سۆندەی میز

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-03-10-17:03:00 - کۆدی بابەت: 7954
سۆندەی میز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سۆندەی میز (بە ئینگلیزی: foley catheter)   سۆندەیەکی باریکی کێشهاتووە کە بەکاردێت بۆ کۆکردنەوەی میز لە میزەڵداندا و لە ڕێگەیەوە میزەکە دێتە دەرەوە و دەچێتە ناو کیسەیەکەوە کە لکاوە بە سۆندەکەوە، ئەم سۆندەیە لەلایەن پزیشک یاخود پەرستارەوە دادەنرێت.

جۆرەکانی

سۆندەی ناوەوە

سۆندەی ناوەوە ئەو جۆرەیە کە لە ڕێگەی ڕێڕەوی میزەوە دەخرێتە ناو میزەڵدان و چەند ڕۆژ یاخود چەند هەفتەیەک دەمێنێتەوە و لە ڕێگەی میزەڵانێکەوە لە میزەڵداندا جێگیر دەبێت و دەتوانێت بمێنێتەوە، دوو جۆر سۆندەی ناوەوە بوونی هەیە کە ئەمانەن:

سۆندەی میز

کە ئەمە یەکێکە لە سۆندە باوەکان، کە سۆندەیەکی باریکە و لە ڕێگەی دەرچەی میزەوە دەخرێتە ناو میزەڵدانەوە لە کۆتایی سۆندەکەدا میزەڵانێکی پڕ لە ئاوی تێدایە کە تاکوو بتوانرێت سۆندەکە جێگیر بکات لە میزەڵداندا و بیهێڵێتەوە، وە لە دەرەوەی جەستەدا کیسەیەکی خاڵی هەیە کە بەستراوە لە خوارەوەی سۆندەی میزەکە کە ئەو میزە دەڕواتە ناوی کە لە میزەڵدانەوە دێتە دەرەوە.

سۆندەی سەرو حەوز

سۆندەی سەرو حەوز (بە ئینگلیزی: Suprapubic Catheter) لەم جۆرەیاندا پزیشک لە ڕێگەی نەشتەرکارییەکی بچووکەوە کە لەژێر سکدا دەیکات و چەند برینێکی بچووکی تێ دەکات سۆندەکە دەباتە ناوەوە، ئەم نەشتەرکارییە لە نەخۆشخانەدا دەکرێت بە نیو سڕکردن یاخود سڕکردنی گشتی ئەنجام دەدرێت. 

سۆندەی دەرەوە

سۆندەی دەرەوە کە پێشی دەوترێت سۆندەی کۆندۆمی ئەو سۆندەیەیە کە لە دەرەوەی جەستە دادەنرێت بەگشتی بۆ ئەو پیاوانە دادەنرێت کە کێشەیان هەیە لە کاتی میزکردندا واتە نەخۆشییەکی دەروونی یاخود جەستەییان هەیە کە وای لێکردوون هەستی میزکردنیان نەبێت و ئەو هەستەیان لەدەستداوە، ئەم جۆرە هەر وەک کوندۆمە و سەری چووک دادەپۆشێت لوولەیەک لە کۆندۆمەکەوە دەلکێت بە کیسەیەکەوە تاکوو میزەکە بچێتە ناویەوە، سۆندەی میزی کۆندۆمی ئاسانترە و کاریگەری لاوەکی کەمترە بۆ توشبوونی میکرۆبی، ئەم جۆرە دەبێت ڕۆژانە بگۆڕدرێت، بەڵام هەندێکیان لە جۆرە مارکەیەک دروستکراون کە دەتوانێت بەرگەی کاتێکی زیاتر بگرێت، ئەم جۆرە سۆندەیە کەمتر بۆ ژنان بەکاردەهێنرێت و بەزۆری بۆ پیاوانە.

