پەکین

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-12-21:00:00 - کۆدی بابەت: 7968
پەکین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەکین (بە ئینگلیزی: Beijing)، پایتەختی کۆماری گەلی چینە، هەروەها قەرەباڵغترین شاری پایتەختی نەتەوەیی جیهانە، کە زیاتر لە 21 ملیۆن کەس لە ناوچەی کارگێڕی و لە ڕووبەرێکی 16,410.5 کیلۆمەتری دووجادا نیشتەجێن، ئەم شارە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی چینەوە و 140 کیلۆمەتر دوورە لە کەناری دەریای بۆهای.

مێژووی شارەکە

شاری پەکین یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان، مێژووی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ پێش زایینی، وەکوو دوایین پایتەختی "چوار پایتەختە مەزنە کۆنەکانی چین"، پەکین بۆ زیاتر لە هەشت سەدەی ڕابردوو ناوەندێکی سیاسی وڵاتەکەی بووە، هەروەها شاری پەکین جگە لە شوورە کۆنەکانی ناوەوە و دەرەوەی شار لە سێ لاوە بە چیاکان دەورەدراوە، بۆیە لەڕووی ستراتیژیەوە شوێنێکی سەقامگیر و پەرەسەندووە بۆئەوەی ببێتە شوێنی نیشتەجێبوونی ئیمپراتۆر و باشترین شوێن بوو بۆ پایتەختی ئیمپراتۆری.

گرنگی شارەکە

پەکین شارێکی جیهانییە و یەکێکە لە ناوەندە پێشەنگەکانی جیهان لەڕووی کولتووری، دیپلۆماسی، سیاسی، دارایی، بازرگانی، ئابووری، پەروەردە، توێژینەوە، زمان، گەشتوگوزار، وەرزش، زانست، تەکنۆلۆجیا و گواستنەوەوە، گەورەشاری پەکین لە دوای شەنگهایەوە دووەم گەورەترین شاری چینە لەڕووی دانیشتوانی شارنشینییەوە و سەنتەری ڕۆشنبیری، پەروەردەیی و سیاسی نەتەوەکەیەتی. پەکین "پایتەختی ملیاردێرانی جیهانە" و زۆرترین ملیاردێر دانیشتووی شارەکەن، شارەکە بە کۆشکی زۆر، پەرستگاکان، پارکەکان، باخچەکان، مەزارەکان، شوراکان و دەروازەکانییەوە بەناوبانگە. ئەم شارە یەکێکە لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی جیهان و لە ساڵی 2018دا دووەم شاری گەشتیاری جیهان بوو لە دوای شاری شەنگهای، هەروەها خاوەنی حەوت شوێنەواری کەلەپووری جیهانیی یونسکۆیە کە هەر یەکێکیان شوێنی بەناوبانگی گەشتیارین.

دانیشتوانی پەکین

ژمارەی دانیشتوانی شاری پەکین بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2010 وەکوو ئاژانسی ئاماری فەرمی حکوومەتی چین بڵاویکردەوە 19,612,368 کەسە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی شارەکە لە سەرەتای ساڵی 2016دا و بەپێی هەندێک خەمڵاندن 21.7 ملیۆن کەس بووە، لەگەڵ زۆری ژمارەی دانیشتوانی چین، دانیشتوانی شاری پەکین بەخێراییەکی زۆر گەشە دەکات، لە دە ساڵی نێوان سەرژمێرییەکانی ساڵی 2000 و 2010دا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەناو شارەکەدا دەژین بە ڕێژەی 44٪ زیادی کردووە، هەرچەندە ئەم دە ساڵی ڕابردوو خێراترین گەشەی لە مێژووی هاوچەرخی شارەکەدا بینیووە، بەڵام شارەکە بەردەوام بەخێرایی گەشە دەکات و تێکڕای ڕێژەی گەشەکردن لە هەر دەیەیەکدا و لە ساڵی 1960کانەوە نزیکەی 20٪ بووە، هەرچەندە پەکین پایتەختی چینە، بەڵام گەورەترین شاری وڵات شەنگهایە و نیشتیمانی زیاتر لە 24 ملیۆن کەسە، لە ساڵی 2016 وە بە گەورەترین شاری چین دادەنرێت.

