو، سۆس (مایۆنێز، کەچەب و سۆسی تایبەت)، خەیارشۆر (خەیاری خۆشکراو لە خوێ یان سرکەدا) و پەنیر، بەکارهێنانی هەریەک لەم پێکهاتانە بەپێی خواستی کەسەکان دەگۆڕێت.

مێژووەکەی

مێژووی پەیدابوونی خواردنی هەمبەرگر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠، بەپێی چەندین بەڵگەی مێژوویی دەرکەوتووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شاری هامبۆرگ لە وڵاتی ئەڵمانیا شوێنی پەیدابوونی ئەم جۆرە خواردنەن، لە پاش ماوەیەکی کەم هەمبەرگر بە هەموو جیهان ناسرا و زۆربەی مێژوونووسانیش ئاماژە بە ئەوە دەکەن کە ناوی هەمبەرگر لە ناوی شاری هامبۆرگەوە سەرچاوەی گرتووە، ڕۆژی ٢٧ی ئایار لە جیهاندا بە ڕۆژی جیهانی هەمبەرگر دانراوە و  هەموو ساڵێک لە ئەو ڕۆژەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت و جۆرەها هەمبەرگری جیاواز پێشکەش دەکرێت.

سوودەکانی

خواردنی هەمبەرگر چەندین سوودی گرنگ و جیاوازی هەیە وەک :

  • بەرز کردنەوەی ڕیژەی ئاسنی جەستە: ماددەی ئاسن ماددەیەکی سەرەکییە لە جەستەی مرۆڤدا کە بەرپرسە لە گواستنەوەی ئۆکسجینی جەستە، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و ئاسان کردنی کرداری هەرس، خواردنی هەمبەرگر ڕۆڵی هەیە لە بەرز کردنەوەی ئاستی ماددەی ئاسن لە لەشدا.
  • ژەمە پڕۆتینی پێویستی جەستە دابین دەکات: لەشی مرۆڤ بەردەوام پێویستی بە پڕۆتین هەیە بۆ بەرهەم هێنانی شانەی نوێ و بەرگری کردن دژ بە هۆکارەکانی نەخۆشی، خواردنی هەمبەرگر دەتوانێت ٢٠ گرام پڕۆتین بۆ جەستە دابین بکات.
  • دابین کردنی ڕێژەی پێویست لە ڤیتامین B12: ڤیتامین B12 بەرپرسە لە بەرهەم هێنانی خانەی نوێ، هەڵگرتنی ئۆکسجین و ماددە خۆراکییەکان لە سەرانسەری جەستەدا، خواردنی ژەمێک لە هەمبەرگر دەتوانێت نزیکەی سێ مایکرۆگرام لە ڤیتامین B12 بۆ لەش دابین بکات.
  • خێرایە: هەمبەرگر بە یەکێکە لە خواردنە خێراکان دادەنرێت چونکە کاتێکی کەمی پێویستە تا ئامادە ببێت، ئەمەش یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە کاتیان کەمە، بۆیە ئامادەکردنی ئەم جۆرە لە خواردنی خێرا کاتێکی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە و کار ئاسانیان بۆ دەکات.
  • هەرزانە: هۆکاری زۆر خواردنی خواردنە خێراکان هەرزانییەکەیەتی، ئامادەکرنی ئەم جۆرە خواردنانە پێویستی بە کاتێکی کەمە بۆیە بە هەرزان دەفرۆشرێت.

زیانەکانی

خواردنی هەمبەرگر چەندین زیانی بۆ تەندروستی و جەستەی مرۆڤەکان هەیە و چەندەها کاریگەری خراپ جێدەهێڵێت لەوانەش:

  • زیادکردنی کێش: بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆری کالۆری لە گۆشت و سەموونەکەیدا هەمبەرگر هۆکارە بۆ زیادبوونی کێش و توشبوون بە قەڵەوی.
  • زیادکردنی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ: هەمبەرگر ڕێژەیەکی زۆر لە کۆلیسترۆڵ و چەوری تێر لەخۆدەگرێت کە هۆکارن بۆ توشبوون بە چەندین نەخۆشی لەوانەش نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار، بۆ دووربوون لە توشبوون بە ئەم جۆرە نەخۆشییانە پێویستە ڕیشاڵی زۆر و چەوری سوودبەخش بخورێت.
  • بەرزکردنەوەی پەستانی خوێن: هەمبەرگرەکان ڕێژەیەکی بەرزی سۆدیۆم لە پێکهاتەیاندا هەیە کە دەبنە هۆی توشبوون بە بەرزی پەستانی خوێن و کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی دڵ دەبێت.
  • زیادکردنی ئاستی فشار: خواردنە خێراکان هۆکارن بۆ زیادبوونی فشار و هانی لەش دەدەن بۆ بەرهەم هێنانی ڕێژەیەکی زۆر لە وزە، ئەمەش وا لە جگەر دەکات کۆلیسترۆڵی زۆر دەربدات.

 جۆرەکانی

  • هەمبەرگری گۆشت
  • هەمبەرگری مریشک
  • هەمبەرگری گۆشت بە پەنیر
  • هەمبەرگری مریشک بە پەنیر
  • هەمبەرگر بە قارچک


سەرچاوەکان



827 بینین