سۆندەی ماوە کورت 

ئەم جۆرە بۆ ماوەیەکی زۆر کەم دادەنرێت واتە چەند خولەکێک و بە یەکجاری میزەڵدان بەتاڵ دەکاتەوە لە میز و دوای بەتاڵ کردنەوەی بەیەکجاری و تەنها یەکجار بەکاردەهێنرێت و دوای بەکارهێنانی دەبێت فڕێ بدرێت، زۆرجار ڕاستەوخۆ دوای نەشتەرکاری بەکاردێت بۆ بەتاڵکردنەوەی یەکجاری میزەڵدان.

جۆرەکانی لەسەر بنەمای شێوەکەی

  • سۆندەی ڕاستەوخۆ، کە تەنها کونێکی بچووکی هەیە
  • سۆندەی دووانی، باڵۆنێکی هەیە لە سەرەوە واتە لە نزیکی کونی سۆندەکەدا 
  • سۆندەی سیانی، سێ دەرچەی هەیە بۆ هاتنە دەرەوەی میز، بەتاڵبوونەوەی باڵۆنەکە، پێدانی دەرمان ڕاستەوخۆ بۆ میزەڵدان 
  • سۆندەی نووک چەماوە، بەزۆری بۆ ئەو نەخۆشانە بەکاردێت کە نەخۆشی پڕۆستاتیان هەیە.

کیسەی بەتاڵکردنەوەی میز

کیسەیەکە کە لکاوە بە سۆندەی میزەکەوە و تێیدا ئەو میزەی کە لە میزەڵدانەوە دێتە دەرەوە لە ڕێگەی سۆندەکەوە دەچێتە ناو ئەم کیسەیەوە و لەگەڵ پڕبوونیدا دەبێت خاڵی بکرێتەوە و ماوە ماوە بگۆڕدرێت چونکە پیس دەبێت.

سۆندەی میز لەم ماددانە دروست بووە:

قەبارەکەی

سۆندەی میز قەبارەی جیاوازی هەیە و قەبارەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕدرێت و هەر قەبارە و بە ڕەنگێکی دیاریکراو ناسراوە و یەکەی پێوانەی سۆندەکەش بە فرێنچ (Fr) دەپێورێت کە سێ فرێنچ یەکسانە بە یەک میلیمەتر.

  •  سەوزی کاڵ، دوو میلیمەتر
  • شینی کاڵ، حەوت میلیمەتر
  • ڕەش، سێ میلیمەتر
  • سپی، چوار میلیمەتر
  • پرتەقاڵی، سێ میلیمەتر
  • سوور، شەش میلیمەتر
  • سەوز، حەوت میلیمەتر
  • زەرد، حەوت میلیمەتر
  • وەنەوشەیی، سێ میلیمەتر
  • نیلی، هەشت میلیمەتر

مێژووەکەی

وشەی (catheter) وشەیەکی یۆنانییە کە بە واتای ئیزن پێدان دێت، سۆندەی میز لە سەرەتاکانی ٣٠٠٠ ساڵی پێش زایین بەکاردەهات بۆ نەهێشتنی میز گیران کە لەو سەردەمەدا لە زۆر ماددە دروست دەکران وەک، کا، گەڵای دار خورما، ئاڵتوون، زیو، مس.
سۆندەی چەماوە و کێشهاتوو لە سەدەی ١١ـیەمدا دروست کرا، لەو سەردەمەدا زیو بەکارهاتبوو چونکە دەتتوانی بە هەر جۆرێک کە بتەوێت بیچەمێنیتەوە، (بنجامین فرانکلین) داهێنەر و پیاوی دەوڵەت، سۆندەی میزی زیوی بەکارهێنا بۆ برا گەورەکەی، کە براکەی ئازاری زۆری هەبوو بە دەست بەردی گورچیلەوە و پێویستی بە دانانی سۆندەیەک هەبوو بۆ ناو میزەڵدانی و هەر بۆیە بنجامین ئەمەی بۆ براکەی دروست کرد، هەروەها سۆندەی سەر چەماوە لە سەدەکانی ١٨ و ١٩ـدا بۆ ئەو پیاوانە گونجاو بووە کە پڕۆستاتیان هەبووە، سۆندەی لاستیکی لە سەدەی ١٨ـدەیەمدا دروست کرا و بەڵام بەرامبەر بە پلەی گەرمی جەستە لاواز بوو و لە میزەڵداندا لەناودەچوو، بەڵام بە داهێنانی ماددەیەک بۆ ناو لاستیکەکەی لە ساڵی ١٨٤٤ـدا سۆندەی میز بەهێزتر بوو و زیاتر بەرگەی دەگرت و فراوانتر بوو.