شارەکە لەڕووی دیمۆگرافییەوە

گروپی نەتەوەیی سەرەکی شاری پەکین، وەکوو تەواوی وڵاتەکەی (هان چینی)ـە، بەپێی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2010، 95.69٪ دانیشتوانی پەکین هان چینی بوون، 4.31٪ ـەکەی تر بریتین لە دوو نەتەوەی تر بە ناوەکانی (مانچو) کە 1.84٪ی دانیشتوان پێک دەهێنن و (هوی) کە 1.74٪ی دانیشتوانی شارەکەن، هەروەها ژمارەی ئەو هاوڵاتییە بیانیانەی لە شارەکەدا دەژین لە زیادبووندایە بە شێوەیەکی بەرچاو نزیکەی 200,000 هاوڵاتی کۆریای باشوور لە شارەکەدان و هۆکاری زیادبوونی خێرای ئابووری شارەکەن، بەڵام هیچ ئامارێکی ورد لەسەر دانیشتوانەکەیان لەبەردەستدا نییە، شاری پەکین سەرچاوەی ئابووری وڵاتی چینە و ئابووری شارەکە لە ئێستادا بە نزیکەیی 8-10٪ لە ساڵێکدا گەشە دەکات، بۆیە لەوانەیە ئەم ڕێژەیە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر ببێت، ژمارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تێکڕای تەمەنی دانیشتوانی شارەکە 81.12 ساڵییە، لە نێرەکاندا 79.16 ساڵ و مێیەکان 83.17 ساڵییە.

کەشوهەوای شاری پەکین

شاری پەکین کەشوهەوایەکی کیشوەری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی سارد و خۆرەتاوە و هاوینی گەرم، شێدار و باراناوییە. وەکوو زۆربەی ناوچەکانی وڵاتی چین، شارەکە لەژێر کاریگەری تەوژمی وەرزەبادایە، هەروەها ڕێژەی دابارین لە ساڵێکدا 545 ملیمەترە. تێکڕای پلەی گەرمی لە وەرزی زستاندا چەند پلەیەک لەژێر سفرەوەیە، بە ڕۆژدا خۆرەتاوە و بایەکی سارد لە بیابانەکانی مەنگۆلیاوە هەڵدەکات، لە ڕۆژە زۆر ساردەکاندا پلەکانی گەرما زۆر زیاتر دادەبەزن بۆ -15 بۆ -18 پلەی سەدی، هەرچەندە زستان وەرزێکی وشکە بەڵام جاروبار بەفر دەبارێت، لە وەرزی زستاندا و بەتایبەتیش لە بەهاردا (مانگی ئازار تا ئایار)، شارەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری تۆزێکی زەردەوە کە لە بیابانەکانی مەنگۆلیا و ئاسیای ناوەڕاستەوە دێت، کە کێشە بۆ هەناسەدان دروست دەکات و دەبێتە هۆی سووربوونەوەی چاو، لە بەهاردا، پلەی گەرما بەخێرایی بەرزدەبێتەوە و زۆر جار لە مانگی نیساندا 20 پلەی سەدی تێدەپەڕێنێت، لە کاتێکدا تێکڕای پلەکانی گەرما لە مانگی ئایاردا بەنزیکەیی 28 پلەی سەدییە، هەروەها مانگی حوزەیران وەکوو ناوەڕاستی هاوین گەرمە، لەگەڵ ئەوەشدا، هاوینی پەکین گەرم و شێدارە، مانگەکانی تەمووز و ئاب باراناویترین مانگی ساڵن، پلەکانی گەرما لەم وەرزەدا نزیکەی 35 پلەی سەدییە و هەندێک جار پلەکانی گەرما دەگەنە 40 پلەی سەدی، لە وەرزی پاییزیشدا، کەشوهەوا خۆشتر دەبێت و باران بارین کەم دەبێتەوە، بەتایبەتی لە مانگی تشرینی یەکەمدا زۆر بەدەگمەن باران دەبارێت. لە مانگی ئەیلوولدا ڕێژەی شێ کەم دەبێتەوە و پلەی گەرما خۆش دەبێت، لە کاتێکدا لە مانگی تشرینی یەکەمدا کەشی شەوانی شارەکە زۆر سارد دەبێت، بۆ خۆلادان لە هەردوو سەرمای زستان و گەرما و بارانی هاوین، باشترین کات بۆ سەردانکردنی شاری پەکین، وەرزەکانی بەهار و پاییزن، بەتایبەتی لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئایار و لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم.

هەندێک لە شوێنە بەناوبانگە گەشتیارییەکانی شارەکە

  • مۆزەخانەی کۆشک و شاری قەدەغەکراو
  • شوورا مەزنەکەی چین
  • گۆڕەپانی تیانانەمین
  • پارکی بەیهای
  • پەرستگای بەهەشت
  • کۆشکی هاوینە
  • پەرستگای لاما
  • مۆزەخانەی پایتەختی پەکین و سەنتەری نەتەوەیی بۆ نمایشکردنی کارە هونەرییەکان
  • ڕوانگەی دێرینی پەکین
  • یاریگای نەتەوەیی پەکین
  • پەرستگای فایۆن
  • باخچەی ئاژەڵانی پەکین
  • ناوچەی هونەری 798
  • مۆزەخانەی نەتەوەیی چین


سەرچاوەکان



511 بینین