سۆندەی میز چی کاتێک بەکاردەهێنرێت؟

مەرج نییە بۆ هەموو کەسێک ئەگەر نەخۆش بێت یاخود نەشتەرکاری بۆ بکرێت سۆندەی میز بەکاربهێنرێت، تەنها لەم حاڵەتانەدا بەکاردەهێنرێت:

  • کەسەکە ناتوانێت میز بکات
  • ناتوانێت کۆنتڕۆڵی میزکردنی بکات
  • تووشی میز گیران بووبێت و نەتوانێت میز بکات
  • گیرانی ڕێڕەوی میز بەهۆی زەبرێکەوە یاخود، بەرد، کڵۆخوێن لە میزدا، پڕۆستات.
  • لاوازی میزەڵدان یاخود زیان گەیشتن بە دەمارەکانی
  • بێهۆشکاری نەشتەرکاری منداڵبوون یاخود منداڵبوونی سروشتی بەبێ ئازار بە ڕێگای سەرووپەردەیی
  • ئەنجامدانی هەندێک نەشتەرکاری
  • بۆ پێدانی دەرمان بە دەرزی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە میزەڵدانەوە، بۆ نموونە وەک دەرمانی کیمیایی کە بۆ شێرپەنجەی میزەڵدان دەکرێت.
  • نەشتەرکاری ڕژێنی پڕۆستات
  • نەشتەرکاری لە ناوچەی حەوزدا وەک، دەرهێنانی منداڵدان، نەشتەرکاری شکانی حەوز.
  • زیان گەیشتن بە دەمارەکانی میزەڵدان
  • زیان گەیشتن بە دڕکەپەتک
  • کۆمەڵێک دەرمان کە وادەکەن میز لە میزەڵداندا بمێنێتەوە
  • ڕوودانی ڕووداوێک کە کەسەکە بێهۆش بێت یاخود بەهیچ شێوەیەک نەتوانێت بچێتە تەوالێتەوە.

زیانە لاوەکییەکانی

تووشبوونی میکرۆبی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ

باوترین زیانە کە میزەڵدان و گورچیلەکان تووش دەکات، دەبێت دەرمانەکانی دژەبەکتریا بەکاربهێنرێت بۆ نەخۆشەکە تاکوو چارەسەر وەربگرێت، هەرچەند ماوەی مانەوەی سۆندەکە زیاتر بێت ئەگەری زیاتربوونی تووشبوونی میکرۆبییەکە زیاتر دەکات و بۆیە دەبێت سۆندەکە لەلایەن کەسی شارەزاوە بەپێی حاڵەتی نەخۆشەکە بە قەبارەی گونجاو دابنرێت، نیشانەکانی تووشبوونی میکرۆبی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ ئەمانەن:

  • ئازاری سک و یاخود ناوچەی حەوز و دەوروبەری ڕان
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە
  • تا و لەرز
  • سەرگێژخواردن

گرژبوونی میزەڵدان

گرژبوونی میزەڵدان لە کاتی بوونی سۆندە لە میزەڵداندا حاڵەتێکی زۆر باوە.

چەمانەوەی سۆندەکە

یەکێکی تر لە کێشەکان بریتییە لە چەمانەوەی سۆندەکە کە بەهۆی گرژبوونی میزەڵدانەوە یاخود پیسایی کردنەوە ڕوودەدات.

زیانگەیشتن بە ڕێڕەوی میز لە کاتی دانانی سۆندەکەدا

تەسکبوونەوەی ڕێڕەوی میز بەهۆی زۆر بەکارهێنانی سۆندەی میزەوە

زیان گەیاندن بە میزەڵدان

زیان گەیاندن بە دەرچەی کۆم

دروستبوونی بەردی میزەڵدان

هەڵبەتە ئەمە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر سۆندەکە بەکاربهێنرێت ئەگەری ڕوودانی هەیە.

چاودێری سۆندەکە بۆ ڕێگریکردن لە زیانە لاوەکییەکان

  • پێش پشکنین و دەستدان لە سۆندەی میزەکە دەستت بە باشی بە ئاو و سابوون بشۆ.
  • دەبێت هەر حەوت بۆ دە ڕۆژ جارێک سۆندەی میزەکە بگۆڕدرێت بۆ نەخۆشەکە.
  • پێستی دەوروبەری سۆندەکەی دەرەوە و سۆندەکە ڕۆژی جارێک بشۆ بە ئاوی گەرم و سابوون.
  • کیسەی میزەکە لە ئاستی میزەڵدان خوارتر دابنێ.
  • جلەکانی ژێرەوەی نەخۆشەکە دەبێت لۆکە بێت و فراوان بێت و پیس نەبێت.
  • بەلایەنی کەمەوە ڕۆژانە خواردنەوەی هەشت کوپ شلەمەنی پێویستە، وەک ئاو، شیر.
  • دوورکەوتنەوە له زۆر خواردنەوەی چا و قاوە.
  • سۆندەکە ڕامەکێشە و زۆر مەیجوڵێنە بۆ دەرەوە بێت یاخود ناوەوە.
  • نەخۆشەکە بارەکەی بەجۆرێک بێت کە سۆندەکە نەکەوێتە ژێری و یاخود پێچی تێ نەکەوێت.

پاککردنەوەی سۆندەی میز

  1. سەرەتا دەستت جوان بە ئاو و سابوون بشۆ
  2. دواتر دەست بکە بە پاککردنەوەی سۆندەکە لەو جێگایەوە کە پەیوەستە بە ئەندامی زاوزێی نەخۆشەکەوە و بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ لای کیسەی میزەکە واتە لە سەرەوە بۆ خوارەوە و بەمشێوازە نەخۆشەکە دوور دەبێت لە میکرۆب و پیسی.
  3. بۆ پاککردنەوەی ناوچەی دەورووبەری سۆندەکە پەڕۆیەکی پاکی تەڕ و سابوون بەکاربهێنە لە ئەندامی زاوزێوە دەست پێ بکە و بەرەو ناوچەی کۆم و دواوە بڕۆ لە کاتی پاککردنەوەکەدا 

لە چی کاتێکدا دەبێت سەردانی پزیشک بکرێت؟

ئەگەر نەخۆشێک سۆندەی پێوە بوو و هەر یەکە لەم حاڵەتانەی بەسەردا هات دەبێت سەردانی پزیشکی پێ بکرێت:

  • گرژبوونی توند و بەردەوامی میزەڵدان
  • گیرانی سۆندەی میز
  • خوێناوی بوونی میزەکە یاخود بینینی پەڵە خوێن لە میزەکەدا.
  • هەبوونی یەکێک یان چەند دانەیەک لە نیشانەکانی تووشبوونی میکرۆبی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ.
  • هاتنە دەرەوەی سۆندەکە
  • میزەکە بۆنی زۆر ناخۆشە
  • بۆ ماوەی شەش بۆ هەشت کاتژمێر بێت کە هێچ میزێکی نەکردبێت نەخۆشەکە واتە هیچ میزێک نەهاتبێتە ناو کیسی میزەکەوە.
  • بوونی ئازار و سووتانەوە لە ڕێڕەوی میزدا


سەرچاوەکان



1818 بینین